ناڕەزایەتی خوێندکارانی ئەمریکا و خاڵی وەرچەرخاندن!

0

هەندێک جار وێنەیەک دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژوودا.  وێنەی ماری ئان ڤیکیۆ کە لەسەر تەرمی جێفری میلەر چۆکی داوە، یەکێکە لەو وێنانە. جێفری میلەر لە ٤ی ئایاری ١٩٧٠ لەلایەن پاسەوانانی نیشتمانی ئۆهایۆ لە زانکۆی ویلایەتی کێنت تەقەی لێکراو کوژرا.

لەو ڕۆژەدا، ٥٤ ساڵ لەمەوپێش، پاسەوانانی نیشتمانی چوار خوێندکاریان کوشت کە دژی درێژکردنەوەی شەڕی ئەمریکا لە ڤێتنام بۆ ناو کەمبۆدیا گردبوونەوەیان کردبوو.

دوو هەفتە دوای ئەو کوشتنە، پۆلیس دوو خوێندکاری زانکۆی ویلایەتی جاکسۆنی کوشت کە زانکۆیەکی خەڵکی ڕەشپێست بوو.

توڕەیی و بێزاری خەڵک دژی کوشتنی ئەو خوێندکارانە لە سەرانسەری ئەمریکا بڵاوبووەوە.  زۆری نەخایاند ملیۆنان خوێندکار مانیان گرت و لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

کارەساتێکی بێ وێنە بوو بۆ چینی دەسەڵاتدار و بۆ ڕیچارد نیکسۆن کە دواجار نەیتوانی بەرگەی فشارەکانی بزووتنەوەی دژە جەنگ بگرێت و لە کۆتاییدا ناچار بوو دەستبەرداری پلانەکانی بێت بۆ فراوانکردنی شەڕی چینی دەسەڵاتدار لە ڤێتنام.

ئەو خوێندکارانەی ئێستا خەبات بۆ فەلەستین دەکەن و شەڕ لەگەڵ پۆلیس دەکەن، بە هەمان ڕۆحی بزووتنەوەی دژە شەڕ لە ساڵانی شەست و حەفتاکان وەستاون. بەرخۆدانیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاشەکشەپێکردنی چینی دەسەڵاتدار.

بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ فەلەستین کە لە کەمپی زانکۆکانەوە دەڕژێتە سەر شەقامەکان و بۆ ناو شوێنەکانی کار، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا نەتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکانی بۆ کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە.

لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی.

 

توانا محەمد نوری

٣٠/٤/٢٠٢٤

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.