کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان…خوڵانەوە لە بازنەی داخراودا! عەبدوڵا مەحمود
رۆژانی ٢٠/٢١/٢٢/١/٢٠٢٤ بزوتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی دووەمی خۆی لە ژێر ناوی “بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنکارییەکان” بەست.
بزوتنەوەی گۆڕان دوای ١٠ ساڵ دواکەوتن لەکاتی خۆی، کۆنفرانسی دووەمی خۆی بەست، دواکەوتنی کۆنفرانس بۆ ئەو ماوە درێژە، پەیوەندی بە دۆخی نەخوازراوی بزوتنەوەی گۆڕان چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لەئاستی دەرەوەیدا بوو.
لە ئاستی ناوخۆییدا، ئەم بزوتنەوەیە دەرگیری چەندین کێشە بوو، کە بەجیا لە بەشێکیان، زوربەیان ریشەیان لە ئەزمەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاستی کۆمەلایەتی و لە مەیدانی سیاسی و رەوتی پاشەکشەی بزوتنەوەکەدا بوو. بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەکەم بە جیابوونەوە لە یەكێتی نیشتیمانی و بە بانگەشەی گۆڕانکاری گەورە لە ئاستی حکومڕانییدا، بە بانگەشەی چاکسازی و وەستانەوە بەرووی دزی و گەندەڵی و لە پێناو شەفافیەت و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئاڵوگۆر لە دۆخی سیاسیدا هاتە مەیدان، سەرەتا توانی سواری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ببێت و خۆشباوەرییەکی زۆر لەناو بزوتنەوەی نارەزایەتیەکاندا دروست بکات و لەدەوری خۆی کۆیان بکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو خودی بزوتنەوەی گۆڕان رەوتێکی خۆشباوەر بەواقعیەتی سیاسی کوردستان بوو.
بزوتنەوەی گۆڕان لە بنەرەتدا جگە لە بانگەشەی چاکسازی و شەفافیەت کە تۆختر لە پارتی و یەکێتی بەیانی دەکرد، هیچ جیاوازییەکی بنەرەتی لەگەڵ پارتی و یەکێتی نەبوو. لە پەیوەند بە پرسە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە لەوانە جۆری سیستەمی سیاسی، فیدرالیزم، مامەڵە لەگەڵ دین، لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لە زەمینەی ئابوری…تاد هەڵگری هەمان ڕێچەکەی پارتی و یەکێتی بوو. نەبوونی جیاوازی بناغەیی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەیوەند بە پرس و مەسەلە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان زۆر زوو بزوتنەوەی گۆڕانی لەگەڵ رەوتێکی روو لەخوار بەرەو روو کردەوە. خەڵکی کوردستان و لێدانی دڵی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کەلە پایەترین ئاستیدا رەتکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتییە، هێزیکی تر ئەگەر دەست نەبات بۆ لابردنی ئەم دەسەڵاتە، بەناچار دەبێتە بەشێک لەو دەسەڵاتە و تەنانەت ئەگەر دەیان کورسی پەرلەمانیش بهێنێت، ناتوانێت دەسەڵات بگرێت و ببێتە سەرچاوەی ئاڵوگۆری بنەرەتی. بزوتنەوەی گۆران لەسەرەتادا توانی ٢٤ کورسی پەرلەمانی بهێنێت و ببێتە هێزی دووەم لە کوردستاندا، بەڵام دەسەڵاتی دووەمی وەرنەگرت و هەر لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی پارتی و بەتایبەتیش یەکتیدا بوو. تێ نەگەیشتن لەوەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیاییدا، لە رێگای هەڵبژاردن و کورسی هێنانەوە، دەسەڵات ئاڵوگۆری بەسەردا نایەت، قوربانیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەجیا لەوەی لەو راستییە تینەگەیشت، هاوکاتیش بە پێچەوانەی ویستی جەماوەرەوە کە کۆتاییهینان بەدەسەڵاتی پارتی و یەکیتی بوو، گۆران بووە دارعاسای رزگارکردنی دەسەڵات و چووە ناو ئەو حکومەت و دەسەڵاتە چەتەو مافیایە و “چوار ساڵی ئارامی” وەکو رزگارکردنی دەسەڵات لە تورەیی خەڵک، بەدەستەوە گرت و سەرئەنجام خۆی بووە بەشێک لە پەیکەرەی ئەم حکومڕانییە و هاوکاتیش بووە قوربانی و تا ئەو رادەیەی لە دواین هەڵبژاردندا یەک تاقە کورسیشی بەدەست نەهێنا.
گرفتیكی تری بزوتنەوەی گۆران، کێشەی رابەری بزوتنەوەکە دوای نەوشیروان مستەفا بوو، بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی و ئێستاش ناتوانێت، کێشەی رابەرییەکەی چارەسەر بکات و کەسێک بینێتە پێشەوە کە ببێتە چەتری کۆکردنەوەی رابەرییەکەی و ئۆتۆریتەی قبوڵ بکرێت. دەبێ ئەوەشمان لەیاد نەچێت، گواستنەوەی سامانێکی خەیاڵی نەوشیروان مستەفا بۆسەر کوڕەکانی بەر لە مردنی، هەموو بانگەشەکانی خاکی بوون و گەندەڵ نەبوون و وراسی نەبوونی نەوشیروان مستەفای لای هەموو ئەو جەماوەرە بەبادا کە خۆشباوەریان بەو ستایشە بێ پایەیە هەبوو، وە نیشانیدا کە نەوشیروان مستەفای باوکی هەژاران!! هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و هیچ ناکۆکیەکی لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵەیی نییەو نەبوو. بزوتنەوەیەک ئەوە کارنامەکەی بێت لەسەر ئاستی رابەری و کەسی یەکەمی، چۆن دەتوانێت جارێکی تر قاچ بچەقێنێت و خەڵک لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان تاکە هێز و حزبی سیاسییە، کە زوربەی هەرە زۆری کادر و کەسایەتیەکان و بەرپرسەکانی، لە هەموو جێگایەک و بەتایبەت لەناو دەسەڵات و بەتایبەتیش لەناو پارتیدا جێگایان گەرم کردووە و خۆشباوەری بە گۆڕان بە کۆتایی خۆی گەیشتووە.
کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دۆخێکی ئاوادا، چۆن دەتوانێت بانگەشەی رووبەرووبوونەوەی ئاڵنکارییەکان بکات، بەتایبەتیش کەخۆی بە بەشداری لەدەسەلاتدا بۆتە خوڵقێنەری ئاڵنکاری و ئاستەنگی گەورە لە بەردەم خەڵکی کوردستان و خەباتی حەقخوازانەیدا.
بزوتنەوەی گۆران بەجیا لەدۆخی ناوخۆیی و کیشەی رابەری و پەرش و بڵاوبوونەوەی ریزەکانی و شەپۆلی تۆران و سەنگەر گواستنەوەی کادران و کەسایەتی رابەری بەرجەستەیان بەتایبەت بۆ ناو پارتی، هاوکات لەگەڵ دۆخێکی سیاسی تایبەتی بەرەو رووە، کە سەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتی کردۆتە نیشانە و قەوارەی هەرێم رۆژ بەڕۆژ بەرەوبچوکردنەوە دەبات. ئەگەر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی تا کۆتایی هاتنی شەری داعش و ١٦ ئۆکتۆبەر، پێگەیەکی سیاسی بەهێزی هەبوو، ئێستا پیگەی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی هێندە لاواز بووە، چاوی لەوەیە موچە دابەش بکات و بەغدا قبوڵی بکات. بزوتنەوەی گۆڕان نەک هیچ وەڵامێکی بۆئەم دۆخە تازەیە پێ نییە، بەڵکو خۆی لایەنێک لە قوربانیەکانیەتی…
بزوتنەوەی گۆران لەناو دڵی ئەم دۆخە تازەیەدا دەستی بۆ کۆنفرانس برد، بەڵام بەمامەڵەی کۆن لەگەڵ دۆخی تازە و بە لێدانەوەی قاوانە کۆنە لەکار کەوتوەکان لەگەڵ هەلومەرج و پیشهاتی تازەی بەرجەستەدا لەئاستی دنیا و ناوچەکەو عێراقدا.
بزوتنەوەی گۆڕان… کۆنفراسی بەست و تەواو بوو، بەڵام هیچ پرۆژەیەکی تازەی بۆ ئەم دۆخە نوێیە و جیاواز لەگەڵ سیاسەتی پارتی و یەکێتی نەهێنایە دەرەوە. ئەوە یانی شکست و خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا.
هیچ هێزێکی سیاسی لە ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، بە بێ هێنانە گۆری سیاسەت و نەخشەو پرۆژەیەکی دیاریکراوی تەواو جیاواز لە پارتی و یەکێتی، و بەبێ تیگەیشتن لە دۆخ و تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتی میلیشیایی و پرۆژەی تێپەراندنی، شانسی بوون بە هێزیکی کاریگەری نییەو هەر لە کەنار و پەراوێزی پارتی و یەکێتیدا، دەتوانێت ژیان بکات و هەناسە بدات، ئەوە ئەو هەلومەرجەیە کە ئیستا بزوتنەوەی گۆران تیایەتی، تەنانەت کشانەوەی گۆران لە حکومەتیش کە کۆنفرانس دەنگی پێداوە، ناتوانێت هیچ ئاڵوگۆرێک بەسەر پیگەی بزوتنەوەی گۆڕاندا بهێنێت و خەڵکی کوردستان خۆشباوەر بکات. سەردەمی بزوتنەوەی گۆران تێپەڕی.
کۆتایی جەنیوەری ٢٠٢٤