تەنها گۆڕینی سیستەم دەتوانێت زەوی ڕزگار بکات!

0

بۆ ڕزگارکردنی زەوی پێویستە سەرمایەداری بڕوخێنین. چونکە ئەوە سەرمایەداریە خەریکە زەوی دەکوژێت. لە شوێنی ئەو سیستمێکی جیاوازمان پێویستە – سیستمێک کە پێویستی مرۆڤ بخاتە سەرووی کێبڕکێ و قازانج و تەماحەوە.
هەر بۆیە گۆڕینی سیستم نەک گۆڕینی کەشوهەوا داواکارییەکی چارەنووسسازە بۆ جیهان. لە ژێر سیستمی سۆشیالیستیدا دەتوانین بڕیار بدەین کە چیمان پێویستە و چۆنی بەرهەم بهێنین وە چۆنیش سەرچاوەکانمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژینگەدا ڕێکبخەین.
سیستمی نوێش ڕزگارمان دەکات لەو بەفیڕۆدان و کێبڕکێیەی کە لە هەموو ئاستێکی سیستمی ئێستادا هەیە. بەڵام لابردنی سیستمی ئێستا و گۆڕینی بە سیستمێکی جیاواز کارێکی ئاسان نییە. گۆڕینی سیستم پێویستی بە ڕێکخستن و هەوڵێکی کۆمەڵایەتی بەکۆمەڵ هەیە لە خوارەوە – شۆڕش. وەک کارل مارکس دەڵێت، تەنیا لە شۆڕشێکدا چینی کرێکار “خۆی لە هەموو گڵ و پۆپی سەردەمەکان” ڕزگار دەکات و دەبێتە “شایستە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگە سەرلەنوێ”.
سەرنجی چینی دەسەڵاتدار هەمیشە لەسەر قازانجە و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە. بۆیە تەنها چاکسازی لەو سیستمەی تێیدا دەژین کافی نییە بۆ هێنانە کایەی سیستمێک کە نەک بۆ قازانج بەڵکو بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی مرۆڤ ڕێکبخرێ.
ئارگومێنتێکی تریش دەڵێ لەبەر ئەوەی چینی دەسەڵاتداریش لەسەر زەوی دەژی بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندییەکی تایبەتی هەیە لە وەستاندنی کوشتنی زەوی. بەڵام سەرمایەداری سیستمێکی ئاژاوەگێڕ و دژبەیەکە. نەبوونی پلاندانانی ناوەندێتی مانای ئەوەیە سەرمایەداران تەبا نین و پێکەوە کۆنابنەوە – دەوڵەتەکان و سەرمایەداران هەموویان لە کێبڕکێدان لەگەڵ یەکتردا.
وەک مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا نووسیویەتی، شۆڕشێک “تێکەڵبوونی کشتوکاڵ لەگەڵ پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان؛ هەڵوەشاندنەوەی وردە وردە هەموو جیاکارییەکانی نێوان شار و وڵات بە دابەشکردنی یەکسانتری دانیشتووان بەسەر وڵاتدا”. ئەمەش بەو مانایەیە کە گۆڕینی سیستم تاکە چارەسەرە بۆ چاککردن و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە کە ئەوەندە بەهۆی سەرمایەدارییەوە تێکچووە و خراپ بووە.
بە شێوەیەکی واقیعی ڕووخاندنی سەرمایەداری بە تەنیا لە شەوێکدا کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست ناکات. کۆمەڵگەی نوێ دوای شۆڕشێکی سەرکەوتوو، چەندین لایەنی سیستمی کۆن بە میرات بۆ دەمێنێتەوە و ناچارە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دژە شۆڕشەکان ببێتەوە. وە هیچ نەخشەیەک ئامادەکراو بۆ جیهانێکی نوێی سۆشیالیستی نییە و ئەو فۆرمەی کە دەیگرێتەبەر تەنها بۆ ئەو کەسانە دەزانرێت کە دروستی دەکەن.

پێویستە کارێکی زۆر بکرێت بۆ دیزاینکردنەوەی شارەکانمان، تۆڕەکانی گواستنەوە، پیشەسازییەکان، بەرهەمهێنانی خۆراک و سیستەمی دابەشکردن. پێویستە خەبات بکەین بۆ جیهانێکی تەواو جیاواز. ئەو جیهانە مومکینە – و زیاتر پەلەیە لە کاتێکدا سەرمایەداری بەردەوامە لە بردنمان بەرەو ئاژاوە و بەربەرییەت.

 

لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی

توانا محەمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.