جێنۆساید لەبەردەم چاوی دونیادا…
دوای سووربوونی حکومەتی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی جێنۆساید لە فەلەستین و هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی تەل سوڵتان لە ڕەفەح، لانیکەم ٤٥ دانیشتووی ئەم کەمپە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگی سووری فەلەستین، هەندێک لەو پەنابەرانەی کە لە خێمەکاندا جێگیرکرابوون، دوای ئەم هێرشە “بە زیندووی سووتێنران”. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ژمارەی بریندارەکان نییە، بەڵام بەگوێرەی مانگی سوور وە بەهۆی لەناوبردنی بە ئەنقەستی سیستمی تەندروستی غەززە لەلایەن حکومەتی داگیرکەری ئیسرائیلەوە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، نەخۆشخانەکانی ناوچەکە ناتوانن تەنانەت چارەسەری بریندارەکان بکەن.
وتەبێژی بەرگری شارستانی فەلەستین لە ڕەفەح دەڵێت، بەهۆی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، زۆربەی تەرمەکان بەتەواوی سوتێنراون و ناتوانرێت بناسرێنەوە.
دەوترێت جگە لە هێرشی سەر خێمەی ئاوارەکان، لانیکەم هەشت موشەک بەر خێمەی دەزگای فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکانیش کەوتووە و لەو کاتەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە هێرشەکان دەستیپێکردووە تا ئێستا ١٩٣ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە حکومەت و سوپای ئیسرائیل بەردەوامن لەسەر لێدوانی سەخیف و بەوەقاحەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشەکان “بە تەقەمەنی ورد و لەسەر بنەمای زانیاریی ورد” بارەگای حەماسیان کردۆتە ئامانج.
ئێستا هەشت مانگ بەسەر دەستپێکردنی دوایین خولی هێرشەکانی سەر غەززە و کوشتنی فەلەستینییەکان تێدەپەڕێت، کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە حکومەت و لایەنە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل زۆر لە خواستی دێرینی خۆیان بۆ جینۆساید و پاکتاوکردنی خەڵکی فەلەستین لەهەموو کاتێک زیاتر نزیکبوونەتەوە.
لە مانگەکانی یەکەمی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی حکومەتی داگیرکەر هەر ڕەخنەیەک لە کۆمەڵکوژییەکە بە ناوی دژە جوولەکەگەرایی کپدەکرد و نەک هەر حەماس، بەڵکو هەر کەسێک ناڕەزایەتی دەردەبری بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکە بە “نازی” ناویدەبرد.
شەڕەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت هاوپەیمانە دێرین و هەمیشەییەکانی ئیسرائیل بە بەردەوام ناڕەزایەتی بەرانبەر ئەم هێرشانە دەردەبڕن. توڕەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەهەندی فراوانتر پەیدا دەکات و یاریکردن بە کارتی “دژە جوولەکەگەرایی” چیتر کارناکات. کاردانەوەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل بریتییە لە پلاندانان بۆ هێرشی زیاتر لە هەمان کاتدا پشتگوێ خستنی توڕەیی خەڵک و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ڕۆژانە لە هەموو شوێنێکی جیهان.
توانا محەمەد نوری
٢٨.٥.٢٠٢٤