پرسی ڕۆژ بەڕێز مامۆستا سامان بەرزە( سەرپەرشتیاری دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەر وئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی)، وەڵامی پرسی ئەم ژمارەیەی داوەتەوە…

0

پرسی ڕۆژ: پرسی مووچەی فەرمانبەران وبایکۆتی مامۆستایان

لەماوەی ٥مانگی رابردووی بایکۆتی مامۆستایان ومامۆستایانی وانەبێژ، بەرامبەرکێی مامۆستایانی ناڕازی ودەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بەرزو نزمی وگۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە. ئێستاش پاش دانیشتنی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری حکومەتی هەرێم ودەستڕۆیشتووی زۆنی سەوز لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لەسلێمای دانیشتووە وهەندێک بەڵینی پێداون بۆبایکۆتشکاندن یان هەڵپەساردنی بایکۆت. پرسی رۆژ چەند پرسیارێکی ئاراستەی مامۆستا سامان بەرزە، یەکێک لەهەڵسوڕاوانی مامۆستایانی ناڕازی لەقەڵادزێ دا کرد.

پرسی ڕۆژ: باسێکی کورت لەناڕەزایەتی مامۆستایان لەپشدەر؟

سامان بەرزە: ئێمە وەک مامۆستایانی دەڤەری پشدەر هەمیشە و لەهەموو کایەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی پەروەردە یەک دەنگ ویەکگرتوانە، ووەک یەک جەستە کاردەکەین وڕوبەڕوی گرفتە پەروەردەییەکان دەبینەوە. لەم سۆنگەیەوە وبەهۆی ئەو بارودۆخەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان بەگشتی، وپەروەرد بەتایبەتی دروستیان کردوون لەم وڵاتەدا وەک هەموو ناوچەکانی تری سنوری پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین وکۆیە لە ساڵی (٢٠١٥) وە لە سنوری پشدەریش ئەنجومەنێکی سەرپەرشتی مامۆستایانی سنورەکە دروستکرا، ولەم چەند ساڵەدا چەندین مامۆستای لە خۆبردوو ماندوو نەناس هاتونەتە ناو ئەنجومەنەکە وساڵانەش ئەندامەکانی گۆڕانکاریان بەسەرداهاتوە، و زیادوکەمیان کردووە. من وەک مامۆستایەک هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەنجومەنەکەوە تاکو ئێستا ئەندام بووم ولەم ماوەیەشدا ئەرک وڕۆڵی جیاوازم پێدراوە کە هیواخوازم توانیبێتم نوێنەرێکی ڕاستەقینەی مامۆستایان بوبێتم، وئەرکەکانم وەکو خۆی ڕاپەڕاندبێت. ئەمساڵێش هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی خەباتی مەدەنی مامۆستایان جارێکی تر و لەگەڵ (٩) لە مامۆستایانی هاوڕێم سەرپەرشتی کار وچالاکیەکانی مامۆستایانمان کردووە، وبەشانازیەوە من لەگەڵ مامۆستا (هێمن علی گۆران) مامۆستای دانەمەزراو سەرپەرشتیاری دەستەی ماۆستایانمان کردووە لە سنورەکە، وشانازی بە خەباتی مامۆستایان دەکەین، ویەکێک بوین لەو ناوچانەی کە تاکۆتا هەنگاو یەک دەنگ هەموومان بەیەکەوە بوین، و مێژوویەکی پڕ لە شکۆمەندیمان نوسیەوە.

پرسی ڕۆژ: ئایا بایکۆت هەڵپەسێردراوە یان کۆتایی هاتووە؟

سامان بەرزە: بۆهەموو لایەک ئاشکرایە کە دەیان ساڵە مامۆستایان بەنەفەسێکی ئەوپەڕی پەروەردەکارانە دەستیان داوەتە خەباتێکی مەدەنی دوور لە توندوتێژی. لە چەند ساڵی ڕابردوودا وبەدیاریکراوی ئەم ساڵ خەباتی مەدەنی مامۆستایان پێی نایە قۆناغێکەوە کە لە مێژووی کوردستان بەتایبەتی وعێڕاق وجیهانیش بەگشتی کەم وێنە بووە، وچەندین جۆر میکانیزم وشێوازی مەدەنیان بەکار هێناوە بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتی بێباک، و دەسەڵاتدارانی نابەرپرسی هەرێم لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی مووچە، وداواکارییە سەرەتاییەکانی مامۆستایان، و گێڕانەوەی قوتی دزراو و مافی خوراوی مامۆستایان و فەرمانبەران. یەکێکیش لەم ڕێگا و شێوازانەی خەباتی مەدەنی بریتیبوو لە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن کە ماوەی (٥) مانگە مامۆستایان بە هەڵوێستێکی ئەوپەڕی خۆڕاگرانە وجەسوورانە بەردەوام بوون، لە ئێستاشدا و دوای تێپەڕینی ئەم ماوەیە و بەلە بەرچاوگرتتنی بەرپرسیاریەتی نەفەوتانی ساڵێک خوێندنی فێرخوازان، وبەهۆی چەند بڕیارێکی دادگای فیدڕالی عێڕاق وئەو بەڵێنانەی کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجوومونی مامۆستایانی ناڕازی بە مامۆستایانیدا، بڕیارماندا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بایکۆت هەڵپەسێرین، ودوای پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێڕاق، ولەئەگەری نەخستنە بواری جێبەجێکردنی بەڵینەکانی حکومەت، ولەمپەر دروستکردن لە بەردەم بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ئەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە جارێکیتر دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دادەخەینەوە.

پرسی ڕۆژ:  بڕیاری دادگای دەستووری سەبارەت بەکێشەی مووچەی فەرمانبەران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سامان بەرزە: بایکۆت و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و هەوڵەکانیان لە هەرێم و بەغداد، بەتایبەتی دوای بەڕێکەوتنی هەزاران مامۆستا بەرەو بەغداد وڕێگرییکردن لێیان لەبازگەکان، دەسەڵاتدارانی عێراقیی بەئاگا هێنایەوە، کە کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، کێشەیەکی جدییە وپێویسته چارەسەر بکرێت. لە ژێر ئەم فشارانەدا حکومەتی عێراقی ودادگای فیدراڵی هەوڵی چارەسەری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمیاندا، تا دواجار دادگای فیدراڵی لەبەرواری  ٢١-٢-٢٠٢٤ چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد. بەبۆچونی ئێمە ئەم بڕیارانە بەرمەبنای خەباتی (٥) مانگەی مامۆستایانە وئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەمپەر وبەربەست لەبەردەمیان دروستنەکەن؟ ئەوا ئەنجامی ئەم بڕیارانە دەستکەوتێکی بەنرخ وبەرهەمدار دەبن بۆمامۆستایان وفەرمانبەران، وخاڵێکی وەرچەرخانی سەرەکی دەبن بۆ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لە بارودۆخ وگوزەرانی مامۆستایان وسەرجەم فەرمانبەران بەتایبەتی وهاوڵاتیانی هەریم بە گشتی.

پرسی ڕۆژ: بڕیاری هەڵپەساردنی بایکۆت، دوای دانیشتنی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچوو لەکوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا باوەڕ بەوبەڵێنانە دەکەن؟

سامان بەرزە: لە راستیدا لای ئێمەی مامۆستایان بەڵینەکانی سەرانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک جێگای باوەڕپێکردن، وهیوا لەسەر هەڵچنین نین. بەڵام بەرئەنجامی تیگەیشتنی مامۆستایان لە دانوستان و ڕێککەوتن لەقۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خەباتی مەدەنیدا،  بڕیاری هەڵپەساردنی بایکۆت هاتەکایەوە؛ تا بۆ دواجار هەلێکی دیکەش بەدەسەڵاتی هەرێم بدرێت کە بە ئاگا بێتەوە، وئاوڕێک لە گرفتەکانی هاوڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی بداتەوە،

پرسی ڕۆژ: ئایا کاتی ئەوەنەهاتووە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، کەماوەی نزیکەی ١٠ساڵە کۆنگرەی نەگرتووە، هەروەها مامۆستایانیش بەگشتی لەئەدای یەکێتیەکە ناڕازین. لەماوەی ئەم ٥ مانگەدا رابەرانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەدژی مووچەی مامۆستایان نەگەیشتۆتە ئەو ئاقارەی بیرلەدروستکردنی رێکخراوێکی راستەقینەی پیشەیی مامۆستایان بکەنەوە بۆنوێنەرایەتی کردنیان لەداهاتوو؟

سامان بەرزە: بەبڕوای ئێمە یەکێتی مامۆستایان لە ئیستادا هیچ شەرعیەتێکی نەماوە، لە ئەساسدا دەبێت بە میکانیزمی گونجا و بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی مامۆستایان بێت ڕێکخراوەکە لەبنەڕەتەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، و لە کۆنگرەیەکی کراوە، ودوور لە دەستێوەردانی حزب، ڕێکخراوەکە دروستبکرێتەوە وکەسانی دڵسۆز و خەمخۆری ڕاستەقینەی مامۆستایان وپەروەردە سەرکردایەتی ڕیکخراوەکە بکەن، تا قاڵبێکی پیشەیی وەربگرێت، وپێچەوانەی مێژووی کاری چەند ساڵەی ڕابردووی ببێتە خزمەتکارێکی راستەقینەی مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.