نابێ ڕێگە بە سەربڕینی چیای گۆیژە بدرێت!!
لە هەڵمەتێکی چاوەرەوانکراو و لە درێژەی تەخشان پەخشانکردنی زەوی و زارو دەست بەسەراگرتنی هەموو ئەو گرد و تەپۆلکەو جێگایانەی ماون، ئەمجارە چاوچنۆکانی سەرمایە و کۆمپانیاکان، بە رەزامەندی دەسەڵاتی هاوبەش و پشتیوانی لە کۆمپانیاکان، خەریکن چیای گۆژە، وەکو یەکێک لە رەمزە جوان و سروشتیەکانی شاری سلێمانی دەکەنە سەرچاوەی قازانج پەرستی، بۆ ئەم مەبەستەش خەریکن بەشێکی ئەو چیایە بکەنە جیگای تەلارسازی و شوێنی نیشتەجێ بوون…
دەسەڵاتی سیاسی حزبۆکراتی بۆرژوازی کورد کە هەموو بەرهەم و سامانی ژێر زەویان دەست بەسەردا گرتووە، کە گرد و تەپۆلکەو بەرزایی و جیگا جوان و دڵرفێنەکانیان بۆ بارەگاکان و شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان و بۆ گڵکۆی مردوانیان، لەسەر خۆیان و نەوەکانیان و حزبەکانیان تاپۆ کردووە، هێشتا چاویان لەوەیە ئەوەی کە ئەو جیگایانەی ماوەنەتەوە بەو جێگایانەشەوە کە بەهای رەمزی و مەعنەوی و سمبولیان بە پارە ناپێورێت، خەریکن لەسات و سەودایەکی ئاشکرادا، لە شارەکان و لە سروشت و لە بیرەوەری هاوڵاتیان، دەفرێنن.
دەستبردن بۆ شێواندنی چیای گۆیژە، بەمەبەستی کردنی بە جێگای نیشتەجێ بوون و قوتکردنەوەی تەلار و باڵەخانە، لە بنەرەتدا داڕماندنی تەلاری شانازییەکانی هاوڵاتیان و رەمزی جوانی شار و سەربرینی سروشت و سەندنەوەی سیمای جوانیییە لە شاری سلێمانی.
ئەم هەوڵەی کۆمپانیاکان و ئەو سەغی تەبیعەتییەی دەسەڵاتداران… نیشانەیەکی ئاشکرای دژایەتی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی ئامیزگەرمی چاوچنۆکەکانی سەرمایەیە، بەدژی خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیان و سروشت و ژینگەدا.
سەری رەش و دەباشان و گردی زەرگەتە و بەرزایەکانی دوکان و دەیان جێگای تر… کەلەلایەن چەند حزبی بنەماڵەیی و دەستڕۆشتوەوە، دەستیان بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئەو تەخشان و پەخشانکردنی زەویەی لە سەراسەری کوردستان ئەنجام دەدرێت و تا دەگات بەو فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ناوچە گەشتیارییەکان و دەستبردن بۆ گۆیژە و ئەزمەرەکانی شارەکان… هیچ پاساوێکی نییە، جگە لەوەی نامۆیی ئەم دەسەڵاتە بەهەموو پیرۆزییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دەخاتە ڕوو.
لەهەموو جێگایەکی ئەم دنیایەدا کە رۆژ بەرۆژ پرسی ژینگە پانتایەکی گەورەتر پەیدا دەکات، گرنگی دان بە ژینگە بەشێکی زۆری بەواتای گرنگیدان و پاراستنی سیماو رەمزە سروشتیەکان و تەنانەت دروستکردنیان دێت… کەچی دەسەلاتی بۆرژوازی کورد هیشتا لەزۆنی دژە ژینگەییدا دەژین و بەهای سیما سروشتیەکان و جوانیەکانی بە قازانج و پارە دەگۆڕنەوە و هیچ رێزیکیش بۆ هەست و سۆزو بریاری هاوڵاتیان ناهێڵنەوە. لە زۆر جێگای دنیا دروستکردنی پارکێک، بڕینەوەی چەند دارێک… بەبێ راپرسی ئەو جێگایە و هاوڵاتیان ئەنجام نادرێت، کەچی دەسەڵاتە سوشیال دیموکراسییە عەجابیاتەی کوردایەتی، لە خەوی قوڵی شێواندنی هەموو دیمەن و بیرەوەرییەکی هاوڵاتیاندان لە پێناو قازانجدا.
ئەگەر سنورێک بۆئەم دەسترێژییە دانەنریت، ئاسەوارێک بۆ ئاسایشی هیچ جێگاو ناوچەیەکی سروشتی و جوان نامێنێتەوە… بۆیە پێویستە ئەو کاردانەوە بەجییە لە نارەزایەتی خەڵکی سلێمانی و ژینگەدۆستانی بە ئاراستەیەکی فراوان بوون و رێکخراو بوون و هەنگاو بنیت و ریگە بگرن لەوەی ئەم هەوڵەیان بۆ بچیتە سەر… بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ شەقام ببێتە مەیدانی رووبەرووبوونەوەیەکی جەماوەری دژی دەسەڵات و کۆمپانیاکان، بۆ دەست کۆتاکردنیان، لەم هەنگاوە شەرماوەرە دژی ژینگەیی و ئینسانییە.
عەبدوڵا مەحمود