بەردەوامی پەیامەکانی ١٧ ی شوبات لە بارودۆخی ئێستادا!…نووسینی: عیرفان کەریم

0

 بۆ ئەوەی پەیام و بانگەوازی هەر ناڕەزایەتی و خرۆشانێکی بەرفراوانی جەماوەری بناسین، پێویستە  قۆناغ و بارودۆخی سیاسی وئابوری ئەو کۆمەڵگەیە پێناسەبکەین و لەوێشەوە، لێکدانەوەی دروست بۆ هۆکارەکان و ئەو پەیامانە بکەین کە ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت بەیانیان بکات و بەدەنگی بەرز ناوەرۆکی خواستەکانی خۆی ڕابگەێنیت.

ساڵی ٢٠١١ و بەدوای هاتنە مەیدانی جەماوەری شۆرشگێر و ناڕازی لە دەسەڵاتی گەندەڵی سەرمایەداری لە هەردوو وڵاتانی تونس و میسر. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆرێک لە بومەلەرزەی توڕەیی و بێزاری جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی بەخۆیەوە بینی. تەجروبەی جەنگی سەرسەختانەی جەماوەری خەڵک لەبەرامبەر دەسەڵاتی گەندەڵی دەیان ساڵەی (زین العابدین) و بنەماڵەکەی و سوربون و مانەوەیان لەسەنگەرەکانی شەقام و ناوەندەکانی شارو شارۆچکەکان لە سەرتاسەری تونس. سەرئەنجام دەسەڵاتی زین العابدین ڕوخاو و لە تونس هەڵات. بەدوای ئەم ڕووداونە لە وڵاتی میسریش هاوشێوەی تونس خرۆشانێکی بێ وێنە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا ڕوویدا و بە ملیۆنەها کەس لە ناوەندەکانی شارو شارۆچکەکانی میسر هاواری (بڕۆ، بڕۆ) یان لە بەرامبەر دەسەڵاتە گەندەڵ وسەرمایەداریەکەی (حوسنی موبارەک) و بنەماڵەکەیان بەدەنگی بەرز دەوتەوە. سەرئەنجام ئەم حکومەتەش نەیتوانی بەرگەی هاتنە مەیدانی ملیۆنی جەماوەری شۆرشگێر بگرێت و خۆیان دا بەدەستەوە و دەسەلاتیان بەجێهێشت.

کاریگەری ئەم دوو ڕوداوە، بۆ سەر عێراق و کوردستان هەر بەزوویی خۆی نیشاندا، بەتایبەت لە کوردستان بەهۆی سایەکردنی دەسەلاتی گەندەڵ و میلیشاییی یەکێتی وپارتی و مانەوەی ستەم و زوڵم و نابەرابەری کۆمەلایەتی و غەرقبوونی دەسەلاتدارانی ئەم دوو حزبە لە نێو زەلکاوی گەندەڵیدا، بێ بەشکردنی زۆرینەی خەڵکی زەحمەتکێشی کورستان لەسەرەتاییترین ماف و خزمەتگوزارییەکان. سەرئەنجام   لە ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ جەماوەری ناڕازی لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی سەرەتای دەستپێکردن و هاتنە مەیدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری تۆڕە وناڕازی لە بەرامبەر مانەوەی ستەم و زۆرداری، خۆی راگەیاند. ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە هەر بەزویی زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە و جەنگێکی بەرفراوانی جەماوەری لەبەرامبەر دەسەڵاتی میلیشایی یەکێتی و پارتی دەستیپێکرد. خواست و پەیامەکانی ئەم بزوتنەوەیە بەئاشکرا، خۆی لە کۆتایهێنان بە سیستەمی گەندەڵی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی بوو. کاردانەوەکانی دەسەلاتداران بەگووللە بارانکردنی خۆپیشاندەران و  پاشان پەلاماردانی سەربازی و کوێرانە بۆسەر مەیدانەکانی کۆبونەوە جەماوەرییەکان و گردبونەوەکان، ڕادەی ترس و تۆقینی ئەم دەسەلاتەی لەم بزوتنەوەیە، بە ئاشکرا خستەڕوو. کار گەیشتە ئەوەی کە پەنا بۆ حکومەتەکانی دەوروبەر بەرن بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان و بەرگرتن بەم توڕەییە جەماوەرییە.

ئەو بارودۆخە جیهانی وناوچەییەی کە بوونە هۆی لەدایکبونی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە، بەتایبەت قەیرانی ئابوری  سیستەمی  سەرمایەداری لە ئاستی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٨ و شکاندنەوەی بارگرانی ئەم قەیرانە بەسەر شانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ولاتە جۆربەجۆرەکان،  لەوانە  تونس و میسر و کوردستان و هاوکاتی ئەمەش درێژەکێشانی دەسەڵاتی ستەمکار وسەرکوتگەرەکان لەم وڵاتانە. هۆکاری بنچینەیی ئەم خرۆشانە بەفراوانەی جەماوەر بوو.

لە بارودۆخی ئێستاشدا، دەکرێ زۆر بەڕوونی بڵێین هێشتا ناوەرۆکی پەیامەکانی ١٧ی شوبات ماوە، چونکە نەگەیشتە ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆی کە دەیەویست کۆتایی بەدەسەلاتی گەندەڵ وستەمکار بهێنیت لە کوردستان، دەکرێ نمونەکانی ئەم دواییە لە ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی کرێکارانی ژینگەپارێز و مامۆستایان و  فەرمانبەران و دانیشتوانی شاروشارۆچکە جۆربەجۆرەکانی کوردستان. شکست دانی هەڵبژاردنەکان لە رێگای بایکۆت و بەشداری نەکردنەوە، تا دەگاتە مایەپوچ بوونی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوای و دەرکەوتنی ناوەرۆکی پوچەڵیان…تاد وەک درێژەپێدەر وهەڵگری ئەو پەیامانە دەست نیشان بکەین. لە ئیستادا کە بەرەو یادی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر دەچین، دۆخی هەریمی کوردستان و هاوڵاتیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرژاو- میلیشیایی کوردا، لەو پەرێ خراپیدایە، دزی و تاڵانی و گەندەڵی زۆرترە. سەرکوت بێ پەردەترە. گرانی و برسێتی و بێکاری دەستی ناوەتە بینەقاقای چینی چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەت. ئاییندەی سیاسی کوردستان نادیار و خەریکە لە ژێر ناوێ فیدرالیزەکردنی عێراقدا و لەهەلومەرجی تازەی هاوسەنگی هێزدا، کە بەسودی ناوەندە، کوردستان بە کردەوە بە دەسەڵاتی ئیسلامی و عروبیەوە دەلکێنرێتەوە… هاوکات خواستەکانی بزوتنەوەی جەماوەری ١٧ شوبات، گۆراوە بە خواستی راماڵینی دەسەڵات و هیچ کەسێك چاوەروانی ئەوەی لەدەسەڵات نەماوە چاکسازی بکات. ماهیەتی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کە بوونەتە بەشیک لە دەسەڵاتی دزو چەتە نەتەوەپەرستەکانی کورد، بەتەواوی ئاشکرابووە و نەوەی نویش وەکو کۆمپانیایەک شانسی لە ئۆپۆزیسیۆن پێش خۆی باشتر نییە.

لە هەلومەرجی ئیستادا زەمینە بۆ بەدیهێنانی خواستی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان وەکو خواستێکی واقعی و ئینسانی لە ئارادایە و جەماوەری شۆرشگێر دەکرێ بە پراکتیک وبەرنامەی شۆرشگێرانەی خۆی، بە رێکخراوبوون و توانایی ولێهاتویی خۆی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پیرۆزە، زۆر بەڕوونی بخاتە ڕوو.

١٤-٢-٢٠٢٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.