موخەریبەکانی زەمانی بەعس و ئاژاوەگێڕەکانی زەمانی حکومەتی کوردی هەرێمی کوردوستان!

0

موخەریبەکانی زەمانی بەعس و ئاژاوەگێڕەکانی زەمانی حکومەتی کوردی هەرێمی کوردوستان!

نووسینی: شوان عەزیز

خەڵکی بەشمەینەت و زەحمەتکێش و برسی کوردوستان لەهەر دوو زەمانی بەعس و زەمانی حکومەتە کوردیەکەی خۆشیدا هەر پیاو خراپ دەردەچێت.

لە سەردەمێکدا کە زوربەی بەرپرسانی ئێستای حکومەتی هەرێم لە شاخدا بوون و دەجەنگان لە دژی حکومەتی ڕەفتارفاشستی بەعس(لە زمانی خۆیانەوە)، خەڵکی کوردوستان هەمیشە وەک ئێستا، بەڵام ئەوکات لە دژی حکومەتی بەعس دەهاتنە سەر جادەو خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا. ساڵەکانی سەرەتای هەشتاکان هەندێک شاری کوردوستان ببوونە شوێنی هەموو کاتەی خۆپیشاندان لە دژی دامو دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەوکاتی بەعس. شارەکانی وەک هەڵەبجەو سلێمانی و قەڵادزەو تەنانەت زانکۆکانیش هەمیشە خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجام دەدرا. لە هەموو ساتەکانیشدا حکومەت لە ڕێگەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی وەک ئاساییش و ئیستیخباڕاتی ئەوکات خۆپیشاندانەکانی شەڵاڵی خوێن دەکرد وەک لە هەڵەبجەو قەڵادزە کردی.

ئەوکات حکومەتی بەعس ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تێکدەرو ئاژاوەگێڕو دوژمنی عێڕاق ناوزەد دەکردن. ئەوکات خۆپیشاندەرەکان پێیان دەگوترا کە دەستی دوژمنانی عێڕاق لە پشتیانەوەیەو هانیاندەدا بۆئەوەی زەرەر بەعێڕاق و گەلەکەی بگەێنن. ئەوکات لە تەواوی دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانی حکومەتی بەعسەوە پاساو دەهێنرایەوە بۆ بکوژانی خۆپیشاندەرەکان کە ئەوان بۆپاراستنی عێڕاق و گەلەکەی ئاژاوەگێڕانیان بەسزای گەل و شۆڕش گەیاندووە. ئەوکات رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان نە شەو نەڕۆژ نەیان دەوێرا لە ماڵی خۆیان بخەون وە هیچ کاتیش لە ژیانی خۆیان دڵنیا نەبوون. ئەوکات بە سەدان لە خۆپیشاندەران لە ماڵەکانی خۆیاندا دەڕفێنران و دەخرانە ژووری تاریکی زیندانەکانەوەو لەژێر ئەشکەنجەو زۆرەملێدا فۆڕمی پاکانەیان پێ پڕ دەکرایەوە کە جارێکی تر بەشداری ناکەن لە خۆپیشانداندا.

ئەدی ئێستا لە ژێر سایەی حکومەتی کوردی هەرێمی کوردوستاندا خۆپیشاندەران چۆن پیشان دەدرێن؟

ئەگەر هەر ئینسانێک بۆ لەحزەیەک بچێتە ناو خۆپیشاندەرانەوەو گوێبگرێت لە داواو هاوارو شیعارەکانیان، تێدەگات کە هەر ئەو خەڵکەن و داخوازیەکانیشیان هەمووی ڕەوان، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردوستان ئەم داواکاریانە بەشێوەیەکی تر دەبینن و وایان دەبینن کە جێبەجێکردنیان دەبێتە هەڕەشە بۆسەر مانەوەیان لەدەسەڵاتدا. بۆیە لەبەرامبەریان هەمان پەرچەکرداری دەسەڵاتی زەمەنی پێشوویان دەبێت لە بەرامبەر خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەراندا.  کە لە کاتی خۆیدا لە زەمانی حکومەتی ڕەفتار فاشستی بەعسدا خەڵکیان بەهۆیەوە پێ لەسێدارە دەداو گوللە باران دەکرا یاخود لانی کەم دەخرایە زیندانەوە.

داخوازیەکانی ئەمڕۆی خەڵکی ناڕازی بریتین لە مووچەکانیان، ئاو، کارەبا، کارو دامەزراندن، ئازادیە دیموکڕاتیەکان، داوای شەفافیەت و دژی گەندەڵی وداوای خۆشکردنی ژیانی هاووڵاتی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانە.  ئەمانە ئەو داواکاریانەن کە خەڵکی ناڕازی لەسەریان گوللە باران دەکرێن، دەخرێنە زیندانەوە، دەڕفێنرێن و پاکانەیان پێ پڕدەکرێتەوە، نان بڕاو دەکرێن و لە کارەکانیان (ئەگەر هەیان بێت) دەردەکرێن، هەڕەشەیان لێدەکرێت و خەویان لە ماڵی خۆیان لێ حەرام دەکرێت. زۆر جاران هەڕەشەی ئەودیو دێگەڵەشیان لێدەکرێت. (ئەم هەڕەشەیە بەتایبەتی لە زۆنی زەردی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەکاردەهێنرێت وە هەندێک جار بۆ هەندێک کەس پراکتیسە کراوە).

 ئەم داخوازیانەی خەڵکی ناڕازی کوردوستان ئەو داخوازیانەن کە حکومەتی کوردی لەسەریان خەڵکی ناڕازی بە شڕەخۆر، ئاژاوەگێڕ، تێکدەر، دوژمنانی حکومەتی هەرێم، جێبەجێکەرانی پیلانی دوژمنانی کورد، دوژمنانی تەجرووبە ساواکەی حکومەتی هەرێم ناوزەدیان دەکات و لە ڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنە زۆرو زەبەلاحەکانیانەوە دەیکەنە پاساوی قەتڵ و عامی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی. دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە دەستی دەرەکی لەپشتەوەیە.

خەڵکی کوردوستان هەقی خۆیەتی کە پرسیار بکات بۆچی حکومەتی کوردی و دەسەڵاتەکەی تەماشای ڕەوایی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران ناکەن و لە جیاتی وەڵامدانەوەی دروست بەو داواکاریانە دێن بەهانەی سەرکوت و قەتڵ و عام دادەتاشن. ئاخر خۆ زەمانی حکومەتی بەعسێش هەروا بەوشێوەیە بەهانەی گوللە باران کردنی خەڵکی داماو و شۆڕشگێڕیان دادەتاشی.

لەهەر وڵاتێکی سەر ئەم گۆی زەویە کە سیستەمی دیموکڕاتی تێیدا لەسەرکار بێت و حکومەت بە سیستەم و دام و دەزگای حکومی کارەکانی بکات نەک بە سیستەمی خێڵ، کەسی، بنەماڵەیی و عەشێڕەتی هیچ کەسێک لەسەر ئەوداخوازیانە نە دەگیرێت وە نە ئیهانە دەکرێت وە بە هەقی ڕەوای خۆی دەزانرێت، بەڵام بەداخەوە کە ئێستا خەڵکی ناڕازی لە کوردوستان لەسەر ئەم داواکاریە ڕەوایانەی خۆیان دەگیرێن و دەکوژرێن و ڕاوەدوو دەنرێن و دەڕفێنرێن و پاکانەیان پێ پڕ دەکرێتەوە.

کەواتە جیاوازیەکە لە چیدایە لە نێوان حکومەتی کوردی ئێستای هەرێمی کوردوستان و حکومەتی بەعسی ئەوسا بۆ خەڵکی ناڕازی؟

 بە بۆچوونی من هیچ جیاوازیەک لە خەڵکەکەدا نیە. خەڵکەکە یا هەر ئەو خەڵکەیە کە لەسەرەتای هەشتاکان دەهاتە سەرشەقام و داوای باشترکردنی ژیانی خۆیانیان دەکرد لەدەسەڵاتداران وە یا نەوەی ئەو خەڵکەیەو ئەوسا لەدایک نەببوو. کەواتە بەهەردووک بارەکەدا خەڵکەکە نەگۆڕاوەو هەمان خەڵکەو هەمان داواکاری هەیە کە دەگونجێت بە کەمێک زیادەو کەمیەوە.

ئەوەی کە گۆڕاوە دەسەڵاتەکەیە بە شکڵ و شێوە نەک بە ناوەڕۆک.  ئەوسا دەسەڵاتی حکومەتی عەڕەبی بەعسی ڕەفتارفاشی بوو وە دژایەتی خەڵکی کوردی لە ڕووی نەتەوەییەوە دەکرد ئینجا لە ڕووەکانی ترەوە وەک هەر عێڕاقیەکی تر . ئێستا دەسەڵاتی کوردیەو لەژێر ناوی حکومەتی کوردیدا مافی خەڵکی زەوتکردووە.

ئێستا گۆڕانی دیدگای دەسەڵاتە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران. ئیستا چونکە خۆپیشاندان لە دژی خۆیەتی بۆیە خۆپیشاندان شتێکی خراپەوەخۆپیشاندەرانیش شڕەخۆرو ئاژاوەگێڕن، بەڵام دوێنێ هەر کارەکتەرەکانی ئەو دەسەڵاتە بوون کە ئەو خەڵکە ناڕازیەیان بە شۆڕشگێر ناوزەد دەکرد چونکە لە دژی خۆیان نەبوو. ئێستا زەمەن گۆڕاوەو بەرژەوەندیش وای کردووە کە بۆچوون و دیدگای دەسەڵاتی کوردی بگۆڕێت لەبەرامبەر خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی دوێنێ وە  ئەوڕۆ دەسەڵات دێت بە شڕەخۆرو ئاژاوەگێڕی ناوزەد دەکات.

کورتەی دوایی:

خەڵک هەمیشە داوای باشترکردنی ژیانی کردووەو ئەوەشی بە ئەرکی دەسەڵاتداران و حکومەت زانیوە.  لە ژێردەسەڵاتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاقداو هەروەها لەژێر دەسەڵاتی خۆیی کوردیشدا خەڵکی ناڕازی کوردوستان هەمیشە بە ئاگرو ئاسن وەڵامی داواکاریەکانی دراوەتەوە. بەهانەکانی وەڵامدانەوەی دەسەڵاتداران لەهەر دووک زەمەندا هەر لەیەک دەچن و هیچ جیاوازیەک نابینرێت لە پاساوەکانی سەرکوتکردندا. بۆیە مادام پاساوەکان بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی لە یەکدەچن وە داواکاریەکانی خەڵکی ناڕازیش تا ڕادەیەک لەیەک دەچن کەواتە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە دەسەڵاتدارانیش لەهەردووک زەمەنەکەدا لە ناوڕۆکدا بۆ خەڵکی ناڕازی و بەشمەینەت لەیەک دەچن. خەڵکی ناڕازی وخۆپیشاندەر لەهەردووک زەمەنەکەدا هەر بە ئاژاوەگێڕو شڕەخۆر ناوزەدکراون و دەسەڵاتدارانیش لەهەردووک زەمەنەکەدا  خۆیان وا نیشانداوە  لە میدیاکانەوە کەلەسەرهەق بوون. بەڵام بەشکڵ و شێوە گەلیک جیاوازن و کوردایەتی و حکومەتی کوردی خۆیی وای کردووە کە خەڵکێکی زۆری ناڕازی نەتوانێت لە دژی حکومەتی خۆی ڕاپەڕێت، جا با حکومەتێکی باشێش نەبێت. ئەمەش وای کردووە کە دەسەڵات تا ئێستاش خاوەنی دەنگە لە نێو خەڵکیداو دەیکاتە بەهانەی ئەوەی کە خەڵکی لەگەڵدایە.

 بۆیە  پێشنیاری دروست  ئەوەیە:  پێویست دەکات ئەوخەڵکەی کە هێشتا پێی وایە حکومەتی خۆیی کوردی بە هەموو خەراپیەکانیەوە هەروا باشە کە پشتی بگیرێت، با بە خۆیاندا بچنەوەو بزانن کە ئەمە باوەڕێکی هەڵەیە. تۆ ئەگەر لەسەر ئەوەی کە داوای نان و ئازادی دەکەی بە ئاژاوەگێڕو شڕەخۆر ناوزەد بکرێی و بە ئاگرو ئاسن وەڵام بدرێیتەوە، ئەم وەڵامە و بەم شێوەیە لەلایەن بەرپرسێکی کوردەوە بێت یان لە لایەن کەسێکی غەیرە کوردەوە بۆ تۆ چی جیاوازیەکی هەیە؟ بە واتایەکی تر تۆ ئەگەر بەرپرسێکی کورد لە برسا بتکوژێت لەگەڵ هەمان کار کە غەیرە کوردێک پێتی دەکات بۆ تۆ چی جیاوازیەکی هەیە؟ برسیکردن هەر برسی کردنەو دزی لێکردن هەر دزی لێکردنەو تۆ شتەکەت هەر لەدەست دەدەی جا با هەر کەسێک بیدزێت لێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.