ماف و سیاسەت… نووسینی: ڕۆمان ئامینە
کارل شمیت مافناس، فەیلەسووف و تیۆریسیەنی ئەڵمانییە، زۆربەی بەرھەمەکانی سەبارەت بە باسکردنە لە چەمکەکانی سەروەری یان حکومڕانی و ماف و چۆنیەتی پاراستنی گەنجینەی یاسایی لە ڕێگەی بڕیاری حاکم. بە باوەری شمیت حاکم ئەو کەسەیە کە سەبارەت بە دۆخی ئاوارتە بڕیار دەدا. شمیت لە کتێبی ئیلاھیاتی سیاسیدا دەڵێت: چەمکە سیاسیە گرینگەکانی سەردەمی ئێستا، گشتیان چەمک گەلێکی ئیلاھیاتین. بە باوەری شمیت ھەروەکو چۆن کە ئەخلاق بە باسکردن لەسەر چاکە و خراپە، جوانیناسی بە جوانی و ناشرینی و ئابووری بە قازانج و زەرەر سەرقاڵ بووە، سیاسەتیش بە دۆست و دووژمنەوە سەرقاڵە. بەڵام پۆلێنبەندی دۆست و دوژمن ئەوەندە بەھێزە کە بە ئاسانی پۆلێن بەندییە ھونەری، ئایینی و ئابوریەکان دەخاتە پەراوێزەوە.
هەرچی سەبارەت بە مافیشە، شمیت لەو بڕوایەدا بووە کە ماف پەیڕەوی سیاسەتە، چونکە بە بڕوای ئەو بڕیارە سەرەتاییەکان لەمەڕ فۆڕموڵە بوونی دەرکردن و پەسەندکردن و کارپێکردن یاخود گۆڕینی یاسا، بەپێی کۆمەڵێ پڕەنسیپ دیاریدەکرێن کە لە چوارچێوەی مافتەوەرانە بەدەرە، بە مانایەکی دی شمیت لەو بڕوایەدایە ئەوە سیاسەتە ماف دیاری دەکات نەک دەسەڵاتی دادوەری.
زۆرکات فۆڕمۆلە یاساییەکان لە ژوورە داخراوە سیاسییەکاندا گەڵاڵە دەکرێن و زەمینەیان بۆ سازدەکرێ، جا زەمینە سیاسییەکە بە خەباتی پەرلەمانی پێکهاتبێت یان بە شۆڕش و یاخیگەری و کودەتا.
ڕەنگبێت ئەو گوتەیەی فۆکۆیش لە ڕاستیەوە نزیک بێت کە دەڵێت ماف فۆڕموڵێکی تەواو سیاسییە. چونکە سیاسەت بیرکردنەوەیە لە ماف، بیرکردنەوەیە لە ئازادییەکان. لەگینە گرنگترین کاری سیاسەت دیاریکردنی ماف و ئازادییەکان بێت. تەنانەت لە کۆمارەکەی ئەفڵاتوون گرنگی کۆمار و حاکمیەتی شار بریتییە لە دەستنیشانکردنی کڵشەکانی ماف و بەرپرسیاریەتییەکان. بۆیە بیرکردنەوە لە ماف وەک چەمکێکی ڕووت و داماڵراو لە بابەتی سیاسەت، بیرکردنەوەیەکی شاعیرانەوە و تاکگەرایانەیە و لە ڕاستیدا جۆرێک لە چەواشەکاری ساختەی ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمە بۆ شاردنەوەی سیاسەت لە ئاستی ئاسۆیی و کۆمەڵایەتیدا.
بۆیە دەتوانین بڵێین ماف کایەیەکی کارکردن و ستراتیژی سیاسەتە، هەروەکو چۆن تەواوی کایەکانی دیکەی ژیان سیاسەت نەخشەڕێژی تێدا دەکات، سیاسەت چەتری هەموو کایەکانی مرۆڤایەتییە، مرۆڤ بێ سیاسەت وەک مرۆڤە بێ زمان،. ئەوەی کە دەیەوێت گرنگی سیاسەت لە کۆمەڵگەدا نکوڵی بکات و کۆمەڵگە لە سیاسەت دابڕێت، لە ڕاستیدا ویستێکی لەو جۆرە، خۆی لە خۆیدا خواستێکی سیاسی دەسەڵاتخوازانەیە کە گەرەکیەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیاسەت داماڵێ و دواجار لە مافەکانیان بێبەش بکات، چونکە کۆمەڵگەیەک لە سیاسەت داماڵرێ ئیدی پەیوەندی لەگەڵ مافەکانیشی دەپچڕێ و ناتوانێت داخوازییە مافتەوەرییەکانی خۆی فۆڕموڵە بکات و داکۆکی بکات، بۆیە بێ ڕەچاوکردنی سیاسەت باسکردن لە ماف باسێکی ناتەواوە و ساختەیە.
ئەگەرچی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سیاسەت وەک شتێکی نەگریس و نائەخلاقی وێنا دەکرێت و هەوڵ دەدرێت کە کۆمەڵگەکان لە سیاسەت دابڕن و سیاسەت وەک کایەیەکی نوخبەیی وێنابکەن، بەڵام لە ڕاستیدا گرنگترین بزاوتی مرۆڤایەتی سیاسەتە، تا سیاسەت و سیاسییەکان نەناسین نازانین سنووری مافەکانمان دەشێ تاکوێ بڕ بکەن. چونکە ڕادەی ئاگایی سیاسی و ڕۆشنبیری و کراوەیی سیاسییەکان کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرقەرارکردنی مافەکان دادەنێت، وە بە پێچەوانەشەوە.