17ی شوبات، خاڵێکی وهرچهرخانی مێژوویی لهکۆمهڵگەی کوردستاندا!…نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
دوای زیاتر لە دوو دەهە لهپێشێلکردنی ئیرادهی جهماوهری کرێکاران و ئوردوی بێبهشان، لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ دا، یهکهمین پریشکی خرۆشان و ناڕەزایەتی فراوانی بێبهشان چەخماغەییدا، و سهرهتای بهکردهوهی بزووتنهوهیهکی شۆڕشگێڕانه لەدژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، دهستی پێکرد. ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بە ئیلهام وەرگرتن لە بزووتنهوهی ناڕهزایهتییە شۆڕشگێڕیهكانی باكوری ئهفریقاوه، دەستی پێکرد. بزوتنەوەیەک کە پرسی شۆرش و گۆڕانکاری لە ڕێگای شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەرەوە هێنایەوە مەیدان و لە سەرەتاکانی خۆیدا، توانی چەندین رژێمی دیکتاتۆرو چنگ بەخوێن و تاڵانچی رابماڵێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان، لە دژی دزی و تاڵانی، لەبەرامبەر نابەرابەری و بێمافی، لەسەرکوت و ژێر پێخستنی ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، تەقییەوە و بۆ یەکەمین جار بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا، خۆی نمایش کرد. ئەو نمایشە لە نارەزایەتی جەماوەری تەواوی دەسەڵاتی بۆژوازی کوردی توشی ڕاچەنین کرد و ئەو ڕاستیەی نیشاندا، کە ڕێگای بەدەستهێنانی داخوازییەکان و پاشەکشەکردن بە دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی لەڕێگای دەربرینی نارەزایەتی و هێنانە مەیدانی هێزی جەماوەرییەوە مەیسەر دەبێت، نەک لە ڕیگای هەڵبژاردن و کایەی سواوەکەی پەرلەمان.
هەرچەندە دەستپێکی ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییە، بۆپشتیوانی لە ڕاپەرین و شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا” بەهاری عەرەبی”، وە بەدژی دزی و تاڵانی و نابەرابەری ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا، بزوتنەوەیەک بوو بەدژی سەراپای دەسەڵاتی داسەپاوی بۆرژوازی کورد و کارنامە نەنگینی بیست ساڵەکەی….
لەبەرامبەر بەو بزوتنەوە نارەزایەتییە ڕەوایەدا، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی ماهیەتی ڕۆپۆشکراوی خۆی، بە نواندنی سەرکوت و دڵرەقیەکی کەم وێنەوە نمایش کرد. لەبەرامبەر بە خۆپیشاندانی بێ چەک و جەماوەریدا، دەستی بۆ توندوتیژی و چەک و سەرکوتی بێپەردە برد و لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ١٠ کەس گیانیان لەدەستداو نزیک بە دوو هەزار کەس بریندار بوون، بەسەدان هاوڵاتی و هەڵسوراوی جەماوەری راوەدونران و خرانە زیندانەکانەوە، ڕفینراون و چاویان لێ سورکرایەوە، بەدەیان کەناڵ و میدیا و رۆژنامە و بەسەدان رۆژنامەنووس کەوتە بەر شەقی دیموکراسی!! و پیاوانی دەزگا ئەمنی و جاسوسیەکان، بەشێکی زۆری شارەکان میلیتاریزە کران و ترس و تۆقاندن کەشی کۆمەڵگەی قانگ دا.
بە جیا لە بەدەستەوەگرتنی حەربەی سەرکوت و ترساندن، دەسەڵات ناچار بوو لە ژێر گوشاری خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ١٧ شوباتدا، سەری تەسلیم لەبەرامبەر بە ئیرادەی وەگەرکەوتووی جەماوەریدا، دابنەوینێت. وادە و بەڵێنی لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و ئەوانەی تەقەیەیان لە هاوڵاتیان کردووە، دا. بەڵینی ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، بەڵینی چاکسازی و وەستانەوە بەدژی گەندەڵی، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوڕدانەوە لە ویستەکانی خەڵکی کوردستانی، راگەیاند. وەعدی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، تا دەگاتە ناچاربوون بەدانیشتن لەگەڵ هەڵسوراوان و دەستەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان…تاد، دا.
لەگەڵ ئەوەدا کە خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریەکەی ١٧ شوبات و لە زۆنی سەوزدا، چەخماخەی دا، بەڵام ریشەی لە نارەزایەتی و تورەیی سەراسەری خەڵکی کوردستاندا بوو. دەسەڵاتی زۆنی زەرد بە داسەپاندنی دیکتاتۆریەتێکی ئاشکرا رێگەی لەوە گرت، کە خەڵکی کرێکارو ستەم لێچوو بێنەسەر شەقامەکان.
خۆپیشاندانەکانی دواتری زوربەی زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستان، تا دەگات خۆپیشاندانەکانی هەولێر و ژێر دەسەڵاتی پارتی، هەر درێژەکراوەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ و رۆژانی دواترە. تەنانەت بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، لە درێژەی هەمان دۆخ و بەرەوپێشەوە چوونی ئاستی نارەزایەتی جەماوەریدا دەچێتە پێشەوە، کە پرشک و چەخماغەکەی ریشەی لە ١٧ شوباتدایە. بۆیە بەهەموو پێوانەیەک ١٧ شوبات خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ، لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و جەماوەری ناڕازی خەلکی کوردستاندایە.
ئێستا کە ڕۆژ بەرۆژ قڵشتی نێوان دەسەڵات و جەماوەری بێبەش، کەلێنی نێوان دەسەڵاتی سەرمایەو چینی کرێکار و بەرهەم هێنەرانی کۆمەڵگە فراونتر دەبێتەوە. لەو نێوەدا بەجیا لە دەسەڵات کە کەوتۆتە بەردەم شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری، هاوکات ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کوردیش بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، کەوتۆتە بەردەم تورەیی و نەفرەتی جەماوەری. خۆشباوەری بە بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکان، نەک هەر ڕەویوەوە، بەڵکو ئەوانیش هەم لە کێکی دەسەڵاتیان خوارد و بوونە بەش لە حکومەتی چەتە و سەرکوت و بێمافی و هەم لەبەردەم بزوتنەوەی ڕاماڵینی جەماوەریدان. کارنامەی ئەو ئۆپۆزیسۆنە لە بەشداریکردنی لەدەسەڵاتی دزی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، تا دەرکەوتنی ماهیەتی ریاکارانەیان و سات و سەودایان بە خوێنی بە ناحەق ڕژراوی قوربانیانی ١٧ شوبات و پاشان بەڵینی” چوار ساڵی ئارام” و هەوڵدان بۆ راگرتنی جوڵەی شەقام و مامەڵەیان لەگەڵ پاشەکەوتی موچە، لەگەڵ خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی مامۆستایان و کارمەندان، بێدەنگەکردنیان لە روداوی کارەساتی شەنگال و پاشان ١٦ ئۆکتۆبەر و خستنەگەری هەموو هەوڵکیان بۆ بەشداری لە کابینەی نۆهەمدا، نوزەیەکی دژ بەدەسەڵاتی تیا نەهێشتنەوەو ئەوەی ماویانە، بەستنەوەی چارەنووسیانە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش كرنوش بردن بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەکان.
لە ئێستادا، کە ١٣ ساڵ بەسەر خرۆشانی ١٧ شوباتدا دەگوزەرێت… خەڵکی کوردستان لەگەڵ تەواوی حزب و لایەنەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد بە”دەسەڵات و بە ئۆپۆزیسۆنەوە” رووبەرووە… هەروەها تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن پێی ناوەتە ئاستێکی باڵاترەوە… ئۆپۆزیسۆن لەگەڵ بکوژانی خۆپێشاندەراندا، بەشداری ئەو دەسەڵاتە تاڵانچی و سەرکوتگەرەن کە خەڵک لە دژیان ڕاپەری. وە خوێنی قوربانیانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتریان کردە، پەیژەی هەڵزنین بە دەسەڵاتدا. هەروەها هەموو ئەو بەڵین و وادانەی دەسەڵات لەژێر گوشاری ١٧ شوباتدا دابوویان، بە لێپرسینەوە لە تۆمەتباران و بکوژی خۆپیشاندەران و تا دەگاتە بەڵینی چاکسازی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، درۆ دەرچوون و بەخشینەوەی ئەو بەڵین و وەعدانە هەر بۆ دامرکاندنەوەی تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بووە.
ئێستا دوای ١٣ ساڵ بەسەر ١٧ شوباتدا، هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان خراپتر لە ساڵانی رابردووە، سەرکوتگەری زیاترە، دزی و تاڵانی بەشوێنێک گەیشتووە، بەپرسەکان لە زمانی خۆیانەوە دان بە دزییەکاندا دەنێن… مەلەفەکانی دزی دەخەنە ڕوو، تاوان زۆرترە، بێمافی فرەترە، خزمەتگوزارییەکان خەریکە ئاسەوارییان نامێنێ، قڵشتی چینایەتی بەرینترە، ئایندەی سیاسی کوردستانیان نادیارە و خەریکە بەتەواوەتی دەچیتەوە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی ناوەندی. ناوەرۆکی ئۆپۆزیسۆن بەتەواوەتی ئاشکرا بووە، تورەیی جەماوەری گشتی ترە، هۆشیاری چینایەتی چۆتە سەرەوە، درۆی چاکسازی، بەتەواوەتی دەرکەوتووە، ١٧ شوباتیکی تر، بە ئاستیکی فراوانتر، یەکگرتوانەتر، رێکخراوتر، بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی رۆشنەوە، بۆتە پێداویستییەک بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بەدەسەڵاتی سەرمایەو بزوتنەوەی کوردایەتی…
بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران و بەشەکانی تری کۆمەڵگە و ئەزموونی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی پێشووی کۆمەڵگەی کوردستان، دەتوانێت ببێتە هاندەر و ئیلهام بەخشی نارەزایەتی و راپەرینی داهاتووی خەڵکی کوردستان و سەرچاوەیەکی بێکۆتا لە ئەزموونی خەباتکارانەیان…
ناوەراستی شوباتی ٢٠٢٤