گۆزەی ئاوات
هێشتا خەونەکانم نەکەوتوونەتە سەرپێ و
کۆتری ئومێدم زمانی فڕینی نەگرتووە
سەفەرمەکە و جارێ زووە
هێشتا شەقامی چاوەڕوانیم
پیاسەی دیداری لێ نەڕواوە و
درەختی تامەزرۆییم
هێشووی ئۆقرەیی نەگرتووە
مەڕۆ، هەنگاوەکانی سەفەر بپێچەوە و
ڕۆیشتنت هەڵپەسێرە
ئالوودەی هەنسکم مەکە و
بەدەست فەرامۆشیم مەسپێرە
سەفەر مەکە
فەهرەستی عیشق بە چەقۆی غەدر نەزیف مەکە و
چاوی خۆزگەکانم کوێرمەکە
گوتم سەفەرمەکە
مەڕۆ و وانەی خەفەتم فێرمەکە
واز لە خەیاڵی سەفەربێنە و
دڕکی حەسرەت لە پەرێزی دەروونم دا
مەڕوێنە
مەڕۆ و کۆلارەی بەختم مەفڕێنە
سەفەرمەکە و
گوڵی حەزم کاڵ مەکەوە و
گۆزەی ئاواتم مەشکێنە…
شەماڵ بارەوانی