بڕیارەکانی دادگای فیدرالی و خۆشباوەری بەدەسەڵاتی بەغدا!! عەبدوڵا مەحمود

0

هیچ بەڵگەیەک پێویست نییە کە دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد، دەسەڵاتێکی میلیشیایی و تاڵانچی و بۆماوەیی، سەرکوتگەر و دژی ئازادیی و ناتەبا بە مافە زۆر سەرەتاییەکانی چینی کریکار و سەرجەم جەماوەری بێبەشی کوردستانە. دەسەڵاتێکە بەوینەی کۆمپانیایەکی چاوچنۆک تەنها وێڵە بەدوای تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە بۆ حزب و بنەماڵە دەسترۆشتوەکانی و لەو راستایەشدا سڵ لە هیچ خۆشخزمەتی و نۆکەر پیشەیەک ناکاتەوە. هەر ئەو راستیەشە وای کردووە کە چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان نەک ئەم دەسەڵاتە بەهی خۆیان نەزانن، بەڵکو رەتکردنەوەو کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە بۆتە ویستی سەرەکی و وەلانان و راماڵینی بە رێگایەک بۆ ئاییندەیەکی باشتر دەبینن.

واقعیەتی دەسەڵاتی سیاسی کورد و کارنامەیەکی نەنگین کە لەماوەی زیاتر لە سێ دەهەی رابردوودا، نیشانی داوە، هەموو ئەو خۆشباوەریانەی رەواندەوە کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا زوربەی خەڵکی کوردستان ئومیدیان وابوو دەسەڵاتی کوردی، ژیان و گوزەرانێکی باش و ئازادییەکان و مافەکانیان بۆ دەستەبەر دەکات و ئاییندی سیاسی کوردستان و پرسی نەتەوایەتی دەگەیەنێتە مەنزڵگەیەکی ئارام. پێچەوانەی ئەوە بووە واقعیەتێکی تاڵ، واقعیەتیک کە ریشەی لە ناوەرۆکی چێنانیەتی بۆرژوازی دایە. بۆرژوازی چ خۆ وڵاتی بێت یان بێگانەو دەرەکی هیچ لەو راستییە ناگۆڕیت، کە نوێنەری چینییکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو بۆرژوازی و پارێزەری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش ناچارە بێمافی و چەوساندنەوە بەسەر چینی کریکار و جەماوەی بێبەشدا بسەپێنێت و سەرکوت و فریوکارییش لەبەرامبەر بە ناڕازیان و بزوتنەوەی کریکاری و جەماوەریدا بەدەستەوە بگرێت و توند دەست بە کۆنەپەرستی و کەناڵەکانی دوبەرەکی و لێدابڕاندنی کۆمەڵایەتیدا بگرێت.

رەوینەوەی خۆشباوەری بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەگەڵ ئەوەدا بە قوربانییەکی زۆر و رەنج و دەیان موسیبەت و کوێرەوەری بەدی هاتووە، بەڵام هێشتا دەتوانرێت وەکو پێشرەویەک تەماشا بکرێت و ببیتە مایەی تیپەرین لەو دەسەڵاتەو هوشیاربوونەوە بە ئاقاری گورێنی دەسەڵات و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تر، کە ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی و باش بژێوی و ئاییندەیەکی باشتر، زامن بکات.

بەداخەوە بەشێک لە خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا خۆشباوەریان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی نەماوە، بەڵام لە جێگای گەران بەدوای ئەلتەرناتیف و رێگاچارەیەکدا کە ئیرادەیان یەک بخات و قەرەبووی رابردویان بۆ بکاتەوە و لەدەستی زوڵم و ستەم و بێمافی و کۆنەپەرستی رزگاریان بکات، خەریکن رەوینەوەی خۆشباوەریان بە دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی، دەگۆرنەوە بە خۆشباوەربوون بە دەسەڵاتی هێزە دەسەڵاتدارە بۆژوازییەکانی عێراق و ئەمجارە ئومێد و ئارەزوەکانیان گرێ دەدەن بە سیاسەت و بریارەکانی ئەوانەوە.

بریارەکانی ئەم دوایەی دادگای باڵای فیدرالی، کە لەدرێژەی بریارەکانی پیشوودا بەدژی دەسەڵاتی هەرێم، داسەپێنراون و بەشێکە لەهەوڵی بۆرژوازی عێراقی بۆ یەک کاسە کردنەوەی دەسەڵات و جیگیرکردنی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر دەسەڵاتە لۆکاڵی و فیدرالیەکاندا و گێرانەوەی سەڵاحیەتە سەراسەریەکان بۆ دەسەڵاتی فیداڵی و پێناسەکردنەوەی دەسەڵاتە لۆکاڵی و هەرێمیەکان بەپێی دەستور، لە هاوسەنگیەکی تازەی نیوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقیدا.

ئەم بریارانەی دادگای فیدراڵی بە تەواوەتی پشت ئەستورن بە فیدرالیزم و دەستورەوە، پشت بەستون بە دابەشکاری لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تایفی. هەر چاوەروانیەکی تر لە فیدرالیزمی قەومی و دینی لەوەی کە ئیستا پیادە دەکرێت، چاوەروانیەکی پوچ و بێ هودەیە.

سەرجەم هەنگاو و بریارەکانی دادگای فیدرالی لەبەرامبەر بە دەسەڵاتە لۆکاڵی و هەرێمەکان و لەو نێوەشدا لەبەرامبەر بۆرژوازی و دەسەڵاتی هەرێمدا، دوورو نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە کە بۆرژوازی لە عیراقدا دەیەوێت خزمەتێک بە خەڵکی کوردستان بکات و سزای بۆرژوازی کورد بدات لەبەرامبەر ئەو بیمافی و ستەم و تاڵانیەی لە خەڵکی کوردستانی دەکات. راستی ئەوەیە کە ململانێی نیوان باڵەکانی بۆرژوازی لە عێراقدا لەسەر دەسەڵاتە… فیدرالیزمی قەومی کە ڕێکەوتنی سیاسی لەنیوان بۆرژوازی کورد و عەرەب لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، بریاری لێدراوە، وەکو پیشبینی دەکرا لە کاتی پیادەکردنیدا هەمان ئەو دۆخە دەخوڵقێنی، کە خەریکە سەرەتاکانی بە چوونە بواری جێبەجێبوونەوە. دەستی پیکردووە. ئەوەی کە پێشتر دادگای فیدرالی دەستی دەپاراست لە دەرکردنی بریار و تەنانەت بێدەنگەی لە دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان و دەسەڵاتی هەرێم هەڵبژارد بوو، پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەوە بوو… دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان و دەسەڵاتی هەرێم بەهەموو پێوانەیەک بە هێزتر لە دەسەڵاتی فیدرالی بوون و ئامادەنەبوون مل بە بریارێ دەسەڵات و حکومەتێکی لاواز، بدەن. لە ئێستادا و بەدیاریکراوی لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سەربازی لە دژی داعش و دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، بۆرژوازی لەعێراقدا رێکخراوتر و حکومەت جێگیر تر و پرسی ئەمنی سەقامگیری زیاتر و پێگەی دەوڵەتی عێراقی لە ئاستی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەهێزترە، هەر بەو پێوانەیەش مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات لۆکاڵیەکانی لەسەر ئاستی عێراق و لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم دەکات. ئەوەی ئێستا بەغدا لەبەرامبەر بەدەسەڵاتی هەرێم دەیکات، رەوەندێکی بەردەوام دەبێت و لە بنەرەتدا دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێم پابەندی فیدرالیزم بکات، کە بۆرژوازی کورد لە کاتی بەهێزی و وەکو دەوڵەتیکی سەربەخۆ لە ناودەوڵەتی عێراقدا، شانازی بە فیدرالیزم و دەستور و سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردییەوە دەکرد. ئێستا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد کورتکراوەتەوە و حەق و حسابی فیدرالیزمی لەگەڵ دەکرێت، هاواریان لێ هەڵساوە کە بەغدا لە فیدرالیزم و دەستور پاشگەز بۆتەوە و پێوەی پابەند نییە. لەکاتیکدا ئەوەی روودەدات لە بنەرەتدا لەچوارچیوەی گەرانەوە بۆ پابەند بوون بە دەستور و فیدرالیزمدا دەچێتە پێشەوە. فیدرالیزم و دەستور لە عێراقدا هەر ئەوەیە کە ئیستا بۆرژوازی باڵادەست لە عێراق و دادگای باڵای فیدرالی پیادەی دەکات…

فیدرالیزمی قەومی بەپێچەوانەی فیدرالیزمی ئیداری، بەڵگە و رەچەتەیەکە بۆ هەتاهەتاییکردنی ناکۆکی قەومی و دروستکردنی لەمپەری گەورە له‌به‌رده‌م ڕه‌وتی‌ بەرەوپپێشچونی كۆمه‌ڵگه و رێگریکردن لە دەستبردن بۆ پرسی سەربەخۆیی و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ‌. فیدرالیزم لەگەڵ ئەوەدا، هەندێک ئیمتیاز دەدات بە بۆرژوازی کورد، و بە وینەی نوینەری بۆرژوازی کورد لە هەرێمدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەڵام ریگا نادات بە شێوەی دەوڵەتیکی سەربەخۆ، دەسەڵاتی پیادە بکات و خۆی لەبەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی فیدرالی، بدزێتەوە. 

بریارەکانی دادگای فیدراڵی لەچوارچیوەی ئەو رەهەندەدا دەچنە پێشەوە، نەک لە چوارچیوەی خزمەت بە خەڵکی کوردستان و وەڵام دانەوە بە ویست و خواستەکانی. چارەسەری پرسی موچەو دابەشکردنی بە گواستنەوەی بۆ بەرپرسیاریەتی بەغدا، لەگەڵ ئەوەدا بەسودی موچەخۆران و فەرمانبەرانە، بەڵام کیشەی خەڵکی کوردستان تەنها موچەو دابەشکردنی نییە، بەڵکو بەدەست گرفتی بناغەیی وەکو پرسە سیاسی و ئایندەکەی دەناڵێنێت… خودی پیکهاتنی دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای فیدرالیزمی قەومی و دینی، یەکێک لە گەورەترین هەرەشەکانی سەر خەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی و هۆکارێکی سەرەکیش دەبێت بۆ پشێوی سیاسی لە ئایندەی عێراقدا. جیا لەوانە ماهیەتی سەرکوتگەرانەو کۆنەپەرستانە و تاڵانچیانەی بۆرژوازی کورد، هیچ رەوایەتیەک نادەت بە دەسەڵاتی هیزە کۆنەپەرست و تاڵانچییەکانی بۆرژوازی لە عێراقدا، کە خەڵکی خوارو ناوەراستی عێراقیان لە دۆخێکی یەکجار سەختی بێکاری و نەبوونیدا راگرتووە و ئاسەوارێک لە خزمەتگوزارییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکانیان لەژێر سایەیاندا بوونی نییە. کاتیکیش بێبەشان و برسییەکانی عێراق بۆ ماف و داخوازییەکانیان هاتنە سەرشەقامەکان بەسەدانیان لێ گوللە باران کراو رابەرانی راوەدونران و تیرۆرکران. جیا لەوانە هیزە قەومی و دینیەکانی عێراق، ئامادەی سەلماندنی مافە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان و بەرەسمی ناسینی ئیرادەی جەماوەرەکەی نین.

خەڵکی کوردستان نابێ هیچ جۆرە خۆشباوەرییەکیان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراقدا هەبێت و وەکو فریاد رەس، تەماشای بکەن. هەردوو دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم، دوانە دەسەڵاتی لێكهەڵپێکراوی ناو یەک خانەوادەن لەسەر ئاستی عێراقدا. ململانێکانیان، لەسەر بەشی دەسەڵات و داهاتە، نەک لەسەر قوتی هاوڵاتیان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکان و زامنکردنی خزمەتگوازرییەکان و باش بژێوی.

دۆخی تازەی عێراق، ئەوە دەخوازێت چینی کریکار و جەماوەری بیبەشی کوردستان و عێراق، خەباتیان لێک هەڵبپێکن، بەدژی سەرجەم دەسەڵاتی بۆژوازی عێراقی بەهەموو باڵ و لایەنەکانیەوە. چارەنووسی چینی کرێکار و جەماوەری بیبەشی کوردستان و عێراق، لێک هەڵپێکراوەو خەبات و پیشرەوی هەر لایەکیشیان بەدژی بۆرژوازییدا، کاریگەری راستەوخۆ لەسەر خەباتی سەراسەریان دادەنێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.