حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر حاکم رزگار تۆمار کرد، بۆ رۆشنایی خستنە سەر هۆکاری ئەم سکاڵا تۆمارکردنە بۆپێشەوە ئەم دیمانەیەی لەگەڵ هاوڕێ مەحمود حەلاق، سازداوە…

0

بۆپێشەوە: هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر حاکم رزگار چییە؟

مەحمود حەلاق: سەرەتا، زۆر سوپاس بۆ بۆپێشەوە… وەک دەزانرێت ئێمە هەمیشە لەسەنگەری پارێزگاری لەماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا پتەو و قایم ڕاوەستاوین و هەمیشەش خۆمان بەبەشێکی زیندووی خەباتی باشترکردنی ژیان و چارەنووسی ئەوان زانیوەو لەم پێناوەشدا بەردەوامین. حزب لەماوەی زیاتر لەچوار مانگە سەربەرزانە لەناوخۆپیشاندان و مانگرتنەکانی مامۆستایان مووچەخۆراندا بووە.. هۆکاری ئەم کێشەیەی کەهاتۆتە پێشەوە لەنێوان حزب و حاکم ڕزگاردا، وەستانەوەی ئێمە بووە لەسەنگەری ماف و خواست حەق و حقوقی خەڵکی کوردستان کە مووچەخۆران و مامۆستایان بەشێکی گەورەی ئەو خەڵکەیە… لەدێژەی خەباتی چەند مانگەی ناڕەزایەتی مووچەخۆران و مامۆستایاندا، هەوڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتداران دەستی پێکردو بەردەوام بوو لەسەر پەرت پەرتکردن و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی ڕیزی ئەوان، هەربۆیە میکانیزمی پەرتکردنی ئەنجومەنەکانی مامۆستایان گیرا بەدەستەوەو بەم هۆیەشەوە گرفت و قڵشتی گەورەی هێنایە پێشەوە.. دواتر حکومەت لەڕێگای وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرەکانی پەروەردەوە کەوتە ترساندن و هەڕەشەی دەرکردن و گواستنەوە لەمامۆستایان.. هەربەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو لەڕێگای جۆرەها کەناڵ و موحەلیل و ڕیش سپیەکانی خۆیەوە هەوڵیدا چەواشەکارییانە ئەو پەیامە بدات بەکۆمەڵگە و کۆمەڵگە لەدژی مووچەخۆران و مامۆستایان هەڵخڕێنێت کە خوێندکاران ساڵێكیان نەفەوتێت و ناکرێت خوێندکاران باجی ئەم کێشەو گرفتەی ئەوان بدەنەوە! بەم هۆیەوە حزبی ئێمە سەرەڕای چەندین بەیاننامە بۆپشتیوانی مووچەخۆران و مامۆستایان لەپێناوی وەدەستهێنانی ماف و حەقی خوراویاندا، جارێکی تریش کۆتا بەیاننامەی دەرکرد لەسەر مەحکومکردنی بردنە پێشەوەی ئەجێندانی سیاسی هەر هەوڵ و تەقەللایەک کە دەسەڵات لەڕێگای ئەم ڕیش سپیانەی خۆیەوە ئەیگرێتەبەر بۆ گێڕاندنەوەی موچەخۆرو مامۆستایان بەدەستی بەتاڵەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان.. ئا لێرەدا حاکم ڕزگار تۆمەت نامەیەکی لەناو گروپی واتس ئەپی خۆیاندا بەناوی الاخبار- هەواڵەکان لەدژی حزب بڵاوکردەوە.. سەرەڕای تەشهیرات، بێحورمەتی، زمانی زبرو..هتد.. تۆمەتی جاسوسی، خائین، کلک گرێدراوی دەرەکی، کەسانی بێ ڕەگ و ڕیشەو ئەسڵ و فەصڵی دایە پاڵ حزب.. بەم هۆیەوە حزبیش ڕێکاری یاسایی خۆی بەڕێگای فەرمی گەیاندە لای دادوەری لێکۆڵێنەوە لەدادگای سلێمانی لەبەرواری ٨/٢/٢٠٢٤.

بۆپێشەوە: ئێوە وەکو حزبی کۆمۆنیست تا چەندە برواتان بەدادگاو یاساکانی کوردستان هەیە، تا پەنای بۆببەن؟ وە چ چاوەروانیەکتان لەدادگا هەیە ئەو کەیسە بەشێوەیەکی عادلانە یەکلایی بکاتەوە؟

مەحمود حەلاق: لەم ڕێگا یاساییەوە ئێمە هەوڵی خۆمان ئەدەین بۆیەکلاییکردنەوەی کەیسەکەو هەر لێرەشەوە ئەمانەوێت دادگا بەکاری خۆی هەستێت و بتوانێت ماف بۆ خەڵکی بگێڕێتەوە، وەک ئەوەی باوە کە دادگا عەدالەت دەگێڕێتەوەو تێکەڵ بەکاری سیاسی نابێت.. سەرەڕای ئەوەی باوەڕم بەدادگا هەبێت یان نا، بەڵام چاوەڕوانییەکم ئەگەر هەبێت لەدادگا تەنها ئەوەیە بەهۆی ئەم کەیسەوە خۆی نەخاتە ژێر پرسیاری گەورەی خەڵکەوەو بۆخەڵکیش ئاشکراو مەعلوم بێت کەدادگا ئەیەوێت چی بکات لەسەر بابەتێکی لەمجۆرە تۆمەت بەخشینەوە لەلایەن دادوەرێکەوە.. ئایا دادگا ئەتوانێت یاسا سەروەر بکات و چاوپۆشی بکات لەهەر پلەو پایەو حەصانەیەک؟! ئەگەر وانەبێت، ئێمە ناچار ئەبین ئەوکاتە لەڕێگای بەیاننامەی خۆمانەوە هەڵوێستی دادگا بۆخەڵک پێناسە بکەینەوەو ڕای گشتی خەڵکی بۆ بهێنینە پشتەوە.

بۆپێشەوە: نەدەکرا لە جێگای سکاڵای یاسایی بە ڕیگەی دیکە ئەم مەسەلەیە چارەسەر کرابا؟

مەحمود حەلاق: ئێمە دروست نۆ ڕۆژ دوای ئەوەی حاکم تۆمەتەکانی بەخشیەوە، شکاتی خۆمان گەیاندە دادگا. پێش ئەو بەروارە، دیسانەوە لەڕێگای بەیانێکی حزبەوە کەبڵاوکرایەوە هێماکرابوو بۆئەوەی حاکم داوای لێبوردن بکات، هەڵبەت بەشەخصی پەیوەندی پێوە نەکراوەو من خۆم لەو باوەڕەدا نیم کە بەیانەکەی نەبینیبێت! سەرەڕای ئەوەش، حاکم ڕیزێک لەبوختان و بێحورمەتی و تۆمەتی لیست کردووە، ئەدی بەچ لۆژیکێک پەیوەندی پێوە بکرێت بۆئەوەی داوای لێبوردن بکات؟ ! بەهەرحاڵ هەرچۆن بێت کەیسەکە چووەتە ناو ڕێکارە یاساییەکانەوەو چاوەڕێ ئەکەین کەسەرەنجامەکەی بەرەو کوێ دەڕوات..

Leave A Reply

Your email address will not be published.