داگیرکردنی زانکۆکان، بزوتنەوەیەکی ئینسانی پێشکەوتنخوازانە دژی جەنگ و وێرانکاری!!

0

لە درێژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جیهانی جەماوەرییدا بەدژی هێرش و کوشتاری خەڵکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکاو غەرب لەو کوشتار و داگیرکارییە، لاوان و خوێندکارانی ئەمریکا دەستیان داوەتە وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی نوێ کە تادێت فراوانتر و بەرینتر دەبێتەوە. بەدیاریکراوی دەیان زانکۆی گەورەو بەناوبانگی ئەمریکا، دەستیان داوەتە کۆبونەوەی نارەزایەتی و هەڵدانی چار لە مەیدانی زانکۆکاندا، بەدژی  کۆمەڵکوژی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەدژی هاوکاری و پشتیوانی سەربازی و سیاسی ئەمریکا و غەرب و داواکاری راگرتنی جەنگ و کۆتاییهینان بە پەیوەندییە سیاسی و راگرتنی هاوکاری بەدەوڵەتی ئیسرائیلن. ئەم بزوتنەوەیە لە ئیستادا زیاتر لە ١٥٠ زانکۆی گرتۆتەوە و لەوەش زیاتر بەشێکی زۆری کارمەندان و مامۆستایان و لێکۆلەرانی زانکۆکان پشتیوانی لە بزوتنەوەی خوێندکاران دەکەن و ئیدانە هێرشی وەحشیانەی پۆلیس و دەستگیرکردنی خویندکاران و هێرش بۆسەر زانکۆکان دەکەن.

بزوتنەوەی نارەزایەتی خۆێندکاران کە لەدرێژەی بزوتنەوەی جیهانی خەڵکی ئازادیخوازی دنیا و ناوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، دەستی پێکردووە، بە دروشمی “هەر ئێستا شەر ڕاگرن” “ئازادی بۆ فەلەستین” هاتوونەتە مەیدان و کەمپەینێکیان بەناوی” دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” وەرێخستتووە. شایانی باسە تا ئێستا چەند رێکخراو یەکێتی کریکاری پشتیوانی خۆیان لەم کەمپەینە راگەیاندووە.

ئەم بزوتنەوەیە نارەزایەتییە مۆدێرن و ئازادیخوازانەیە بە شێوەیەکی دڕندانە کەوتۆتە بەردەم هێرشی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا و تا ئێستا بەسەدان خویندکار دەستگیرکراون و دەرگاشیان واڵاکردووە بۆ گروپە راسیست و مەزهەبیە توندرەوە دژی فەلەستینیەکان تا هێرش بکەنە سەر نارەزایەتی و کۆبونەوەکانی خوێندکاران.

دەوڵەتی ئەمریکا، بەتەواوەتی کەوتۆتە ژێر گوشاری ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە و بەتەواوەتی نیگەرانی دۆخەکەن… ئەم بزوتنەوەیە هەر لەئێستاوە مۆری خۆیداوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەمریکا و کاریگەری لەسەر دادەنێت…

ئەم بزوتنەوە ئینسانی پێشکەوتنخوازەی زانکۆکانی ئەمریکا، بەجیا لەوەی رۆژ بەرۆژ فراوانتر دەبێتەوە، هاوکات پەریوەتەوە بۆ دەیان وڵاتی تر لەوانە زانکۆکانی بەریتانیا، ئێرلەندا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، مەکسیک، لوبنان و یۆنان و کوباو…تاد.

بەردەوامی ئەم بزوتنەوە خویندکارییە و بوون بە بەشێک لە بزوتنەوەی جیهانی دژ بەجەنگ و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لە کوشتاری کوێرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل، دیاردەو هەنگاویکی ئومێدبەخش و تاکە ریگای گوشار خستنە سەر ئەمریکاو غەرب و ناچارکردنی ئیسرائیل بە ئاگر بەست و کۆتاییهینان بە جەنگ و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی فەلەستینە… ئەم بزوتنەوە خوێندکارییە، بزوتنەوەی خویندکاری دژی داگیرکاری ڤێتنام لەلایەن ئەمریکا وە بیردێنێتەوە، کە ببووە بەشێک لە بزوتنەوەی جیهانی دژی داگیرکاری ئەمریکا و مایەی گوشار دانان لەسەر دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ڤێتنام.

Leave A Reply

Your email address will not be published.