ناڕەزایەتیەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا حکومەتی ئیسرائیلیان ئیدانەکرد داوای ئاگربەستی دەست بەجێیان کرد, بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، نەمسا، سوید، دانمارک و تورکیا
رۆژی ١٠ی فێبریوەری ٢٠٢٤ لە نزیکەی ٥٠ شارو شارۆچکەی بەریتانیا بە لەندەنی پایتەختەوە، ئەڵمانیا لە شارەکانی بەرلینی پایتەخت و لە ساربروکن و فرایبۆرگ، فەرەنسا لە پاریسی پایتەخت و هۆڵەندا لە ئوترێخت، ناڕەزایەتیەکان شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و هیرش بۆسەر ڕەفەحیان، ئیدانە کردو داوای ئاگربەستی دەستبەجێ بۆ وەستاندنی ئەو حەمامە خوێناوییەی کە تا ئێستا زیاتر لە 28 هەزار فەلەستینی کردۆتە قوربانی کەزۆربەیان ژنان و منداڵان و بەتەمەنن.
لە بەریتانیا ناڕەزایەتیەکان بە دروشمەکانی “کۆمەڵکوژی ڕابگرن”، “کۆتاییهێنان بە هاوبەشی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە”، “وەستاندنی هەناردەکردنی چەک بۆ غەززە” و “کۆتاییهێنان بە پشتیوانی سیاسی و سەربازی بۆ ئیسرائیل“ بەردەوامبوون.
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کە سێ ناڕەزایی بەخۆیەوە بینی کە بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان بەشداریی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و خۆپیشاندەرانی شارەکانی دیکەی تێدابوو. ئەم خۆپێشاندانانە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەفریقای باشوور لە پەیامی سوپاسگوزاریدا بۆ پشتیوانی ئەو وڵاتە بۆ دۆزی فەلەستین و بردنی کەیسی کۆمەڵکوژی حکومەتی ئیسرائیل بۆ دادگای لاهای، کۆتاییهات.
سەڕەڕای دروشمی سەرەکی ئەم ناڕەزایەتیانە بانگەوازی ئاگربەستی دەستبەجێ بوو لە غەززە، لەگەڵ سەرهەڵدانی دروشمی نوێ لە ئەڵمانیا، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو کۆمپانیایانە کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبارکراون بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل.
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە گۆڕەپانی کۆماری دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران لەژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و فاشیزمی ڕاستڕەوی توندڕەو ڕێپێوانیان کرد و هاوئاهەنگی حکومەتیان لەگەڵ ڕاستڕەوی توندڕەودا ئیدانە کرد، نەک تەنها لە ناوخۆی وڵاتدا بەڵکو لە ئیسرائیلیش. هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ڕاگرتنی کوشتنی فەلەستینییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بوو.
ناڕەزایەتییەکی هاوشێوە لە شاری ئوتریختی هۆڵەندا بەڕێوەچوو و دژایەتی خۆیان بۆ شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەربڕی.
هەروەها هەزاران کەس لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، مالمۆی سوید و ئۆدێنسی پایتەختی دانیمارک، لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئەوروپا کە دەستدرێژی ئیسرائیلیان شەرمەزار کرد، گردبوونەوە.
لە ئەستەنبوڵی تورکیا، دەیان پزیشک و کارمەندی چاودێری تەندروستی بە هاوسۆزی لەگەڵ غەززە ڕێپێوانیان کرد و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل. بەشداربووان لافیتەیان بەدەستەوە و دروشمیان بەرزکردەوە و داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتییان کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە.
هەر لەئێستاوە بڕیارە کە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ١٧ی شوبات ڕۆژێکی جیهانی ناڕەزایەتی بەڕێوەبچێت دژی کۆمەڵكوژیەک کە لەغەززە ئەنجامدەدرێت.
نوری بەشیر
١١ی فیبریوەری ٢٠٢٤