حسێنی مراد بەگی “حەمە سور” فەرماندەو ڕابەری کۆمۆنیست و سیمای ناسراوی بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا…

0

بەرواری چواری ئەم مانگە، حسینی مراد بەگی ناسراو بە حەمەسور، رابەر و سیمای بەرجەستەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئیران و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان، دوای ١٢ ساڵ لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە بە یەکجاری بەجێی هێشێتن…

زیاتر لە نیو سەدە، خەباتی رێکخراو و ئامانجدارانەو بێ وچانی دژە سەرمایەداری چ لە دژی حکومەتی شاهانشایی و چ لە دژی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی… حەمەسوری کردە رەمزو کەسایەتییەکی بەرجەستەی  بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کریکاریی و جەماوەریی لە ئاستی ئێران و کوردستاندا. حەمە سور نەک تەنها رۆڵی لەم مێژووە دوورودرێژەدا بەجەستە و حاشاهەڵنەگرە، بەڵکو خۆی یەكێک لە کاراکتەرەکانی دروستکردنی ئەو میژووە درەوشاوەیە لە ئاستی ئیران و کوردستاندا… نەخشی ئەو لە تیکۆشانیدا بۆ پیکهێنانی کۆمەڵەی کۆمۆنیست و پیکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی چینی کریکار، تادەگات بە رۆڵی لە ناو حزب و کۆمەڵەدا بە وێنەی دامەزرێنەرو فەرماندەی هێزی چەکدار و وەرێخستنی بزوتنەوەی جەماوەریدا… ئەوی کردە سیمایەکی ناسراو خۆشەویست. رۆڵی ئەو لە پێکهێنانی هێزی چەکدار و فەرماندەیی ئەو نەک لە ئاستی ئیران و کوردستاندا، بەڵکو یەکێک لەو هەنگاوە دەگمەنانەیە کە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بێ وێنەیە. بۆ یەکەمین جار هێزێکی کۆمۆنیست دەست دەبات بۆ دروستکردنی هێزێکی چەکدار تا کریکار و ژن و بێبەشانی کۆمەڵگە لەپاڵ خەباتی کریکاریی و شاریاندا، پشت ئەستور بەهێزی چەکداری خۆیان بن لە راستای بەرگری لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان و وەستانەوە بەرووی رژێمێکی تاسەر مۆخ ئینسان کوژ و دژە ئازادی و دژە ژندا. وە بۆ یەکەمین جار بوو ژنان لە خەباتی چەکدارییدا و بە ئیرادەیەکی سەربەخۆە بەشداری بکەن… ئەوە دروستکردنی میژوویەکی تر و جێخستنی نەریتیکی تر بوو لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. حەمە سور، رابەر و کاراکتەرێکی سەرەکی ئەم میژووەو هەڵگری ئەم نەریتە کۆمۆنیستییە بوو. 

جیا لەو رۆڵە پراکتیکییەی لە مەیدانی رابەری خەباتی جەماوەری و چەکدارییدا، نواندویەتی هاوکات ئەو رابەر و کەسایەتیەکی مارکسیست و کۆمۆنیست بوو، کە لە زەمینەی خەباتی سیاسی و فکریی و رێکخراوەییدا جێگا پەنجەی دیارە. 

ئەو میژووە خەباتکارانەی حەمە سور لەناو جوڵانەوەی مارکسیستی و کۆمۆنیستی و لە چوارچێوەی کۆمۆنیزمی کریکارییدا، کە رەوتیکی درەوشاوەیە هەمیشە مایەی ئومید بەخشین بە چەپ و کۆمۆنیزم و لە عێراق و کوردستاندا، بووە. بۆیە ژیانئاویی حەمە سور تەنها خەسارەتێک لە بزوتنەوەی کریکاریی و کۆمۆنیستی جوڵانەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران و  کوردستانەکەیدا نییە، بەڵکو خەسارەتیکە لەسەرجەم بزوتنەوەی کریکاریی و کۆمۆنیستی لە عێراق و کوردستان و لە تەواوی ناوچەکەدا…

ئێمە لە کاتێکدا سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی خیزان و کەس و کاری دەکەین هاوکات سەرخۆشی لە خۆمان و لە سەرجەم هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری و ریزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و هەموو ئەوانەی لەماوەی پینج دەهەی رابردوودا هاوخەبات و هاوسەنگەر و هاوڕیبازی کۆمۆنیستی ئەو بوون، دەکەین.

بەرز و بەرێز بێت یادی خەباتکارانەی کۆمۆنیستی هاوڕی حەمەسور و سەرجەم گیان بەختکردوانی رێگای ئازادی و سۆشیالیزم..

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.