پرسی رۆژ بەڕێز (دیاری محەمەد) بەرپرسی سەنتەری میترۆ وەڵامی چەند پرسیارێکی پرسی رۆژی داوەتەوە…

0

پرسی ڕۆژ: بەپێی ئەم راپۆرتە:

چوارشەممەرێکەوتی ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕاپۆرتی تایبەت بە چاودێری ئازادی ڕادەربڕین و کاری میدیایی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٦٤ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ٣٢٨ ڕۆژنامەنووس و کەناڵی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا زۆرترین حاڵەتی پێشێلکاری لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە کە ٧٨ حاڵەتە و لە پلەی دووەمیشدا پارێزگای دهۆک دێت کە ٣٧ حاڵەتی پێشێلکاری تێدا تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ١١ حاڵەتی پێشێلکاری و١٠ حاڵەتی دیکەی پێشێلکارییش لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراوە.

سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە تۆمارکراون، دژ بە ڕۆژنامەنووسانی نێرینە بوون.

لەڕووی جۆری پێشێلکارییەکانەوە، ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، زۆرترین پێشێلکاری خۆی لە ڕێگری لە ڕووماڵی میدیایی دەبینێتەوە کە ٧٨ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. هەروەها ٢٦ حاڵەتی دەرکردن ونابڕینی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ٢١ حاڵەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و نۆ حاڵەتی هێرش وسووکایەتی و نۆ حاڵەتی دیکەی پێشێلکاری لە جۆری دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تۆمار کراوە. جگە لە چەندین پێشێلکاری دیکە لە شێوەی لێدان، هەڵکوتانە سەر دەزگای ڕاگەیاندن، شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و …هتد.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدا دێن، کە پێشتر هەریەک لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وسەنتەری میترۆ دوو ئاماری دیکەی جیاوازیان لەبارەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان ودەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٦٢ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ١٢٨ ڕۆژنامەنووس ودەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە وبەپێی سەنتەری میترۆ هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٤٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس ودەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە. “

 

 

لەبەر رۆشنایی ئەم راپۆرتەدا پرسی رۆژ لەگەڵ بەرێز (دیاری محمەد) بەرپرسی سەنتەری میترۆدا ئەم چەند پرسیارانەیان تاوتوێکرد:

رەوشی رۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستانی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دیاری مەحەمە: بەپێی راپۆرتە ناوخۆییەکان بێت، یاخود راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان، رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی کوردستان لەپاشەکشەدایە. ژمارەی پێشێلکارییەکان و ئەوبەربەستە نوێیانەی کەحکومەت لەڕێگەی بڕیار وڕێنماییەکانەوە دروستی دەکات (بەنموونە: رێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بەرێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی کەلەلایەن وەزارەتی رۆشنبییریەوە دەرکراوە) ئامادەن بەوەی کە ئەقڵیەتی حوکمداری لەهەرێمی کوردستان ناتوانێت مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ رۆژنامەنووسان میدیاکاندا بکات، بەچاوێکی دوژمنکارانەوە لێیان دەڕوانێت. بەردەوام بەدوای نوێگەری دەگەڕێت لەپێشێلکردنی مافەکانیان.

 

  • چۆن دەتواندرێت رێ لەو پێشێلکاریانە بگیرێت، وئەوکارانە چین کەلە کوردستان ولەدەرەوە دەکرێت ئەنجامبدرێن؟

دیاری محەمەد: كاري: رۆژنامەنووس لەهەرێمی کوردستان بەیاسا رێکخراوە (یاسای ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ) سەرەڕای تێبینیەکان، بەڵام تاڕادەیەک یاسایەکی باشە، زۆر مافی بۆ رۆژنامەنووسان فەراهەمکردووە، جێبەجێکردنی یاساکە باشترین وکاریگەرترین رێگەیە بۆپاراستنی مافی رۆژنامەنووسان، بەڵام ئەمەیان لەئێستادا قورسە، بەو پێیەی حکومەتی هەرێم رێز لەیاساکان ناگرێت ودادگاکانیش وەک پێویست بەڕۆڵی خۆیان هەڵناستن. بۆیە دەکرێت فشارە نێوخۆیی ونێودەوڵەتییەکان زیاتر بکەین لەسەر حکومەتی هەرێمی. رەنگە لەئێستادا ئەم رێگەیە کاریگەرترینیان بێت.

 

 

  • دوایین دادگایی شێروان شێروانی چیمان پێدەڵێت، و چ ئەرکێک دەخاتە ئەستۆی ئازادیخوازن؟

دیاری محەمەد: بەداخەوە دادگاییکردنی شێروان شێروانی وهاوڕێکانی؛ نیشانەیەکی پرسیاری گەورەی خستۆتە سەرنیەتی حکومەتی هەرێم لەترسی ئازادییەکان. لەلایەکی تریش دەسەڵاتی دادوەری و پرۆسەی دادگاییکردنەکە شەفاف نەبوو، وە ئەومافانەی کەتاوانبارەکە بەپێی یاسا فەراهەم نەکرابوو، بەڵگەکانیش بەڵگەی قایلکەرنەبوون، بۆیە بەگشتی پرۆسەی دادگاییکردنەکە دادپەروەرانە جێبەجێنەکرا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە گومان لەسەر دامەزراوەی دادوەری هەیە، هاوڵاتیان متمانەیان بەدادگا نییە، بۆیە دەبێت فشار لەرێگەی هەموو رێکارە مەدەنییەکان فراوانتر بکەین، وە ئەم کارە ئیشی سەنتەری میتر ورێکخراوەکەی نییە بەتەنها، بەڵکو هەموو ئازادیخوازەکان دەبێت بەشداری بن لەو پڕۆسەیەدا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.