دەسەڵاتی خوێن مژ و خوێن رێژ… پێویستە بە هێزی شۆرشگێری جەماوەری رێکخراو رابماڵرێت!
دەسەڵاتی خوێن مژ و خوێن رێژ… پێویستە بە هێزی شۆرشگێری جەماوەری رێکخراو رابماڵرێت!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
نزیکەی ٢٧ ساڵە بزوتنەوەی کوردایەتی پاوانی دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانی کردووە، لە ماوەی ئەو ٢٧ ساڵەدا، هەموو داهاتی ژێر زەوی و سەرزەویان قۆرغ کردووە، جگە لەوە بەشێکی زۆر لە داهات و سامانی سروشتی نەوەکانی داهاتووشیان وەکو نەوت و غاز پیش فرۆش و هەرزانفرۆش کردووە… لەبەرامبەریشدا سەختریین هەلومەرجی ژیانیان داسەپاندۆتە سەر چینی کرێکارو زوربەی زۆری کۆمەڵگە… بێکاری و گرانی، هەژاری و برسێتی، و بێمافی و سەرکوت، تا هاتووە بڕستی لە جەماوەری فراوانی خەڵکی بریووە. سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان هێشتا خەونی وەدی نەهاتوو وە سادەی جەماوەرین. هێشتا ئاو و کارەبا، سوتەمەنی، خزمەتگوزاری تەندروستی، لە ئاستی نەبوونیدان، تەنانەت ئاسایش و ئارامیان، لەکۆمەڵگە هەڵگرتوەو بە گرتنە بەری سیاسەتی خۆبەستنەوە و خۆشخزمەتی بۆ ئەمریکاو غەرب و وڵاتانی کۆنەپەرست و چنگ خوێناوی ناوچەکە، ئایندەی سیاسی کوردستانیان روبەرووی مەترسی کردۆتەوە و چەندین دەهە کۆمەڵگەیان بەرەو پاش گەراندۆتەوە… دوای دەیەو نیوێک لە پوچی فیدرالیزمی قەومی و بەشداربوون لە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی بەغدادا، سەرئەنجام ئەو فیدرالیزمەش بەدوای جەنگی داعشدا، بە تیئۆریزەکردن و بە بیانووکردنی ریفراندۆم، و بەهێرشی سەربازی و بە ریکەوتنی نهینی باڵێکی بنەماڵەیی نان خۆری قاسمی سلیمانی و ئیران و چوڵکردنی بی پاساوی چەندین شارو شارۆچکەی تر، بەشێکی فراوانی کوردستانیان رادەستی هیزەکانی حەشدی شیعی و داعشی شیعە کردەوە. کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستانیان بۆ چەندین دەهە هێنایە داوەو بەنادیاریان سپارد.
لەو ماوەی دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی لە قوماشی خۆی، تاڵانی و دزی ئاشکرای بێوێنە، تا دەگاتە برینی موچەی کرێکاران و کارمەندان، لەژێر ناوی پاشەکەوتی موچەدا، وە بیمافی هەمەلایەنەو سەرکوتی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان… بەردەوامی پێدراوە. ئەم دۆخە بەمانای وشە مژینی شیلەو خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان بووە لە چارەکە سەدەی رابردوودا، هەر کاتێکیش خەڵکی بە ناچاری و بۆ بەرگری لەخۆیان لەبەرامبەر هیرشی بەردەوام و هەمیشەیی دەسەڵاتی تاڵانچی و خوێن مژیدا دەستیان داوەتە دەربرینی نارەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانیان وەرێخستووە، ئەو جارە لە خوێن مژینەوە دەستیان بردووە بۆ خوێن رێژی، خۆپیشاندەران و نارازیان. ٣ کوژراو سەدان بریندار، نزیکەی دوو کەس رفێنراو دەستگیر کراو زیندنی کراو، داخستنی چەندین کەناڵی میدیای و هەرەشەی بەردەوام لە هەڵسوراوانی سیاسی نەیاری دەسەڵات و رۆژنامەنووسان، بە سەربازگە کردنی شارو شارۆچکەکان… لە ماوەی تەنها چەند رۆژی خۆپێشانەکانی ئەو دوایە…بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، پایە سەرەکیەکەی لەسەر خوێن مژی و خوێن رێژی، دامەزراوە.
ئەو دەسەڵاتە تاڵانچی و خوێن مژ و خوێن رێژە… لەبەرامبەر بەهێرشی دەرەکی و حەشدی شەعبی رادەکەن، یان دەست دەخەنە ناو دەستیان و پەلکێشێ کوردستانیان دەکەن، کەچی لەبەرامبەر ویستی رەوای هاوڵاتیان و بێبەشانی کۆمەڵگەدا، کە داوای مافە سەرەتایەکانیان دەکەن دەستناپارێزن و دەجەنگن.
دەسەڵاتێکی لەو جۆرە کە پشتی بە میلیشیای چەکدار و پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان بەستووە، دەمێکە تەمەنی بەسەر چووە، زیاد لە قەبارەی خۆی خوێن مژی و خوێن رێژی کردووە، بۆیە دەبێ بڕوات. خۆپیشاندانەکانی شارو شارۆچکەکانی ئەم دواییە، سەرەتای دەورەیەکی نوێ و راسانێکی نوێیە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە. بۆ خەڵکی کوردستان ئەو راستیە جێکەوتووە، کە ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت، بۆیە ئاستی خواستەکانی بردۆتە ئاستی راماڵینی ئەو دەسەڵاتەو سپاردنی بە میژووی دیکتاتۆرەکانی تر…
خستنی ئەم دەسەڵاتە، پێویستی بە ئامادەکاری و ڕیکخراوبوونە. لەوانەش پێویستە ئەو خۆپیشاندانانە بەردەوامیان پێبدرێت و کۆمەڵگە داگر بێت… بۆ ئەو مەبەستە وا دەخوازێت ناوەندە کرێکاریی و خەدەمیەکان، دەست بدەنە مانگرتن لە شوێنی کاریان. وە جەماوەری کوردستان مانگرتنی سەراسەری رابگەیەنن. پێویستە کۆمەڵگە لە جوڵە بخرێت و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و شادەماری ئابوری و هێزی بۆرژوازی کورد، وەکو کێڵگە نەوتیەکان، رابگیرێن و بە خۆپیشاندانی جەماوەری شارەکانەوە پەیوەست بن. پێویستە رێکخراوەی جەماوەری و سەربەخۆ لەدڵی نارەزایەتیەکاندا پیک بێن و ببنە داینەمۆ و رابەری مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بکەن. پێویستە دەستەکانی رابەری خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتەکان لە ئاستی کارگەو کارخانەو ناوەندە خەدەمیەکان و لە شوێنی ژیاندا لەهەر شارو شارۆچکەیەک پێک بێن و هاوئاهەنگی ئامانجدارانە لەگەڵ دەستەی شارو شارۆچکەکانی تر دروست بکەن و سەرئەنجام دەستە و ناوەندی سەراسەری بۆ مانگرتن و راپەرین و شۆرشی بێبەشان پێک بێت و لە بەردەوامی خەباتدا هاوسەنگی هیز رۆژ بەرۆژ بە قازانجی خۆی بگۆرێت و لە کاتی پێویستی خۆیدا، دوا بریاو دوا راسان و شۆرش چەغماغە بدات. شۆرشێک کە شۆرشی بێبەشان بێت، بۆ دنیایەکی باشتر، شۆرشێک زەمانەتی نان و ئازادی و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری بکات، بەسەر کۆمەڵگەدا. شۆرشێک کە داهاتی دزروای ٢٧ ساڵە بگێرێتەوە بۆ داهاتی گشتی و شکۆی ئینسانی بکاتەوە بە ناسنامەی تاکەکانی. تۆمەتباران و تاوانبارانی ٢٧ ساڵە رابکێشیتە بەردەم دادگای یاسایی و عادلانەی جەماوەری. کاتی دەستبردن بۆ ئامادەکاری شۆرش و راپەرینی سەراسەری، هاتووە، چیتر ناتوانرێت ئەو هەموو زوڵم و بێبەشی و نابەرابەری و سەرکوتە قبوڵ بکرێت. دەسەڵات جگە لە خوێن مژی و ئەگەریش لەبەرامبەریدا ئامادەیی پێویستت نەبێت بۆ راماڵینی، جگە لە خوێن رێژی هیچی تری لێ چاوەروان ناکرێت. دەبێ هەموو ئامرازەکانی شۆرش لەوانەش هێزی چەکداری رێکخراو و خۆبەخشانەی جەماوەری ئامادەکراو ببێتە بر برە پشتی مانگرتن و خۆپیشاندان و شۆرشی کۆمەڵایەتی بیبەشانی کۆمەڵگە. ئەم دەسەڵاتە بەخۆشی خۆیی و بە تەنها بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری دەسەڵات جێناهێڵێت. کاتی ئەوە هاتووە لە جەرگەی خەبات و خۆپیشاندانەکانی ئێستادا، ئامادەکاری پێویست و هەمەلایەنە بۆ لە گۆرنانی ئەو دەسەڵاتە تاڵانچی و میلیشیاییە بکرێت.