خواستی سادەی موچەی مامۆستایان و وانەبێژان رووبەڕووە لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی…

0

وەڵام نەدانەوەی دەسەڵاتی زۆنی سەوز بە خۆپیشاندان و بایکۆت و نارەزایەتی پێنج مانگەی مامۆستایان و وانەبێژان، بۆ موچەو دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە. خستنەگەری هەوڵی جۆراوجۆر بۆ درزخستنە ریزی نارەزایەتییەکان و گوشارهێنان و بەدەستەوەگرتنی هەرەشەی سزاو پەنا بردن بۆ مەقاشەکانیان بۆ شکاندنی بایکۆت و تەسلیم بوون، بە ئاشکرا دەری دەخات دەسەڵاتی زۆنی سەوز ئەوەی بۆی گرنگ نییە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی خوێندن و پەروەردە و ئاییندی خوێندنی ئەم ساڵە…

هاوکات ڕێگریکردنی پارتی بۆ سازکردنی رێپیوانی موڵەتپێدراو!!ی حزبی شیوعی و هەڵسوراوانی جەماوەری بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پشتیوانی لە خواستی رەوای مامۆستایان و وانەبێژان، لەوەش زیاتر تەنینی چواردەوری مەڵبەندی حزبی شیوعی بەهێزی چەکدار، دەرخەری ئەو راستیەیە کە پارتی هاوشانی یەکێتی دژ بەخواستی مامۆستایان و وانەبێژانە. لەوەش زیاتر ترسە لە نارەزایەتی قوڵپخواردووی مامۆستایان و وانەبیژانی زۆنی زەرد، کە بەزۆری هێز و هەرەشە رێگەیان لێگیراوە بینە مەیدان و شان بەشانی مامۆستایان و وانەبیژانی زۆنی سەوز خۆپیشاندان بکەن.

ئەو مامەڵەیەی یەکێتی بەگرتنە بەری بێباکی و وەڵام نەدانەوە بە خواستی مامۆستایایان و وانەبێژان و ڕیگری پارتی لە هەر جوڵەیەک بەدژی بێ موچەیی و دانەمەزراندن و کۆبونەوەو خۆپیشانداندا، ماهیەتی هاوبەشی دەسەڵاتی هەردوو زۆن دەخاتە روو بەدژی خواستی رەوای مامۆستایان و وانەبێژ و موچەخۆراندا.

بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و وانەبێژ و فەرمانبەران… وەکو بزوتنەوەیەک کە لە ناچارییدا پێنج مانگە دەستیان داوەتە بایکۆت و خۆپیشاندان، دەبێ لە سیاسەتی نابەرپرسانەی دەسەڵاتدا بەدوای هۆکارەکانیدا بۆی بگەڕێیین، نەک لە کاردانەوەی رەوای مامۆستایاندا.

ئەو بەشە لە مەلا و دادوەر و نووسەر و رۆژنامەنووس و کادری حزبی… کە چوونەتە پاڵ دەسەڵات و داوا لە مامۆستایان و وانەبێژان دەکەن، دەست لە بایکۆت و خۆپیشاندان هەڵبگرن، بەشێکن لە دەسەڵاتی نابەرپرس و هیزی سەرکوت کە لەهەولێر ریگەی نەدا نارەزایەتی لەدژی موچە بڕین بەڕیوەبچیت و لە زۆنی سەوزیش گوێی خۆی کەڕ کردووە. ئەگەر یەکێتی و پارتی وەکو دوولایەن یەک مامەڵە لەگەڵ خواستی مامۆستایان و وانەبێژان و خواستەکانیان دەکەن، ئەوا سەرجەم مامۆستایان و موچەخۆرانی هەریم راستەوخۆ رووبەڕوون لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی هەرێم و سیبەرەکانیان.

مامۆستایان و وانەبێژان… ئەگەر بە راوەستاوی خۆیان تا ئێستا توانیویانە سەرنج و پشتیوانی کۆمەڵگە بۆخۆیان رابکێشن و پلان و نەخشەکانی دەسەڵات و سێبەرەکانیان پوچەڵ بکەنەوە و ریز بەندی سیاسی و کۆمەڵایەتیش لە کۆمەڵگەدا بخەنە روو، هاوکات توانیویانە ئاسۆی سەرکەوتنی بزوتنەوە رەواکەیان، نزیکتر و نزیکتر بکەنەوە. چ هەرەشەکان و سزاکانی دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە مامۆستایان و چ ریگری پارتی لەرێگای هێزی چەکدارەوە بۆ بەرگرتن بە رێپێوانی مامۆستایان، نیشانەی گوشار و ترسێکی گەورەیە لەم بزوتنەوەیە. بەردەوامی و سوربوونی مامۆستایان و وانەبێژان و لەسەر خۆپیشاندان نارەزایەتیەکان و وەک هەمیشە ئامادەییان بۆ وەڵامدانەوە بە فریوکارییەکانی دەسەڵات و نەخشەو پلانەکانیان، زامنی سەرکەوتنی کۆتایی و ملدانی دەسەڵاتی بەدواوەیە. ئەمەش نەک تەنها ئەزمونێکی درەخشانی خەباتی مامۆستایان و وانەبێژان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان زیاد دەکات، بەڵکو هاوکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ نەبەردەکانی ئاییندەی خەباتی جەماوەری ستەم لێچوو لەبەرامبەر نابەرابەری و بێمافی و سەرکوتدا.   

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.