بەشێک لە تۆمەتبارانی جەنگ لە دادگای لاهای و هەموو تۆمەتبارانی جەنگ لەبەردەم بزوتنەوەی ئینساندۆستی جیهانیدا!

0

سەرئەنجام داواکاری گشتی لەدادگای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای سکاڵای ئەفریقای باشور بریاری دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و چەند سەرکردەی حەماس لەوانە؛ یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس لەغەززە، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و محەممەد مەسری سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی حەماس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، دەرکرد. وە هاوکات داوای کرد دەستبەجی شەڕ بوەستێت و هەرچی زووە دەوڵەتی ئیسرائیل دەست لە کۆمەڵکوژی هەڵبگرێت و دەرگا بکاتەوە بەرووی هاوکارییە ئینسانییەکاندا، وەکو خۆراک و دەرمان و پێداویستی تر… کە خەڵکی غەززە بەهۆی نەبوونیانەوە، لەیەک کاتتدا کە رووبەروون لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکی بێوێنە هاوکات رووبەرووشن لەگەڵ جەنگی بە برسی کردن و نەبوونی دەرمان و سوتەمەنی و بەستنی رێگاکانی هاوکاری و تەنانەت بۆردومان کردنی ئەو کۆمەکە ئینسانیانەی!! بۆیان دەنێردرێت.

دادگای لاهای بەوپەرێ خوێن ساردییەوە و دوای ئەوەی بە دەیان هەزار ئینسان قەتل و عام کران، لەلایەن دەوڵەتی ئیسرایل و بەتایبەتیش کە پەنجا لەسەدی ئەو کوژراوانە ژن و مناڵن و دوای ئەوەی حەماسی ئیسلامی چەندین دەهەیەخەڵکی غەززەی لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەیدا قانگ داوەو دەیان کردەوەی ئینسانکوژی لەدژی خەڵکی بێتاوانی ئیسرائیل ئەنجامداوە، لە خەوێکی قوڵدا بە ئاگاهاتەوە بریاریدا چەند کەس وەکو تۆمەتبارانی جەنگ بناسینیت. چ دادگاییەکی خاڵی لەویژدان و کوێر لە بینین و کەڕ لە بیستنە!! بەدەیان هەزار ئینسان بەشیوەی وەحشیانەو کوێرانە قەسابی بکرێن و باڵەخانەو خانوو بە سەر دانیشتوانەکەیدا خاپور بکرێت. ڕیگە لە دەرچوونی خەڵک و هاوڵاتیان بگیرێت و خۆراک و دەمان و سوتەمەنیان لێ زەوت بکرێت. رێگا لەو کۆمەکە سواڵکەرانەیە بگریت کە بۆ هاوڵاتیان دەچێت و تەنانەت ئەو کۆمەکانە تیکەڵی خوێن و جەستەی پارچە پارچە بووی ئینسان بکرێن. سەرانی بڕیار بەدەستی هێشتا بەڵێنی کوشتار و وێرانکاریی تر بدەن، جا رێکخراوەی لاهای بە دەنگێکی نوساوەوە، هاواری دەست راگرتن بدات و تەنها چەند کەس بخاتە لیستی تۆمەتبارانی جەنگەوە، ئەمە نەک نیشانەیەک لە دادگایەکی بەنیوە ئینساف ناخاتە روو، بەلکو ماهیەتی سیاسی بوون و لایەنگری ئەو دادگایەو لە گیانەڵا بوونی دەردەخات!!.

لەوەش زیاتر دوای هاتنەمەیدانی ملیۆنەها ئینسان لەسەراسەری دنیادا، بەدژی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و خەلکی فەلەستیندا، دوای ئەوەی دەیان و سەدان کارگە لەلایەن کریکارانەوە کاریان راگرت و ئامادەی بارکردنی چەک و تەقەمەنی و گواستنەوەی نەبوون، دوای ئەوەی خەلکی ئیسرائیل، لەناوخۆی ئیسرائیل و دەرەوەدا، بەدژی کۆمەلکوژی خەڵکی غەززە و بۆ راگرتنی جەنگ هاتنە مەیدان، دوای ئەوەی تەنانەت ولاتانی پشتیوانی بێدرێغی ئیسرائیل، پەتی سەبریان لەبەرامبەر بە کوشتار و وێرانکاری و هەوسار پچڕاوی دەوڵەتی ئیسرائیلیدا، پچڕا، جا دادگای لاهای لەناو لیستیکی دورودرێژی تاوانکاراندا چەند کەسێکی وەکو تۆمەتبار بریار لێدا.

دیارە هیچ شتێک لەوە رۆشنتر نییە، کە دادگای لاهای وەکو زۆرێک لە ناوەند و رێکخراوە دەوڵەتی و نێودەوڵەتیەکان لە ئاستی دنیادا، ناوەند و رێکخراوەی سەر بە جەمسەرە بەهێزەکانی دنیان و زوربەی هەرەزۆریشیان دەمیکە پابەند بەهیچ کام لە بەڵێنەکانی خۆیان نین. دادگای لاهای و رێکخراوەکانی تر سەر بە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان، بریار و هەڵوێستەکانیان، لەلایەکەوە لایەندار و لەلایەکی تریشەوە لە ژێر گوشاری جەماوەریدا دێنە دەنگ و بریار دەدەن… بریاری دادگای لای بۆ ناساندنی چەند کەسی ئیسرائیلی و رێکخراوی حەماس وەکو تۆمەتبارانی جەنگ، بەر لەهەموو شت لەژێر گوشاری بزوتنەوەی جیهانی ئینساندۆستی دژە شەڕدا، دراوە، نەک رۆڵ بینینی ئەو رێکخراوە وەکو ناوەندێکی یاسایی و بێلایەن و خاوەن بریاری سەربەخۆی بە ئینساف!!.

‌هێشتا دەوڵەتی ئیسرائیل بی گوێدانە بریاری دادگای لاهای، بەبەرچاوی دنیاوە، خەریکی کۆمەلکوژییە، خەریکی داهینانە لە کوشتنی ئینسان و ژێر پێنانی بنەماکانی “جەنگ” و رێگەگرتن لە گەیشتنی کۆمەکی خۆراکی و دەرمانی و سوتەمەنی بۆ هاولاتیان و ریگەگرتن لە دەروازەکانی دەربازبوونیان…

دوبارە ئەوەی دەتوانیت دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانەکانیان لە دنیای دیموکراسیدا، ناچار بکات بەوەی دەست لە کوشتار و ویرانکاری هەلبگرن و دادگای لاهای و ریکخراوە نیونەوەیەکان بێنێتە دەنگ، تەنها بزوتنەوەی جیهانی دژە شەر و ئینسان دۆست و ئازادیخوازە، کە بەئەندازەی رێکخراوبوون و فراوان بوونەوەی دەتوانیت، کاریگەری لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانەکانیان دابنێت. دادگای لاهای لە ژێر گوشاری جەماوەرییدا چەند تاوانبارێکی وەکو تۆمەتبار ناساند، بەڵام بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری دژە جەنگ لە ئاستی دنیادا ناوی سەرجەم سەرانی بەشدار لەم کۆمەڵکوژییەدا، وەکو تۆمەتباری جەنگ، تۆمار کردووە. 

 بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.