چەقبەستوویی شەڕی ئۆکرانیا و گەشەی ئابووری ڕووسیا وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: توانا محەمەد نوری
هەرگیز دەوڵەتی ڕووسیا بە کەم مەزانە، ئەمە وانەی سەرەکی شەڕی بە وەکالەتی ناتۆیە لەگەڵ ڕووسیا.
بەربەستە سیاسییەکان بۆ دابینکردنی دارایی جەنگەکە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ کەمبوونەوەی پەرۆشی یەکێتی ئەوروپا بۆ شەڕەکە.
دواجار یەکێتی ئەوروپا ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی توندڕەوی ڕاستڕەوی هەنگاریایان ڕازیکرد و ڤیتۆی خۆی کشاندەوەو بڕی ٥٠ ملیار یۆرۆ یارمەتیان بۆ ئۆکرانیا دابینکرد. بەڵام ئایا ئەمە چارەسەری ئەو کەمیی چەک و تەقەمەنییە دەکات کە کیێڤ پێویستی پێیەتی؟
هاوکات دوایین پاکێجی یارمەتییە سەربازییەکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێسدا گیری خواردووە. بایدن رازی بوو بە داواکاری کۆمارییەکان بۆ سەرکوتکردن و ڕێگری زیاتر لە پەنابەاران لە سنووری باشووری ئەمریکا، تەنیا بۆ ئەوەی کۆمارییەکان ڕازی بکات, بەڵام ڕێکەوتنەکە بەهۆی فشاری دۆناڵد ترەمپەوە ڕێگری لێکرا.
شکستی هێرشەکەی ساڵی ڕابردوو هیوای سەرکەوتنێکی سەربازی بۆ ئۆکرانیا تێکشکاند. حکومەتی بایدن پلانێکی درێژخایەنی بۆ یارمەتیدانی کیێڤ پەرەپێدەدا، بەڵام بەگوێرەی بەرپرسان، ئەو پلانانانە پێشبینی ئەوە ناکەن کە ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا شکست بە ڕوسیا بهێنێت.
بۆ تێگەیشتن لەو چەقبەستووییەی ئۆکرانیا و پشتیوانە ڕۆژئاواییەکانی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دەبێت سەیری دیوەکەی دیکەی هاوکێشەکەش بکەین کە ڕووسیایە.
حیساباتی بایدن دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین فەرمانی شەڕی دەرکرد، ئەوە بوو کە دەتوانێت لە ڕێگەی سزا داراییەکان و دابینکردنی چەک و “ڕاوێژکاری” سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕکابەرێکی مەترسیدار لاواز بکات و لە کۆتاییا شکستی پێبهێنێ.
لە ئێستادا ئەم سیاسەتە بە ئاشکرا شکستی هێناوە. بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕووسیا لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی لەسەدا ٣ گەشەی کردووە، ئەمەش خێراترە لە هەریەکێک لە ئابوورییە گەورەکانی ڕۆژئاوای گروپی حەوت. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ جارێکی تر لێیان بباتەوە.
بانکی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات کە بەرهەمی ناوخۆی ئابووری ڕووسیا لە ئابووری ئەڵمانیا گەورەترە.
ڕوونکردنەوەی پسپۆڕان ئەوەیە کە “کرێملین خۆی لە قەیرانی ئابووری لە ڕێگەی فرۆشتنی وزەوە ڕزگارکرد و هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ سنووردارکردنی داهاتەکانی حکومەتی پوتین سەری نەگرت.
ئابووری ناسێک دەڵێت: “ڕژێمی پوتین توانی خۆی ڕابگرێ, چونکە لەسەر ئەمبارێکی زەبەلاحی نەوت دانیشتووە. ئابووری ڕووسیا ئێستا وەک بەنزینخانەیەک وایە کە دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی تانک.
سزاکان
لە ئەنجامی سزاکانی ڕۆژئاوا، ڕووسیا زەرەرمەند نەبووە, بەڵکو توانی سوود لە نرخی بەرزی وزە وەربگرێت و لە جیاتی بازاڕەکانی ئەوروپا، وزە بۆ هندوستان و چین هەناردە بکات.
جگە لەوەش ڕووسیا گۆڕاوە بۆ ئابوورییەکی جەنگی کە دەوڵەت ئاراستەی دەکات. پوتین ڕژێمێکی تاکڕەو و تا دێت سەرکوتکەری بەڕێوەبردووە، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە تیمێک دەبەستێت کە سیاسەتی نیولیبراڵی توندڕەوی ئۆرتۆدۆکسی جێبەجێ کردووە. بەبەردەوام بلۆکی ئابووری (وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی) ڕژێمی ڕووسیا ڕزگار دەکات. سەلماندوویانە کە زۆر بەسوودترن بۆ پوتین لە ژەنەڕاڵەکان.
خەرجییە سەربازییەکان زۆر بەرزبوونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٠ دا گەیشتووەتە نزیکەی یەک لەسەر دەی داهاتی نیشتیمانی ڕووسیا.
لە ڕوانگەی پوتینەوە هێشتنەوەی ئابووری لە گەشەکردندا ڕێگەی پێداوە لەو شڵەژانە سیاسییە دەرباز ببێت کە لە دەوروبەری یاخیبوونی سەربازیی یڤگینی پریگۆژین لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕوویدا. فەرماندەی گشتی ئۆکرانیا ژەنەڕاڵ ڤالێری زەلووژنی دان بەوەدا دەنێت کە ڕوسیا لە ڕادەبەدەر دڕندانە بووە لە بەسەربازکردنی تاوانباران و سزادراوان کە وەک خۆراکی شەڕ بەکاریان دەهێنێت.
١١/٢/٢٠٢٤