نامەيەک’ بۆ ژيان جێدەهێڵم… نووسینی : کاوان قادر، ڕێبوار حەمە شەریف

0

من نازانم’ لە ناشڤێڵ لەدايک بووم يا لە کوردستان !

هەشت ساڵ بە کولە مەرگی و لەژێر چەتری ڕەحمەتی UNێکی تێکشکاودا، لە ناو باوهۆزی پاکستانێکی جەنجاڵدا مێروولە ئاسا بە دوای دەنکە گەنمێکەوە هەزاران ميلم بڕی، تا سکی برسيم داوای نانم لێ نەکات و هيچ نەبێ بێداری چاوەکانیشم، دوور لە کەس و کارم بهێڵێ کەمێک لەغوربەتدا سەری بێ سەرينم  کەمێک بنوێ.

نازانم چيت بۆ بنووسم ژيان خاتوون …با بڵێم … خاتوو ژیان، هاتم و سڵاوێکی باشت وەڵام نەدامەوە… ئێستەش دەڕۆم هەر هيچ نەبێ ژییانئاوایی يەکی باشت بکردايە، ئەزانم کە ئەرک بووم لەسەر دڵت، بەڵام خۆ لە دایک بوونم ويستی خۆم نەبوو، ئەوە ويستی تۆ بوو کە منی بۆ ئێرە هانی .

کاتێک، هەواڵێ … لە غوربەتەوە بۆ غوربەتم بە نامەيەک پێگەيشت، خەونێکی تاساو بەرۆکی شەوێکی تاريکی پاکستانی داگرتبوو.. تا ئاسمانێکی بۆ ببينێتەوە و تیایدا هەڵفڕێ، فڕینێک وەک پەپوولەيەکی دڵشکاو کەهیچ باخێک لەو وڵاتەدا شک نەبات و خەونە ڕەنگاوڕەنگەکانی بە خۆشەویستییەوە لە باوەشکا .

 ئێ.. من چوزانم قەدەرـ برای ڕێکەوتەو، کۆچکردنيش خزمی مردنە، من ئەوانە چۆن بزانم؟

خەونەکانم’ لەلای قەرەچێک’  شیکردەوە و… دەستی بۆ گرتمەوە، پێی وتم: پياوێکی کزو دڵشکاوی.. خەمبارو دڵتەنگ دياری، ڕۆژگار وەک شوشەيەک وردوو خاشی کردوی. قەرەچ ڕۆیی و نامەی بەختمی خستە مستمەوە، ئەو دەیزانی ئەو وڵاتەی بۆی دەفڕم دواهەمین هەواری ژیانم بێت.

ئێ ..  ژيان خاتوون …من ئەم هەموو شتانە چۆن بزانم؟

من تەنها ئەزانم کەناوم: ئەحمەد کاکەیی بوو، لە تيرەو هۆزو سەر بە يەکێک لە دينەکانی دونيام. ئەو دینەی نیشتیمانێک نەیگرتە خۆی … بەڵێ لە ئێستادا: ناوم دانياڵ کاکەیی یەو ئەحمەدم لە پاکستان بەجێ هێشت.

من بە هەتيوی پەروەردەبووم، مەبەستمە پێتی بڵێم: بێ نيشتيمانم و بەڵام، نازانم من بۆ وا هەست دەکەم هەموو شوێنێ نیشتیمانی منە .

لە ئێستادا خەونە هەتيوەکانم ڕەنگی مردویان لێ نیشتوە، کێ دەیزانی کاتێ دەمرم ئاسمانەکەی… (ناشڤێڵیش) دادەکاتە ڕێژنەی بارانی گريان و  پێتان دەڵێ ئەو هەتيوە بێ وڵاتە بۆ کوێ دەبەيت؟

هاوڕێکانم  دەمخەنە سەر شانيان و سەريان لێ دەشێوێ و ڕەنگە هەندێ دوو دڵ و کوێرە دين و بير کۆڵيش هەر لەوێ شانیان لەژێر تەرمەکەما بن.. نەزانن بۆ کوێوە بمبەن و ئەم مشتە ئێسک و پروسکە خۆڵە لە کوێدا بنێژن.

ئــــا بيرمان کەوتەوە.. هەندێ دەڵێن:…گۆڕستانێک پێ شکدەبەین کە جێگەی موسڵمانان و کوردەکانن،

ئەدرەس: Nashville TN

دەمەوێ هەستمەوەو پێتان بڵێم: مەمبەن بۆ ئەو مزگەوتەو ئەو گۆڕستانە! لە بيرتان چوو چییان لە ئێزیدییەکان کرد، ئەوەتانێ تەنانەت لە منی لاشەی خوێن تەزيو و دڵپڕ لە هيوا تۆقیون، واهەست ئەکەم لێم ئەترسن… لە ئێستامدا بە سەرشانەکانتانەوەم  و پێتان ئەڵێم: من ناوم دانياڵ و بــە کوڕڕڕڕی کوڕەزای دانياڵ ئەگەمەوەو دينم کاکەیی يە،

هەواڵ بەر گوێ دەکەوێ ودەگاتە جێ و..

ئەرز ئەرزی موسوڵمانانەو، داعش سەردارو سەروەرە و، پێشەی زەمان ئاسا، دەمە  شمشێر زەرد دەکەنەوە و لە ڕق و کينە زیاتر هیچ فێرنەبوون، دڵیان هیچی تیدا جێ نـــابێتەوە.

نا نا نا ئەوە کفرە و وەچەی کافرێکە و نابێت لێرە بنێژرێت .

ئەی… ژيان و مرۆڤ و بەخشندەیی لە کوێن؟

ئەی ئەوانەی ئێستا خەمم ئەخۆن. پێتان سەير نەبێت ئەوانەی کە نابن بە مرۆڤ ئەوانەن کە نازنامەی مرۆڤ بوونيان زۆر دەمێکە لێ ونبووە!، ئەوان”لە نازنامەی دين و نەتەوەیيەوە لە مرۆڤ بوون دەڕوانن.

ئەوە لە کاتێک دا بوو..مۆڵەتی شۆفێرييەکەی دانياڵ پێی وتين :

دانياڵ بەر لەوەی ماڵئاوایی بکات ..هەموو ئەندامەکانی جەستەی خۆی بەخشيبوو بە خەستەخانە و بۆ هەرکەسێ.. گەر بە پارچەیەک لە جەستەی ئەم ژیانی بۆ بگەڕێتەوە. ئێستا – کێ ناڵێ کەسێک لەوانەی فێری خۆشەویستی نەکراون موحتاج بە پارچەیەک لە لەشی ئەم نابێت و جەستەی موسڵمانێک .. موتوربەکەی بەکافرێک پێ ناکەن؟

 هاوڕێیەکەی ئەحمەد دیسانەوە بە دڵێکی پڕخەم و تاسەوە بەرەو دەروازەی چیرۆکێکی تری بردم و بۆی گێڕامەوە گوتی:

ئەم گۆی زەویە موڵکی هەمووانە، ئەمریکا وڵاتی پەناهەندەییە، وە هیچ کەس  خاوەنی ئەم وڵاتە نییە، ئێرە وڵاتی کەسێکە کە کاری تیدا بکات، وڵاتی کەسانێک کە نی یە بە پارەی مزگەوت و لەژێر ناوی دینەوە ڤیلا بەرەو ئاسمان ئەبەن.

ئەو گۆڕستانەی کە بەشێکە لەخاکی ئەم وڵاتە، موڵکی هەموو مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەیە و موسوڵمانانی ئێرەش لەسەری میوانن، بەڵام کارەساتەکە لێرەدایە، ئەوان خۆیان لێ بووە بە خاوەن ماڵ. ئەو گۆڕستانەش کە ویستیان نەبوو ( دانیاڵ کاکەیی ) لێ بنێژرێت هەژماردەی موڵکی شارەوانی یە.

زانیم ئەو ڕوداوە زۆر ئازاری داوە، پرسیارم کرد چییان لە جەنازەکەی کرد ؟ لەوەڵامدا وتی :

ئەگەر دەسەڵات لە بن دەستی ئەمانەدا بووایە، گەر لە سعودیەو ئێران بوایە… وەک لاکێکی بۆگەن کردوو فڕێیان ئەدا هەروەک چۆن لەگەڵ ئێزیدییەکانی شەنگال کردیان. ئەم کارەساتەی دانیاڵ بە بیری هێنامەوە… کە بە هەمان شێوە کارەساتێکی تری لەمجۆرە لە ئێران لە ئۆردوگای، (خوڕەم ئاباد ڕوویدا)  کەسێکمان لەگەڵ بوو (تۆنی) ناوێک کە پیشەکەی پزیشک بووە، مەسیحی بوو، کەسێکی تا ئەوپەڕی بلیمەت بوو لە نوسینی چیرۆک بە زمانی ئینگلیزی، من هۆی سەرگەردانی ئەوم نەدەزانی کە بۆچی گەیشتبووە ئەوێ! ..

 لە شەوێکی گڕو گەرمی هاویندا بوو، گوێمان هەڵخست بەدەنگی بانگەوازێکەوە هەموو بیستمان کە (تۆنی) مردووە، گەرچی ئێمەش وەک ئەو هەموو بێ کەس بووین، ئەویش هەر تەنیا ئێمەی هەبوو کە جێگەی کەس وکاری ئەوی بۆ بگرینەوە، پێم وایە ئەویش بەدبەختێک بوو وەکو ئێمە.

 کە سپێدەی بەیانی هەڵهات ویستمان وەک دانیالەکەی ئێرە بیبەین بۆ گۆڕستان و بیکەین بەژێر گڵەوە تا ناونیشانێکی پێ بدەین، بەڵام نەخێر… ئەوانیش پیشەی ئەمان ئاسا ڕێگەیان پێ نەداین چونکە، مەسیحی بوو.

هەوڵدانمان سودی نەبوو، لاشەی بێ گیان و مردوی دکتۆر بۆ هەفتەیەک لە کەمپەکەدا مایەوە و تا دەهات زیاتر بۆنی دەکرد. 

ڕێژنە سەهۆڵی جەستەیمان دەکرد، هێندە گەرم بوو تەنانەت سەهۆڵیش بەرگەی گەرمی ئەو ڕۆژەی نەدەگرت و لاشەی بێ گیان و ڕاکشاوی بۆگەن کردوی دکتۆر تۆنی کەمپەکەی تەنیبویەوە.

 هەروەک چۆن لێرە… لە ئەمریکا کەنیسەک، جەستەی ئەحمەدی گرتە خۆی و ژێر خاکیان نا، هەمان شێوە بەهاوکاری کەنیسەیەک کە لە تارانەوە هاتنبوون تەرمەکەی دکتۆر تۆنیان کرد بەژێر چەند مەترێ لە خاکی غوربەت دا، وەک ئەوەیە گۆڕ ون، ناو ون بۆ هەتایە ون… 

ئێستا یەکێک  لە ئەهلی مزگەوتەوە، دڵی دانیاڵی کافریان بۆ چاندوە، ئەو دانیاڵەی قەبرستانەکەشیان پێ بەڕەوا نەبینی، ئێستا ئەو لەناو جەستەی موسوڵمانێکدایە و هەموو ڕۆژێ دەچێتە مزگەوت، دڵی دانیاڵ جارجار دڵە کوتەی تێ ئەکەوێ لەوکاتانەی گوێی لە دەنگی فتوایەکەو گۆڕ بۆ دانیاڵەکانی وەک ئەو هەڵدەکەنن.

ئێستا گڵکۆی دانیاڵ لەجێگەی ڕێژنەباران و فرمێسک گوڵبارانی لێ باریوە، هاوڕێیانی دانیاڵ و ئەو کەسانەی نمونەی وەک دانیاڵەکان بیریان کردەوە، سەلماندیان کە ئەوان بە کردەوە پەرێزن لە جیهانی ئیسلامییەت، ئەگەر چی دانیاڵ لەم وڵاتەدا بێ کەس سەری نایەوە، بەڵام کوردە دڵسۆزەکانی ئەم شارە گوێیان لە قوڵەچماغەکانی مزگەوت نەگرت، بە تەنها جێیان نەهێشت وجێی کەس وکاریان بۆ گرتەوە و بەگوڵەوە ماڵئاواییان لێ کرد. بە پێچەوانەی داعشەکانی مزگەوتەوە کە بڕیار ئەدەن، کێ مافی ئەوەی هەیە بژی وکێ مافی ئەوەی نی یە نەژی.

(ئەمە چیرۆکێکی خەیاڵی نی یە، بەڵکو ڕوداوێکی حەقیقی یە لە شاری ناشڤێڵی ئەمریکا ڕوویداوە، ئامانجی ئەم چیرۆکە خستنەڕووی حەقیقەتی پشتەوەی ماسکەکانە ئەوانەی کە لەهەویەی مەزهەبیی و ڕەنگ و نەتەوەییەوە لە مرۆڤبوون دەڕوانن)

 

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.