سەربوردەی وەهم… شەماڵ بارەوانی

0

ئازیزەکەم،

ئێمە نەسەبمان دەچێتەوە سەر دیباجەی هەرزەگومانێک و

لە منداڵدانی دەهریبوونەوە هاتووین

ئێمە لە نەوەی تیۆرەگوناحێکی سەرسەرین و

تا بینەقاقامان نغرۆی پارادۆکس بووین

وەرە با لە پەراوێزی حەکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە

چیرۆک بدەینە دەم چیرۆکەوە،

 بەڵکو مەرگی شەهرەزادێکی تر دوا بخەین و

تووڕەیی نێرە شازادەیەک هێوربکەینەوە

لەشێوەی سیزیف گیرمان خواردووە لە نێوان سێوەکەی خوداوەند و تاتەبەردێکی مەزهەب

بەمیان لە بەهەشت دەرکراین و

بەویان دەماننێرنەوە هەمان شوێن!

دەبێ چەند میقاتی تری بوێت تا بۆ خودای بسەلمێنین کە ئێمە پاکیزەین

ئێستاش هەر دەڵێم چی دەبوو گەر خودا لە بری پەراسووی پیاو،

لە میهرەبانی خۆی دروستی کردباین؟

دەی با بگەڕێینەوە

بۆ دەرەوەی فەهرەستی مێژوو و

دامێنی یەکەم نوتفەی زەمەن

بڕۆینەوە سەر سنوورەکانی مەنفا و

لە ئاستانەی خورافەدا خۆمان فەنا فەنابکەین

بڕۆینەوە بۆ تخووبەکانی دۆزەخ و

دووباره بە سێوێکی تری نەفرەتی خوداوەند تاقی بکەینەوە

 ئێرە چیتر بۆ ئێمە دەست نادات

پڕبووە لە چەمکی گوناه و

لە سەربوردەی وەهم

ڕێگاکان هەموویان دەڕۆنەوە ماڵی سمێڵ

 

**************

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.