نووسەر و ڕۆشنبیرانی پیاو…

0

ئەو کەسانە نین مووی سەر و ڕیشیان شۆڕ کردۆتەوە، تەوقەیان داوە لە قژیان و وادەزانن هەرچی ژن هەیە خەو بە باوەشیانەوە دەبینێ، ئەوانە نین کە ملپێچی سوور له مل دەکەن و بە پاڵتۆیەکی ڕەشی درێژەوە فوو دەکەنە ئەندێشەیان و بەدەم کێشانی جگەرەی ئەستوورەوە خێسە لە خەڵکی دەکەن، ئەوانە نین لە چایخانە و قاوەخانەکان بەدیار لاپتۆپێکی پڕ لە فیلمی ڕووتەوە دانیشتوون و قاوەی تورکی دەخۆنەوە، گوایا خەریکی نووسین یاخود خوێندنەوەن، وەک ئەوەی… ئەوەی بەوان کراوە و ئەکرێ بە کەسانی تر ناکرێ و نەکراوە..

ئەوانە، چونکە خۆیان بە هەڵقوڵاوی خاک و خۆڵی نیشتمان نازانن، هیچ جۆرە هەڵوێستێکیشیان نییە لە هەمبەر بیڕێزی کردن و نادادیەکانی ئەم دەسەڵاتە ئازاربەخشەی هەرێم، دەستیان بە گونی خۆیانەوه گرتوە ناوێرن دەنگ هەڵبڕن، چونکە بەراورد بە جیهانی خەڵکە سادەکە، خۆیان لە جیهانێکی گەورەتر و فراوانتردا دەبینن..

ئەوڕۆکە، یەک دنیا نووسەر و هونەرمەند و شاعیر و ڕۆشنبیری دابەستەمان هەیە، کەچی لە ئاستی ئەم هەموو ڕووداوە مەترسیدار و دڵپسێن و جەرگبڕەی باشور کاردانەوەیان نییە و متەقیان لێوەنایە، ئەوانەش کە قسەیان هەیە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕێنن..

هاوزەمان، بەشێکی زۆر لە خوێندەوار و خوێنەرانیش دابەش بوون بەسەریاندا، تەنیا باوەڕیان بە نووسینی یەک نووسەرە، بەشێکی تریش بەسەر ڕۆشنبیرانی کارگێڕ ناوچە و نووسەرانی ئەندام کۆمیتەی حیزبەکاندا، داخی گرانیشم کە خوێنەرانی ڕاستەقینه ژمارەیان زۆر کەمە.

ئارام حەسەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.