بۆ ناڕەزایەتیەکان بە سەرکەوتن ناگات؟

0

بۆ ناڕەزایەتیەکان بە سەرکەوتن ناگات؟

نووسینی: رۆژ عەزیز

ڕەنگە بۆ هەموومان پرسیار بێت کە بۆ ناڕەزایەتیەکان بەسەرکەوتن ناگات, لەکاتێکدا ناڕەزایەتی و توڕەی خەڵک قوڵپ دەدات. بەبروای من ڕۆشنە کە ئەڵتەرناتیڤ نییە، رابەرایەتی ئەم خۆپیشاندانانە کەمتر دەردەکەون، خەڵکی ناڕازی ڕێکخراو نین لەدەوی ئاسۆ و بەدیل کۆنەکراونەتەوە، هەر بۆیە چەند ساڵ یان مانگ یان هەفتە ناو بەناو ئەم ناڕەزایەتیانە سەرهەڵدەەنەوە و زوو کۆتایی دێت خەفە دەکرێت. بیرمانە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ کە چۆن خۆشباوەری بە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو خەڵک پێیان وابوو ئیتر گۆڕان بەدیلە، بەڵام دەرکەوت ئەمانە نەک بەدیل نەبوون بگرە بۆ شەریکە دەسەڵات وایان دەکرد تا شتێکی زیاتریان پێ بدەن بەم هۆیەوە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوون و مەیدانی نارەزایەتیەکانیان کردە شوێنی نوێژکردن و دواکەوتویی وکۆنەپەرستی، شیعاری دوور لە خواستی خەڵکیان بەرز کردەوە .

 ئەم جارە بزونتەوەی گۆڕان نەیتوانی بێتەوە نێو جەماوەری نارازی و متمانەی خەڵک بەم بزوتنەوەیە لاواز بوو بۆیە ئەم جارە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید ڕابەرایەتی دەکرد ئەوان هاتنە مەیدانەوەو تا رادەیەک سواری شەپۆلی نارەزایەتی خەڵک بوون و خۆیان کردە فریادڕەس بەس چونکە بەدیلی ئەوان نا ڕۆشن بوو ئەنتەرناتیفی ئەوانیش لاواز بوو، جێگەی ئومێدی خەڵک نەبوو، بۆیە ئەوانیش لەپاشەکشەدا بوون وەک هێز، چونکە ئەوان بەئاشکرا داوایان لەعەبادی دەکرد کە بێتەوە کوردستانیان بۆ باش بکات وکۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات، لەکاتێکدا عەبادی سوپاکەی زۆر لە سەرانی کورد سەرکوتگەرترو خوێنڕێژترن. نمونەکەشی دیارە لەسەر دەنگدان بۆ جیابونەوە کە خەڵکی ڕەئی خۆیدا لەسەر پارچە کاغەزێک بەزەبری سوپاو هێرشی وەحشیانەی حەشدی شەعبی و سوپا زەبەلاحەکەی هێرشی هێنایە سەر کەرکوک و خورماتوو تاوەکو ئیستاش بەدەیان هەزار کەسی لەو شارانە ئاوارەو دەربەدرکردوە و ماڵ وحاڵیان تاڵان دەکەن و خانوەکانیان دەسوتێنن، کەچی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمرۆ بەنیازە داوا لەم حکومەتە وەحشیە بکات تا ڕزگاریان بکات لەدەستی سەرانی یەکێتی وپارتی.

ئاخر لێکدانەوەو تەرحی لەم جۆرە چۆن دەتوانێت ببێتە ڕابەرایەتی جەماوەر کە دەزانم ئەمانە سەربەهەمان بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردین و خودی شاسوار عەبدولواحید سەرمایەدارێکی نا سیاسیەو لەسەر خوێنی خەڵک سەرمایەی کۆکردۆتەوە، کەچی بەداخەوە کۆمەڵێک بەدوا ئەم کابرایە کەوتن و دەڵێن شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ فەقیرو هەژاراندایە.

 هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە خەریکی خۆ خزانە نێو ئەم حەرەکەتە نارازیەیە، بەڵام ناتوانێت هیچ بەهیچ بکات و لەگەڵ نەوەی نوێ خەریکی بانگێشتکردنەوەی عەبادین بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی کوردستان و ئەوان خوازیارن  تەنها عەبادی موچە بنێرێت، ئیتر باکیان بە مەسەلەی دیکەو کێشەکانی دیکەی خەڵک نییە لەکوردستانی عێراق. ئەم جارە نارەزایەتیەکان هێندە توڕەبوونیان پێوە دیارە خەڵک کەوتۆتە سوتاندنی بنکەو بارەگای حیزبەکان و تەنها خوازیاری روخاندن ولابردنی دەسەڵاتە، بەڵام هیشتا مەعلوم نییە بەکوێ دەگات هەرچەندە پێ دەچێت وەک هەمان سیناریۆو لێکچوونی ڕوداوی ١٧ی شوباتی ٢٠١١بێت، لەئێستاوە خەریکە کپ دەکرێتەوەو دەزگا سەرکوتگەرەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان کەوتونەتە سەرکوتکردن وڕاوەدونان و ڕفاندنی کەسانی ناسراوی نێو خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەعس ئاسا هێزی هێناوەتە ناو شارەکان وشارەکانی بە میلیتاریزە کردوەو کەناڵی ئێن ئار تی داخستووەو کارمەندو پەیامنێرەکانی ئەم کەناڵەی خستۆتە زیندانەوە.

هەموو ئەم سەرکوتگەریانەو ئەم هەڵچونە جەماوەرییە توڕەیەش کارێکی کردوە خۆپیشاندان کپ بکرێتەوە و ڕق وتوڕەی خەڵکی نارازیش هێندە بێ بەرنامەو بێ ئەنتەرناتیفەو بێ ڕابەرە کە وای کردوەو فرسەتێکی داوە بە سەرکوتگەریەکانی دەسەڵات کە خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات، چونکە هەمیشە دەسەڵات خوازیاری توندوتیژیە تا بەهانەی هەبێت بۆ سەرکوتکردن. ئەوە راستە خۆپیشاندانی ئەم جارەو ١٧ی شوبات جیاوازن، رۆشنە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ خەڵک ڕێکخراوتر بوون ڕابەرانی خۆپیشاندانەکان لەحیزب و بزوتنەوەی جیاواز پێک هاتبوون  خواست وداواکاریان هەبوو لە دەسەڵات بگرە جارو باریش شیعاری ڕوخانی دەسەڵاتیان دەدا، بەڵام ئەم جارە جیاوازتر بوو خەڵک بێ رابەرو بێ ئەوەی بزانێت چی دەکات داواکاری چییە شیعاری چییە هاتە سەر شەقامەکان و توڕەی خۆی دەربڕی لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی کوردستان، بەڵام چونکە ئەم جارەش هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی بەهێز نەبوو ڕێکخراو نەبوون خەڵکانی خەباتکارو ئازادیخوازو چەپ کۆمۆنیست لەم نێوەدا دەورو نەخشی پێشڕەوی ئەوتۆیان نەبوو بێگومان خەریکە کۆتایی بە خۆپیشانداند ێت.

 بەبروای من ئازادیخوازان وچەپ کۆمۆنیست هەبوون دەرکەوتن لەنێو خۆپیشاندەران بەڵام هێندە ڕق و کینەی دژە حیزب لەنێو خۆپیشاندەراندا دیار بوو ئەوانیش نەیانتوانی بێنە نیو خۆپیشاندەرانەوە، چونکە ئاڵۆزی نێو خۆپیشاندەران بەجێگەیەک گەیشتبوو کەس بەکەس بوو زیاتر مەترسیەکان بۆسەر بەرەی ئازادیخوازی وکۆمۆنیستەکان هەبوون، چونکە سەیرکردنی هەر هێزو حیزبێک لەچاوی یەکێتی وپارتی خودی بزوتنەوەی گۆڕانەوە سەیر دەکرا، چونکە دەسەڵات سیاسەتی ڕیاکارانەی بزوتنەوەی گۆڕان وخودی دەسەڵاتی یەکێتی پارتی وای کردوە خەڵک هیج ئومێدێکی بەحیزب و بزوتنەوەی سیاسی نەبێت هەر بۆیە خۆپیشاندەرانی ئەم جارە بێ بەرنامەیی پێوە دیار بوو، بۆیە خەریکە ئاکامی ئەم خۆپیشاندانەش وەک ١٧ی شوباتی بەسەر دێت و ڕق وکینەی پەنگخواردوی جەماوەر بەم سوتاندنی بارەگاو بەم هاتنە مەیدانەی چەند ڕۆژە سارد بوونەوە  تا ڕق و کینەیەکی   دیکە دەچنەوە ماڵ. بەبروای من هەموو ئەم هۆکاری دامرکانەوەیە ئەوەیە خەڵک توڕەیە لە حیزب و بزوتنەوەی سیاسی و وە هێزێکی تۆکمەو ڕابەرایەتیەکی بەهێز نییە تا بێتە مەیدان کە ئومێد بەخش بێت بۆ ئایندەی دوای نەمانی دەسەڵاتی کوردی.

 نمونەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابوردو دەرخەری ئەوەن کە خەڵک رابەرایەتی خۆپیشاندانەکە ناکات و نوێنەرانی گەرەك و شارو شارۆچکەو شوێنی کاریان دانەمەزراندوە، شورایان پێک نەهێناوە بۆیە سەرەنجام ئەم خۆپیشاندانەش وەک خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی لێ هات. کۆمۆنیستەکان هەمیشە هاواریانە کە داوا لەخەڵک دەکەن خۆیان ڕێکخراو بکەن شورای گەرەک و شوێنی کار لە شارو شارۆچکەکانیان دیار بکەن هەڵیان بژێرن و لەخۆپیشاندانەکاندا دەورو نەخشتان هەبێت، داوا لەخەڵک دەکەن یەک دەنگ و یەک دەست لەسەراسەری کوردستاندا وەرنە مەیدان و داوایان لەخەڵک کرد تەنها ڕێگای ڕزگاربوون لە سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی ڕێکخراو بوونە، بەڵام بەداخەوە خەڵک گوێ بەم قسانە نادەن و خەڵک دابەش بووە بەسەر لایەنەکان و بزوتنەوە سیاسیەکاندا بۆیە یەک گوتارو یەک دەنگ نین و بگرە ئەمانە زۆربەشیان شەریکە دەسەڵاتن و پاشۆکی حیزبەکانن و زۆر جاریش چوونە نێو ڕیزی خەڵکی ناڕازیەوە تەنها بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و بگرە  خۆپیشاندانەکانیش بەلاڕێدا دەبەن.

 ئێستا خۆپیشاندەران چونە ماڵ و خۆپیشاندان وتوڕەیی خەڵک کۆتاییهات تا کاتێکی دیاری نەکراو سەرانی خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەزەبری چەک و هێز سەرجەم نارەزایەتیەکانیان کپ کردوە سەرکوتیان کردن، بەسەدان کەس لە خەڵکی ناڕازی لەزیندانەکانن، کە دەبێت خەڵکی کوردستان لەئاست ئەم زیندانیکردن وڕفاندن و سەرکوتکردنەدا بێ دەنگ نەبێت بەهێزی لەبن نەهاتووی خۆیان یەخەی دەسەڵات بگرن تا گیراوەکان ئازاد بکات ڕفێنەران چارەنوسیان دیار بێت، میلیشیاکان وهێزە چەکدارەکان لەشارەکان بچنەدەرو دەست لە سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی هەڵبگرن. ئەوە مەعلومە بەزەبری چەک ئەمجارەش دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی خۆپیشاندەرانیان سەرکوت کرد، بەڵام خەڵکی کوردستان کە دەستیان گیراوە نارەزایەتیەکان کۆتاییان دێت بەشێکی هۆکاری ئەوەیە ئەگەر ئەم دوو دەسەڵاتە لابەرن، کێ بەدیلە کێ هێزە؟ دوای ئەوان، بێگومان نییە هەر بۆیە هۆکارەکەشی ئەوەیە و خەڵک لەچاوەروانی بەدیلێکی بەهێزو شۆرشگێرە کە بتوانێت ئەم دوو دەسەڵاتە لەسەر کورسی دەسەڵات بهێنێتە خوارو چیتر دەسەڵاتی تاڵانکاری سەرکوتگەر حوکمی ئەم کۆمەڵگەیە نەکات.

 خەڵکی ناڕازی کە توڕەن بارەگا دەسوتێنن هەقیانە چونکە ٢٦ساڵە ئەمانە ئەم کۆمەڵگایان کاول کردوە ناعەدالەتی تاڵانکاری دزی بەجێگەیەک گەیشتووە ئیتر خەڵکی بەشمەینەت تەحەمولی نەماوە، بێ موچەی و بێ کاری نەبوونی سەرەتایترین شت کە ئاو و کارەبایە بۆ خەڵک دابین نەکراوە بۆیە خەڵک ناهەقی نییە کە توڕەیە هەرکەسیش ئەم توڕە بوونەی خەڵک ئیدانە بکات ئەوە لەڕیزی بەرەی دەسەڵاتە. ناسیونالیستەکانی کورد بەتایبەتی خودی پەکەکە ترسنۆکانە و ڕیاکارانە قسە لەسەر خۆپیشاندانەکان دەکەن و ئیدانەی سەرکوتگەری و خوێن ڕشتنی دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناکەن، چونکە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش هێزێکی ناسیونالیستە. ئەوەی دەگەڕێتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان وکۆمەڵی ئیسلامی کە فریا نەکەوتن یاخود خەڵک متمانەی پێیان نەما بۆیە پەلەقاژەی ئەوان وهاتنەدەریان لە بەناو حکومەت هیچ سودێکی نەبوو، بگرە لە دەسەڵاتیش بوون لەبەرەی خۆپیشاندەریش، کە من دڵنیام سبەینێ دیوەخانی حکومەتی پارتی و یەکێتی گەرم دەکەنەوە، ئەمانە نە دوورو نزیک پەیوەندیان بە ژیان وگوزەرانی خەڵکەوە نییەو نوێنەرایەتی خەڵک ناکەن. جولانەوەی نەوەی نوێش هەر لەم جۆرە بابەتانەی کۆمەڵ و گۆڕانە لێکچونیان هاوڕایە بۆ گەڕانەوەی عەبادی بۆ کوردستان.

تەنها ڕێگای ڕزگاربوون لەم بارودۆخە ئەوەیە خەڵک ئەم جارە بەڕیزی یەکگرتوانەوە نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک لە شارو شارۆچکەو گەرەک وشوێنی کاریان ناڕەزایەتی دەبڕن شوراکان پێکبهێنن. تەنها هێزی جەماوەرە دەتوانێت دەسەڵاتی سەرکوتگەری پارتی ویەکێتی کۆتایی پێبهێنێت و هەتا ئەم حەرەکەتە خۆی ڕێکخراو نەکات نوێنەرانی خەڵک نەیەنە، مەیدان و یەکگرتوانە نەبن دڵنیام دەیان خۆپیشاندانی دیکە ئەنجام بدرێت سەرکەوتو نابێت. ئەوانەی دەڵێن ئەم قسە تەقلیدیە باوی نەماوە کە دەڵێن خەڵک خۆی ڕێکخراو بکات، بێجگە لەبێ ئومیدی هیچی دیکە نییەو نمونەی نا ڕێکخراوەی نەبوونی ڕابەری خۆپیشاندانەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە هۆکاری بەشکست بوونی خۆپیشاندەران ناڕێکخراوبوونە وە هەم دەسەڵاتی سەرکوتگەری دەسەڵاتی میلیشیاییە بەزەبری چەک درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی  خۆی دەدات…..

24/12/2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.