پرسی رۆژ: هەڵبژاردنەکان و بڕیاری بایکۆتی پارتی بەڕێز (نوری بەشیری) ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەڵامی پرسی رۆژی ئەم ژمارەیەی داوەتەوە…

0

دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان، ودیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە ١٠/٦/٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە. هەندێک گۆڕانکاری لە پرۆسە و یاساکانی هەڵبژاردن لەوبڕیارەی دادگای فیدڕاڵیدا ئەنجامدرا. هەندێک لەو بڕیارانە لەبەرژەوەندی هەندێک لایەن و حزبی سیاسیبوو، وبەپێچەوانەش دژ بەبەرژەوەندی هەندێک حزب و لایەنی سیاسی دیکەبوو، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستان. هەربۆیە لەبەیاننامەیەکی م. سیاسی حزبی ناوبراودا ئاماژە کراوە بەجۆرێک لەبەشدارینەکردن لەوهەڵبژاردنەدا ئەگەر بێتوو بەمشێوەیەی ئێستا بەڕێوەبچێت. بەپێی بۆچوونەکانی ئەو حزبە؛ ئەو گۆڕانکاریانە دەستوری نین.

پرسی رۆژ: ئایا ئێوە چۆن دەڕاوننە هەڵومەرجی هەڵبژاردنی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان؟

نوری بەشیری: پرسیارەکەتان دەکرێت لە دووڕووەوە خوێندنەوە، و لێکدانەوەی بۆ بکرێت:

 یەکەم: هەڵبژاردنی داهاتوو لەڕووی بەرژەوەندییەکانی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەوە.

 دووەم: لەڕووی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حزبەکانی لەناوخۆدا لەلایەک لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بەدوای ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا لەلایەکی ترەوە.

 سەبارەت بەخاڵی یەکەم هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت؟ هەموو ئەو لایەنانە کە لە کێشەمەکێشدان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن و خەڵکی کوردستان  نە لەئاشتیاندا، نە کێشەکانیادا، نە لەهەڵبژادنەکانیادا و لەبراوەی هەر لایەنێکیاندا هیچ سودمەند نین. لەهەردوو حاڵەتەکاندا قوربانی گەمەو سیاسەتی کۆنەپەرستانەو بۆرژوازیانەی ئەوانن. ئەوەتا خەڵک بەتەجروبەی خۆیان هەموو لایەنەکانی هەرێم و ناوەندیان تاقیکردۆتەوە کە بەشوێن چیەوەن، بۆیە زۆر هەواڵەکانی بەشداری و بەشدارینەکردنیان لەهەڵبژاردن بۆ گرنگ نییە، و هەر لەم کاتەدا بەشوێن خواست و داواکانی خۆیانەوەن بەتایبەت موچەخۆران بەشوێن موچەی چەندین مانگەوەن کە لێیان زەوتکراوە.

تا بەخاڵی دووەم دەگەڕێتەوە؛ ئەم هەڵبژاردنەش وەک هەموو هەڵبژاردنەکانی دەورەی پێشوو لەکوردستان بێ کێشە نییە، بەڵام کێشەی ئەمجارە زۆر جیاوازە، بەتایبەت حکومەتی هەرێم گەورەترین دەورانی لاوازی خۆی بەسەردەبات لەبەرامبەر ناوەندا، حزبەکانی کوردایەتی هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێت بۆ ملشکاندنی بەرامبەرەکەی و حکومەتی هەرێم و ناوەندیش بەهەمانشێوە لەتەوازنی هێزێکی نوێدا کیشەکانیان دەردەکەوێت و لەپەیوەند بەهەڵبژاردنەوە لەهەر لەو چوارچێوەیەدایە.

 بەتایبەت حکومەتی فیدراڵی عێراق، لەسەر ئەساسی تەوافقاتی قەومی، دینی و تائیفی دروستبووە، ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەڵبژاردنەی مانگی حوزەیران ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لەمێژووی سێ دەیەیی دەسەڵاتیانداو لە ماوەی بەشداری بیست ساڵیان لەحکومەتی فیدراڵیدا، بێوێنەیە، لەبەرئەوەی هەلومەرجەکە گۆڕاوە. زۆر پاشەکشە بە حزبە ناسیونالیستەکانی حکومەتی هەرێم، و لەسەرویانەوە بەپارتی کراوە، کە خۆی بە گەورەترین و حزب و دەسەڵات دەزانێت و زۆربەی جومگە هەستیارەکانی کوردستانی لەدەستدایە.

سەرەتا حکومەتی ناوەند بە یاسای نەوت و گاز، توانی ئەو سەروەت و سامانە خەیاڵیەی لەنەوت و گاز دەیان دزی تەسلیم بە ناوەندی بکەن، و بەدوایدا واتە پێش ئەم هەڵبژاردنەش ناوەند لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵەوە کۆمەڵێک بڕیاری دیکەیان بەسەردا فەرزکردوون، کە رەنگە هەمووی نەتوانرێت لەئێستادا جێبەجێبکرێت و تەوافقی لەسەر بکەن لەم دەورەیەدا بەتایبەت بەدوای نیگەرانیەکانی پارتیدا. بەڵام ئەمە هەنگاوێکە لەکێشمەکێشی سیاسی ئەم دەورەیەی نێوان ناوەند و هەرێم کە لەهەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیدا کە لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندە لە ئایندەدا، لەوانە؛ لێسەندونەوەی کورسی کۆتاکان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات لە جیاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، گۆڕینی یەک بازنەیی دەنگدان لەهەڵبژاردندا بۆ چەند بازنەیی، باسی دابەشکردنی موچەی کارمەندان لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە، کە زەرورە رونکردنەوەیەکی زیاتر لە هۆکارەکانی بدەین.

بۆ هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان بەهۆی ئەوەی لە چوارچێوەی حکومەتێکی تەوافقیدایە، هەردەوریەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەویش بەپێی تەوازنی هێزەکان و گۆڕانی جێگاوڕێگایان.

با بزانین لە چ هەلومەرجێکدا هەڵبژاردنی حوزیران لە کوردستان دەکرێت؟ ئەم هەڵبژاردنە لەهەلومەرجێکدا ئەنجامدەدرێت کە زۆر شت گۆڕنکاری بەسەردا هاتووە، کەدنیای چەند جەمسەری لەبەردەم خۆسازدانەوەی جەمسەرەکان و سازدانەوەی دنیا لەبەرژەوەندی ئەم دەورەیەیاندایە، وە حکومەتانی ناوچەکەش لەم چوارچێوەیەدا لەخۆسازدانەوەدان بۆ دەوریەکی نوێی سازدانەوەی سیاسی و ئابوری پەیوەندی وڵاتەکانیان.

کە حکومەتانی سەرمایەداری ناوچەکە پێویستیان بەوە هەیە ئارامیەکی سیاسی دروستبکەن، هەموو شاهیدی هەین  کەناوچەکە بەدوای رێکەوتنی سعودیەو ئێران، کە سعودیە هەم سیاسەتی لەناوچەکە گۆڕاوە لەگەڵ ئێران (حوسیەکانی یەمەن)، و لەگەڵ ئیسرائیلیشدا، بەشوێن فەزای ئارام و دور لە جەنگ و گەشەدان بە بازاڕێکی ناوخۆ لەدەرەوەی داهاتی نەوت کە لەدەورانی پێشوو مەسەلەی ئەساسی بوو. هەر بۆئەمەش هەموو وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش بەشوێن بردنی عێراق و سوریاوەن بۆ هەلومەجێکی ئارامی سیاسی و سەرپێخستنی ئابوریەکانیانەوەن، کە ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکە لەمڕاستایەدا کاردەکەن، بۆ ئەوەش جێگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەندە لە عێراقدا.

تا بەکوردستان دەگەڕێتەوە لەماوەی ٣٣ ساڵی رابردوودا، حزبە ناسیونالیستە کوردیەکان بەتایبەت دووهێزی سەرەکی پارتی و یەکێتی کە بەردەوام خۆیان بە سیاسەتی ئەمریکاوە گرێداوە، بەسیاسەت و قیافەی شاخ و میلیشیاییەوە بەردەوام دەرکەوتوون، وە هیچ  کاراکتەرێکی شاری و دەسەڵاتێکی مەدەنی جێگیرو نموونەییان نیشاننەداوە، رۆژ لەدوای رۆژیش کێشەکانی نێوان ئەم حزبانە زیاتر بووە، کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات جاردوای جار فراوانتر دەبێتەوە، خەڵك نەفرەت و توڕەیی بەرامبەریان لە(بێموچەیی، نەبوونی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان، سەرکوت، تیرۆر، بڵاوکردنەوەی فەزای گەندەڵی و شەڕوپێکدادانی ناوخۆیی و دووزۆنی سەوزوزەرد و دوو ئیدارەیی، راکێشانی دەستی حکومەتانی ناوچەکە لەوانە ئێران و تورکیا، هێنانەوەی حکومەتی بەعس، حەشدی شەعبی بۆ کوردستان، سەپاندنی پلەدوویی ژنان، دروستکردنی ریزێکی فراوان لە حزب لەبەرژەوەندی خۆیان، بڵاوکردنەوەی فەزای کۆنەپەرستی و دواکەوتویی، کۆچی فراوانی گەنجان بۆ دەرەوە و  هەوڵدان بۆ بێئیرادەکردنی خەڵك،… هتد).

خاڵێک کە بەدوای روخانی رژێمی بەعسدا لەپرۆسەی سیاسی عێراق بەدیدەکرێت، وحزبەکانی کوردایەتی ئیمزاکردن لەسەر عێراقێکی فیدراڵی و دەستورێک لەسەر ئەساسی قەومی و دینی و تایفی لەساڵی ٢٠٠٥دا، ئەو هەموو بڕیارانەی کە حکومەتی ناوەند و بەتایبەت لەرێگای دادگای فیدراڵی عێراقەوە کەپێش هەڵبژاردنی کوردستان دەدرێت، بەپێی هاوسەنگی هێزی ئێستا لەبەرژەوەندی بۆرژوازی شیعیەدا، کە مۆری خۆیداوە لەهەڵبژاردنی ئەم دەورەیەی کوردستان، بەجۆرێک زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی حزبەکانی کوردایەتی کەمدەکاتەوە، لەپێش هەموویانەوە پارتی و دوای یەکێتی. لەئێستادا هەموو کێشەکانیان دەبینین، کە چۆن خەریکی ملشکاندنی یەکترن، بەتایبەت کە پارتی بەشی شێری بەردەکەوێت و نیگەرانەو دەڵێ بەشداری هەڵبژاردن بەوشێوەیە ناکەم! بەڵام یەکێتی بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندی پارتی نییە، رازیە بەهەموو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ. ئەمەش وایکردووە ئەو جێگاوڕێگایەی کە لە سێ دەیەی رابردودا هەیانبووە بڕواتە دواوە، هەربۆیە هەڵوێستەکانی پارتی لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەدایە کەبەناچاری دەبێت ئەوکارە بکات کەسەرەتا بە بایکۆت و دوایی نیگەران لە بڕیارەکانی دادگایی باڵای فیدراڵی عێراق، کە لەئاخردا وەک هەموو ساڵەکانی پێشوو حکومەتی عێراق لەسەر بنچینەی تەوافق هاتووە، بۆئەم دەورەیەش رێکەوتنێک دەکەن. بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە کە لەئێستادا هەم دەستبەرداری پارتی نابێت و هەم جێکەوتنی حکومەتی ناوەندی بۆ گرنگە، بۆیە لەهەوڵەکانی سودانی پێش سەفەری بۆ ئەمریکا، بەشێک لەکاری بریتیە لە رێکەوتنی لەنێوان پارتی و ناوەندا سازبکات بۆ بەشداری هەڵبژاردن. بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت، پارتی بەشداری هەڵبژاردن بکات یان نەیکات، ئەوا جێگاوڕێگایەک پێشتر هەیبووە ناگەڕێتەوە.

ئەمەش بەمانای ئەوە نیە یەکێتی یان هەرلایەنێکی تری قەومی و ئیسلامی ئەگەر چەند کورسیەک لەپارتی زیاتر بهێنن ئەوان براوەن، یان جێگاوڕێگای پارتی لەبەرامبەریاندا لەخوارتر دەبێت، بەڵکو پارتی هەر لەهەرێمدا هەر لەسەروتر دەبێت، بەپێی پێدوایستیەکانی حکومەتی ناوەندو ئەمریکاو تورکیا، بەڵام لەم هەلومەرجەو دوای هەڵبژاردنیش براوە حکومەتی مەرکەزی دەبێت، ئەویش بەلێسەندنەوەی زیاتری ئەو ئمتیازانەی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی کە هەیانە، ئەم دەورەیەش بەهەمانشێوە حکومەتی تەوافق پێکدەهێنن و پارتی هەر هێزی سەرەکی ناو دۆڕاوەکان و براوەکانی کوردستان دەبێت.

پرسی رۆژ: ئەو هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا دەبێتە هۆی پەکخستن و بەربەست دروستکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟ 

نوری بەشیر: لەسەرەوە ئیشارەتێکی کورتماندا، لەسەر هەڵوێست و جێگاو ڕێگای پارتی لەهەلومەرجی ئێستادا، لێرەدا زیاتر تیشکی دەخەینە سەری لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی زۆربەی زۆری خەڵكی کوردستانەوە. هەروەها یاریەک کە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵدا، هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەستیان بۆ بردووە،  پێش هەموو لایەنەکان لێدانە لە پێگەی پارتی و بارزانی، و دوایی یەکێتی و لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندایە. لەئایندەدا خەباتی کرێکارانی کوردستان و عێراق و خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە بەگشتی پێویستی لێکنیزکبوونەوەی  زیاتر دەکات.

کرێکاران و خەڵكی کەمدەرامەتی کوردستان لە ٣٣ ساڵی رابردوودا قوربانی دەستی ناسیونالیزمی کورد و لەسەرو هەموویانەوە پارتین! کەوەک حزبی دایکی ناسیونالیزمی کورد، دەسەڵاتی رەهای هەبووە لە ناو حکومەتی هەرێم و هەتا سەنگ و قورسایی لەئاستی عێراق و ناوچەکەو لای ئەمریکاش هەبووە،  بۆ بەرژەوەندیەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، دەستیان بۆ هەموو پەتێکی پچڕاوو کارێک بردووە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی ژیان و ئایندەی خەڵكی کوردستانیش بێت.

ئەم بڕیارانەی حکومەتی ناوەند و دادگای فیدراڵ، هەنگاوێکە لەراستای لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی (پارتی و یەکێتی دووهێزی سەرەکین تێیدا). جا مەرج نیە لەئێستادا هەموو جێبەجێبکرێت، بەڵکو هەنگاوێکە لەراستای بەهێزکردنی زیاتری دەسەڵاتی حکومەتی قەومی شیعی ژێر نفوزی ئێران، پێ بەپێی هەلومەرج و هەڵوێستی جیهانی و ناوچەیی، و لەپاڵدا وەستانی حکومەتی ناوەندو زیاتر دەستبەرداربوونی زیاتری پارتی و حکومەتی هەرێم، گێڕانەوەی بۆ چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق کە بڕیارەکان بەپێی دەستوری عێراقی، بارزانی و تاڵەبانی ئیمزایان لەسەرکردووە، جێبەبەجێ دەکرێت.

حکومەتی فیدراڵی عێراقیش وەک حکومەتی هەرێم، وەک دوو دەسەڵاتی کۆنەپەرست و دژی خەڵکی لەسەر تەوافقی حزبەکان دروستبووە، ئەم تەوافقاتەش بەپێی تەوازن دەگۆڕێت، هەروەک چۆن بەپێی تەوازن  پارتی هێزی سەرەکی و خاوەن دەسەڵاتبوو لە حکومەتی هەرێمدا، بەئارەزووی خۆی؛ تەمەنی پەرلەمانی درێژدەکردەوە، دەرگای پەرلەمانی دادەخست، سەرۆکی پەرلەمانی دەناردە ماڵەوە، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا پەرلەمانیان بەرشەق دەداو کورسی کۆتایان دەهێنا لەبەرژەوەندی خۆیان، یاسای دژی ژنانیان پەسەند دەکرد، بەئارەزووی خۆیان موچەیان دەداو دەبڕی! ئێستاش بۆ حکومەتی ناوەندیش هەمانشتە، حکومەتی تەوافقی ناسیونالیزمی کوردو ناسیونالیزمی عەرەبی سونی و ئیسلامی شیعیە، تەوازنەکە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی رەوتێکی شیعی سەر بەئێرانەو حەلبوسی سەرۆک پەرلەمان لە لیستی سونەکان پۆستەکەی لێبسەننەوە. ئێستا ئیترنۆرەی ناسیونالیزمی کوردە، کە لەچەندین ساڵدا هەلومەرجەکە لەباربوو بۆ ناسیونالیزمی کوردو داسەپاندنی داواکاریەکانیان، بەڵام ئێستا ئیتر باڵی زاڵی حکومەتی تەوافق کە شیعەکانە لێیان دەسەننەوە.

پارتی دەزانێت، بەدوای سەپاندنی یاسای نەوت و گازو لێسەندنەوەی کورسی کۆتاکان و چەند بازنەیی لە دەسەڵاتی پارتی کەمدەبێتەوەو لە هەڵبژاردندا ئەو جێگاوڕێگایەی نابێت، بۆیە گەمەیەکی سیاسی دەکات بۆ مانەوەی بۆ دەورەیەکی تر وەک هێزی یەکەم لەکوردستان. ئەگەرچی ئەو هێزەی لەعێراقدا هەیبووە چۆتە دواوە، بەپێی هەلومەرجی ناوچەکە دەبێت خۆیان لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و  یاساکانیدا سازبدەنەوە، بەڵام دەیەوێت رکەبەرەکانی لە کوردستان بەدەرەجە دوویی بهێڵێتەوە، بەڵام یەکێتی لەولاوە لەگەڵ بڕیارەکانی حکومەوتی ناوەندو دادگای باڵادایە، هەتا ئەگەر بەزیانی خۆیشی بێت، تەنها ئەوەیان بۆ گرنگە لوتی پارتی بشکێنن و وەک هێزی سەرەکی ساحەی کوردستان پاشەکشەی پێبکەن.

هەربۆیە هەڵوێستی پارتی لەبەرامبەر ئەوەی لە هەڵبژاردن بەشداری ناکات و لە حکومەتی ناوەند دەکشێتەوە، وەرقەیەکی سیاسیە بۆ جێگاوڕێگای خۆی و هیچ پەیوەندیەکی نییە بە بەرژەوەندی و ئایندەی خەڵكی کوردستان. بەپێی هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی و ئەمریکاو پێویستی حکومەتی ناوەند، لەگەڵ هەڵبژاردندان، هەڵبژاردن هەر دەبێت بکرێت، بەتایبەت حکومەتی ئێستای کوردستان کار بەڕێکەرەو دەبوایە زووتر هەڵبژاردنی بکردایە، بۆ شەرعیەتدانەوە بەدەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەمجارە لەژێر چاودێری زیاتری حکومەتی ناوەند، بۆیە بۆ ناوەندو تورکیاو ئەمریکا بەشداری پارتی گرنگە، لەحاڵەتی بەشدارینەکردنیدا کۆسپ دەخاتە بەردەمی هەڵبژاردن و گرژی و ئاڵۆزی زیاتر لەپرۆسەی سیاسی کوردستان دروستدەکات. بۆیە بەهەموولایەکیان دەستدەبەن بۆ تەوافقێک بۆ بەهەندێ لەوخاڵانە، پارتیش خۆی خەریکی ئەم یاریەیە، بۆئەوەی پارتی بەشداری هەڵبژاردن بکات و ئێستاش سەرەتای ئەم بەشداریەی پارتی لە بەڵینەکانی سودانی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، بارزانی و کۆبوونەوەی وەزارەتەکەی بە بەڵێنی دابەشکردنی زەوی و داشکانی پارەی ئاوو کارەباو رێگاوبان، هەم نەرمی زیاتر بەرامبەر حکومەتی ناوەندو هەم پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکەی بۆ چەواشەکاری خەڵكی کوردستان دەستپێکردوە.

                  

************

Leave A Reply

Your email address will not be published.