بریا کێشەکە تەنها پۆشینی قەڵا بووایە بە ئاڵای تورکیا…بنار مستەفا

0

سۆسیال میدیا تەنییەوە بە تانە و تووڕەیی، کاتێک بە بۆنەی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرکۆماری تورکیا قەڵای هەولێر بە ئاڵای ئەو وڵاتە پۆشرا. “نۆکەری”، “خۆ بە کەم زانین” و “لە خزمەتی دوژمنان” لە سەرنجە سەرەکییەکانی دەربڕینەکان بوون.

ئەو کارەی دەسەڵاتدارانی هەولێر کردیان، بۆ من چاوەڕواننەکراو و جێێ سەرسوڕمان نەبوو. ئەو کاردانەوەیەی بەرانبەری ئەنجامدرا، بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ من زیاتر جێگەی تێڕامان بوو. وەک بڵێی ئەجندا و کارنامەی دەسەڵاتدارانی کوردستان هێشتا بۆ زۆرێک ئاشنا نییە و بەم کارە تازە خەریکە ئاشکرا دەبێت.

دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و بە تایبەتیش پاش گەشتنیان بە دەسەڵات، هەمیشە بەرنامە و ستراتیجی سیاسی خۆیان بە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانەوە گرێدابوو. لە پەیڕەوکردنی ئەم ستراتیجەیان درێغیان نەکردووە، کە بە کردووە مانای بە ئەنجامگەیاندنی سیاسەت و ئامانجی ئەو وڵاتانە بوون، کە سیاسەتی خۆیانیان پێوە گرێداوە. ئەوەی دەگوترێت “هەمیشە لە خزمەتی تورکیا و ئێران و ئەمریکا بوون” لە ڕاستای ئەم سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە هەڵبژاردنی ئەم سیاسەتەیان، هیچ بەربەستێک و سنوورێکیان نەبووە. پێویست ناکات زۆر بگەڕێینەوە بۆ مێژووەیەکی دوور، وەک ئەنجامدانی جەنگ لە بەرانبەر پەکەکە لەسەر داوای تورکیا و ڕێگەخۆشکردن بۆ هێرش بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە نەوەدەکان و هتد. هەر لە چەند ساڵی ڕابردوو، چەندین هەڵسوڕاوی سیاسیی هەڵهاتووی کوردستانی ئێران و تورکیا لە کوردستان تیرۆرکراون. یادی کەسێکی وەک قاسمی سولەیمانی کراوەتەوە، لە کوردستان ڕێگریکراوە لە ناڕەزایەتی دەربڕێن بەرانبەر بەم وڵاتانە. تەنانەت لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەسەڵاتدارانی سلێمانی ڕێگەیان بە کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە خرۆشانی جەماوەری ئێران نەدا.

خزمەتکردنی وڵاتان و هێرش بۆ سەر دانیشتوانان لە پێناو هەمان ئامانجدا، نەک نوێ نییە، مێژووەکەی هێندەی مێژووی دامەزراندنی ئەم لایەنانەیە. بێ ئەم نۆکەرایەتییە دەسەڵاتدارانی کوردستان بەجیا لەوەی لە سیاسەت و ستراتیج خاڵین، هاوکات توانای درێژەدانی دەسەڵاتیان نابێت و بەرگەی ناڕەزایەتی خەڵکی ناگرن.

بڕیا کاری نابەجێ و چاوەڕوان نەکراویان تەنها لە شێوەی پۆشینی قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا بووایە. بەڵام لە مێژووی کارنامەیان، ئەم شێوە کارە سادە و ساکارە. لە پێناو گەشتن بە ئامانجەکانیان و ڕازیکردنی وڵاتان، دەسەڵاتدارانی کوردستان  چەندین تاوانیان بەرانبەر دانێشتوانانی خۆیان ئەنجامداوە و سەرکوتیان کردووە، بۆچێ ئاڵای تورکیا نەخەنە سەر دیواری قەڵا؟

کاردانەوەکان و دەربڕێنەکان بە جۆرێک دەکرێت ئەو مانایەی هەبێت، کە هێشتا چاوەڕوانییەک و خۆشباوەڕییەک بە دەسەڵاتدارانی ئێستا کوردستان هەبێت. پێویستە ئەوە ڕوون بێت، لە کوردستان دەسەڵات و خەڵکی بۆشاییەکی فراوان لە نێوانیاندایە و هیچی هاوبەشیان نییە. دەسەڵات نوێنەرایەتی خەڵکی ناکات و جەماوەری ناڕازیش کار بۆ کۆتاییهێنانی ئەم دەسەڵاتە دەکات. هەر جۆرە چاوەڕوانی و خۆشباوەڕییەک بە دەسەڵات، گەشتن بە ئامانجی جەماوەری ئەم ئامانجە دوادەخات.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.