لە٢٦ هەمین ساڵیادی تیرۆری شاپور و قابیلدا… سەرشۆری و مەرگ بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی لە کوردستان…

0

٢٦ ساڵ پێش ئێستا، ئێوە بەدەستی چەپەڵی باندیكی ئینسانکوژی ئیسلامی، تیرۆر کران. ئێوە بەدەستی قمێک تیرۆرکران، کە ژینگەی تیرۆرەکە لەلایەن دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەتیش لەلایەن پارتیەوە، پاراو کرابوو… ئێوە ٢٦ ساڵە لێرە نین. ٢٦ ساڵە…. ئێوە لەناو ئاپۆرەی جەماوەرییدا نابینرێن. ئێوە لەگەڵ بێ خانەولانەکان، دەرناکەون. لە ناو ئاوارەکان و ژیانی ئاوارەییدا، لەپاڵ نارەزایەتی بەرینی سەدان هەزار ئاوارەدا، ئێوە نین. ئاکسیۆنە ئایارییەکان دین و دەرۆن، ئێوە رێکخەرو رێنوێنی ناکەن، وتار بێژانی ئایارەکان و رابەرانی کرێکاریی، لە توانای ئێوە بێبەشن. وتە و پەیامەکانتان، ئێوە پێشکەشی ناکەن. ئێوە لەهوڵی میدیاکانی کوردستاندا لەریزی پێشەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستانی ئیسلامی، ناخەنە لەرزە و پیلانە چەپەڵەکانیان، لەقاو نادەن. ئێوە لە هەولێر و دیانە، بازیان و راپەرین، سلیمانی و.. لە کۆبونەوەی رابەرانی کرێکاریی و جەماوەریدا، بەشداری ناکەن. هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و جەنگی دەسەڵاتی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، هەمیشە کابوسێکی ئامادەیەو ئێوە لێرە نین تا لەرێزی پێشەوەی نەفرەتخوازانی شەر بڵێن نا. ئێوە لە ناو خیڵی فراوانی هەژاران و بێکاراندا، نەخشە داریژەر نین. ئێوە لە نەفرەتی جەماوەری دژی بێ موچەیی و پاشەکەوتی موچەدا، دەنگتان نایەت. ئێوە لە کۆبونەوە حزبیەکان و یادی پیکهاتنی ئەم حزبەدا، مینبەر بەدەست نین. ئێوە لە راسانی ١٧ شوباتەکاندا، ئامادەنین. ئێوەو نموونەکانی وەکو ئێوە، ترسی سەر پارێزگاری هەولێرو دیانەو… نین. هەموو ئەمانە ئەو بۆشاییەیە کە ئێوە بە رۆشتنتان، لەدوای خۆتان جێتان هێشتووە. ئەگەر کەسانێک دەپرسن کوان کۆمۆنیستەکان؟ زوربەیان بەداوی شەهامەتی لێبراوانەی شاپورو قابیلەکاندا وێڵن. حزب و بزوتنەوەو کۆمۆنیزمی بێ شاپورو قابیلەکان، لاوازیەکی حاشاهەڵنەگری دوای ئەوانە. کام لەو بزوتنەوانە لە بزوتنەوەی دژی بێکارییەوە بۆ نارەزایەتی بەدژی بێخانەو لانەییدا، تا دەگاتە ئوردی ئاوارەیی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، دەتوانن راستی نەبوونی ئەوان نادیدە بگرن. لە نەفرەتی دژی شەری چەکداری دەسەڵاتەوە، بۆ بزوتنەوەی دژی کۆنەپەرستی و ئیسلامی سیاسی، تا دەگاتە بزوتنەوە پێشکەوتنخوازیەکانی کۆمەڵگاو بزوتنەوەی دژی دەسەڵاتی تاڵانچی ومافیایی میلیشیایی بۆرژوازی کورد… هەموویان جێگای خاڵی و رۆڵی رابەری ئەوانی تیایدا. ونە. رۆشتنی ناوادەی ئیوە بەدەستێکی چەپەڵی ئیسلامی و مەلایانی فوتێکراوی کرێگرتەی دەسەڵات، ئازارێکە و کۆتایی نایەت، بەڵام هێشتا هیواو خولیای هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو کرێکاران و ژنان و لاوان و ئینسان دۆستی و ژیان دۆستی، هیواو خولیایەکە کە شاپور و قابیل بۆی تێکۆشان و لەو رێگایەشدا، گیانیان بەخشی. تا ئەوکاتەش دنیای نابەرابەرو زاڵمانەی سەرمایەداری، بوونی هەبێت، ئەو تیکۆشان و خولیاو ئارەزووە ئینسانیەی شاپورو قابیل بۆ دنیای ئازادی و بەرابەری وخۆشبەختی بە زیندووی دەمێنێتەوە. بەرزو بەڕێزە یادی خەباتکارانەتان…

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.