ناڕەزایەتی مامۆستایان و وانەبێژان… ئەزمونێکی پڕ ئەزموون…

0

سەرئەنجام دوای پێنج مانگ لە نارەزایەتی مامۆستایان و وانەبێژان بۆ دابەشکردنی موچە و دوانەکەوتنی، پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندن… بایکۆت کۆتایی هات. بەڵام کۆتاییهاتنی بایکۆت، کۆتاییهاتنی نارەزایەتیەکان نییە، بەڵكو کۆتایی هاتنی ئاستێک لە نارەزایەتیەکان و خەواندن و هەڵپەرساردنی بایکۆت و کۆبونەوەو خۆپیشاندانەکانە لە ئاستی شەقامدا.

ماوەی پێنج مانگی رابردووی بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و وانەبێژان و خۆدەرخستنی ئەم نارەزایەتییە لە رێگای یاداشت نوووسین، بایکۆت، کۆبونەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان…تاد یەکێک لە روداوە گرنگەکانی میژووی هاوچەرخی کۆمەڵگەی کوردستانە. مامۆستایان و وانەبێژان بە راوەستاوی خۆیان بەدژی بێ موچەیی و دواکەوتنی و بۆ پلەبەرزکردنەوەو دامەرزاندن، نیشانیاندا کە هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و هێزێکی یاخی لە ستەم و بێمافین.

کاریگەری ئەم بزوتنەوەیە بەجیا لە ڕاکیشانی پشتیوانی بەشێکی کۆمەڵگەو دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی خستە ژێر گوشارێکی هەمەلایەنەوە، هاوکات جارێکی دی سەرجەم کۆمەڵگەی لە بودەڵەیی و نابەرپرسیاربوونی دەسەڵات سەبارەت بەمافی زۆر سادەی موچەخۆران و لەوەش زیاتر بێباکی بەرامبەر بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە نیشاندا.

جیا لەوانە لە ئاستی عیراقدا دەنگی مامۆستایان و وانەبێژان و موچەخۆرانی خستە ڕوو، دەسەڵاتی بەغدای خستە ژێر گوشارەکانی خۆیەوە تا ئەو رادەیەی دادگای فیدرالی ناچار بوو، لەو بارەیەوە بریار دەربکات…

لەماوەی پێنج مانگی خۆپیشاندان و نارەزایەتی شەقامی مامۆستایان و موچەخۆراندا، بەجیا لە خستنە ژێر گوشاری دەسەڵات و هێنانە دەنگی دەسەڵاتی بەغدا و دادگای فیدراڵی. چوونە سەری پەیوەندی خەباتکارانەی نیوان مامۆستایان و وانەبێژان. راکیشانی پشتیوانی بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگە. هاوئاهەنگی نیوان چەندین شارو شارۆچکە لەگەڵ یەکتری. سڵ نەکردنەوە لەهەرەشەو توڕدانی پلانەکان بۆ دوبەرەکی و دزر دروست کردن. خۆش خەیاڵ نەبوون بە باڵەکانی بۆرژوازی. بەشداری ژنان و پیاوان هاوشانی یەکتری لە نارەزایەتیەکاندا. دەستبردن بۆ ئاستێک لە رێکخراو بوون و پیکهێنانی ئەنجومەنی سەراسەری مامۆستایانی ناڕازی. ترساندنی دەسەڵاتی زۆنی زەرد و ناچارکردنی بە ملهوری و سەرکوت بۆ بەرگرتن بە هاتنەمەیدانی مامۆستایان و موچەخۆران… تاد،سەرەکیترین دەستکەوتەکانی ئەم بزوتنەوەیە بوون. ئەوەی لەو نێوەدا شکستی خوارد، مامۆستایان و وانەبیژان و موچەخۆران نەبوون، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسی نابەرپرسی هەرێم بوو، کە پرسی دابەشکردنی موچەشی لەدەست دەرهێنرا.

مامۆستایان و وانەبیژان چ بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی پینج مانگەی خۆیان و چ بە هەڵپەساردنی بایکۆت و گەرانەوە بۆ دەوام، دوای بەڵینی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرکەوتنیان بەدەست هێنا… مامۆستایان و وانەبێژان، لە ژێر گوشاری ویژداندا بوون سەبارەت بە خوێندنی ئەمساڵ و نەوەیەک لە خوێندکاران، کە دەسەڵات باکی پێی نەبوو. مامۆستایان و وانەبێژان بە گەرانەوە بۆ دەوام جارێکی دی ئەو راستیەیان سەلماند کە هەر ئەوان لە خەمی خوێندن و پەروەردەدان، لە جێگای دەسەڵات و بریاری بەرپرسانەیان دا، بریارێک لەگەڵ ئەوەدا ناچاری بوو، بەڵام لێوان لێو لە بەرپرسیارێتی بوو.

لەنێوان بەرپرسیاریەتی هەڵگرتنی مامۆستایان و وانەبیژان و نابەرپرسیاریەتی دەسەڵاتدا، جارێکی دی ئەو راستیە لە نەبەردێکی پینج مانگەدا، دەکەوتەوە، کە بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی، هیچ نزیکایەتیەکیان لەگەڵ خواست و مافەکانی مامۆستایان و ئاییندەیەکی باش بۆ پرۆسەی خوێندن و پەروەردە نییە.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.