هەشتی مارسی شکۆدار لە ناو درۆی سەرکردەکانی بۆرژوازی کورددا!

0

بەبۆنەی هەشتی مارس رۆژی رەتکردنەوەی ئاپارتایدی جنسی و رەمزی وەستانەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دژ بە ستەم و بێمافی و چەوساندنەوە و هەڵاواردن، هەڵسوڕاوانی ژنان و تیکۆشەرانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانیدا، بە چەند رۆژ پێش هەشتی مارس هاوشانی هەڵسوراوان و ریکخراوە ژنانە یەکسانیخوازەکانی دنیا، خەریکی خۆ ئامادەکردن بۆ ریزگرتن لە هەشتی مارس بوون… بەشێک لەو تیکۆشەرو هەڵسوراوانە سەردانی گۆرستانی بێناو نیشانی ژنانیان کرد، کە رەمزی درندەیی پیاوسالاری و سیمای هەرە قێزەونی دەسەڵاتی سیاسی دژە ژنە، کۆبۆنەوەیەکیان لەسەر گڵکۆکەیان سازکرد… کۆبونەوەی ئەو ژمارەیە لە ئینسانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز لەسەر گڵکۆی ژنانێکی خاوەن ناسنامە لێ سەندراوە، کوژراو و سوتێنراو و نەفرەتلێکراو لەلایەن پیاوسالاری و شەرف پاریزەران و لە سایەی دەسەڵاتی دژە ژنی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، نەک تەنها نیشانەی رەتکردنەوەی پیاوسالاری و درۆی شەرەفپاریزی بوو لەلایەن پیاوانی خاڵی لەهەر بەها و مۆرالێکی ئینسانی، بەڵکو نیشاندانی رەتکردنەوەی دەسەڵاتی دژە ژن و رێزگرتن بوو لە شکۆی ژنان و خۆشەویستی و ئازادیان، کە ئەم ژنانە بەهۆیانەوە نەک هەر گیانیان لێ سەندراوەتەوە، بەڵکو ناسنامەکەشیان لێوەرگیراوەتەوە، کەچی بوونەتە رەمزی دەسەڵاتی دژە ژن و دژە خۆشەویستی..

لە رۆژی هەشتی مارسیشدا، چەندین لایەن و هەڵسوراوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، کۆبونەوەیەکی شکۆداریان لەسەرای ئازادی بەڕیوەبرد و پاشان بە وتنەوەی چەندین دروشمی ئینسانی خواست ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازانە کەوتنە رێپێوان بەرەو پارکی نالی… ئەم کۆبونەوە و رێپێوانە شکۆدارە لە فەزای گشتی کۆمەڵگەو لە جەرگەی شاردا، بەو ناوەڕۆکە ئینسانی و یەکسانیخوازییەوە، دوبارەو چەندبارە ئامادەیی بلۆکێکی ئینساندۆستی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەدا بەدژی ستەم و بێمافی ژنان و جیاکاری و بەدژی کۆنەپەرستی و دەسەڵاتی دژە ژندا، خستەوە ڕوو.

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە کاتێکدا ئەم چالاکیانەیان ئەنجامدا، کە سەرانی ورد و درشتی حزبە بۆرژازییەکان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، ساڵانە لەبەرامبەر بە سوکایەتی و توندوتیژی و بیمافی و تەنانەت تیرۆری ژناندا بێدەنگن، کەچی لە هەشتی مارسدا فرمێسک بۆ ژنان و خەباتیان هەڵدەوەرێنن و پەیمانی بەرگری لە مافەکانی ژنان دەدەن. ئەوە لە کاتێکدایە مۆتۆر و بڵندگۆی دژە ژنی مەلاو سەلەفیەکان، رەوتە ئیسلامیەکان، بۆ سوکایەتی و بێرێزیکردن بەژنان و بە کۆیلە نیشاندانیان، بێ وەستان دەچەرخێ. ئەوە لە کاتێکدایە گۆرستانی ژنانی بیناو نیشان و زوڵمێک کە لەو ژنانە کراوە، هاوارو ناڵەیان دەبیسترێت. ئەوە لە کاتێکدایە کوشتنی ژنان بەردەوام و بەهەزاران ژن لەژێر سایەیاندا کوژروان کەچی لەرێگای یاسای هەر ئەم دەسەڵاتەوە بکوژانی ژنان ئازاد دەکرێن و زیندانەکانیان خاڵین لە بکوژی ژنان.

ریزگرتن و بە فەرمی ناسینی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وەکو هەموو کۆمەڵگەیەکی تری دنیا، نەریتیكی حاشاهەلنەگری نەنووسراو و پیادەکراوی کۆمەڵگەی کوردستانەو هەشتی مارس و رێزگرتن لەم رۆژەش بۆتە نەریتێکی جێکەوتووی جێگا شانازی. ئەم نمایشەش کە ئەمساڵ ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز نیشانیاندا، رەتکردنەوەی بێمافی و ستەمی سەر ژنان و هەڵاواردن  وهاوکات نەفرەتی ریكخراو بوو بە دەسەڵاتی دژە ژنی بۆرژوازی کورد.

گومان لەوەدا نییە ستەم کیشی و بێمافی ژنان ریشەی لە نیزامی سەرەوخواری چینایەتی و سەرمایەداریدایە، و یەکسانی هەمەلایەنەو واقعی ژنان بەندە بە کۆتاییهێنان بەم نیزامە، بەڵام خەباتی رۆژانەو بەردەوامی ژنان بۆ مافەکانی ئێستایان و دژ بە زوڵم و ستەم و بێمافی و جیاکاری، جیاناکرێتەوە لە خەبات بۆ کۆتایهێنان بە سیستەم سەرمایەداری. بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.