کۆمۆنیست وچەپەکان چیان کردووە لە کوردستان… نووسینی: کاوە عومەر
بەشی دووهەم و کۆتایی
لەبەشی یەکەمدا باسی هەندێک لەو کارانەم کرد کە کۆمۆنیستەکان لە کوردستان کردویانە. پێم باش بوو بەر لەوەی بچمە ناو ئەسڵی ئەو بابەتەی کە بوویە هۆکاری توڕەبوونی دادوەر ڕزگارو هاوەڵاکانی و ئەوی وا لێ کرد بەو شێوە هیستریە هێرش بکاتە سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان و چەپەکان سوکایەتیان پێبکات و تۆهمەتی بەکرێگیراویی بداتە پاڵیان. لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان سەرقاڵی زیندوکردنەوەی هزری خێڵەکی بوون و لەجیاتی هەوڵدان بۆ بەدامەزراوەیی کردنی دەسەڵاتە میلیشیاییەکەیان و بڕینەوەی پارەی دیوەخانە بۆ کۆنەمستەشارو ئاغاو کوێخاکان و کردنەوەی کەرت و هێزو بەتالیۆن و لەشکر بۆیان و هەوڵدانیان بۆ بەیەکێتی وپارتی و ئیسلامی کردنی خەڵک لە فەرمانگەو دامەزراوە حکومییەکان و دامەزراندن بەتەسکیەی حزبی وهتد… لەجیاتی بەڕەسمی ناسینی مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان و داگیرکردنی بیناو گرد و تەپۆڵکەکان و پشتگوێ خستنی دامەزراوەو فەرمانگە حکومیەکانی وەک کارەباو ئاوی خواردنەوە قوتابخانەو نەخۆشخانە پێنەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا بە مامۆستایان و فەرمانبەران، یان پێدانی موچەی چەند بەرانبەر بە ئاسایش وپیشمەرگەو دارو دەستەکانی خۆیان بەراورد بە موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و هتد، ناچارکردنی خەڵک بە قبوڵکردنی مۆلێدەی گەڕەک و نەخۆشخانەو قوتابخانەو زانکۆی ئەهلی کە هەموو سونعی خۆیان بوون کەچی منداڵەکانیان نە لە قوتابخانەو زانکۆ تایبەتەکانیان دەخوێنن و نەخۆیان و منداڵەکانیان لەنەخۆشخانە تایبەتیەکانی خۆیان چارەسەر وەردەگرن؟ بەڵکو هەموو دەڕۆن لەدەرەوەی وڵات دەخوێنن و چارەسەریش وەردەگرن. ئایا دەزانیت مامۆستایان و فەرمانبەران لەساڵی نەوەدەکاندا لەژێر دروشمی سەری بەرز بۆ موچە نەوی ناکەین ساڵاێنکیان بردە سەر بەئومێدی ئەوەی کە کوردستان ئازاد بووە و ئەم بارودۆخە تێدەپەڕێت وهەموان لەژێر دەسەڵاتی کوردایەتیدا دەحەوینەوە، زۆرینەی مامۆستاو فەرمانبەرەکان دوای دەوام دەڕۆشتنە ناو بازاڕو لەبەردەم مزگەوتی گەورەو شێخەڵا دەستفرۆشیان دەکرد لەگەڵ قوتابیەکانیاندا، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە سەرۆک و سەرکردەی حزبەکانی دەسەلات خەریکی ئاودیوکردنی سامانی سەرزەوی ژێر زەوی وکەلوپەلی ئەو کارگەو کارخانانە بوون کە حزبی بەعسی فاشیست بنیادی نابوون و پارەو کۆمەکی نێو دەوڵەتی و بەشە خۆراکی مانگانەی خەڵکیشیان دەستبەسەردا دەگرت و وەک دابەشکردنی سەمادە کیمیاوییەکە کەوچەکە چایەکی بۆ خەڵکە هەژارەکە نەدەمایەوە، بەردەوام خەڵکیان بەگەڕانەوەی بەعس دەترساند و بانگەشەی حکومەتەکەمان ساوایە و پاشان وەڵامی هەر ناڕەزایەتیەکیان بە دەستی لەپشتەو تابوری پێنج و کۆمۆنیستەکان ئەو کارە دەکەن و ئاژاوە گێڕن و بەو شێوەیە بۆیان چووە سەر، چونکە ئەو هۆکارانەی کەوای کردبوو خەڵک زۆر گوێ لە قسەی کۆمۆنیستەکان نەگرن زۆر بوون، بەڵام دیارترینیان ئەوە بوو کە لەلایەک خەڵکی کوردستان تەوەهومێکی زۆریان بە ناسیۆنالیزمی کورد هەبوو قوربانیەکی زۆریان لە ڕیزی ئەو حزبانەدا دابوو هەروەها ئەو حزبانە ئەمریکاو ڕۆژئاواو دەوڵەتانی ناوچەکە لەپشتیان بوون و هەر بەهۆی ئەوانیشەوە گەڕابوونەوەو دەسەڵاتیان وەرگرتبوو لە لایەکی تریشەوە حزبی بەعس کە مێژوویەکی خویناویی و سەرکوتگەرانەی لەژیانی خەڵکی کوردستاندا هەبوو سێبەری دوبارە گەڕانەوەی بەردەوام لە زەینی خەڵکدا شوێنی گرتبوو، لەو لاشەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بزوتنەوەیەکی لەلایەک بلۆکێکی گەورەی جیهانی سەرمایەداری دەوڵەتی بەناوی سۆسیالیزمەوە هەرەسی هێنابوو، کۆمۆنیستەکانی کوردستانیش هەم خۆیان و هەم ڕیکخراوەکانیان زۆر گەنج و بێ ئەزموون بوون و بەو ماوە کەمە نەیان دەتوانی متمانەی خەڵکی کوردستان بۆ خۆیان ڕاکێشن. بەلام بەردەوام جەسورانە لەبەرانبەر هەموو بێ مافی و ستەمێکدا دەوەستانەوەو دەنگیان هەڵدەبڕی. بەکورتی دەزانی جیاوازیەکە چی بوو حزبە قەومی و ئاینیەکان دەیان ویست لەژیر ناوی پیرۆزی و نەریتی ئاینی و نەتەوەییدا دەسەڵاتی حزبەکانیان جێ بخەن کە تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتن لەوەی کە دەسەڵاتی حزبەکانیان بەحکومەت بفرۆشن و لەجیگای سیستەمێکی دادوەری ئینسانی ومۆدیرن وبێ لایەن سیستەمێکی دادوەری حزبی لەلایەک و لەلایەکی تریش سوڵحی عەشایەری و ژن لە خوین بایدا دان و دەستگیر نەکردن یان ئازادکردنی ژنکوژەکان و هتد… کە لەبەرانبەر ئەم کارانەشدا کۆمۆنیستەکان وبزوتنەوەی چەپ بەردەوام دەنگیان هەڵبڕیوەو بەیاننامەیان دەرکردووەو بڵاوکراوەیان دەرکردوەو ڕێکخراوی جەماوەری وەک ڕێکخراوی کریکاران و کارمەندانی نەخۆشخانەکان و کارگە ئەهلیەکان و کارگەی چیمەنتۆو کارگەی ڕستن وچنین و کارەباو یەکێتی بێکاران و دەستفرۆشان و خانەنیشینان و ڕیکخراوی ژنانیان هتد بۆ ڕیکخستنی کۆمەڵگەو بەرەوپێش بردنی ناڕەزایەتیەکانیان و بەرگریکردنیان لە ماف وئازادی و کەرامەتی ئینسانیان پێک دەهێنا. بەڵام دەسەڵات هەر بەسەرکوت و بەڕەسمی نەناسینی بەردەوامی ڕیکخراوەکان وبڵاوکراوەکانیان ودەستگیرکردن و ڕفاندنی هەڵسوڕاوەکانی دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە، بەڵکو چەندین جار هێرشی چەکدارانەیان دەکردە سەر ناڕەزایەتیەکانیان و دیارترینیان خۆپیشاندانی ئاوارەکانی حامیەی سلیمانی بووکە ڕابەری خانووە بێ تاپۆکان بەکر عەلی و دواتر لەلایەن شەمشەمە کوێرەکانەوە ڕابەری ماندونەناسی بێکاران فەرهاد فەرجیان بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە تیرۆر کرد، ئاە بیرم نەبوو هەموو ئەوانە لەکاتێکدا بوو کە هاو شانی پارەی دیوەخانە و لەشکر دروستکردنەکانی خۆیان بوودجەی زەبەلاحی ملیۆنان دیناریان بۆ بزوتنەوەو حزبە ئیسلامیەکان بڕیبوویەوە ئەوە جگە لەو هەموو پارەی کە بەناوی ڕیکخراوی خیرخوازیەوە لە شیخەکانی خەلیج وڵاتە ئیسلامیەکانیان وەردەگرت بۆ بەئیسلامیکردنی کوردستان. هەروەک ئیستا ئاکامەکەی لەهەردوو لاوە دەبینین دەبینن کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە دۆڵێکن کە دۆڵی هەژارییەو کەمینەیەکی کەمیش بەناوی سەرکردوەو بنەماڵەو منداڵ و دەست و پیوەندەکانیانەوە چۆن لە دۆڵەکەی ترەوە بوونەتە ملیاردێرو ئیستا خەڵکیان بە ئەم ڕۆژە گەیاندووە، جەنابی دادوەر ئاخر مامۆستای بێ مووچەو خۆیندکارانی دانەمەزراو چۆن دەتوانن ئیتر بەرگەی ئەوە بگرن منداڵی سەرۆک وسەرکردەکان هەر ڕۆژەی ئەسپێک و مۆدێلێکی نویی ئۆتۆبێل و جل وبەرگ و دیڤایزەکانیان بینن و سەرۆک وسەرکردەکان بۆ ئیوارە خوانەکانیان دەیان هەزار سەرف دەکەن و پێیەکیان لە کوردستان پێکەی تریان لەوڵاتانی کەنداو ئەوروپا و نرخی خەیاڵی ڤیلاو ئاپارتمانەگران بەهاکانیان نەک خەڵکی کوردستان، بەڵکو خەڵکی جیهانیانیشیان سەرسام کردووە. کەچی مامۆستایەک بەموچەیەک کە ئەگەر بەکاملی بیدەنێ وکیشەی بڕینیشی تێدا نەبێت ئیجا لە مەترسی کریدان و کرێنی پۆشاکی شیاو بۆ منداڵەکانیان چوار پاروی گەرم ڕزگاریان ناکات و بەشی گەشتیکی خێزانی شیمالی ئیرانیان بۆ ناکات، جا وەرە ئەو کەمە مووچەیەش بە چوارمانگ جارێک بدرێت و نیوەی بکەن و مامۆستا کرێ خانوو وپارەی مۆلیدەو کارەبای حکومی و خواردنی ڕۆژانەو هتد قەرزار بێت و هەموو ئەوانەشی کەلەسەرەوە باسمکرد قەترەیەک بێت لە دەریایی دزی و تالانی و گەندەڵی دەسەلاتەکەی خۆیان پێ ملیاردێر کردووەو بەم بڵێن مووچە نییە، ئیتر چۆن دەتوانێت وانە بڵێتەوە؟ دەتوانێت چی بەمنداڵ وخیزانی بڵێت، هەر ئینسانێکی شەریف و ئازادیخواز ئەگەر بەپەرۆشی ئایندەی کۆمەڵگەکەی و منداڵە هەژارەکانی و مامۆستاو فەرمانبەرەکانیەوە بێت لەپشتی زوڵم لێکراوەکانەوە دەوەستیت و ئیخەی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئەو دۆخە دەگرێت، نەک مەوعزە و ئامۆژگاری ستەم لێکراوان بکات کە بەرگەبگرن. ئاخر تاکەی تاچەند ساڵ ومانگی تر خۆ ژیان بەشی ئەم هەموو ستەم وبێ بەشیە ناکات مرۆڤ چەندجار لەدایک دەبێت هەتا زیاتر لەنیوەی چاوەڕوانی ئەوە بکات کە دز و تاڵانچەییەکان دڵیان نەرمبێت و مافی مافخوراوان بگەریننەوە. لە کۆتاییدا دەڵێم جەنابی دادوەر دەزانی کێ بەکرێگیراوە ئەوانەی کە کوردستانیان کردوەتە ماڵی بێ دەرگاو پەنجەرە لەبەردەم سوپاو دەزگا هەواڵگرەییەکانی وڵاتانی جیهان و ناوچەکەدا، بەتابەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و کۆماری پەت وسێدارەی ئیسلامی لە ئێران، ئەوانە بەکرێگێراون کە چاوساغی یان کار بۆ ئیتڵاعات و میت دەکەن و ئۆپۆزۆسیۆنەکانی ئەو وڵاتانە و بنکەو بارەگاو شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەستێشان دەکات تا تیرۆریان بکەن. ئەوانە بەکرێگیراون کە قاسمی سلیمانی تیرۆریستیان وەک قارەمان و فریادڕەسی خەڵکی کوردستان دەناساند و بەکۆماری پەت و سێدارەیان دەوت پشت و پەنای خەڵکی کوردستان و بەردەوام چاویان لەئاست دەستدرێژی و لەسێدارەدان و بۆمبابارانەکانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی فاشیتی تورکیاو ئەردۆغاندا نوقاوە، بەڵام هەموو دەنگێکی ناڕەزایەتی حەقخوازانە لەدژی دەسەڵات و نەریت وکەلتورە خێڵەکی و دژی ئینسانیەکانیان بە بەکرێگیراو گوماناوی بەخەڵک دەناسێن. دادوەری بەڕێز ئایا دەزانی هەر کەسێک بەرگری لە دەسەڵاتێک بکات کە دەستی بە خوێنی لاوەکانیدا سور بووبێت شەریکی تاوانی ئەو دەسەڵاتەیە، بەتایبەتی کەسێکی پارێزەرو دادوەر. ئایا جەنابتان وەک دادوەرێکی ئینسانی کە سزای لەسیدارەدانی سەرۆکێکی فاشیست و دیکتاتۆری وەک سەدام حسین و دارو دەستەکەیتان واژوو نەکرد. چەند تاوانبارتان لەکوردستان کە دەستیان بەخوینی لاوانی هەژاری گیرفان و گەدەخاڵی بێکارو ناڕازی سور بوو بوو لە سلیمانی وهەڵەبجەو چەمچەماڵ سزادا. ئایا چەند تیرۆریستی بکوژی ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەریتان دادگایی کردوو وەک بەرگریکارێک لەهەژاران هەروەک ئیستا کە چاکی کەواکەتان لەگەڵ مەلاکاندا هەڵکردووەو داوای بەرگەگرتن وپشودرێژی لەمامۆستایانی برسی و بێماف دەکەن لەکاتێکدا بەبەرچاوتانەوە ژیانی سەرۆک وسەرکردەکان دەبینن کە حاکمی ئەم هەرێمەن. لەکۆتاییدا دەلێم ئێوە داوای لێبوردن لە کۆمۆنیستەکان و چەپەکانی کوردستان و خەڵکی ستەملێکراو مامۆستایانی بێ موچەو خاوەن ماف قەرزارن. سەرکەوتوو بێت خەباتی حەقخوازانەی مامۆستایان، بژی کۆمۆنیزم کەتەنها ڕیگای ڕزگاری مرۆڤایەتییە لە دونیای پڕ لە هەڵاواردنی چینایەتی ….