کام بژاردە بەرگری لە ناڕەزایەتی مامۆستایان بۆ موچەکانیان یان بەرگری لە دەسەڵاتی موچە بڕ!!

0

نزیکەی پێنج مانگە، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران، بە ناچاری و بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان، دەستیان داوەتە نارەزایەتی، لە یاداشت نووسینەوە بۆ بایکۆت و لە مانگرتنەوە بۆ خۆپیشاندان… کەچی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم نەک هەرخۆی لە وەڵام بە داخوازییە رەواو سادەکانیان دەدزێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەن پاساوی راگرتنی خوێندن بخەنە سەرشانی مامۆستایان و وانەبێژان و کۆمەڵگە لە کەم تەرخەمی مامۆستایان، هەڵبخرێنن. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو کەسێکی هوشیار و ویژدان زیندو دەزانێت، ئەوەی بەرپرسی نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و راگرتنی پرۆسەی خوێندنە دەسەڵاتی سیاسییە، دەسەلاتێک کە چۆن دەستی ناوەتە بینەقاقای زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە، ئاواش بێباکە لە دانی موچەی مامۆستایان و وانەبێژان و بە پاساوی جۆراو جۆر خەریکی خۆدزینەوەیە لە دابەشکردنی موچەی مانگانەیان. موچەیەک کە ژیان و گوزەرانیانی پێوە بەندە. جیا لەوانەش لە بەرامبەر سوربوونی مامۆستایان و وانەبێژاندا لەسەر نارەزایەتیەکانیان، خەریکی گوشارهێنان و تۆمەت بۆ داتاشین و بەدەستەوە گرتنی حەربەی سزادانیانن بەپاساوی غائیب بوون. لەوەش زیاتر دەیانەوێت لە رێگای تر و هەڵخراندنی خەڵکانی تر گوشارەکانیان زیاد بکەن و مامۆستایان و وانەبێژان ناچار بکەن بە شکاندی بایکۆت و دەست هەڵگرتن لە نارەزایەتیەکانیان. ئەو جەنابانە چ راسپاردەی دەسەڵات بن و چ بریاری خۆیان بێت، بۆ هەوڵدانیان بۆ شکاندنی بایکۆت و کۆتاییهێنان بە نارەزایەتیەکان، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت کە لە بەرەی دەسەڵاتی تاڵانچی و موچە بڕیندان بەرامبەر بە ئۆردوی بەرینی مامۆستایان، کە نەک هەر درێغیان لە خزمەتکردن بە خوێندن و پەروەردە نەکردووە، بەڵکو دەستدانە بایکۆت و نارەزایەتیەکانیشیان دەچێتە پاڵ ئەو خزمەتەی کردویانە. ئەم هاتنە مەیدانەی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران، وانەی ئیرادە نواندن و راوەستانە بەرووی ناحەقیەکی بێ پاساوی دەسەڵاتدا، وانەیەکە هەر کەسێک ویژدان ئازاری لە جەستەی خۆی نەکردبێتە دەرەوە دەبێ پشتیوانیان بکات.

لە نێوان ئۆردوی بەرگریکار لە قوت و مافی سادەی وەکو موچە لەگەڵ موچەبرین و هێرشی دەسەڵات و گوێ خەواندندا، دیارە کە ئەوەی هیرش دەکات و مافی مامۆستایان و فەرمانبەران لوش دەدات، دەسەڵاتە و ئەوەیش دەیەوێت بەرگری لەژیانی بکات و پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت و مناڵان و خوێندکاران لە خوێندن دوا نەکەون مامۆستایان و وانەبێژانن. بژاردەکە زۆر ئاسانە… هەر حزب و لایەنێکی سیاسی و جەماوەری و هەر کۆڕو کۆمەڵ و کەسایەتییەک، ئەگەر بایی سەرە دەرزییەک لە خەمی خوێندن و پەروەردەدا بێت، پیویستە بەرگری لە مافی رەوای مامۆستایان و زیاتر لەوەش لە نارەزایەتیەکانیان بکات. ئۆباڵی دواکەوتنی خوێندن لە ئەستۆ دەسەڵاتەو ئەوانەشی بەرگری لەو دەسەڵاتە دەکەن یان داوا لە مامۆستایان وفەرمانبەران دەکەن دەست لەمافی خۆیان هەڵبگرن، پێ بزانن یان نەزانن… خزمەت بەو دەسەڵاتە تاڵانچی و گەندەڵە دەکەن و دەیانەوێت تەمەنی نەگریسی درێژ بکرێتەوە. مامۆستایان و وانەبیژان، نە ئەندام پەرلەمان و نە وەزیر و بەڕیوەبەری گشتی و نە موچەخۆری بن دیوار و نە بەرپرسی ئەمنی و سەربازی و نە لەبازنەی خێزانە حزبی و دەسترۆشتوەکان و نە لیستی خانەنشینانی پلە باڵادان… تا خەمی موچەیان نەبێت و لە پارەی خەوتوو و وە کەڵەکەکراویان بخۆن.

مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران، بە راوەستاوی خۆیان نیشانیانداوە کە فریوی بەڵێنی درۆ ناخۆن و هەرەشە و گوشار نایان ترسێنێ و حەربەی سزادان، ساردیان ناکاتەوە… وە پیویستە بەو عەزم و ئیرادە بەهێزەوە بەردەوام بن و درێژە بە نارەزایەتیەکانیان بدەن، هاوکات وەکو تا ئیستاش وەڵامی هەر درۆ و پیلان و نەخشەیەک بدەنەوە، کە بۆ لێکترازانی ریزەکانیان و بۆ پاشەپێکردن لەبەرامبەریان دەکرێت.. وە پیویستە ماهیەتی ئەو هیزو لایەن و کەسایەتیانەش ریسوا بکەن کە لەنێوان دوو بەرەی مامۆستایان و وانەبیژانی برسیکراو موچە بڕوادا، لەگەڵ دەسەڵاتی موچەبر و تاڵانچیدا… بەرەی دەسەڵات و زوڵمی ئەو دەسەڵاتە پاساو دەکەن و بەرگری لێ دەکەن. 

بۆپێشەوە     

Leave A Reply

Your email address will not be published.