ئاراستەی خۆپیشاندان

0

ئاراستەی خۆپیشاندان

شوان عەزیز

خۆپیشاندەران بە مانەوەیان لەبەردەرکی سەرا مێش نابێتە میوانی دەسەڵاتداران.

لەسەرەتای نەوەتەکانەوە، بە دیاریکراوی لە تەجروبەی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردوستانەوە تاکو ئەوەی ئێستای بەناوی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمەوە، خەڵک بۆی دەرکەوتووە هەر هەموویان کابینەی حکومی حیزبی بوون. ئەو کابینە یەک لەدوای یەکانە هەر هەموویان لە لایەن حیزبەوە سەرپەرشتی کراون و وە لەلایەن حیزبیشەوە فەرمانیان وەرگرتووە. بەهەمان شێوە پەڕلەمانەکەش هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە دامەزراوەیەکی سیاسی  کارتۆنی بۆ بە یاساییکردنی تەواوی جموجۆڵ و کارەکانی کابینە حکومییە یەک لەدوای یەکەکان.

لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە خەڵک هیچ دەست و دەسەڵاتێکی لەبەڕێوەبردن و بڕیارداندا نەبووە لە کوردوستاندا. ئەوەی کە بڕیار بەدەست بووەو هەموو دامو دەزگا بەناو حکومی و پەڕلەمانیەکانی ئاراستە کردووە تەنها حیزب بووەو لە نێو حیزبیشدا مەکتەب سیاسی و لە نیو مەکتەب سیاسیسیشدا سەرۆک و بنەماڵە بووە. لەم دواییانەشدا ئیتر گروپ و کەس و تاقمیش لەنێو هەندێک حیزبدا دەرکەوتن کە هێندەی دیکە وڵاتیان بەرەو بێ دام و دەزگایی حکومی برد.

بۆیە ئەو دام و دەزگا حکومیانەی کە دەبینرێن لە شکڵی وەزارەت و پارێزگاو ناحیەو قائیمقامیەت هیچ کامیان توانای ئەوەیان نییە بە کرداری هیچ وەڵامێکی ئیجابی بدەنەوە بە خۆپیشاندەران. ئەوە ئەو دامو دەزگایانە نەبوون کە خەڵکی کوردوستانیان بەوڕۆژگارە گەیاندووە، بەڵکو ئەوە حیزبە هاوبەشەکانی نێو دەسەڵاتی کوردی بوون ، دیارە بە ڕێژەی جیاواز، کە سەبەبی ئەو نەهامەتیانەن کە بەسەر خەڵکی کوردوستان هاتوون وە هەر ئەوانیشن کە دەبێت خۆپیشاندەران ڕووی خۆیان بۆ ئاراستتە بکەن .

بە واتایەکی ترو زۆر بە سادەیی: مێژووی خۆپیشاندانەکان دەری خستووە کە ئەگەر بێت و بە دەیان هەزار کەس لەبەردەرکی سەرا بۆ سەدان ڕۆژ چادر و خێمە هەڵداو لەوێ بمێنێتەوەو قسەوباس بکات و هاوار بکات پڕبەدەنگی خۆیان، دڵنیابن دەسەڵات مێش میوانی نابێت وە ئەوان بەم شێوەیەیان دەوێت و ناوزەدیشی دەکەن بە خۆپیشاندانی هێمنانە.

دەسەڵات دەیەوێت خەڵک واتێبگات کە ئەوە حکومەتە بێتوانایەو گەندەڵەو دزەو ناتوانێت وەڵام بەداواکاری خەڵک بداتەوە. دەسەڵات دەیەوێت بە خەڵک بڵێت: بۆ ئاو، کارەبا، موچە ، ڕێگەوبان وە تەواوی خزمەتگوزاریەکانی تر فەرموو ئەوە  حکومەتت هەیەو بچۆ داوا لە حکومەت بکە نەک لە حیزب. حیزب پێی خۆشە تۆ بچیت لە بەردەم دەزگای حکومی ڕابووەستی و داواکاریەکانت ئاراستەی ئەوان بکەی. حیزب دەیەوێت خۆپیشاندەران بچن بقیژێنن بەسەر بابای مودیر ناحیەو قائیمقام و پارێزگارو وەزیرەکاندا ، نەک بڕۆن هاوار بکەن بەسەر کۆمیتەو ناوچەو لق و مەڵبەند و مەکتەب سیاسی و سەرۆک حیزبەکاندا. بەڵام برادەرانی خۆپیشاندەر بە بۆچوونی من ئەم بۆچوونەی ئەوان لە کوردوستاندا دروست نییەو کوردوستان سیستەمی موئەسەساتی نییە. ئەوە دەکرێت لە وڵاتێکی ئەوروپی و ڕۆژئاواییدا خۆپیشاندەران ڕووبکەنە حکومەت . بەڵام لە کوردوستاندا پێچەوانەیە.

کورتەی مەبەست ئەوەیە: هەرچی نەهامەتەیەک بەسەر خەڵکی کوردوستاندا هاتووە هۆیەکەی حکومەت و دامو دەزگای حکومی و پەڕلەمان نییە. ئەوانە درووستکراو و دامەزراوی دەستی حیزب و سەرۆک حیزبن. بۆیە ئەوە حیزب و سەرۆکی حیزبە دەتوانن وا بکەن کە ئەم دام و دەزگا حکومیانە کاری جیددی خۆیان بکەن وە خزمەتی خەڵکی کوردوستان بکەن. کەواتە دەبێت فۆکەس بخرێتە سەر حیزب و دامو دەزگا حیزبیەکان.

کەواتە ئەگەر خۆپیشاندەران هێرشەکانیان بۆسەر دامو دەزگای حکومی بەردەوامی پێبدەن هیچ ناکەن بێجگە لە پێدانی پاساو بە دەسەڵات کە ناوزەدیان بکات بە شڕەخۆرو ئاژاوەگێڕو دژە دامو دەزگای حکومی.

بۆیە لە جیاتی ڕاوەستانیان لەبەردەرکی سەراو هاوارکردن لەوێ و تۆمەتبارکردنی دامودەزگا حکومیەکان، بە نەزەری من دەبێت ڕووبکەنە دامودەزگا حیزبیەکان و بە تایبەتیش مەکتەب سیاسی و بنکە گەورەکانی سەرانی حیزب کە بڕیاری کۆتایی لەلای ئەوانە. (بەڵام ئەمە دەبێت خۆی بۆ ڕێک بخرێت نەک هەر بە ڕاکردن و هات و هاوار. دڵنیابن ئەوانە دەکوژن وە خەمی هاووڵاتیانیان نیە). ئەم بۆچوونەی من لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە مێژوو دەری خستووەو بەڵگەکانیش دەریان خستووەو خۆشیان و خەڵکیش دەزانێت کە لە کوردوستاندا حکومەت نییە، بەڵک و حیزب هەیەو لەسەرووی حیزبیشەوە مەکتەب سیاسی و سەرۆک هەیە. کەواتە با خۆپیشاندەران فشارەکانیان ئاراستەی مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حیزبەکان بکە. بەرپرسی هەموو نەهامەتیەکان ئەوانن خۆشیان ئەمەیان ڕاگەیاندووە. پارە لای ئەوانەو بڕیار لای ئەوانە نەک لای پارێزگار، وەزیر، مودیر ناحیەو قائیمقام..

Leave A Reply

Your email address will not be published.