پرسی رۆژ: هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ وهەلومەرجەکانی . بەڕێز ( کاکەلاو تەحسین) شارەزا لەهەڵبژاردن وەڵامی پرسی رۆژی داینەوە.

0

 پرسی ڕۆژ: دوای بریاری دادگای فیدراڵی، گۆرانکاریەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە چۆن دەبینیت؟ کاکەلاو تەحسین: گۆرانکاریەکان چەند خاڵێکن: یەکەم: گۆرینی یەک بازنەیی بۆ چوار بازنەیی؛ ئەمە کارێکی زۆر باش و دادپەروەرانەیە، چونکە رێژەی بەشداری لە شارێکەوە بۆ شارێک جیاوازە، بۆنمونە لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا رێژەی دهۆک بەرزتر بوو، دواتر هەولێر ئەوسا سلێمانی. ئەمە وایکردووە زۆرترین پەرلەمانتار لە دهۆک بروات وکەمتر لە سلێمانی! بەڵام بۆ ئەم جارە رێژەی بەشداری شارەکان هەر چەند بێت ئەوا رێژەی نوێنەری ئەو بازنەیە پارێزراوە بۆ سنورەکە. باشیەکی تری ئەم خاڵە ئەوەیە؛ کاندیدی پۆپۆلیست کەم دەبێتەوە، چونکە لە پێشوو کاندیدێکی خەڵکی سلێمانی بە نموونە لە ئەرزی واقیع نەدەگەیشت بە دەنگدەری دهۆک لە رێگای بەڵێن و کار، بۆیە پەنای دەبردە بەر وروژانی دروشمی بریقەدار، بەڵام ئەم جارە دەبێت ئەو کاندیدە بە پرۆژەوبەرنامە لە سنورەکەی خۆی دەربچێت، نەک بە قسەی زل! دووەم: نەمانی کورسی پێکهاتەکانە؛ دیارە روونە یەکێتی لەسەر زمانی خۆشیانەوە وتیان داوای نەهێشتنی کوسی کۆتاکانیان نەکردبوو، بەڵکو داوایان کردبوو پێنج کوررسی بدرێت بە بازنەی سلێمانی، کەواتە ئەو قسەیەی ئێستا دەکرێت کە گوایە ویستویانە پێکهتەکان ئیرادەیان بۆ بگەرێتەوە راستنیە. بەڵکو بۆ ئەوەیانبوو پشکیان لەو دابەش کاریە هەبێت! بەڵام سەرەنجام واشکایەوە. وە لە پەرلەمانی کوردستان هیچ کات پێکهاتەکان نەبونەتە هۆکار بۆ دەرکردنی یاسایەکی خراپ بەڵکو هەر یەکێتی وپارتی بەیەکەوە یاساکانیان دەرکردووە. بە نمونە یاسای نەوت وگاز، یاسای خۆپیشاندان، یاسای قەرز، یاسای ئەنجومەنی ئاسایش، یاسای تیرۆر، وەهەر یەکێتی وپارتیش بەیەکەوە حکومەتیان پێک هێناوە، وئەوانی تریان بەشدار پێکردوون! بۆیە بە دێوکردنی پێکهاتەکەکان یەکێکە لە هیوا درۆزنەکانی تری هاوشێوەی گەرانەوەی دەستورو هەمواری سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی هۆکاری نەمانی کورسی پێکهاتەکانبوو، نەک یەکێتی، چونکە پارتی بۆ مانۆری خۆی هەمو کات کورسی پێکهاتەکانی لەگەڵ خۆی دەبەستەوە. سێیەم: کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکات. لای من ئەوە لاوازی وبێدەسەڵاتی هەرێم وچوار هێزە سیاسیەکەی ناو کۆمسیۆن دەردەخات، جگە لە پارتی. ئەزانی تاقە دامەزراوە لە هەرێم کە پارتی تیایدا کەمینەیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردەکانی هەرێمە! ئەزانن نۆ ئەندامی باڵا هەیە کە دوان یەکێتیە دوان گۆرانە یەک یەکگرتوو یەک کۆمەل وە سێ پارتی، کەچی بە پێنج دەنگ بریارە کاریگەریەکان دەردەچێت، واتە ئەو چوار هێزە دەتوانن چیان بوێت بریار بدەن. ئەزانن رۆحی کۆمسیۆن دائیرەی هەڵبژاردنە، وئەو بەشەش لای گۆرانە! وردتر هەموو بەرێوەبەر وفەرمانبەران بە هەمان رێژەی ئەنجومەنی باڵاکە لە نێوان هەر پێنج هێز دابەش کراوە. چوارەم: دەربارەی کۆمسیۆن ئەوەیە ئەو کۆمسیۆنە سەر بە پارلەمانی کوردستانبوو، هەروەها سەرۆکەکەی یەکێتی بوو، کەچی لە تەمەنیا جارێک بەو کۆمسیۆنە نەوتراوە تۆمارێکی پاکی دەنگدەر دروستبکە، بایۆمەتری بکە …تاد. ئیتر ئەوەی کە دەڵێن کۆمیسیۆنی بەغدا باشترە راستە،بە بەراورد بەکۆمیسیۆنی هەرێم. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی کۆمسیۆنی هەرێم وا لاوازکراوە؟ ئەی کە لاوازە ومتمانەیان پێینیە؟ بۆچی بەبێکار ئەو بودجە زەبەلاحەی مانگانەی بۆ موچەوپارەی بارەگا وبەردەستدەروات.؟! وە ئایا کە پارتی ئەمرۆ ئەڵێت بەغدا دژی هەرێمە، ئەی بۆچی خۆی هیچ هەنگاوێکی نەنا؟ نەک بۆ کاراکردنەوی کۆمسیۆن کە لە ۲۱_۱۲_۲٠۱۹ تەمەنی بەسەرچوو تەنانەت جێگای ئەو دوو کۆمسیارەی خۆشی پرنەکردەوە کە لە کۆمسیۆن لەسەر پشکی پارتی شوێنیان چۆڵ ببوو! پرسی رۆژ: رایەک هەیە دەڵێت هەڵبژاردن بکرێت ونەکرێت هیچ ناگۆرێت؟ ئەو باوەرە حەقیقەتێکی واقیعییە؛ بەڵام واقعیەتی حەقیقەت وانیە. راستە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر ئەوانە هەر براوەن لە هەڵبژاردن. بەڵام ئەو براوەیە لە روی کورسیە نەک شەرعیەتی خەڵک، چونکە بە یەکێتی وپارتی ٢٣٪ ی کۆی دەنگی دەنگدەری هەرێمیان نەهێناوە! کەواتە هەڵبژاردن بە دۆست ودوژمن دەڵێ خەڵک ئەوانەی ناوێت! ئەوانە بەناوی دیموکراسیەوە خۆیان سەپاندوە! هەڵبژاردن وایکرد روی راستی گۆڕان وهێزەکانی تر دەربکەوێت! هەڵبژاردن بوو وای کرد مسعود بارزانی بۆی نەبێت خۆی هەڵبژێرتەوە! کەچی بڵێ نارۆم.هەڵبژاردن بوو وایکرد یەکێتی سۆسیال دیموکرات بڵێت قورسایی ئێمە بە کورسی نیە! دواجار بەڵێنەکانی هەڵبژاردنبوو وایکرد درۆکانیان چیتر جێگای باوەڕ نەبێت. بۆیە هەمو کات وتومە تا ئەم ساتە هەڵبژاردن تاکە رێگایە بۆ گۆڕانکاری، بۆیە دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردن بین گەر دەمانەوێت شتێک بگۆرێت گەر کەمیش بێت. پرسی رۆژ: بریاری دادگای ئیتیحادی بۆچی کورسی پێکهاتەکانی نەهێشت، لە کاتێکدا لە داواکە داوای دابەشکردن کرابوو نەک نەهێشتن؟ کاکەلاو تەحسین: دادگای فیدراڵی گەراوەتەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، بەگوێرەی ئەو یاسا بنەرەتیە کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و ئەرمەن دانەنراوە، وە بۆ پێکهاتەی کلدان وسریان وئاشور پێنج کورسی دانراوە، تەنها بۆ یەک خوول. نەهێشتنی کورسی تورکمان وئەرمەن شتێکی چاوەڕوان کراو بوو، چونکە لە عێراق کورسی بە کەمینەی نەتەوەیی نەدراوە، بەڵکو بە کەمینەی ئایینی دراوە. بەڵام هەلگرتنی کورسی کلدان وسریان وئاشور جێگای پرسیارە؟ بەڵام هەڵگرتنی کورسی کلدان سریان ئاشوری، هۆکارەکەی ئەوەیە لە دەستوری عێراق بە دەق رێژەی کورسی بۆ پێکهاتەکان دیاری نەکراوە، هاوشێوەی ئەوەی لە دەستور /۲٥ بۆ ژن دانراوە بۆیە دادگا دەڵێت نا دەستوریە. کەواتە هەر ئەو داوا وبریارە سەردەکێشێت بۆ هەڵوەشانەوەی کورسی کدان سریان ئاشور لە پەرلەمانی عێراق، هەر کات هەر کەس ولایەنێک داوای بکات وداوا بەرز بکاتەوە. پرسی رۆژ: رات وایە پارتی دوای کشانەوەی نوێنەرەکەی لە دادگای ئیتیحادی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات؟ کاکەلاو تەحسین: من وای نابینم پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات، چونکە ئەوە بە زەرەرێکی گەورەی خۆی تەواو دەبێت. جگە لەوەش ئێستا پارتی حەزدەکات کارتەکان تێکەڵ بکاتەوە وسەرلەنوێ حکومەتێکی تازە دروستبکەنەوە، چونکە لە ئێستادا حکومەت قوفڵ بووە. پرسی رۆژ: کەواتە رات وایە هەڵبژاردن دەکرێت؟ کاکەلاو تەحسین: دوو هێز هەیە دەتوانن رێگر بن لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن، ئەوانیش یەکێتی وپارتیە، پارتیمان باس کرد. سەبارەت بە یەکێتیش لە ئێستادا دۆخی ناوەخۆ ودەرەوەی حیزبەکەیان بە باشی دەبینن بۆیە حەز دەکەن بکرێت. پرسی رۆژ: هیچ هێزێک زۆرینەی پەرلەمانی دەهێنێت؟ کاکەلاو تەحسین: بە رەهایی نەخێر؛ یەکێتی و پارتی رکابەریان لەسەر شەست و پێنج کورسی دەبێت، وە یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ،گۆڕان، لستەکەی لاهور، ئەوانی تر لەسەر ۳٥ کورسی شەردەکەن. وە پارتی ۱۱ کورسی کۆتاکانی لە دەست داوە لەگەڵ سێ کورسی حیزبە بچوکەکان کە حیزبی شوعی و سۆسیالست و حیزبەکەی باپیر کامەلا .چونکە بەهۆی چوار بازنەیی حیزبی بچوک ناتوانێ یان زۆر بە زەحمەت دەتوانێ بگاتە پەلەمان. پرسی رۆژ: جگە لە یاسای هەڵبژاردن، چ خاڵێکی تر کە جێگای سەرنج بێت لە بریارەکە هاتوە؟ کاکەلاو تەحسین: خاڵێک کە زۆر گرینگە وزۆر کەم لەهێزو چاودێران لەسەری وەستاون، ئەوەیە کە بێئەوەی لە داواکە هاتبێت وکەس داوای کردبێت، دادگای باڵا بریاری هەڵوەشانەوەی بریای ژمارە یەکی ساڵی ۲٠٠٥ی داوە، بە گوێرەی ئەو بریارە پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی باڵای یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسازەکانە، دیقەت بدەن بە وردی واتە پەرلەمان دەسەڵاتی بریارو یاسای گرینگ وکاریگەری نەماوە! زیاتر وەک ئەنجومەنێکی کارگێریە، بەڵام کۆمیدیاکە لەوەیە کە پەرلەمان زۆرینەی کات لای ئەو هێزانە بووە کە بەرەی دژە پارتین وحکومەتیش لای پارتی بووە. ئەو بریارە چەکێک بوو بە دەست یەکێتی گۆڕان یەکگرتو کۆمەڵ کە هەموو کات داوایان دەکرد پرسە چارەنوسازەکان بگەرێتەوە پەرلەمان، وپەرلەمان مەرجەعە، وهەردەم پارتی دژی ئەو مادەیە بووە. بۆنموونە داوادەکرا پرۆژەی دەستور بگەرێتەوە پەرلەمان، ولە پەرلەمان بریاری لەسەربدرێت، داوادەکرا هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەهەمان شێوە. کەچی ئێستا کە دادگا ئەوەی بە دەرفەت زانیوە وئەو بریارەی هەڵوەشاندۆتەوە، وبە پێچەوانەی جاران پارتی بەرگری لێدەکات، ولایەنەکانی تر دڵ خۆشن یان لانی کەم بێدەنگن بە هەڵوەشانەوەی!

Leave A Reply

Your email address will not be published.