بڕوخێ سیستەمى شەق وەشێن ومافیاودزەکان عبدالرحمن رسول
بڕوخێ سیستەمى شەق وەشێن ومافیاودزەکان
عبدالرحمن رسول
لەمێژووی مرۆڤایەتیدا چەندین قۆناغ و سەردەمى شۆڕش و ڕاپەڕینى خەڵک هەیە ئەگەر ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە ڵێکۆڵینەوەو شیکردنەوەیان بۆبکرێت زۆرلێک دەچن، دەتواندرێت سوودى هەبێت وسوود لێ وەربگیرێت بۆ هەنگاوەکانى داهاتوویی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى باشوورى کوردستان لەدژى سیستەمى چەوسێنەرى خێڵایەتى حیزبى کە بەدرێژایی ٢٦ساڵى دەسەڵاتى حیزبەکانى باشوورى کوردستان تەنها ئامانجیان کۆیلەکردن وچەوسانەوەو هەژارکردنى خەڵکى باشوورى کوردستانە کە بەدرێژەدانى سەرکوت وئیستبداى زۆرو تیرۆرو بزرکردن وڕفاندن وکوشتن گەشەیان بەسەرمایەو دەسەڵاتیان داوە.
لەقۆناغ وسەدەکانى ڕابردوودا بەهۆى بەرزکردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى وگوتنى نابۆچەوسانەوەو سیستەمى کۆیلایەتى وبەهۆى گەشەى وشیارى کۆیلەکانەوە. شۆڕشى کۆیلەکان لەدژى سیستەم ویاساکانى چەوسێنەرى کۆیلایەتى دەستى پێکرد وبەسەرکەوتنى کۆیلەکان وشکستى خاوەن کۆیلەکان شۆڕش سەرکەوتووبوو، قۆناغى کۆیلایەتى کۆتاییهات، کۆیلەکان ڕزگاریان بوو.
لەشۆڕشى ئازادیخوازانەى خەڵکی فەڕەنسا لەساڵی(۱۷۸۹) لە ئەنجامی هەبوونى سیستەمێکى چەوسێنەرو سەرکوتگەرو گەندەڵ ونادادپەروەردا، کەبارودۆخێکى زۆر نالەبارو خراپ لەروویی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وگەندەڵی وفەسادى و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی خەڵک، گەشەدان بەبێکارى و هەژارى وبرسیکردنی خەڵک هەروەها سازکردنى شەڕو بەفیڕۆدانى پارەو سامان لەخەرجییە زۆرەکانی چەند ساڵەی بنەماڵەی دەسەڵاتدارى (بۆربۆن و شاژنەکانیان) بوو. ئەوەى گرنگە ئەوەیە هۆکار و ڕەمزی ئەو گەندەڵی و نادادپەروەرى و برسیەتی خەڵک بریتی بوون لە دام و دەزگای حکومی و پاشایەتی و بەشێک زۆر لە پیاوانی ئایینى کەنیسە وبارەگا سەربازییەکانی کە پارەو سامانێکى زۆریان لەسەرحیسابى خەڵک بۆخەرج دەکرا خەڵکى فەرەنساش بەردەوام ڕۆژ دواى ڕۆژ بارودۆخ و گوزەرانى خراپتر دەبوو، بێکارى وهەژارى گەشەى دەکرد لەبەرامبەریشدا کەسانى ئایینى وبنەماڵەى دەسەڵاتدارو نزیک لەدەسەڵاتدار خۆشگوزەرانترو باشتر دەژیان و سەرمایەدارتر دەبوون. هەربۆیە خەڵکى فەرەنسا چیتر بێ دەنگى نەما بەدەنگى بەرزو بەیەکگرتوانەى خەڵکى ناڕازى هاتنەمەیدان بۆگۆڕانى سیستەمى چەوسێنەرو جیاکردنەوەى دین لەدەوڵەت. ڕق وکینەى خەڵکى فەرەنسا بەجۆرێک بوو کە لەکاتی ڕاپەڕینی خەڵکى فەڕەنسا هەموو ئەو دام ودەزگا سەربازی و حزبی و حکومیانەی هۆکاری برسیەتی خەڵک بوون سوتێنران.
لەسەردەمى شۆڕشى ڕووسیادا هەلومەرجێكی هاوشێوەى باشوورى کوردستان هاتەپێش، کەزۆربەى ئەفسەروسوپاى ڕووسیا ئامادەنەبوون تەقە لەخەڵکى ناڕازى وڕاپەڕیو بکەن پۆل پۆل دەهاتنە ناوڕیزى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى خەڵکەوە. لەباشوورى کوردستانیش زۆربەى ئەفسەر و پێشمەرگەكان ئامادە نین تەقە لەخۆپیشاندەران بكەن، تەنانەت هەڵوێستی توندیشیان هەیە بەرانبەر گەندەڵكاران، لەبەرەى جەماوەرن، بەڵام بەداخەوە هێزێكی پێشڕەو و پێشەنگ بوونی نییە لەباشوورى کوردستان کە بتوانێ ئەم وزەیەى ناڕەزایەتى خەڵک بگۆڕێت بۆ شۆڕش. لە ڕووسیا سەربازان و ئەفسەران فەرمانی تەقەیان پێبوو، بەڵام تەقەیان نەكرد، بەلشەڤییەكان لە هەلومەرجەكە تێگەیشتن، باشترین كات بۆ هەڵگەڕاندنەوەى حكومەت ئەو كاتەیە كە ئەفسەر و سەربازەكانیشی بەقسەى ناكەن و لێی یاخی دەبن.
لەقۆناغى ئێستاى باشوورى کوردستان بەشێکى زۆر لەهێزەکانى پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش زۆر بێزارو ناڕازین لەم سیستەمە چەوسێنەرەى باشوورى کوردستان لەبەرئەوەى ئەوانیش هەروەک فەرمانبەران مووچەکانیان کەمە و هەست بەئازارەکانى خەڵکى ناڕازى دەکەن، بەزۆر دەیان بەن بۆناو شاروشارۆچکەکانى باشوورى کوردستان. بەچەندین پێشمەرگەو پۆلیس وئاسایش نامەى نووسراو بڵاودەکاتەوە، دەڵێ ئەگەرچى بەزۆر هێندراوم بەڵام تەقە لەخەڵک ناکەم، ئەمە جێگاى دەستخۆشى ودڵخۆشییە. کێشەکە ئەوەیە هیچ هێزێكی پێشڕەو و پێشەنگ کە سیکۆلارو ئازادیخوازبێت کە ڕابەرایەتى خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانى خەڵکى بکات زۆر بەداخەوە بوونی نییە. ئەگەر لەهەندێک شوێن وشار هەشبێت بەلاوازى وبێ کاریگەرى هەیە. پڕکردنەوەى ئەم بۆشاییە پێویستى بەهاوکارى و هەماهەنگى سەرجەم مرۆڤە کۆمۆنیست وئازادیخوازو یەکسانیخوازو چەپ وپێشکەتنخوازانى کوردستانە.
لە باشوورى کوردستان بەدرێژایى ٢٦ساڵە حیزبەکانى یەکێتى وپارتى وئیسلامییەکان وحیزبە سێبەرەکانیان ویستوویانە ئەم جۆرە سیستەمە چەوسێنەرە درێژەپێ بدەن، هەر کەسێک ولایەنێکیش ناڕازى بوو شوین بزریان کردو تیرۆریان کرد. ئەگەر لەساڵانى ڕابردو گوێیان لەخەڵکى ناڕازى بگرتایە، بەکردار چاکسازیان دەکرد لەدەسەڵات وسیستەم، بەڵام لەپێناوى پاراستنى بەرژەوەندى حیزبى وبنەماڵەیی و خێڵایەتیان نەچاکسازیان کردو نەدژى گەندەڵى وەستانەوە، بەڵام خەڵکى باشوورى کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ووشیارتر بۆوە دەنگى ناڕەزایەتیەکانى بەهێزتر کرد.
لەسەردەمى ئێستادا زۆر زۆر بەداخەوە خەڵکى ناڕازى لەگەڵ هاتنە سەرشەقامەکانى لەشاروشارۆچکەکانى کوردستان بەشێکى زۆر لەگەنجان و لاوانى باشوورى کوردستان بوونە قوربانى وگیانیان لەدەستدا، بەشێکى زۆریش برینداربوون. لەکاتێکدا سەرەخۆشى خۆم ئاراستەى سەرجەم قوربانییەکان دەکەم وهیواى زوو چاک بوونەوەش بۆسەرجەم بریندارەکانیش دەخوازم. لەگەڵ ئەوەی پشتیوانى خۆم لەسەرجەم خواست وداواکارى یە مەدەنى و شارەستانییەکانى خەڵکى باشوورى کوردستان دەکەم. لەهەمان کاتیشدا هەروەک (گیڤارا گوتویەتى;من لایەنگرى چینەکەمم، چینى هەژاران. ئەوانەى کراسێک بەسەر لەشیانەوە نییە، ئەوانەن جیهان ڕزگاردەکەن، سەرۆک کرێکارێکە لەبەرگێکى پۆشتەدا، نەک دەسەڵاتدارێکى خوێڕى لەکۆشک و تەلارێکى ڕازاوەدا.)
ڕیسوایی وشەرمەزارى بۆئەوحیزبانەى کەدەیانەوێت بەسەرکوت و ئیستبدادى زۆر وبەداخستنى کەناڵى(N R T (ودەست بەسەرداگرتنی ڕۆژنامەنووسەکانى و بەدهستگیرکردنی چالاکوانانى مەدەنى وسیاسى و سهدان هاوڵاتی بێتاوان، تەنها لەبەرئەوەى لەدژى دزى وگەندەڵى وفەسادى وبەفیرۆدانى سەروەت وسامانى ژێرزەوى وسەرزەوى باشوورى کوردستان هاتونەتە مەیدانى تێکۆشانى مەدەنى وشارەستانى، بەڵام پارێزەرانى دەسەڵات بەهێنانی هێزێکی زۆر بهچهکی قورس بۆ ناوشارهکان ئەیانەوێت ئەوجۆرەسیستەمە چەوسێنەرو نادادپەروەر وگەندەڵکارو دزەبپارێزن، ڕێگە بگرن لەهەرجۆرە گۆڕانکارێک لەسیستەمى حکومڕانى کە لەبەرژەوەندى خەڵکى باشوورى کوردستان بەگشتى دابیت. بەدڵنییایەوە ئەمەنیشانەو ئاماژهی کۆتایی ئهم دهسهڵاته فاسیدو ستهمکارهیە، ئهو هێزهی دوێنێ بهرپرسه فاسیدهکان به تهسلیمکردنی کهرکوک و خورماتو شکۆیان شکێندارا، ئهمڕۆ دیسانهوه بههێنانیان بۆناو شارهکان هێندهی دیکه ناشرین دهکرێن، ڕیسواو شەرمەزاردەبن لەلایەن خەڵکى باشوورى کوردستانەوە. داواکارم لهم هێزە چەکدارانە وشیاربن نهبنه قهڵغان بۆ بهرپرسه دزهکان، خهڵکی برسی و بێکار سهرکوت نهکهن و بهئهرکی مێژووی خۆیان ههستن و ویژدانیان ئاسوده بکهن.
پێویستە بەزووترین کات سەرجەم ڕفێندراون ودەستگیرکراوان بەهەربیانوێکەوە بێت ئازاد بکرێن، سهرکهوت و ڕابون و شاسوار و ئهو دهیان گهنجهی دیکه که دهستگیرکراون لەسەرجەم شارەکانى کوردستان هیچ مهترسی نین بۆ سهر کوردستان، دهبێت ئازادبکرێن. ئەوە لایەنى بەرپرسانى باڵای دزو مافیاکانن مەترسین بۆسەرتەواوى کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان کە درێژەدەدەن بەدزی وتاڵانییەکانیان هەتا ئەو جۆرەسیستەم ودەسەڵاتە خێڵەکى وحیزبی یە بمێنێت.
هەنگاو بەهەنگاو قۆناغەکانى ناڕەزایەتى وخۆپیشاندانەکان گۆڕانى بەسەردادێت ئەگەرچى بەهۆی نەبوون ونەهاتنە کایەوەى ڕابەرایەتیەکی دڵسۆزو پڕکاریگەر سەر بەو جەماوەرە زۆرە ناڕازییە، هێشتا چاوەڕێ دەکرێت لەلایەن بەرەی بۆرژوازی تاڵانچی نوێوە زاڵ ببن بەسەر ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیە نوێیەکاندا. لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا لەگەڵ هەر هاتنە مەیدانێکی نوێی جەماوەریدا ئەزمونی زیاتری چینایەتی ئاشنا دەبن. ئەبێ ئەو ڕاستى باشتر بۆخەڵکى ناڕازى ڕوون بکرێتەوە کە نەمەلاکانى ئایینى و نەنوێنەرانى حیزبەکانى بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان لەچەشنى (ئیسلامى یەکان وبزووتنەوەى گۆڕان ) دەتوانن ڕابەرایەتێکى دڵسۆزبن بۆداواکارییەکانى خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەرى شارەکانى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەوحیزبانە بەپێی بەرژەوەندى خۆیان نەک بەرژەوەندى خەڵکى هەژارو ناڕازى خۆیان هەنگاو دەنێن هەروەک بینیمان لە١٧ى شوباتى ساڵانى ڕابردوو چۆن بەسەر پشتى خەڵکى خۆپیشاندەرو ناڕازى دا سەرکەوتن بۆ بوونە ئەندام پەرلەمان و وەزیر. ماوەیەک ئۆپۆزیسیۆن, ماوەیەک لەناوحکومەت ودەسەڵات، چۆن بەرژەوەندییان هەبێت هەروەک حیزبەکانى دەسەڵات هەنگاو دەنێن بەکورتى و بەکوردى هەروەک کەرى ناوجۆگا وان ئەیانەوێت لەهەردوو لابخۆن هەم پۆست وپارەى دەسەڵاتیان هەبێت هەمیش دڵى خەڵکى ناڕازى بۆخۆیان کێش بکەن بۆ کاتى دەنگدان و هەڵبژاردنەکان.
کۆمەڵى ئیسلامى وبزووتنەوەى گۆڕان لە٢٠-١٢-٢٠١٧ کشانەوەى خۆیان لەحکومەت ڕاگەیاند دڵنییام لەبەیانى و یان چەند رۆژیى تر یەکگرتوویی ئیسلامیش کشانەوەى خۆى لەحکومەت ڕادەگەیەنێت، خۆیان دەکەن بەئۆپۆزیسیۆن ودەمراستى خەڵکى نارازى وخۆپیشاندەر.
چەندین ساڵە هەربەم جۆرە سیاسەت دەکەن و دەڵێن دەسەڵات وحکومەت دزو گەندەڵە کە هەڵبژاردن کرا بەهەمان جۆر سیستەمى خێڵایەتى حیزبى (بەش بەشێنە) دەچنەوە ناوحکومەت وپەرلەمان درێژە بەهەڵسوڕانیان دەدەن. خەڵکى باشوورى کوردستان پێویستە دوور لەکاریگەرى ئەم جۆرە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە درێژە بەتێکۆشانى مەدەنى وشارستانى خۆیی بدات وداوای گۆڕینى سیستەمى خێڵایەتى حیزبى بکات، هەنگاوبنێت بەیەکگرتوانەى جەماوەرى بۆ دامەزراندنى سیستەمێکى شارستانى و مەدەنى وئازاد و دوور لەچەوسانەوەو کۆیلایەتی و نابەرابەرى. دەنا بەپێچەوانەوە خەڵکى ناڕازى وخۆپیشاندەر داهاتوی خۆیی تەسلیمى ئەم بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە بکات ئەم نارەزایەتى وخۆپیشاندانانەى رۆژانى قۆناغى ئێستا هەروەک ١٧ى شوباتى ساڵانى ڕابردوویی لێدێتەوە. ئەمانە بەسەرپشتى خەڵکى ناڕازى وهەژاروخۆپیشاندەر سەردەکەون.
باشترین بژاردەو چارەسەر بۆسەرکەوتن گەیاندن و بەدیهێنانى ئامانج وخواستەکانى خەڵکى ناڕازى بەسیستەمى ئەمرۆیی چەوسێنەرو گەندەڵکار ئەوەیە خەڵکى شارو شارۆچکەکان دوور لەتوندوتیژى درێژە بەخۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانى خۆیان بدەن، خەڵکى شاروشارۆچکەکان خۆیان ئەنجومەنى شورایی خەڵک دابمەزرێنن ولەڕوویی ئیدارییەوە دەسەڵاتى خۆیان جێگیر بکەن وشورای وگەرەک وشارەکان دابمەزرێنن وسیستەمێکى باشتر جێگیر بکەن و هەرخۆشیان بەرگرى لێ بکەن و بیپارێزن لەتەدەخولکردنى دوژمنان وداگیرکەرانى ناوچەکە (کە دەوڵەتانى ئێران وعێراق وتورکیا لەدەرفەتێک دەگەڕێن دژایەتى زیاترى خەڵکى کوردستان بکەن). ئەم بارودۆخەى ئێستا کەهاتۆتە پێش ناکرێت وناگونجێت بەبێ ڕێکخستنى جەماوەرو دانانى میکانیزمێکى شارستانى ومەدەنى بۆ ئێستاو قۆناغەکانى داهاتوو بڵێین ئامانج وداواکارییەکان بەدەست دێت وخەڵکى باشوورى کوردستان دەچێتە قۆناغێکى باشتر لەئەمرۆ.
ئەوانەى قسەو دروشم دەڵێنەوە لەناو خۆپیشاندەراندا پێویستە بەجۆرێک بێت کەخزمەت وسوود بگەیەنێت بەسەرکەوتن گەیاندنى خواست و ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى خۆپیشاندەر کەچەندەها قوربانیان لەپێناوى گۆڕینى ئەم سیستەمە چەوسێنەرە داوە. لەبەرژەوەندى خەڵکى باشوورى کوردستاندا نییە کە هیچ خۆش خەیاڵێک بەبەڵێن وپەیمانەکانى دەوڵەتى عێراق ببەسترێت هەروەک حکومەتى هەرێمى باشوورى کوردستان. خەڵک لەژێرسایەى دەوڵەت وسیستەمى ئیسلامى عێراقدا بارودۆخى گوزەرانیان لەخەڵکى باشوورى کوردستان باشتر نییە بەڵکو زۆر خراپتریشە. لەدوایی ساڵى ٢٠٠٣ چەندین گەرەکى هەژارنیشن دروست بوون کەخانەوەکانیان لەکەلاوە دەچێت لەسەرەتایترین پێداویستى خزمەتگوزراى بێ بەشکراون. ساڵ لەدوایی ساڵ ڕێژەى گەشەى بێکارى وهەژارى زیاد دەکات لەژێرسایەى سیستەمى دەوڵەتى ئیسلامى عێراقدا. بەمانایەکى تر پێویستە خەڵکى خۆپیشاندەرو ناڕازى تەنها پشت بەخۆیان وبەرەى ئازادیخوازان ویەکسانیخوازانى باشوورى کوردستان ببەستن.
بەپێچەوانەوە ئەگەر بگوترێت چۆن هاتووە با وابڕوات، هەرچى دەگوترێت ودەکرێت با بکرێت وتوندوتیژى وکوشتن دەبێ بابێ ئەوا بەدڵنییایەوە ئایندەی باشوورى کوردستان لەئێستاو لەساڵانى ڕابردوو زۆرخراپتر دەبێت دوژمنان وداگیرکەران وگەندەڵکاران ومافیاکانى ناودەسەڵات زۆر باشتر بارودۆخیان بۆ لەبار دەبێت هەتاوەکو بەئارەزویی خۆیان خەڵکى باشوورى کوردستان کۆیلەو چەوساوەو سەرکوت بکەن. گۆڕینى کەسەکان لەناودەسەڵات گرینگ نییە، گرینگ گۆڕینى سیستەمى چەوسێنەرو نابەرابەرو دزو گەندەڵکارە بەسیستەمێکی سیکۆلارو شارستانى وئازاد ودوور لەچەوسانەوە. هەربۆیە پێویستە لەیەکەم هەنگاو بۆ داهاتوو خەڵک ئامادەسازى بکات بۆهێنانەدى کۆمەڵگایەکى باشترو ئازاد.
خەڵکى باشوورى کوردستان ماوەى چەندین ساڵە بێ دەنگى شکاندووە لەئاست چەوسانەوەو نابەرابەرى ودزى و گەندەڵى بەرپرسانى حیزبەکانى پارێزەرى سیستەمى خێڵایەتى وبنەماڵەیی وحیزبى دا. ڕێپێوان وخۆپیشاندانى ساڵانى ڕابردوی چین و توێژە جیاوازەکانى مامۆستایان وخانەنیشینان وکرێکاران ودەستفرۆشان وژنان ولاوان سەرجەم بەشەکانى کۆمەڵگە، وجودى هەبووە. قوربانى زۆریش دراوە لەپێناوى بەدیهانانى ئامانج وداواکارى وماف وئازادییەکان. لە١٧ى شوباتى ڕابردوو چەندین قوربانى لێکەوتەوە بەچەندین هەڵسوڕاوى سیاسى ورۆژنامەنووس وچالاکوانى مەدەنى بەهۆى هەڵسوڕانیانەوە لەپێناوى بەدیهێنانى ئایندەیەکى باشترى خەڵکى باشوورى کوردستان بوونەتە قوربانى و تیرۆرکراون.
لەساڵانى ڕابردوو چەندین حیزب سوودى زۆریان لەناڕەزایەتى وخۆپیشاندانەکانى خەڵک وەرگرت وئەندام پەرلەمان و وەزیریان چوونە ناوحکومەتەوە، بەڵام خەڵکى ناڕازى هەژارو کرێکارو فەرمانبەر هیچ سوودى نەبینى بەڵکو زۆر زیانى بەرکەوت لەبەرئەوەى موچەکەى کرایە نیوەمووچەو جادەو کۆڵان و گەرەک وشاروشارۆچکەو دێهاتەکانى بێ خزمەتگوزراى مانەوە.
ئەگەرئەم جارەش خەڵکى خۆپیشاندەرو ناڕازى شارو شارۆچکەکانى باشوورى کوردستان لەساڵانى ڕابردوو ووشیارتر نەبێت بەرامبەر سەرجەم حیزبەکانى باشوورى کوردستان ئەگەر وشیار نەبیت بەرامبەرحیزبەکانى دەسەڵاتدارو حیزبەکانى بەناو ئۆپۆزیسیۆنى دوێنێ کەتائێستاش وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانیان لەناوحکومەتدان کە ئێستا بەو حکومەتە خۆیان دەڵێن حکومەتى دزو گەندەڵکار. پێویستە خەڵک زۆر وشیاربێت بەرامبەرئەم حیزبانە کەخەڵکى کرێکارو هەژارو فەرمانبەر نەکەنە پرد بۆخۆیان بەسەرى دا بۆدەسەڵات بپەڕنەوە.
ئەبێت خەڵکى ناڕازى وخۆپیشاندەر ئەوەندە وشیاربێت کەبتوانێت بەباشترین شێوەو جۆر هەنگاو بنێت بۆ کۆتایهێنانى شەق وەشێن ومافیا ودزو گەندەڵکاران وبەدیهێنانى ئامانج وخواستە ئینسانییەکانى. سازش لەسەر هیچ نەکات هەتاوەکو سەردەکەوێت ئەمەش پێویست دەکات کەسوود وەرگرن لەهەڵەو کەموکوڕییەکانى خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکانى ساڵانى ڕابردوو کە بۆچى و لەبەرچى سەرکەوتوو نەبووە وئامانج وخواستە ئینسانییەکان بەدی نەهاتوون.
لەناوئەنجومەن وشوراکانى خەڵکدا کە لەداهاتوودا پێویست دەکات دروست بکرێن، هەفتانەو مانگانە کۆبوونەوە وبەرنامەسازى خۆیان لەبوارى کارگێرى وئیدارى خزمەتگوزرارییەکان بەڕیوەبچێت. بەمەش خەڵک خۆیى دەتوانێت دوور لەدزى وگەندەڵى بەجۆرێکى مەدەنى وشارستانى هەنگاو بۆداهاتوو بنێت وخۆشى بەشداربێت لەدەسەڵات. ئەبێت ئەوە بزاندرێت بەبێ ڕێکخرابوون وڕێکخستنى خۆپیشاندانەکان بەشێوازێکى شارستانى ومەدەنى هیچ جۆرە ئامانج وخواست ومافێکى ئینسانى بەدی نایە، تەنها ژمارەى قوربانییەکان بۆئایندە زیاد دەکرێت کەئەمەش جارێکى تر خەڵکى ناڕازى وچەوساوە بەرەو بێ ئومێدى زیاتردەبات. هەربۆیە پێویستە سەرجەم ئازادیخوازان ویەکسانیخوازان وچەپ وکۆمۆنیستەکان باشتر لەساڵانى ڕابردوو بەهاوکارى یەکترى وپشتیوانى خۆپیشاندانەکان بن وڕابەرایەتى خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان بکەن بۆئەوەى سەرجەم ناڕەزایەتى وخۆپیشاندانەکان بەرەو ئاراستەو داهاتویەکى باشترو شارستانى ومەدەنى وملبنێ وسەرجەم خواست ومافە مەدەنى وشارستانییەکان بەدى بهێندرێت.