پرسی موچەی فەرمانبەران لە نێوان دەسەڵاتی فیدرالی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردددا!

0

جارێکی تر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کەوتۆتە داوی ململانێی سیاسی نیوان دەسەڵاتی فیدرالی و بۆرژوازی عێراقی لەلایەک و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە هەرێمدا… لەگەڵ ئەوەدا دادگای فیدرالی پرسی دابەشکردنی موچەی لەدەسەتی دەسەڵاتی خۆجێی هەرێم دەرهێنا و سپاردی بە دەسەڵاتی فیدرالی و دابەشکردنی لەلایەن بانکە ناوەندیەکانی عێراقەوە، بەڵام وا زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەی مانگی دوو دابەش نەکراوە… پاساوی دابەش نەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە گوایە دەسەڵاتی فیدرالی بەغدا تەنها موچەی فەرمانبەرانی ناردووەو موچەی دەزگا ئەمنیەکانی نەناردووە و ئەمەش کورتی لە موچەدا دروست دەکات و بۆیە ئامادەنین موچە دابەش بکەن…  ئەوەی جێگەی رامانە ئەوەیە کاتێک موچەی فەرمانبەران هاتووە پاساوێک نامێنێتەوە بۆ دابەشکردنی، بەڵام بەو هۆیەوە پارتی و یەکێتی چاویان لەوەیە تەواوی بوجەی هەرێن بێت خۆیان لە دابەش کردنی موچە دەدزنەوەو لەوەش زیاتر پارتی دابەش نەکردنی موچەی موچەخۆران وەکو کارتێکی گوشار لەبەرامبەر بە بەغداو بریارەکانی دادگای فیدرالی بەدەستەوە دەگرێت…

تیکەڵ کردنی پرسی موچەی هێزە ئەمنیەکان و دەزگاکانی تری هەرێم لەگەڵ پرسی فەرمانبەران، ناحەقیەکی گەورەیە و فەرمانبەران باجەکەی دەدەن، یەکلایی کردنەوەی پرسی موچەی هێزە ئەمنیەکان و دەزگاکانی تری هەرێم، کیشەی نیوان دەسەڵاتی هەرێم و هەرێمە نەک کیشەی موچەخۆران… مادام موچەی فەرمانبەران هاتووە پیویستە ئەو موچەئە دابەش بکرێت و کیشە هەڵپەسێردراوەکانی تر نەکرێنە ریگر و پاساو بۆ زیاتر برسی کردنی فەرمانبەرانی هەرێم…

دیارە هۆکارێکی تری دابەش نەکردنی و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی لەلایەن بانکە ناوەندیەکان و پەراوێزخستنی “هەژماری من” کە هی دەسەڵاتی هەرێم و پارتییە… پارتی و دەسەڵاتی هەرێم کە دۆسیەی نەوت و غازو فرۆشتنی لەدەست دەرهاتووە، دەیەوێت لە رێگای بانقەکانی سەربەخۆیان و “هەژماری من” و قەرەبووی بکەنەوەو ئەو سودەی لەدزین و فرۆشینی نەوتدا بەدەستیان دەهێنا، ئەمجارە لە رێگای هەژماری من و سودی بانقیەوە، بەدەستی بهێنن.

فەرمانبەرانی هەرێم، کە ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەیە، متمانەیان بەهیچ بریار و هەنگاوێکیان نییە، بۆیە چۆن خۆشحاڵن بە بریارەکانی دادگای فیداڵی ئاواش چاوەڕوانیان ئەوەیە بەغدا و لە رێگای بانقەکانی ناوەندەوە موچەکانیان وەربگرن…بەڵام ململانێی نیوان هەرێم لەگەڵ بەغداو لەسەر دابەشکردنی موچە و کێبەرکێی بانقەکان، پرسی دابەشکردنی موچەی راگرتووەو دیاریش نییە کەی ئەم ملۆزمەی سەر ژیانیان کۆتایی دێت و موچە دابەش دەکرێت، بۆیە دوبارەو بە ناچاری بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێم بەتایبەتی لە زۆنی سەوزدا هەرەشەی دوبارە دەستبرن و بۆ بایکۆت و خۆپییشاندان دەکەن..

دیارە فەرمانبەرانی هەرێم، مافی خۆیانە لە پێناو موچە و لەراستیدا لە پێناو بەڕیوەچوونی ژیانیاندا رێگەی خەبات و شیوازەکانی بگرنە بەر، تا ببنە گوشار لەسەر هەردوو دەسەڵاتی فیدرالی و هەرێم تا هەرچی زووە موچە وەربگرن و بە بنە قوربانی ململانێی سیاسی نیوان و بەغداو هەرێم. دەبێ ئەو راستیەش هەمووان بیزانن کە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە بریاری دابەش نەکردنی موچەیان داوە… هەراو هۆریای راگەیاندن ناتوانێت بریاری ئاشکرای هەردوولاو هاوئاهەنگیان لە دژایەتی خواستی فەرمانبەراندا، بشارێتەوە… خەڵکی کوردستان و چین و توێژە بیبەشەکانی تری کۆمەڵگە، پیوستە بەهەر جۆرێک بۆیان دەکرێت و مەیسەرە پشتیوانی لە خواستی فەرمانبەرانی هەرێم بکەن لە پێناو موچەکانیاندا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.