پرسی رۆژ گۆڕانکاریەکانی جەنگ لەغەززە بەرەوکوێ.. بەڕێزئیدریس مستەفا لێکۆڵەری سیاسی وەڵامی پرسی ئەمجارەمانی داوەتەوە
رۆژی ٢٢ی ئایار ٢٠٢٤ هەریەکە لە وڵاتانی نەرویج و ئیسپانیا وئیرلەندا بریاریاندا دانبنێن بەدەوڵەتی فەلەستین. بەمجۆرە دووبارە پرسی دەوڵەتی فەلەستین بەفەرمی زیندووبۆتەوە. هەروەها رۆژی ٢٠ی ئایار دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی (بەنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ویواف غالانتی وەزیری بەرگری وژمارەیەک لەسەرانی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس) ودادگایی کردنیان لەئەنجامدانی تاوانی مرۆیی لەغەززە بۆدەرکراوە. جگە لەچڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی رەفەح.
بەرای ئێوە ئەم رووداوانە لەیەک هەفتەدا ئاراستەی رووداو و پرسی جەنگ لەغەززە بەرەوکوێ دەبەن ؟
ئیدریس مستەفا: تا ئەم ساتەی ئێمەی تێداین بارودۆخی غەززە بەرەو خراپتر دەڕوات. ئەو دوو رووداوە لەوانەیە کاریگەری دابنێن لە هەندێ رووەوە، بەڵام ناتوانن گۆڕانی جەوهەری بەدی بهێنن لەبەر چەند هۆیەک:
یەک: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی بەتایبەت ئیسپانیا کێشەی نەتەوەی ژێر دەستی وەک فەلەستینیان هەیە، و ئامادە نین چارەسەری بکەن، بەڵکو لە دەستوری دادی ئیسپانیدا بەندی ١ی ساڵی ١٩٧٨هەیە کە لە ئیسپانیا سەرەوەری نەتەوەیی بۆ ئیسپانیەکانە، و هەموو سەرچاوەکان لەوێوە سەرچاوەدەگرن. لە بەندی ٢شدا هەندێ یۆتۆنۆمی بە هەرێمی نەتەوە جیاوازەکان دراوە، بەڵام جیابوونەوە و سەربەخۆیی خوازی نادەستوریە، و بە توندی رەتدەکرێتەوە لە لایەن دەسەڵاتی سەنتەرەوە. گەر ئیسرائیل جوگرافیایەکی دیاریکراوی دابێت بە فەلەستینیەکان، و لە رووی تیئۆریەوە رازیە بە قەوارەیەکی سیاسی فەلەستینی و بگرە دەوڵەتێک، بەڵام بەو مەرجانەی خۆی دەیەوێت؛ کەچی ئیسپانیا دژی هەر مافێکی لەم چەشنەیە و دەنگدانی ساڵی ٢٠١٧ی کەتەلۆنیا کە لە پرۆسەیەکی دەنگدانی ئازادانەی هەرێمەکەدا زۆربەی زۆری دەنگیاندا بە جیابوونەوە لە ئیسپانیا، بەڵام حکومەتی ئیسپانیا زۆر بە توندی بەرەنگاریان بۆیەوە، و نەک هەر سەدان و هەزاران خەڵکی پڕ شەق و زیندانی کرد، بەڵکو هەموو سەرکردەکانی جوڵانەوە سەربەخۆییەکەی دەسگیرکردن و زیندانی چەندان ساڵەی بۆ بڕینەوە. ئەوەشی رایکرد وەک سەرۆکی کەتەلۆنیا کارلۆس پویجمەنت تا ئیستاش ناتوانن بگەرێنەوە بۆ ئیسپانیا. یەک وڵاتی ئەوروپی لەوانە ئەو ئێرلەندا و نەرویجەی کە داوای دەوڵەتێک بۆ فەلەستنیەکان دەکەن یەک قسەیان نەبوو بۆ قەواەرەیەکی سەربەخۆ! بۆ کەتەلۆنیەکان کە بە قەد سویسرا دەبن. جا بۆیە ئەوروپیەکان دوایین کەس کە باس لە دروستبوونی دەولەتی سەربەخۆ بۆ گەلە ژێر دەستەکان بکەن.
دوو: بڕیارەکانی هەردوو دادگەی دادی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای ناتوانن گۆڕانکاری لەسەر ئەرزی واقع بەدیبهێنن؛ چونکە ئەو دوو دادگایە باڵی ئەوروپی بەتایبەت بەریتانی تێیدا زاڵە و لەوێدا کێشەی ئەمریکا و بەریتانیا دەردەکەوێ. پاشان لە رووی قانونی نیودەوڵەتیەوە ئیسرائیل لایەنی سەرەکیە گەر قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ فەلەستنیەکان. بەریتانیا ئەوەی لە یادە کاتێک داوای لە ئەمریکا کرد بەشداری جەنگی جیهانی دووەم بکات دژی ئەڵمانیای نازی یەکێک لە داواکاریەکانی ئەمریکا دەسبەردار بوونی بەریتانیا بوو لە زۆرێک لە ناوچە کۆڵۆنیاکراوەکان. ئەو دوو دادگایە تەنها بۆ وڵاتانی ناحەزی ئەمریکا و ئەوروپا دروست بوونە، بۆیە کاتێک بڕیاری دەسگیرکردن بۆ عومەر بەشیر و قەزافی و پۆتین دەردەکات جێگەی دەسخۆشیە، بەڵام بۆ هاوپەیمانێکی خۆیان کە ئیسرائیلە ئەوا جێگەی تانە و تەشەرە و لە راستیشدا هەردەبێ وابێ، چونکە ئەو دادگای تاوانە خۆیان دروستیان کردووە و تەنها بۆ دادگایی غەیرە ئەوروپی و غەیرە ئەمریکاییەکانە.
سێ: کەریم خان وەک داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی پارێزەرێکی بی لایەن نییە. لە رووی سیاسیەوە بۆ سیاسەتەکانی بەریتانیا کاردەکات، بەتایبەت کە خۆی بەریتانیە؛ لەلایەکی تریشەوە، لە رووی مۆراڵیشەوە کەریم خان داکۆکی لە یەکێک لە تاوانبارە نێوودەوڵەتیەکان دەکات کە خودی دادگەی تاوانی نیودەوڵەتی شکاتی لەسەر تۆمار کردووە. ویلیام روتۆی سەرۆکی پێشووتری کینیا تاوانبارە بە کوشتنی دەیان خەڵکی مەدەنی کە بە ئاشتیانە هاتبونە سەرجادە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکانی ٢٠٠٧-٠٨ی وڵاتی کینیا.
خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە ئەو وڵاتە ئەوروپیانە و دادگاکانیان مەسەلەی فەلەستین وەک ئەجێندایەکی سیاسی خۆیان بەکار دەهێنن، و دوورو نزیک بە دوای چارەسەری کێشەی فەلەستینەوە نین، چونکە خۆیان تیوەگلاون بە کۆمەڵێ کێشە و گرفتی سیاسی و دادگەری و مۆراڵیشەوە. وەک لەو سێ خاڵەی سەرەوە ئاماژەمان پێکرد بە کورتی.
*******