بزووتنەوەی پشتگیری لە فەلەستین و زانکۆکانی ئەمریکا…توانا حەمە نوری

0

بزووتنەوەیەکی رادیکاڵ بۆ پشتیوانی خەڵکی فەلەستین لە سەرانسەری زانکۆکانی ئەمریکا دەستیپێکردووە. دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆی کۆڵۆمبیا بینایەکی زانکۆکەیان داگیرکرد، ناڕەزایەتی لە زیاتر لە ٤٠ زانکۆی تر بڵاوبۆیەوە.
سەرەڕای ئەوەی پۆلیس هەوڵیدا بچێتە ناو کەمپەکە و ناڕەزایەتییەکە بشکێنێت، داگیرکاری ناو زانکۆی کۆڵۆمبیا دوای دە ڕۆژ هێشتا بەپتەوی ماوەتەوە.

 ناڕەزایەتی خوێندکاران، ئیدارەی زانکۆکانی ناچار کردووە بچنە ناو دانوستان لەگەڵ خوێندکاران، بۆ ئەوەی زانکۆکە دەستبەرداری هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە پارە و پشتیوانی دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل دەکەن ببێت.
بزووتنەوەکە بە خێرایی بەرق پەرەی سەندووە. ڕۆژ دوای ڕۆژ خوێندکاری زیاتر دەچنە ناو بزوتنەوەکە.
لە نیویۆرک، سەرەتای ئەم هەفتەیە سەدان خوێندکاری ناڕازی لە گۆڵدا پڵازای زانکۆی نیویۆرک گردبوونەوە. ئەوان فەرمانی سەرۆک زانکۆکانیان پشتگوێ خست کە دەیانگوت ئەگەر بمێننەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. لەکاتێکدا پۆلیس هەوڵی دەدا لە گۆڵد پلازا دووریان بخەنەوە، خوێندکاران بە وتنەوەی دروشمی جیاواز لە شوێنی خۆیان مانەوە.
لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای فاشۆن
(FIT) لە نیویۆرک، خوێندکاران ڕۆژی پێنجشەممە تووڕە بوون لەوەی سەرۆکی زانکۆکە هەوڵی قەدەغەکردنی گردبوونەوەی گروپەکەیانی داوە لە ناو زانکۆ. خوێندکارانی FIT بۆ دادپەروەری لە فەلەستین (SJP) ڕایانگەیاندووە، سەنتەری گودمان بەجێناهێڵن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، کە ناویان ناوە مۆزەخانەی گەل.
ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا، بەڕێوەبەرایەتی زانکۆی ناچارکرد مەراسیمێکی زانکۆکە هەڵبوەشێننەوە، لە ترسی ئەوەی خۆپیشاندەران ڕێوڕەسمەکە تێک بدەن.
ڕۆژی چوارشەممە، خوێندکارانی زانکۆی براون لە ڕۆد ئایلەند ڕایانگەیاند کە چادرەکانیان ناگوازنەوە سەرەڕای ئەوەی سەرۆک زانکۆکان دەڵێن سیاسەتی زانکۆکە پێشێل دەکەن.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی دەستەی خوێندکاران وتی، “ئەوەی ئێمە دەیکەین مەترسییەکی زۆر کەمی هەیە بە بەراورد بەو شتانەی کە خەڵکی غەززە پێیدا تێدەپەڕن. ئەمە کەمترین کارە کە دەتوانین بیکەین.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هەوڵێکی جیددی دەدەن بۆ وەستاندنی ناڕەزایەتییەکە. خۆپیشاندەران و خوێندکاران قەناس بەدەستەکانیان بینی و وێنەیان گرت لەسەربانی بیناکان کە ئاماژەیان بە قەرەباڵغی زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ و زانکۆی ئیندیانا بلومینگتۆن دەکرد.
ڕۆژی چوارشەممە هێزێکی سەربازی بە سواری ئەسپ هێرشیان کردە سەر خوێندکاران لە زانکۆی تەکساس. پۆلیس بە جلوبەرگی سەربازییەوە ڕێپێوانیان کرد بۆ سەر کەمپی زانکۆکە بۆ ئەوەی هەوڵی ترساندنی خوێندکاران بدەن.
بەگشتی ٣٤ خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و نزیکەی ١٠٠ خۆپیشاندەر زیندانیکراون. پۆلیس فیشەکی لاستیکییان ئاراستەی خۆپیشاندەرانی زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا بەکارهێناوە و بەپێی زانیارییەکان خوێندکارێک بریندارە.
خوێندکاران بە تەنیا ڕووبەڕووی سەرکوت نابنەوە؛ کرێکاران لە تەنیشت ئەو خوێندکارانە وەستاون کە وانەیان پێ دەڵێنەوە. سەدان کرێکاری زانکۆی کۆڵۆمبیا لەم هەفتەیەدا وەک هاوسۆزی لەگەڵ خوێندکارەکانیان چوونە دەرەوە.
کۆمەڵێک کرێکاری زانکۆی تەکساس بەیاننامەیەکیان نووسیوە و ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە نارەزایەتی دەکەن لە کاتێکدا پۆلیس زانکۆکەیان داگیر دەکەن.
خوێندکاران لە سەرانسەری جیهاندا ئیلهامیان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا وەرگرتووە. لە کەمپەکانی زانکۆکانی بەریتانیا، فەرەنسا، تورکیا، ئیتاڵیا و ئوسترالیا ناڕەزایەتی هاوشێوەی تیا ڕوویداوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.