پەیامەکانی سەردانەکەی ئەردوگان بۆ عیراق و کوردستان…

0

22  ی ئەپریل سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردوغان، سەردانی عیراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لە پەیوەند بەم سەردانەو ئامانجەکانی لیکدانەوەی جیا جیا خراوەتە روو، ئەم وتارەش هەوڵێکی ترە بۆ خستنە رووی سەردانەکەو ئامانجەکانی لە روانگەیەکی ترەوە.

ئامانج لەسەردانی ئەردۆگان بۆ عیراق و کوردستان، پیویست بەوە دەکات، سەردان و ئامانجەکانی بۆ هەریەک لە عیراق و کوردستان بەجیا خویندنەوەی بۆ بکریت…

سەردانی ئەردۆگان بۆ عیراق، لە هەلومەرجیکی تایبەتییدا، کە دەولەتی عیراق خەریکە هەنگاو بە هەنگاو پیگەی خۆی قایمتر دەکات و بەکردەوە گەراوەتەوە ناو کۆمەلگەی نیودەولەتی و دنیای عەرەب و لە ئاستی ناوخۆی عیراقیشدا، هەوڵەکانی بۆ گیرانەوەی سەقامگیری و وەلانانی بەربەستەکانی بەردەم دەسەلاتی فیدرالی و وابەستەکردنی دەسەلاتە لۆکالییەکان و دەسەلاتی هەریم، بۆ ژیر هەیمەنەی دەسەلاتی فیدالی و ناوەندی، دەستی پێکردووە. لەو راستایەشدا هەم بەرەوپیش چووەو هەم رەوەندیکە بەردەوامی هەیە. ئەم پیگە تازەیە، بۆ دەولەتی عیراق، چۆن عێراقی خستۆتەوە ناو چوارچێوەیەکی پێناسەکراوەوە ئاواش پەیوەندییەکانی عیراقی لەگەل کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە خستۆتە بەردەم ئابدەیت کردنەوەیەکی نوێ. عیراق چیتر عێراقی پارچە پارچە و لاواز، چەند دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا نییە. لەگەل ئەوەدا هەژموونی دەرەکی بەسەر عێراقدا هێشتا واقعیەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بەتەنها بڕیادەری دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نییە و خودی بۆرژوازی لە عێراقدا بە ئاقاری بریاری سەربەخۆییدا هەنگاو دەنێت و دەیەوێت چوارچیوەیەکی نوێ بە پێگەی تازەی خۆی و پەیوەندیەکانی ببەخشێت. لەبەرامبەردا چ کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و چ وڵاتانی ناوچەکە، لەو چوارچیوە نوێیەدا خەریکن پەیوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ عێراق سازدەدەنەوە یان ئارایشی تازەی پێ دەبەخشن… بۆیە پیویستە هاتنی ئەردۆغان و سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا لەو چوارچیوەیەدا لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

عێراق بۆ دەوڵەتی تورکیا، پیگەیەکی تایبەتی هەیە، پێگەیەک کە راستەخۆ کاریگەری لەسەر دەولەتی تورکیاو تەواوی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە، کاریگەری ئابوری و سیاسی و ئەمنی و تەنانەت حقوقی. گەڕانەوەی عێراق بۆ ناو کۆمەلگەی نیو دەولەتی، جیگا پەیداکردنەوە لە ئاستی ناوچەکە، گێرانەوەی رادەیەک لە سەقامگیری، گیڕانەوەی هەژموونی دەسەڵاتی فیدرالی بەسەر دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان و پێناسەکردنەوە و چوارچێوەبەخشین بە پیگەی هیزو گروپ و میلیشیاکان، هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و بریاری سیاسی، تا دەگاتە پەیوەندییە ئابورییەکان… هەموو ئەوانە عیراقیان لە وڵات و دەوڵەتیكی لاکەوتە و مەیدانیک بۆ ململانیی ناوچەیی و سەنتیزیک بۆ کێبەرکێی قوتبە جیهانیەکان و جەمسەرە ناوچەییەکان، گۆڕیووە بە کاراکتەرێکی دیکە، کاراکتەرێک کە دەیەوێت وەکو هەرکام لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە پیگەی لە جغرافیایی ئەم ناوچەیەدا بۆ بەفەرمی بناسرێت. ئاراستەی زاڵ لە نێوەدا مامەڵەیەکی نوێییە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.

ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا، دەیانەوێت لەگەڵ ئەو کاراکتەرە تازەو هاوسێیە مێژوویەیان، پەیوەندیەکی نوێ بنیات بنێن، پەیوەندیەک کە بەغدا بە چەقی پەیوەندی و خاوەنی دەسەلاتی سەراسەری عێراق، تەماشا دەکەن و لەو نێوەشدا مامەڵەی سەرەکییان لەگەڵ عیراق دەبێت… دۆسیەی ئابوری و ئەمنی و ئاو و تورکمانەکان و پیگەی کورد لە ناوخۆی عیراقدا، دۆسیە سەرەکیەکانی ناو ئەو پەیوەندیە تازەیەن.

 بۆ تورکیا کە بەدەست چەندین گرفتی سەختی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و ناوخۆیییەوە دەناڵێنێت و خودی ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاک پارتیش رووی لە داکوژان و مالئاواییە، پیداویستی ئابدەیت کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەل عیراقدا، هەوڵێکی ناچاری و بە نەخشەیە. پرسی ئابوری بەتایبەت غازو نەوت، پرسی سنورەکان و کیشەی پەکەکە، پرسی سیاسی کورد لەناوخۆیی تورکیا، پیگەی کورد لە عیراقدا، تا دەگاتە جیگەو رێگەی تورکمانەکان لە عیراقدا… ئەو دۆسیانەن کە دەوڵەتی تورکیا و بەتایبەت ئاک پارتی دەیەوێت لە رێگایەوە باڵانسی خۆی پێ رابگریت و دەروازیەک بۆ گێرانەوەی هەژموونی خۆی لەناوخۆی تورکیادا پێ زامن بکاتەوە. تورکیا دەیەوێت گریبەستی ئابوری و بەدیاریکراوی گریبەستی نەوت و غاز لەگەل دەسەلاتی ناوەندی بکات، چ وەکو مەیدانیکی قازانج هینەری سەرمایەو چ وەکو رێگاو نەخشەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە پیگەی ناسیونالیزمی کورد لە کایەی ئابوری و نەوت و غازدا. هەروەها لەم ریگایەوە لاواز کردنی ناسیونالیزمی کورد لە عێرقدا بە مەبەستی لاوازکردنی ناسیونالیزمی کورد لە تورکیادا. جیا لەوانە پرسی ئاسایشی سنورەکان و گەیشتن بە ڕیکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بۆ سنوردارکردن و لیدان لە هێزەکانی پەکەکە، ئامانجیکی تری دەوڵەتی تورکیایە و دەیەوێت پاراستنی سنورەکان بە هیزەکانی عێراق بسپیردرێت. جیا لەوانە تورکیا دەیەوێت ڕیکەوتنەکانی پێشووی لەگەڵ عێراقدا کە ریگە دەدات بە سوپای تورکیا بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر، ئۆپەراسیۆن لەسنورەکان و خاکی عێراقدا بکات، نوێ بکاتەوە. تورکمانەکانی ناو عیراق و بە فەرمی ناسینییان و بەشداری پیکردنیان لەچوارچیوەی دەسەلاتی بۆرژوازی عیراقیدا، یەکێکی تر لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیایە…

تا ئەوەندەی بە سەردانی ئەردۆغان بە کوردستان دەگەرێتەوە، سەردانەکە دیداری سەرۆکی تورکیاو ئاک پارتییە، بۆ لای پارتی و زۆنی زەرد، و پەیوەندیەکی حزبییە. لە هەرێمدا دەوڵەت و حکومەتێک بوونی نییە، تا بەشیوەی فەرمی و بە عورفی نیودەوڵەتی پەیوەندیەکانی تیا بەڕێوەبچیت، تەنانەت هەماهەنگیەک لە نێوان هێزە سەرەکیەکانی ناو هەرێم و زۆنەکان بوونی نییە، تاوەکو سەردانی ئەردۆغان بەمانای سەردانی بۆ هەرێم لێک بدرێتەوە. جیا لەوانە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئەوەدا دراوسێیەکی عێراق و هەرێمە، بەڵام دراوسێیەکی دوژمن کارانەی هەرێم و خەڵکی کوردستانە بێ گوێدانە بە هیچ نەریت و عورفێکی پەیوەندیەکی ئاسایی دەیان بنکەو بارەگای سەربازی هەواڵگری لە قوڵایی کوردستاندا دامەزراندووە، رۆژانە هیرشی درۆنی و تیرۆریستی لەناو هەریمدا ئەنجام دەدات… نایشارنەوە کە خەونی زیندوکردنەوەی میساقی میللی و خەونی سوڵتانیزمیان، هەیە، کە ئەمەش هەرەشەیەکی ئاشکرایە لە بەشیکی زۆری سەر هەرێم و عێراق.

سەردانی ئەردۆغان بۆ لای پارتی و هەولێر… بە پلەی یەکەم زیندو راگرتنی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ پارتی بە مەبەستی هاوکاری کردنی تورکیا بۆ لێدان لە هێزەکانی پەکەکەو گوشار خستنە سەریان، دووەم، مەسەلەی تورکمانەکان و ناچارکردنی پارتییە بەوەی جیگەو رێگەی تورکمانەکان لە کەرکوک و لەژێر سایەی دەسەلاتی هەڕیمدا بە ویستی تورکیا بەرگری لێ کات، سێهەم لە پرۆسیسی بەتاڵانبرنی نەوتیشدا بە شیوەی قاچاغ و نایاسایی بەردەمیان هەبێت و چوارەمیش پارتی لە هەرێمدا وەکو هاوپەیمانی خۆیان بهێڵنەوە… پارتیش بە شیوازە لە پیشوازی کە بۆ ئەردۆغان سازیدابوو، نیشانیدا کە پەیوەندیەکە پەیوەندیەکی ناهاوسەنگ و خزمەتکارانەیە، نەک پەیوەندییەکی ئاسایی. پیشوازییەکە زۆرتر وەکو پێشوازی سەرباز و نۆکەر لە فەرماندەو سوڵتان، ئامادەکاری بۆ کرابوو. ئەوە لەکاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان بەشیوەی گشتی دەوڵەتی تورکیا بە دوژمنی خۆیان و خەونەکانیان دەزانن. ئەوەش ئەو راستییە نیشان دەدات، کە پارتی بەو ئەندازەیەی مل کەچ و هاوکاری تورکیایە، بەو ئەندازەیەش رووبەرووی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە. دیارە ئەوە بۆ پەیوەندی ئیران و دەسەڵاتی زۆنی سەوزیش هەمان راستییە، یەکێتی بەهەر ئەندازەی کە مل کەچ و هاوکاری دەولەتی ئیرانە، بە هەمان ئەندازەش رووبەرووی خەڵکی کوردستانە.

دیارە سەردانی ئەردۆغان بۆ لای پارتی و بەرپرسەکانی، پەیامێکی گوشار ئامێزە بۆ یەکێتی و کە لەململانێی خۆیدا لە بەرامبەر بە ئیراندا کەڵکی لێوەر دەگرێت.

بە کورتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و کوردستان بە ئامانج جیاوازن، ئەگەر سەردانەکە بۆ عێراق مۆرک و عورفی پەیوەندیەکانی پێوەیە و مامەڵەیە لەگەڵ دەوڵەتێکی فەرمی ناوچەکە کە لەحاڵی بە‌هێزبوونەوەدا دایە لەهەلومەرجێکی تازەدا، ئەوا سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێر مۆرکی پەیوەندیەکی حزبی و نافەرمی پێوەیە و هیشتا پیویستیەکی حزبی لە پشتیەوەیەتی و ئامانجیش خزمەت بە دەوڵەتی تورکیاو ئامانجەکانیەتی.

عەبدوڵا مەحمود  

Leave A Reply

Your email address will not be published.