هێرش بۆسەر رەفەح لە شکستەوە بۆ شکستی تر!!

0

دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتەکە نەتانیاهۆ، لە ژێر ناوی لەبەین بردن و بردنەوەی جەنگ لە حەماس هێرشەکانیان بۆ دوا پەناگەی زیاتر لە ملیۆنیک ئینسانی ئاوارە بۆسەر رەفەح دەستپێکرد،…

دەوڵەتی ئیسرائیل ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەشێوەیەکی وەحشیانە و هێرشی بۆسەر غەزە دەستپێکردووەوە و تەڕو وشک بەیەوە دەسوتێنێت، کۆمەڵکوژییەکی ئاشکرای وەرێخستووە، دەست پارێزی لە قوتابخانە، خەستەخانە، رۆژنامەنووسان، کارمەندانی یوئین و رێکخراوە ئینسانی و نێودەوڵەتیەکان، و پەناگەکان ناکات، تەنانەت سەرەی دورودرێژی هاوڵاتیانی برسی بۆ وەرگرتنی خۆراک دەکاتە نیشانە، کوشتنی مناڵ و ژن و پەکککەوتە… بۆتە ناسنامەی حاشاهەلنەگری ئەم نیزامە شەرماوەری دنیای ئەم سەردەمە. تا ئیستا نزیک بە ٤٠ هەزار ئینسانی کوشتووە کە زوربەی هەرە زۆریان ژن و مناڵن… ئەوە ئەو شکستە ئابڕوبەرەیە کە حکومەتەکەی نەتانیاهۆی ناچار کردووە دەستی خوێناوی حکومەت و دەوڵەتەکەی تا دوا جێگا ببات… دڕندەیی دەوڵەتی ئیسرائیل بە جێگایەک گەیشتووە، کە کوشتاری جولەکەکان لە لایەن نازیەکانی ئەڵمانیاوە وەبیر دێنێتەوە. ئەم دڕندەییە بە ئاستێک گەیشتووە کە دۆست و هاوپەیمانەکانی خودی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئارەقەی شەرمەزاری برێژن و بەناچاری گوشارەکانیان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل زیاد بکەن تا تۆزێک “بەرەحمەوە” کوشتارگە وەرێ بخات و هێرشەکانی” بە دیقەت و وردبینیەوە” ئەنجام بدات.

دیارە خودی ئەم نیگەرانەیەی ئەمریکا و غەرب کە لەیەکەمین رۆژەوە پشتیوانی بێدرێغیان لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە کرد، لە بەرامبەر بە درندەیی ئیسرائیلیدا، لەوێوە نییە، کە خەمی کوشتاری بە کۆمەڵیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هەبێت، بەڵکو لەژێر گوشاری بزوتنەوەی نارەزایەتی بەدژی هیرشی وەحشیانەی ئیسرائیلدا، لە ئاستی جیهانیدا ناچارن سڵ بکەنەوە. ئێستا ئیتر دیموکراسی بۆرژوازیی و ناوەرۆکی سیستەمی بۆرژوازی لە ئەمریکاو غەربدا، بە جۆرێک دەرکەتووە، کەبایی سەرە دەرزییەک بەهای بۆ گاڵتەجاری دیموکرسی و درۆی مافی مرۆڤ و یاساکانی بەڕیوەچوونی جەنگ نەهێشتۆتەوە…  

هاواری ملیۆنەها ئینسان لە سەراسەری دنیادا بەدژی جەنگ و درێژەکیشانی ئەم داگیرکاریی و هۆلۆکۆستەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، لە ناوخۆی ئەمریکاوە تا دەگاتە هاواری خەڵکی ئیسرائیل کە دەڵێن” ژیان پیرۆزە و نا بۆجەنگ و جەنگ راگرن” تا دەگاتە هاتنە مەیدانی ملیۆنەها ئینسان لە وڵاتانی ئەوروپاو دنیادا، هاوار و نارەزایەتیەکی هێندە بەرین و گەورەیە، کە بەتەواوەتی خەڵکی ئینسان دۆستی ئەو وڵاتانەی رووبەرووی دەسەڵاتی بۆرژوازی ئەو وڵاتانە کردۆتەوە.

ئیسرائیل بە وەڕێخستنی جەنگ بۆسەر رەفەح بەر لەوەی تەنها کوشتاری خەڵکی رەفەح وەکو دوا پەناگەی ملیۆنەها ئینسان بێت، هاوکات راگەیاندنی جەنگ و درێژەدانە بە ملهوری بەرووی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە جیهانیەی لە دژی داگیرکاری ئیسرائیل لەسەر شەقامەکان و زانکۆکاندا و درێژەی هەیە و تا دێت بەرینتر دەبێتەوە.

وە ئەو هێرشە بەر لەهەر شت ریشەی لە شکست و ناکامی تا ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیلدایە… شکستێک نەک تەنها لە جەنگ و کوشتاردا، بەڵکو شکستی سیاسییش. ئیسرائیل ویستی لە رێگای داگیرکاری و جەنگەوە و کۆتایی بە کیشەی فەلەستین بهێنێ و ئەم دۆسیەیە دابخات، کەچی ئیستا پرسی فەلەستین و چارەسەرکردنی ئەم پرسەو دروستکردنی دەوڵەت و داننان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا، لەسەر میزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتی دنیادایە.

جیا لەوانە دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو دەوڵەتی” میحوەر” و پەناگە و هاوپەیمانی ستراتیجی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە دەوڵەتێکی “بە هەیبەت و ئازاوە” بۆتە دەوڵەتێیکی نابوت و دۆراو نەفرەتلیکراو لە ئاستی دنیادا… کە نەک توانای ئەوەی لە دەستداوە ببێتەوە دورگەیەک بۆ باڵادەستی ئەمریکا بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەڵکو بۆتە هۆکارێک بۆ پاشەکشەو لاوازی پێگەی ئەمریکا، لە ناوچەکەدا. هاوکات قوربانی سەرەکی و دۆراوی جەنگ بەر لەوەی حەماسی ئیسلامی بێت، دەوڵەتی ئیسرایل و حکومەتەکەی نەتانیاهۆیە… نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی بەو درندەیی ئەنجامیاندا، نەک نەیتوانی خۆی لە بزوتنەوەی نارەزایەتی بەرووی دەسەڵاتەکەی و هەولەکانی بۆ گۆرێنی یاساکان بە مەبەستی ناوەندی کردن و هەژموونی رەها بەسەر دەوڵەتدا، خاو بکاتەوە، بەلکو نارەزایەتی بەرووی هەلکردنی ئاڵای دریژە کیشانی جەنگ و نادیاری چارەنووسی رفێنراوەکاندا، رۆژ بەرۆژ زیاتر بووە.

وەستانەوە بەرووی هەموو ئەو هەولانەی بۆ راگرتنی جەنگ و دەدرێت لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، تا دەگات بە هیرش بۆ سەر رەفەح تەنها بۆ ئەوەیە ناکامی هێرشەکانی پی بشارێتەوە. ئەوەش رۆشنە دەوڵەتی ئیسرائیل لەو جەنگەدا کە بەناوی لەناوبردنی حەماسەوە دەیکات و ئەگەر جەنگیش لە حەماس بباتەوە، بەڵام دۆڕاوی سەرەکی لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستین کێشە سیاسیەکەیدایە، چونکە تا کیشەی فەلەستین چارەسەر نەکرێت، ژینگەی مانەوەی حەماس و دروستبوونی هێزی هاوشیوەی حەماس، بە هێزی خۆیەوە دەمێنێتەوە.

 

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.