هونەر وجوانی… کاوان قادر

0

هێربرت ڕید دەڵێت (هەمیشە گریمان دەکەین کە هەرچی جوان بوو هونەرە، یا هونەر بەگشتی جوانە، هەرشتێکیش جوان نەبوو هونەر نییە، هونەریش لە دزێوی بەدوورە) لەم ڕوانگەیەوە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەم تێزە  ناچارین بگەڕێنەوە بۆ بەڵگەکان،  ئێمە ئەزانین کە چەمکی هونەر چەمکێکی فرە ڕەهەندە و زۆر جار واقيع دەکاتە خەياڵ و زۆر جاريش ئەو خەياڵەی کە لەناو دەرووندا پەنگی خواردۆتەوە، دەبێتە وەرگێڕی زمان حاڵی ژیان و کاری لەسەر دەکرێت، زمانی هونەر بەکۆی هەموو هونەرەکان مەبەستمە، ئەتوانێ کار لە زۆر شت بکات و زۆر شت بگۆڕێ، واتە ئاڵۆگۆڕێک لە ژيان بەرهەم بهێنێت.

ئەگەر کۆمەڵگە بە ڕوانگەو پێگەی ژیانە جیاوازەکانەوە پۆل بەندی بکەین، ناچارین لە  هەلومەرج و واقیعییەتی چینایەتی کۆمەڵگەوە هونەر هەڵبسەنگێنین، چونکە ئەوەی کە هەیە و کۆمەڵگەی لەسەر ڕاوەستاوە تەنها زوڵمە.  ئەوە ڕوانگەیەکە دەستنیشانی ئەکات، کە ململانێ ی چینایەتی لەکۆمەڵگەدا ڕەگ و ڕیشەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکات. لەم نێوەدا هەموو چین و توێژەکان هونەر و دونیابینی خۆیان هەیە کە خزمەت بە مانەوە و درێژەدان بە مەوقیعییەتی چینایەتیان دەکات. بە نمونە چینی کرێکار و دەستتەنگی کۆمەڵگە کە بێ بەشترین چینە و زۆربەی کۆمەڵگە پێک دەهێنێت، دونیابینی و ڕوانگەی خۆی هەیە لەسەر هەموو مەسەلەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری وسیاسی، جیاواز لە چینی سەرمایەدار کە دونیا بۆ ئەمان بەهەشتە هەمووشتێک لە ژیانی ئەواندا جوانە تەنانەت ئەگەر ناوەرۆکێکی بێ نرخیشی هەبێت، بەڵام  بەپێچەوانەوە بۆ بەشمەینەتان جیاوازە کاتێک چەوساندنەوە ژیانی لێکردوون بە دۆزەخ، تەنها لە یەکسانیدا چێژ لە جوانی دەبینن، هیچ تابلۆیەک و نواندنێک ناتوانێت خەندەیەک بخاتە سەر ژیانیان ئەگەر حورمەتی ئینسانیان  نەپارێزێت و موژدەی دونیایەکی بێ چەوساننەوەی پێ نەبێت، ئەم چینە هەم خوازیارە و هەم ناچارە هونەر بەخەباتی چینایەتی ڕۆژانەیانەوە گرێ بداتەوە، جوانی هونەر لەو ئاستەیا دەبینێتەوە و چێژی لێدەبینێت کە باس لەژیانی ئەو بکات و مەینەتییەکانی ئەو بگێڕێتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بەڕاستی مەرجە هەرچی جوان بێت هونەربێت، ئەوەیشی جوان نەبێت هونەر نەبێت؟ چەمکی ئیستاتیکا لێرەوەیە کە  ناسنامەی خۆی دیاری دەکات. من کە دژی جوانی نیم هەروەک چۆن دژی ئاشتی ودڵخۆشی وپێکەنین نیم، پێشم وایە سەلیقە وتوانایی هونەرمەند لە بەکاربردنی تەکنیکی بەرزی هونەری پێویستییەکی زیندوو وکاریگەرە لە گەیاندنی سیناریۆی کارە هونەرییەکەدا، هەروەک چۆن ئاست و فۆڕمێکی بەرزی هونەری دەتوانێت پردێک بێت بۆ باشترگەیاندنی ئەو پەیامەی کە پێی دەڵێن ناوەرۆک، بەڵام لێکدانەوەی من بۆ جوانی لە کارێکی هونەریدا بێبەش نییە ناوەرۆک. بۆ نمونە با بیهێنینە پێش چاو لە تابلۆیەکدا دەستی ماندوو قەڵەشتبووی زەحمەتکێشێک، پشتی چەماوەی ژێر کارم، قوربانیانی شەڕی چاوچنۆکانەی سەرمایەداری، ئەو منالەی لەژێر داڕمانی بەردو داری بۆمبارانێکدا پارچەکانی کۆدەکەنەوە، باوەشی ساردی ئەو دایکانەی جەرگیان دەسوتێ و ئەو دەستفرۆشانەی لە پێناو پەیداکردنی پارویەک ناندا بوونەتە هاوڕێی سەرما وگەرما. ئەم تابلۆیانە و هەزاران نمونەی دڵتەزێنی تر کە بەڕاستی لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەدا دیمەنهایەکی زۆر دزێو و قێزەونن ڕامان نەچڵەکێنێ، کەواتە هونەر بۆچی و بۆ کێی ئەکەین؟ ئەگەر بمەوێت هونەر ئەم چیرۆکانەم بۆ بگێڕێتەوە بێگومان ناتوانێت جوان بێت، بگرە دڵتەزێن دەنوێنن، کاتێ هونەر باس لە واقیعییەتی کۆمەڵگە دەکات و راستییەکان دەگێڕێتەوە ئەوە بەدرۆ دەخاتەوە کە حەتمەن ئەبێ هونەر جوان بێت، بەڵام من جوانی لەم هەموو مەینەتیانەدا نابینمەوە. ئەوانەی تەعریفی هونەر تەنها بەجوانی دەکەن ناتوانین ئیستایکا لەهیچ زوڵمێکدا بدۆزنەوە، دەرک نەکردنی هونەرمەند بەم واقیعیەتە تاڵە یان لەبازاڕی هونەرەکەیان دەترسن یان نایانەوێت باس لە زوڵم بکەن، چونکە هونەرەکەیان ئاوی تەڕوکە بۆ مانەوەی ستەم. هەتا زوڵم مابێت هیچ شتێک جوان نییە، ئەوەی بەدوای جوانیدا دەگەڕێت ناتوانێ لە نەبوونی ناندا پەیدای بکات، مەگەر لەسەرکەوتنی خەباتکردن بۆی بەدی بێنێت و لە یەکسانیدا بیدۆزێتەوە. ئێمە ڕۆشنبیری و هونەرمان  بۆ ئەوە دەوێت کە ڕێگەی سەرکەوتنمان بۆ ڕوناک بکاتەوە. بۆ من هونەر دیکۆر و ڕازاندنەوە نییە، بەڵکو پەیامی نێو ماڵە تاریکەکانە و نەوتراوەکانە، بوترێن. لە یەک دێڕدا بە تێگەیشتنی من ئەگەر واقیع جوان بوو هونەرەکەشی جوانە و بۆ هەمووانە، ئەگەر واقیع ناشیرین بوو هونەرەکەشی ناشیرینە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.