ئەوجارە بێمەوە/ شەماڵ بارەوانی
ئەوجارە بێمەوە
پاشماوەی حەکایەتی خۆشەویستیمان تەواو دەکەین و
پارچەشکاوەکانی دڵمان کۆدەکەینەوە
شەقامی بێزاریمان پڕ دەکەین لە تەوژمە ئۆرگازمی پیاسە و
ستران بۆ پەیکەری عیشق دەڵێینەوە
ئەوجارە بێمەوە
تەشی ئاوێتەبوون دەڕێسین و
کەزی خەمەکانمان دەهۆنینەوە
گرێی بەختمان دەکەینەوە و
قاوەی بەختەوەری دەگرینەوە
ئەوجارە بێمەوە
تەندووری تامەزرۆییمان پڕدەکەین لە کۆلێرەی مەراق و
درەختی فیراق دەبڕینەوە
تەرمی شەوە غەمگینیەکانمان بە تابووتی ماڵئاوایی دەسپێرین و
بە کزەبای پێکەنین ئاسەواری ئەسرینەکانمان دەسڕینەوە
ئەوجارە بێمەوە
چاویلکەی چاوەڕوانی فڕێدەدەم و
سەبەتەیەک ماچت بودێنم
پێڵاوی سەفەر دادەکەنم و
کراسی غوربەت دەدڕێنم
ئەوجارە بێمەوە
قاچی دابڕان دەبڕمەوە و
دەبم بەلاولاوە و خۆم لە باڵای خەونەکانت دەئاڵێنم
دەتکەم بە ناونیشانی هۆنراوەکانم و
لە ئامێزی دێڕەکانم دەتڕوێنم