لەگەڵ ئێن ئارتی بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٤/١٢/٢٠١٧
لەگەڵ ئێن ئارتی
بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە
تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٤/١٢/٢٠١٧
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
ئایا حزبەکان راستگۆن لەگەڵ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا، بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم؟
ئەگەر بەگوێرەی بانگەوازو بانگەشەو پەیام و دروشمەکانی حزبەکان بوایە، ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان دەبوو بەهەشتی ئەم سەرزەمینە… بەڵام نەبوو بە بەهەشت، بوو بەیەکێک لە دۆزەخەکانی ئەم هەسارەی زەوییە. ئەمەش ناراستگۆیی ئەو حزبانە و ناکۆکی بانگەشەکانی ئەم حزبانە لەگەڵ پراکتیک و کرداریان بە ڕۆشنترین شێوە دەردەخات.
ئەگەر حزب و رێکخراوەی سیاسی لەناو خانەوادەی بۆرژوازیدا، هەمیشە نوێنەری بۆرژوازی و چینەحاکمەکانن و بۆیە هەن و کار دەکەن تا بەرگری لە سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی باو بکەن، بەرگری لە کۆمپانیا قازانجپەرست و چەوسێنەرەکان بکەن… ئەوا لە کوردستاندا حزبەکانی بۆرژوازی کورد نەک هەر بەرگری لەو سیستەم و دەسەڵاتە تاڵانچی و ئابورییە باوە دەکات کەهەیە، بەڵکو خۆیان کۆمپانیاو سامان و تاڵانچیین. حزبەکانی کوردستان، سەرانی حزبەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی و سەرانی حزبیان لە حكومەت و پەرلەمان!!دا، بەشێکن لە تاڵانی، بەشن لە کۆمپانیا، بەشن لە بازرگانی، بەشێکن لە هەموو پرۆژە ئابوری و بازرگانی و پیشەسازییەکان… بەشن لە داگیرکردنی سامانی سەر زەویی و ژێر زەوی، بەشن لە لوشدان و حەپەلوشکردنی داهاتەکانی کوردستان و گیرفان بڕی کرێکاران و کارمەندان و نەدارانی کۆمەڵگە.
ئەگەر ئەحزاب و رێکخراوی سیاسی لەدنیادا، لەپاڵ پارێزگاری لە سیستەمی سیاسی و بەرگری کردن لە نیزامی چینایەتی و کۆمپانیا و خاوەن داراو دەوڵەمەندەکان، ناچارن بەشێک لە داهات و سامانی داگیرکراو بۆ هاوڵاتیان لە موچەو خزمەتگوزارییەکان، بدەن بەهاوڵاتیان. ئەو حزب و ڕێکخراوانە ناچارن بەشێک لە مافە فەردی و مەدەنیەکان، رادەستی کۆمەڵگە بکەن، بەڵام لە کوردستاندا، حزبەکانی کوردستان هەم دەسەڵاتی سیاسیان قۆرغ کردووە، هەم تاڵانی ئاشکرا دەکەن و هەموو داهات و سامانیان دەستبەسەردا گرتووە، کەچی ئامادە نین بەشێکی زۆر کەم لەو سامان و داهاتە بدەن بە خەڵکی کرێکارو کارمەندو هاوڵاتیان. ئامادەنین سەرەتاییترین خزمەتگوزاری وەکو ئاو کارەبا، نەوت و سوتەمەنی، دابین بکەن… ئامادەنین ئازادی و لانی کەمی مافە فەردی و مەدەنی و سەرەتاییەکان، بە فەرمی بناسن و بەرگری لێ بکەن.
درۆزنێتی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی، بێکۆتا و شەرم هەڵنەگرە. ئەگەر بە گوێرەی بەڵینی کاتی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بوایە، هەموو بیرمانە بانگەشەکانیان تا رادەی برینەوەی بری ٥٠٠ دۆلاری بۆ هەرخێزانێک، هەڵکشا. بانگەوازیان بۆ زامنکردنی هەلی کارو داهاتی پێویستی هاوڵاتیان مێشکی هەمووانی برد. باسی ئازادی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە ئاو و کارەباو سوتەمەنی و مەسەلەی ماف و برەودان بە خوێندن و پەروەردە، پێشخستنی تەندروستی، تا دەگات بە برینەوەی موچە بۆ کابانی ماڵ!! و بەرینکردنەوەی ئازادییەکان و بەرگری لە مافی مناڵان و ژنان و دابینکردنی یاساو ریسای بەریگریکەر لە ژنان و تا دەگاتە بانگەشەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی… زامنکردنی ئایندەیەکی باش بۆ هەلومەرجی سیاسی و داهاتووی کوردستان… ئەو ریزە لەو بانگەشەنانەن کە لەبیر خەڵکی کوردستان نەچونەتەوە.
ئەمرۆ بەدوای شکستی کابینەیەکی تری حکومەتدا!! بەدوای فەشەلی برگەیەکی تری دەسەڵاتدارێتی، وە بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەردا، کە تەواوی دۆخی سیاسی و ئابوری و ریزبەندی حزبەکانی لینگەوقوچ کردەوە، حزبەکانی کوردستان هەریەکەیان بەجۆرێک و بە هێنانە ئارای پاکیج و پرۆژەی جیاجیا، بانگەشەی تێپەراندنی ئەم دۆخە دەکەن و جەنگ بۆ بەشداری لە دەسەڵاتدارێتی داهاتوودا بە کردەوە دەستی پێکردووە. چ بە پیکهێنانی حکومەتی کاتی و یان بچوککردنەوەی ئاڵوگۆر لە پۆستەکان، یان دوبارە دەستبردنەوە بۆ هەڵبژاردنەکان.
ئەوەی لەناو بانگەشەی حزبەکاندا بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخەی کەهەیە، لەلایەکەوە نۆژەنکردنەوەی درۆ و کەڵەك بازییە، لەپەیوەند بە ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە و پێداگرییە لەسەر پۆست و بەشی حزبیان و بەرگرییە لەو سیستەمەی کە هەموویان لەپەیوەند بە دزی و تاڵانکردنی داهاتی خەڵکی کوردستانەوە تیایدا هاوبەشن.
گرفتەکانی خەڵکی کوردستان و گرفتی حزبەکانیش، لەیەک جیاواز و تەنانەت دژ بەیەکن… بۆ خەڵکی کوردستان گرفتی نان… بەمانای موچە و داهات و خزمەتگوزاریی و ئاو و کارەباو بیمە بێکاری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و باشکردنی سیستەمی خوێندن و پەروەردە و ژیانێکی شیاوی سەردەمی و ئینسانییە… ئازادیییە بەمانای زامن بوونی ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری، ئازادی بەیان و رادەربرین و کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندان، و چاپەمەنی و… سەربەخۆییە، بە مانای بەهرەبەردابوون لە قەوارەیەکی سەربەخۆی دەوڵەتی دانپیانراوی نێودەوڵەتی و بەفەرمی ناسراو و بوونی یاساو زامن بوونی مافە فەردی و مەدەنیەکانە.
هێندەی بە حزبەکانیش دەگەرێتەوە، گرفتەکانیان، لەناوچەکەدا پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو گوێرایەڵ بوونیانە بەو قوتبانەی بێ ئەوان هەناسەی سیاسی نادەن و سەرەرۆیی لە خۆشخزمەتیان بۆیان نیشان نادەن. کێشەیان لەگەڵ بەغدایە بۆ موچەو داهات و پۆست و هاوبەشی سیاسی…و ئاسیکردنەوەی پەیوەندییەکانیانە بە زۆر کەمتر لە پیش ١٦ ئۆکتۆبەر… لە کوردستان کێشەیان لەگەڵ یەکترییە بۆ پشکی زۆرترو داهاتی مۆڵتر و لێنەپرسینەوە و درێژەدانە بەو دۆخەی ٢٧ ساڵە دریژەی هەیە.
کەواتە خەڵکی کوردستان لە بەرێکدا و حزبەکانی بۆرژوازی کوردستان لە بەرێکی تر و دژ بەیەک وەستاون… تێکرماندنی ئەم هاوکیشە نابەرابەرە، بە گۆرینی هاوسەنگی هێز لە نێوان بەرە و بزوتنەوەی جەماوەەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەو حزبانەو دەسەڵاتی سیاسیدا، دەتوانێ ئاڵوگۆری بەرجەستە بەدوای خۆیدا بهێنێت…
باس لە راستگۆیی حزبەکان بۆ چارەسەری دۆخی هەرێم، هەرگیز بەمانای چارەسەرکردنی دۆخی دۆزەخ ئاسای خەڵکی کوردستان نییە… باسی گێرانەوەی ماڵی دزراوی ٢٧ ساڵەی هاوڵاتیانی کوردستان لە دەسەڵات و داهات و ئازادی و مافەکانیان نییە… باسی خۆ ئامادەکردنە بۆ گەرانەوە بۆ بەغداو ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان و ئامادەییە بۆ بەرگری لە سیستەم و دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی کورد و لەبەرامبەر بە خرۆشان و جموجۆڵی نارەزایەتی جەماوەری.
بۆژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی، وە سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازی کورد” بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە” ” بە قەومی و ئیسلامیەوە”، بەرپرسی دۆخی ئیستای کوردستان و بەرپرسی کارنامەی ٢٧ ساڵەی رابردوشن. وە چاوەروانی لەوەی هیچ کام لەو حزب و رێکخراوە سیاسیانە بە دەنگە تازە سەرهەڵدراوەکانی پرۆ ئەمریکایشەوە… بۆئەوەی خزمەتێک بەخەڵکی کوردستان بکەن یان بەرگری لە ویست و خواستێکی رەوا بکەن… چاوەروانییەکی بێهودەیە.
تەنانەی چاوەروانی لەوەی ئەوانە بتوانن چاکسازیی بکەن، دیسان چاوەروانیەکی ناحسابییە. هەرچەشنە چاکسازییەک گورزی کوشندە لە جەستەی خۆیان دەدات… و هێزگەلی دزو تاڵانچی، خۆشخزمەت و کۆنەپەرست، بەش بوون لە کۆمپانیا، راهاتوو بە ژیان کردن لەسەر دزین و لوشدانی داهات و سامانی خەڵکی کوردستان… خوڵقێنەری بەیاساییکردنی دزو تاڵانی خۆیانن، بۆیە ناتوانن ببنە رزگارکرنی کۆمەڵگە لەدەست دزی و تاڵانی.
ئەو دەسەڵات و حزبانە، ژیانیان بەندە بە هەلومەرجی نەخوازروای کوردستانەوە… ئەگەر دەسەڵاتیان وەلانرا، دزیان، حکومەت و پەرلەمانیان… وەکو کۆمپانیای لوشدانی داهات، لەدەست دەدەن. بۆیە بەهەموو شیوەیەک بەرگری لە دۆخی ئیستا دەکەن. کۆتایی هێنانیش بەو حزبانەو دەسەڵاتە، بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری، بێ چەک ناکرێت. راپەرینی جەماوەری پشت بەستوو بەهێزی رێکخراوی چەکدار، مەرجێکی سەرەکی رزگارکردنی کوردستانە لەدەست مافیاکانی دەسەڵات و تاڵانی ئەو حزب و نۆکەرانەی وڵاتانی ناوچەکە… دەبێ بۆ ئەو نەبەردە ئامادەکاری هەمەلایەنەو پێویست بکرێت.