پرسی ڕۆژ: لە ساڵڕۆژی ئازادکردنی زیندانیانی زیندانی ئەمنەسوورەکە لەسلێمانی؟ دکتۆر کامەران قەرەداغی وەڵامی ئەم پرسەی داوەتەوە… 

0

د.کامەران قەرەداغی: ئەمنەسوورەکەی سلێمانی؛ شوێن وناوێکی ئاشنا بەخەڵکی شار. زۆرینەی خەڵکی ئەوشارە سەرگوزەشتەی خۆی یان کەسێکی نزیکی لێ بیستووە. هەربۆیەش لەڕاپەڕینی ١٩٩١ یەکێک لەئامانجی خەڵک رزگارکردنی زیندانیەکانی ئەمنەسوورەکە وبەسزاگەیاندنی بەڕێوەبەران وسەرانی ئەودەزگایە شوومەبوو.

کتێبی” رۆژژمێری دکتۆرێک لەزیندان” لە٦ی ئەیلوول ی ١٩٩٠تاوەکو  ٨ی ئازاری ١٩٩١ لەنووسینی” دکتۆر کامەران قەرەداغی”یە. کاتێک دەیخوێنیتەوە هاوسەفەر دەبیت بۆ ناوئەمنەسوورەکە، لەگەڵ هاوڕێیانی زیندان تێکەڵ بەئازار و ترس وخەم وپێکەنین وخۆراگری…تاد دەبیت، و لەگەڵ نان خوارد و سەرئاو و نووستن و ئەشکەنجە وئازایییان هاودەم دەبیت.

بۆساڵڕۆژی ئازادکردنی زیندانیانی ئەوزیندانە لە٨ی ئازاری ١٩٩١ پێمباشبوو خوێنەرانیش خۆیان ئەوکتێبە بخوێننەوە کەپڕیەتی لەچیرۆک و سەرگوزەشتە و وێنەی مێژوویەک لەسەرکوتی بەعس وخۆراگری کەسانی سیاسی ولەنێویاندا کۆمۆنیستەکان. هەروەها لەپرسی ئەم ژمارەیەدا بەپێویستمزانی د.کامەران خۆی بدوێنین بەوەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک:

پرسی رۆژ: زیندانی ئەمنەسوورەکە چمان پێدەڵێت؟

د.کامەران قەرەداغی: ئەمنە سوورەکە پێش ئەوەی زیندان بووبێت ڕەمزی چەوسانەوە وزوڵم وتۆقین بوو، ڕەمزی دەسەڵاتێکی لەبن نەهاتووبوو کە تیایدا کۆنترۆڵی نەک شارێک بگرە زۆربەی کوردستانکرابوو، ڕەمزی داگیرکاری خاک و مرۆڤ بوو، رەمزی مرۆڤە بێویژدان و بێڕەحمەکان بوو. زیندانێکی لە بن نەهاتووی بێبن بوو کە کەس نەیدەزانی چۆن ولە کوێوە دەچیتە ژوورەوە ولە کوێوە لێی دەچیتە دەرەوە. ئەمنە سوورەکە بینا وباڵەخانە نەبوو، ڕۆحی تیابوو، خانوو نەبوو وەکو ئینگلیزەکان دەڵێن ماڵ بوو! ماڵێک تێکەڵەیەک لە ڕۆحە جوان و ناشیرینەکان، ماڵێک پڕ لە سفرەی خاڵی وبرسیەتی. ئەمنە سوورەکە شوێنی فەنتاسیا و خەیاڵاتی ونبوو، شوێنی خوێن و برینی لاشەی مرۆڤە جوان و کۆڵنەدەرەکان بوو. ئەمنە سوورەکە، بینای ئەمنە سوورەکە، زیندانی ئەمنە سوورەکە زیندانی لاشەو ڕۆحی ئینسانەکان بوو.

پرسی رۆژ: کتێبی رۆژمێری زیندان بۆ؟

د.کامەران قەرەداغی: سەرەتای هەموو کتێبێک، شتێک هەیە، بیرۆکەیەک یان چیرۆکێکی پێشوەختە هەیە کە لە قاڵبی کتێب دەدرێت یان وردە وردە چوارچێوەی بۆ دروست دەکرێت. دوای ئازادبوونمان دوو شت هەبوو هەم چیرۆک وهەم بیرۆکە. بۆ ئەوەی چیرۆکەکانی زیندانم لەبیرنەچێتەوە، بیرۆکەیکم هات بەخەیاڵدا، هەر بۆ خۆشی لەسەر پارچەکاغەزی بچوک بچوک بینووسمەوە وکردم بە چەپکێک لە وردە کاغەز، دوایش لە ناو بازاڕی پێنجوێن دەفتەرێکی سپیم کڕی وهەموویم نووسیوەو بوو بە دەفتەرێکی پڕ لە یادگاری خۆم وئەو شتانەی کە بینیم، هەستم پێکرد، تامم کرد و گوێم لێیببوو. ڕۆژمێڕێک کە کۆمەڵێک یادگاری گرتە باوەش وساڵان هات وساڵان ڕۆی، زیاتر لە سی ساڵی بەسەردا تێپەڕی ویادگاریەکانیش خۆی لە بەرگێکی تازەدا بینیەوە، کە نوسینەوەی پێویستیەکی مێژووییی وڕۆحی بۆ خۆم ومێژووی زیندانی سیاسی لە کوردستان.

پرسی رۆژ: لەزیندان وئازادبوون وئێستادا ئامانج وبیرکردنەوە وقوربانیدان چۆن دەبینیت؟

د.کامەران قەرەداغی: زیندانی ئەمنە سوورەکە، شکاندنی دەرگاکانی ئەمنە سوورەکە، ڕزگاربوون لە ئەمنە سوورەکە و تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ بەسەر زیندانی و ئازادی ونەمانی شتێک بەناوی زیندان و

گۆڕینی بۆ شوێنێکی کەلەپووری ومۆزەخانە ویادەوەری دوو جیهانی خوڵقاند کە باسکردنیان زۆر درێژدادڕە وشوێنی تری خۆی هەیە. هەموو زیندانیەکانی ساڵانی ١٩٩٠ و١٩٩١ وبیرکردنەوەکانیان لەگەڵ ئێستا شتێکی ترە، جیهانی پێش ڕاپەڕین جیهانی ململانێیی ئایدۆلۆجی وشۆڕشگێرانەبوو، وهەردووکیان (دوانەی ئایدۆلۆجی وشۆڕشگێڕی) ئەو کات مانایەکی تری هەبوو وئێستاش مانایەکی تری هەیە، کوردستانی باشوور ئێستا لە شوێنێکی داگیرکراوەوە بووە بە شوێنێک کە لە نیمچە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەچێت. دوای سی وسێ ساڵ ئامانج وبیرکردنەوەی زیندانیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، زۆربەی زیندانیەکان خۆیان بەشێکن لە ئیدارەو سیاسەتی ئێستای کوردستان وبەجۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ ئامانجەکاانیان گەر یەکێکیان نەگرتبێتەوە ڕازیبوونی گشتی هەیە. نزیکەی ٤٠ زیندانی چەپی تیابوو، کە زۆربەیان ئامانجیان حکومەتێکی تر بوو لە باتی ئەوەی کە هەیە، بەڵام لەوانەیە ئێستا گەر پرسیاریان لێبکەیت لە هەموو ئەو شتانە پەشیمانبووبنەوە، هەر بۆیە ئامانجی پێش گیران نابێت لە گەڵ ئێستادا بەراورد بکرێت.

پرسی رۆژ: چی دیکە مابوو لەکتێبەدا بەنیازبوویت بیڵێیت یان دوای کتێبەکە بیرت کەوتەوە، یان دوایی پێتباشبوو بیڵێیت؟ پێمانخۆشە بۆپێشەوە بکەیتە ئەو مینبەرە لەجیاتی کتێبەکەت تێیدا بنووسیت.

د.کامەران قەرەداغی: لە ڕاستیدا هەرگیز بەتەمانەبووم کە بیکەم بە کتێب و بڵاویبکەمەوە دوای ئەوەی کە بڵاویشمکردەوە، بڕیارمدا دەستکاری نەکەم و هەروەکو لە پێشەکیەکەیدا ئیشارەم پێداوە، دوای بڵاوبوونەوە و خوێندنەوەی لەلایەن زۆر خوێنەری بە کۆمێنت و ڕەخنە و تێبینیگەرایی، بڕیارمدا لەکاتی ڕزگاربوونمانەوە هەتاکوو دوایی لە چاپی دووەمدا بۆ زیاد بکەم. لەو کاتەوەی کە دەرگای زیندانەکان شکا هەتا راکردنمان وئاوارەبوونمان بنووسمەوە.

 

ڕێزم هەیە بۆتان

دکتۆر کامەران: ٢١ی ٢ ی ٢٠٢٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.