ڕەوەندێک کە بەرەو کۆتایی دەڕوات…بڕیارە تازەکانی دادگای باڵای فیدراڵی… عەبدوڵا مەحمود

0

٢١ی ئەم مانگە دادگای فیدرالی پاکیجێک بریاری تایبەتی دەرکرد… لەوانە بریاری گواستنەوەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بانکە فیدرالییەکان. بڕیاری کەم کردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کورسیەوە بۆ ١٠٠ کورسی. بریاری بەڕیوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن کۆمیسیۆنی ناوەندەوە. بریاری بە بازنەکردنی هەڵبژاردنەکان…

ئەم بریارانەی دادگای باڵای فیدرالی، لە درێژەی بڕیارەکانی پیشووی دەسەڵاتی ناوەندی دایە، لەچوارچێوەی جێخستنی دەسەڵاتی فیدرالی بەسەر عێراقدا، بەتایبەتیش گێرانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و حقوقی و ئەمنی هەرێم، بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتی بەغداو بەردەوامیش دەبێت.

دادگای فیدرالی لە یەکەمین بریارەکانی خۆیدا، دۆسیەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی لەدەستی دەسەڵاتی هەرێم دەرهێنا و کۆتایی بە پایەی سەرەکی ئابوری سەربەخۆ، هێنا. دواتریش کۆتایی بە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەوانییەکان ‌هێنا و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی خستە بۆشایی یاسایی و حقوقییەوە.

ئەم بریارانەی ٢١ ئەم مانگەش دران، لە درێژەی بریارەکانی پیشوودان بۆ هەمان ئامانجی، قوڵفدانی دەسەڵاتی هەرێم.

بریاری گواستنەوەی دابەشکردنی موچە لە دەستی دەسەڵاتی هەرێمەوە بۆ بانکە فیدرالیەکان… دەستی دەسەڵاتی سیاسی خاڵی کردەوە لەوەی بە ئارەزووی خۆی و مامەڵە بە داهات و بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمەوە بکات و هەر کات ویستی موچە دوابخات و لێی بقرتێنێ. بەڵام ئەمە تەنها لێکەوتەی یاسایی و حقوقی نییە، بەڵکو سەندنەوەی دەسەڵاتی سیاسیشە لە بۆرژوازی کورد. یەکێک لەو کارانەی بەدوای دەرهێنانی دۆسیەی نەوت لای دەسەڵاتی هەرێم مابۆوە، دابەشکردنی موچە!! بوو، ئیتر ئەم مەئموریەتەشی لێ سەندرایەوە. دیارە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە دوای ئەوە دەچێتە بواری کردارییەوە و نۆرمی خۆی وەردەگرێت، کە وردبینی لە لیستی موچەخۆراندا بکرێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت، کە لیستی ناوی کادرانی حزب و بندیوار و چەند موچەیی … کۆتایی پێدەهێنێت و خودی ئەوەش گورزێکی تر دەبێت لە پێگەی حزبە باڵادەستەکانی بۆرژوازی کورد. جیا لەوانە پرسی دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا لە رێگای بانقەکانی عێراقەوە دەتوانێت یەکێک لە کیشە سەرەکیەکانی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکات و کە لەساڵی ٢٠١٤وە بۆتە مۆتەکەی سەر ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام دیارە ئەوە بەو مانایە نییە بۆرژوازی عێراقی لەبەر خاتری موچەخۆرانی هەرێم ئەم بریارەی دابێت، بەڵكو پرۆسەی یەک دەستکردنەوەی دەسەڵات لە ئاستی ناوەندی و پێداویستی سەرمایە لە عێراقدا، ئەوە دەخوازێت. سودمەندی سەرەکی و بۆرژوازی و بانقەکان دەبن و ناسیونالیزمی کوردیش کە تائیستا پرسی موچەی لەدەستدا بوو، کۆتایی دێت و خۆیشی دەبێتە موچەخۆری دەسەڵاتی ناوەندی.

 بریاری دووەمی دادگای فیدرالی کەم کردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو، کەم کردنەوەی ئەم کورسیانە و نەهێشتنی کورسی کۆتاکان، کە لەهەموو خولەکانی پەرلەمانی کوردستاندا و لەڕیگای رێکەوتنی سیاسییەوە، بریاری لیدەدرا و لەو نێوەدا بەسودی پارتی دەشکایەوە… بەجیا لەوەی پارتی لەو ئیمتیازە بێ بەش دەکات، بەڵام بریارێکی لەم جۆرە لە پەیوەند بە هەڵبژادنی کوردستانەوە کە پێشتر بۆرژوازی کورد و حزبەکانی خۆیان ڕیکەوتنی سیاسییان دەکرد و توانای بریاردان لەناو ماڵی خۆیاندا بوو، ئیستا ئیتر بۆرژوازی کورد مافی ئەوەی نییە، بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت بریار بدات و ڕیکەوتنی سیاسی بکات و هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان وەکو کایەیەکی سیاسی و لەململانێی حزبیدا بۆ گۆرینی باڵانس بەدەستەوە بگرێت، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی ناوەندە هەژموونی خۆی و بریاری خۆی لەچوارچیوەی عێراقدا بەدەستەوە دەگرێت.

بریاری سەندنەوەی مافی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەدەستی دەسەڵاتی هەرێم و گواستنەوەی بۆ ژێر دەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بریارێکی ترە، کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە قاڵب دەدات و ئیر مافی ئەوەی نییە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی بکات… ئەم بریارە بەجیا لەوەی کۆتایی بە بەشیک لە کیشە و پشکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و ململانێی نێوانیان دەهێنێت، بەڵام هەموو دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ملکەچی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکات و ئیتر دەکەوێتە ژێر رەحمەتی دەسەڵاتی فیدرالیەوە.

بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی بازنەیی لە هەرێمدا، بریارێکی تری دادگای فیدرالی عێراقە. ئەم بریارە واتە ئەوەی دەستور بڕیار دەدات و مافی هەیە چۆنیەتی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات، چیتر بارەگای حزبەکان و سەرکردەکانی نین، بەڵکو ئەوە لەدەستی دەسەڵاتی ناوەندە…

سەرجەم ئەو بڕیارانە کە لە رێگای دادگای فیدرالیەوە لەدژی دەسەڵاتی هەرێم دراون، لە چوارچیوەی پرۆسیسی جێخستنی فیدرالیزەکردنی عێراقدا و لە هەلومەرجێکی تازەدا دەچنە پێشەوە وەکو ڕیگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموون و باڵادەستی حزبی و دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان.

دیارە هەوڵەکانی بۆرژوازی عێراقی بۆ جێخستنی فیدرالیزم و پابەندکردنی حزب و لایەنە سیاسیەکان بەدەستور، تەنها رووی لە کوردستان و دەسەڵاتی هەریم نییە، بەڵکو رەوەندێکە بە ئاقاری گێرانەوەی ئارامی و ئاسایش و جیگیری سیاسی و لەسەرتاسەری عێراقدا، بەڵام قوربانی سەرەکی لەم نێوەدا دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە.

بۆرژوازی کورد کە لەسەر بنەمای لاوازی پێشتری ناوەند و خۆبەستنەوە بە ئەمریکاو غەرب و ولاتانی ناوچەکە، ئومێدی هەڵچنیبوو، لە ئێستادا هەموو ئەوانە لەبەردەم ئابدیت و ئاڵوگۆردان و هەرکامیشیان ناوەند بە مەبنای پەیوەندی فەرمی دەزانن و مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ هەرێم ناکەن، جیا لەوانەش ئەوان دەخوازن عێراقێکی یەکگرتوو، سەراسەری و سەقامگیر جێگەی پشێوی و پارچە پارچە بوون بگرێتەوە.

   ئەم رەوتەی لە عێراقدا وەڕێکەتووە، لەگەڵ ئەوەدا بێ گرفت و کیشە  و دەستێوەردان نییە، بەڵام رەوەندێکە دەچێتە پێشەوەو دەسەڵاتی بۆرژوای کورد لە قاڵبی ناوەندیدا جێ دەخات یان ناچار بە کاردانەوەو گرتنە بەری ڕیگایەکی تری دەکات… بەڵام ئەوەی تا ئێستا ڕۆشنە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد سەرباری نیگەرانی و هەستکردنی بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەی، لەهەوڵی خۆجوتکردن بە بەغدادایە.

تا ئەو جێگایەش بە خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەم رەوەندەی لە عێراق وەڕێکەتووە و لەڕیگای دەستور و فیدرالیزەکردن و قوتبی کردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند لەڕیگای بریاری یەک بەدوای یەکدا دەچێتە پێشەوە… دوور و نزیک لەچوارچێوەی خزمەت بەخەڵکی کوردستاندا نییە، بەڵکو پەیوەندە بە لەقاڵبدانی دەسەڵاتی هەرێمەوە و خەڵکی کوردستانیش نابێ هیچ خۆشباوەریەکیان بە سیاسەت و نەخشەکانی بەغدا هەبێت… خراپی و قیزەون بوونی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی هیچ رەوایەتیەک نادات بە دەسەڵاتی عروبی و ئیسلامی عێراقی. دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراقدا بە هەمان شیوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەسەڵاتێکی دزو تاڵانچی و نۆکەر پیشەییە و لە خزمەتکردنی بە خەڵکی خوارو ناوەراستی عێراقدا نیشانی داوە، کە دەسەڵاتێک نییە لە خزمەت بە چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی عێراقەدا، خۆ ئەگەر خەڵکی ناوەراست و باشوری عێراق، کێشەی نان و خزمەتگوزاریی و ماف و ئازادییەکان و یاساو مافی هاوڵاتی بوونی هەیە، ئەوا خەڵکی کوردستان بەجیا لەوانە کێشەی سیاسی چارەسەرنەکراوی هەیە، کیشەی نەتەوایەتی و دیاریکردنی ئاییندەی سیاسییەکەی هەیە…

چینی کریکار و جەماوەری بیبەشی عێراق و کوردستان، لە بەرامبەر بەدەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقی بە “کورد و عەرەب و سونی و شیعی” وە، بەرەو ڕووە، بۆیە هاوخەباتی نێوانیان، ئەرکێکی گرنگ و چارەنووسازە بۆ رووبەرووبونەوەی سەرجەم خێرانی بۆرژوازی و سیاسەتەکانیان.      

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.