پرسی رۆژ: بەردەوامی دیاردەی ژنکوشتن لەهەرێمی کوردستان بەڕێز نیاز ساڵح فەتاح دەروونناس وچالاکوانی لەپرسی ژنان، وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە…

0

لەم مانگەدا جارێکی دیکە پایتەختی کوردستان بەئاشکرا وبەشانازیکردن لەشەرەف ونامووسی خێزان، نێرینەکانی ماڵی فەریرۆز ژیان لەفەریرۆز دەسەننەوە.

بەڕێز نیاز ساڵح فەتاح دەروونناس وچلاکوانی لەپرسی ژنان ئەم پرسەی بۆتاوتوێکردین.

پرسی رۆژ: بەردەوامی دیاردەی مێینە کوشتن یان ژن کوشتن لەکوردستان بۆچی دەگێڕنەوە؟

نیاز ساڵح: من پێم وایە ژن هێندە جوان و گەورەو پیرۆزە کە نەمانی دەبێتە کەلێنێکی زۆر گەورە بۆ ژیان. هەر ئەم بیروڕایەی من پێموایە دەمانگەیەنێت بەو ڕاستیەی ژن کوشتن بۆتە دیاردەیەکی هێندە قێزەون کە هەندێک لە نێرەکانی کۆمەڵگە ناتوانن ئەو جوانییە ببینن یان کوێردەبن وکۆتایی بەژیانی مرۆڤێک دەهێنن. پێموایە زۆربوونی ژن کوشتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیدە پیاو سالاریەی کە باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە کە هەمیشە ئەو نێرانەی کارێکی وا ئەنجام ئەدەن پێیانوایە هەمیشە خۆیان لەپێشترن وئەوانن خاوەنی خاوەندارێتی ژن و خۆیان بە ئاقڵترو کامڵتر لە ژنێک دەبینن، جا ئەو ژنە دایکیان یان خوشکیان یان خێزانیان یان کچیان بێت. بەشێکی تر لە هۆکارەکان پێموایە ئەو ناهۆشیاریەی تاکە کە هەیەتی، وهەروەها پەروەردەی خێزان بەپلەی یەک دەبینم. کاتێک تاکێک لەناو خێزانێکی ناهۆشیارو پیاو سالاری و کێشەو شەرو ڕێز لەیەک نەگرتندا گەورە دەبێت، بێگومان تاکێکی شەرانگێزو ناخ ناشرین بەرهەم دێت. هۆکارێکی تر بیری توندڕەوی دژ بە ژنە؛ کە لە ئێستادا زۆر زیادی کردووە، کۆمەڵە کەسانێک کە خۆیان بەنوێنەری خەڵک و راست دەزانن و وتەو وتار بۆ خەڵک دەدەن، ژەهری ڕق و بیری توندڕەوی لەناو کۆمەڵگەو بیری نێرەکانی تری کۆمەڵگەدا دەچێنن، و خەڵکانێکیش بە ڕاست و دروستی دەزانن و دەبنە پەیڕەوکەری ئە بیرە توندڕەوییە. هۆکارێکی تر؛ سیستەمی حوکمڕانی وڵات وحیزبایەتی دەورێکی باڵای هەیە کە هێندەی پرسی دیکەی بەلاوە گرنگە، هێندە پرسی ژنی بۆ گرنگ نییە. وەک دەبینین چەندان بکوژی ژن بەئازادانە دەسوڕێنەوەو ژیان دەکەن ودەسەڵات بێباکە وگوێی لێ نییە. بەشێکی تر لە هۆکارەکان پێم وایە میدیا و سۆشیاڵ میدیایە، لە ئێستادا هۆکاری سەرەکی و دەستی باڵای هەیە لە زیادبوونی دیاردەی ژن کوشتن. کە بێ فلتەرکردنی میدیا هەواڵەکانی تایبەت بە کوشتنی ژنان بڵاودەکرێتەوە، وبەبێ بوونی هیچ زانیاریەکی دروست، یەکسەر بە وتنی (پێ ئەچێ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێ) بۆیە کوژراوە! هەواڵەکەیان بڵاودەکەنەوە بێ گوێدانە بەها کۆمەڵایەیەکان، و بێ گوێدانە ئەوەی مرۆڤێک ژیانی لێسەندراوەتەوە. هەروەها شێوەی بەکارهێنانی سوشیاڵ میدیا کە پلەی باڵای هەیە بۆ بوونی تاوانی ژن کوشتن. دەبینین ڕۆژانە چەندان کۆمێنت و قسەی نەشیاو دەخرێتە پاڵ ژن و زۆر ئاسان زانیاری ناڕاست و نادروست لەسەر ژنێک بڵاودەبێتەوە،و دەبێتە هۆکاری کوشتنی ژنەکە، یان کاتێکیش ژنێک دەکوژرێت زۆر بێڕەحمانە قسە لەسەر ژنەکە دەکرێت و رەوایەتی دەدەنە پاڵ کوشتنەکە، و دەستخۆشی لە بکوژ دەکرێت. زۆرجاریش بۆ ڕزگاربوونی بکوژەکە بەبیانووی ئەوەی باری دەروونی ساخ نییە وهەندێ ڕێگای تر، بەوجۆرە هەق ومافی کردنی کارەکە دەدەن بە نێرەکە. دواتریش نێرەکە زۆر بێباکانە دەڵێت پەشیمانم لەکوشتنەکە، قسەی خەڵک وایکرد ئەو کارە بکەم…تاد. بەم قسەیە قورسی تاوانەکە لەسەر خۆی سوک دەکات. لەهەمان کاتدا دەیەوێت ڕەوایەتی بەوە بدرێت کەنەزانانە کارەکەی کردووەو پێی کراوە! لەکاتێکدا هەرتاکێکی کامڵ دەزانێت هەڵەو ڕاست چییەو کارەکە نامرۆڤانەیە تا سەر ئێسقان هەڵەیە. ئەمانەو چەندان هۆکاری تر هەن لە کۆمەڵگەدا وادەکەن جوانیەکانی ژیان لەناو بەرن…لەهەمان کاتدا بەشێکی زۆر لە پیاو لەکۆمەڵگەدا هەن پشتیوانی تەواوی ژنن وهەوڵی تەواو دەدەن لەبەرەوپێشبردنی پرسی ژن و پشتیوانیان لێدەکەن، کەجێگەی دەست خۆشییە.

 پرسی رۆژ:  چۆن دەکرێت بەربەو دیاردەیە بگیرێت؟ هەوڵەکانی تائێستا چی بووە بۆپرسی ژن کوشتن؟

نیاز ساڵح: پێویست دەکات لە خێزان پەروەردەی دروست رەچاو بکرێت، تاک هەوڵی خۆهۆشیاری خۆی بدات، هەروەها حکومەت لەرێگەی سەپاندنی یاساوە، بکوژان لە رێگەی دادگاوە بەسزای خۆیان بگەیەنێت. لەهەمان کاتدا حکومەت چاودێربێت بەسەر کەناڵەکان وپەیجەکانەوەو کەناڵەکان فلتەری هەواڵەکان وبەرنامەکانیان بکەن. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ڕێکخراوەکان بەردەوامبن لە فشار خستنە سەر دەسەڵات.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.