خوێندنەوەیەکی تر بۆ سەردانەکانی نێچیر بارزانی بۆ تاران و بافل تاڵەبانی بۆ واشنتۆن!!…عەبدوڵا مەحمود
لەم رۆژانەی رابردوودا، نێچیر بارزانی کە خۆی و حزبەکەی سەر بەجەمسەری ئەمریکاو غەربن… سەردانی تاران و بافڵ تاڵەبانی کەسەر بەجەمسەری ئێرانە، سەردانی ئەمریکای کرد. پێشتریش سودانی سەردانی ئەمریکاو ئەردۆغانیش سەردانی بەغداو هەولێری کرد. هەموو ئەو سەردانانە لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەنجامدران.
هۆکاری ئەم سەردانانە بەو چرییەو بەو ئاراستە پێچەوانەیەش، بەر لەهەر شت رەنگدانەوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە، کە بەسەر دۆخی دنیاو ناوچەکەو بەدیاریکراویش لە عێراقدا هاتووە.
پێگەی دەوڵەتی عێراق، لە ئاستی دنیاو ناوچەکەدا بەرەو هەڵکشان چووە، عێراق بۆتەوە بە جیگایەک بۆ چاوتێبرینی قوتبە جیهانی ناوچەییەکان، لەو نێوەدا چ عێراق لە چوارچیوەیەکی تازەدا و چ وڵاتانی ناوچەکەو دنیا، لە هەلومەرجێکی گۆڕاوی نوێدا، مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەن…
سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا و هاتنی ئەردوغان، لەدڵی ئەو هەلومەرجە نوییەدا چووە پێشەوە. سەردانی نیچیر بارزانییش وەکو سەرۆکی هەرێمێکی فیدرال، وابەستە بە جەمسەری ئەمریکا و غەرب و تورکیا، لەگەڵ سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەمریکا کە ئەویش لەژێر هەژموونی ئیراندایە، ئەو راستییە دەخاتە روو، کە پەیوەندییەکان بەشێوەی پێشوو ناتوانێت باڵانسێکی گونجاو بێت… نە پەیوەندی کوڕانی تاڵەبانی بە ئێرانەوە دەتوانێت یەکێتی لەدۆخی ئەزمەگرتووی هەرێمدا رابگرێت، نە پەیوەندی حکومەتی هەریم و قەوارەی هەریم!! دەتوانیت تەنها بە وابەستەیی بە ئیرانەوە لەسەر قاچەکانی بوەستێت. بۆیە هیچ لەوە پێشبینی کراو تر نییە، کە چ پارتی و چ یەکێتی ناچار بکات ئابدەیتی پەیوەندیەکانی خۆیان بکەنەوە. بەتایبەتیش کە پەیوەندی نێوان ئەمریکاو ئیرانیش بە ئەندازەیەکی زۆر لە دۆخێکی ئارامتر و هێورتردا لەگەل یەکتری دەچێتە پیشەوە.
عیراق، بە ئاراستەی بەهێزبوون و بیناکردنەوەی ژێر خانی ئابوری، هەنگاو دەنێت. بە ئاراستەی لێکگرێدانی بازرگانی و بەستنەوەی بازارەوەیە بە دنیای دەرەوە و لەو رێگایەشدا خەریکی دروستکردنی کەناڵ و رێڕەوی تازەیە. لە باری سیاسی و ئەمنییەوە، هەنگاوی باشی ناوەوە تا دێت هەلومەرج بۆ سەرمایە گوزاری باشتر فەراهەم دەبێت. حکومەت و دەوڵەت لە حاڵی پیناسەکردنەوە و قاچ چەقاندن دایە و خەریکە ئاستەنگەکانی بەردەمی وەلادەنێت… هێزە میلیشییایەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت و سوپادا رێک دەخات. پەیوەندیەکانی لەسەر ئاستی دنیاو ناوچەکە و جەمسەرەکاندا رێک دەخاتەوە. خەریکی کەم کردنەوەی هەژموونی دەرەکییە بەسەر بریارە سیاسییە ناوخۆییدا. لەگەڵ ئەوەدا هێشتا سازانی سیاسی لەنیوان هێزو کوتلە سیاسیەکاندا واقعیەتی عیراقە، بەڵام دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوەو بە ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن خەریکە جێگیر دەبێت…
لەبەرامبەر بەو دۆخەدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و خودی ئەوەی پێی دەوترێت قەوارەی هەرێم، لەبەردەم داڕماندایە و خەریکە نزیک دەبێتەوە لە دۆخی ساڵانی سەرەتای نەوتەکانی سەدەی رابردوو. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بۆرژوازی کورد نوقمی دزی و گەندەڵی و تاڵانییە، هەڵبژاردن ناتوانێت هیچ بگۆڕیت و دەستاو دەستپیکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە وەهمە و دوو بنەماڵە هەر بنەماڵەیەکیان دەسەڵاتی زۆنێکیان بەدەستەوە… بۆرژوازی کورد نەک نەیتوانی کەڵک لەو فرسەت و دەرەتانە وەربگرێت کە نزیک بە سێ دەهە لەبەردەستی بوو، بۆ ئەوەی سیستەمێکی سیاسی دامەزراو و پایەدار و رۆتین بنیات بنێت، بەڵکو لە قاڵبی دوو زۆن و دەسەڵاتی حزبۆکراتیدا قەتیس مایەوە و نەک هیچ پێشرەویەکی نەکرد، بەڵكو تا هاتووە رەوتێکی پاشەوپاش گەرانەوەی دەست پێکردووە. بەهیز بوونەوەی بەغداش وای کردووە هەژموونی سیاسی خۆی بەسەر هەرێم و بریارەکانیدا بسەپێنێت و سەڕە رۆییەکانی بۆرژوازی کورد لغاو بکات. لە پرسی ئابوریی و داراییەوە، تا دەگاتە پرسی ئەمنی و سنور و داهات و سیاسەت و پەیوەندیەکان، باڵادەستی عێراق بەسەر هەرێمدا، زال کراوەتەوە. لەئاستی ناوخۆی هەریمدا خەڵکی کوردستان هێندە نەفرەتیان لە دەسەڵات هەیە، کە قڵشتیکی یەکجار گەورە کەوتۆتە نێوان دەسەڵات و خەڵکییەوە، تا ئەو رادەیەی کە خەڵکی کوردستان، ئومێدی خۆیان لەسەر بەغدا و دەسەڵاتەکانی هەڵچنیووەو و چاوی ئومێدیان لەوەیە لەرێگای دەسەڵات و بۆرژوازی عێراقیەوە، ژیان و گوزەران و موچە و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دەستەبەر ببێت و سزای بۆرژوازی و حزبە سیاسیەکانی بدات.
لە دۆخێکی ئاوادا، کە دەسەڵاتی هەردوو زۆنی بۆرژوازی کورد، رووبەڕووە لەگەڵ گوشارەکانی بەغدا و هەرەشەکانی وڵاتانی ناوچەکە، ئاسۆی بۆرژوازی کوردی رووبەرووی داکوژان کردووە. ئیستا پارتی و یەکێتی لەوپەرێ داماوی و بێ ئاسۆییدا پەل و پۆ دەکوتن… سەردانەکانی ئەم دوایەی سەرانی پارتی و یەکێتی و بۆ ئیران و ئەمریکا و زوو زووش بۆ بەغدا… هەوڵ و پەلەقاژەیەکی ناچارییە بۆ مانەوە و بەرگرییەکی سلبییە، بەتایبەتی پارتی کە زۆرترین جومگەکانی بریاری و سیاسی و ئابوری و ئەمنی و نوێنەرایەتیەکانی لەدەستدایە، بەرگرییەکی زیاتر دەکات و دەیەوێت لە دۆخی تازەی سیاسی عێراقدا، پیگەی سیاسی خۆی ئەگەر بەلاوازیش بێت بهێڵێتەوە…. تا ئەوەندەی بە یەکێتی دەگەڕیتەوە، ئەوا یەکێتی بێ هیچ بەرگری و کاردانەوەیەک رادەستی بەغدا بووە. بەڵام چ پارتی و چ یەکێتی ئەو راستیە درک دەکەن، کە پەیوەندیەکانی پیشوویان بەدەردیان ناخوات. پارتی بە پەیوەندیەکانی لەگەل جەمسەری تورکیا و ئەمریکاو غەرب، ناتوانێت خۆی لەبەردەم هەرەشەکانی تاران رابگرێت. هەر کاتێک ئیران بیەوێت چ راستەوخۆ یان لەڕیگای هیزە نیابەتیەکانەوە دەتوانیت زۆنی زەرد و دەسەڵاتی ئەو زۆنە نەک تەنیا توشی دەردەسەری، بەڵکو هێندە نابوت بکات، کە کەس حەسودی پێ نەبات. بۆیە ناچارە بەجیا لەوەی لەگەڵ جەمسەری تورکیا و ئەمریکاو غەربدایە، هاوکات دەبێت لەگەڵ ئیران و لە پەیوەند بە داخوازییەکانی ئیرانەوە مل بدات و باڵانسێک بە پەیوەندیەکانی بدات، بەڵام ئەمە تەنها دەتوانیت لیکەوتەی کاتی و کورت مەودای هەبێت، چونکە بۆ ئیران بەجیا لە پرسی ئەمنی کە مەسەلەی بناغەییە لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم، پرسی پەیوەندییەکانی تر زۆرتر روو لە بەغدایە و هەژموونیشی بەسەر دەسەڵاتی بەغدادا، ئەو دەرەتانەی دەداتێ کە دووبارە گوشارەکانی بۆسەر هەرێم لە رێگای بەغداوە بباتە پێشەوە…
یەکێتی نیشتیمانیش، چیتر ناتوانیت تەنها بە پشت بەستن بە جەمسەری ئیران پیگەی خۆی بەرگری لێ بکات، چونکە چ ئەمریکا و غەرب و چ تورکیا، دەتوانن زۆنی سەوز هیندە تەریک و دابڕاو بکەن، کە وەکو دورگەیەی بێ بەها بمێنیتەوە، بۆیە ناچارن هەوڵ بدەن باڵانسێک رابگرن، لەو نێوەدا ناچارن کە هەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرەو ئاسایی ببەن و مل بە خواستەکانی تورکیا بدەن و هەمیش ناچارن بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و غەرب لەبەرچاو بگرن. نابێ ئەوەش نادیدە بگرین کە لە ئیستادا رۆڵی چین و روسیا لەئاستی دنیاو ناوچەکەدا، واقعیەتێکە و هیچ هێزو لایەن و دەوڵەتێک ناتوانیت، حاشا لە کاریگەریی و رۆڵیان بکات، بەتایبەتیش دوای ئەوە چین توانی ریکەوتن لەنیوان ئیران و سعودیەدا پێک بهێنێت و کۆتایی بە ململانێێ و گرژی نیوانیان وەکو دوو جەمسەری ناوچەکە بهێنێت.
سەردانەکانی ئەو دواییە دەبێ لەو گۆشە نیگایەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت… ئەوەی کە تاچەندە ئەو هەوڵانەی پارتی و یەكیتی دەتوانن ئامانج بپێکن، بەندە بەوەی کەخۆیان لەگەڵ بەغدا بگونجێنن و مل بە دەسەڵاتی فیدرالی لە عێراقدا بدەن و هەرێم وەکو دەسەڵاتێکی خۆجیی فیدرال، مل کەچی عیراقی فیدرالی ببێت.. دیارە سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا کە مەبناکەی دابەش کاری قەومیی و ڕیکەوتنی بۆرژوازی کورد و عەرەبە لەسەر بەشی سیاسی و ئابوری، لەگەڵ جیگربوون و ناچارکردنی پارتی و یەکێتی بەوەی ملکەچی بەند و بریارەکانی بن، ئاییندەیەکی باش بۆ هەرێم و خەڵکی کوردستانی نەک لێ چاوەروان ناکرێت، بەڵکو دوبارە هەڵاواردنی قەومی لە عێراقدا رەسمی دەکاتەوە و پرسی سیاسی چارەسەرنەبووی خەڵکی کوردستان، بەوێنەی کیشەی کورد، دەخاتەوە ڕوو…
ناوەراستی ئایاری ٢٠٢٤