کۆمۆنیست و چەپەکان چیان کردووە لە کوردستان؟… بەشی یەکەم

0

وەڵامێکی کورت بۆ حاکم ڕزگارو نامە پڕ تۆمەت و سوکایەتیەکەی!

ئەمڕۆ نامەیەکی حاکم ڕزگارم بینی کە لەدژی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان و بزوتنەوەی چەپ و هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە نووسی بووی. هەرچەندە من ئەو جۆرە زمان وموهاتەراتەم بەلاوە سەیر نییە لە ناسیۆنالیستەکان، جا بڕوانامەداربن یان نەخویندەوار، چونکە ئەوان پلەو پێگەیان هەرچی بێت سەرئەنجام لەسەرچاوەیەک ئاو دەخۆنەوە کە ئەویش نەریتی قەبیلەو خێڵەکییە کە هەمیشە لەباتی وەڵام بە خودی کێشەو بابەت وجیاوازەکان پەنا بۆ سوکایەتیکردن وتۆمات داتاشین و شکاندنی کەرامەتی ئینسانی کەسەکان دەبەن. زۆر دەمێکە ئێمە کۆمۆنیزمی کرێکاری وتومانە کە ناسیۆنالیزمی خوێن تاڵ و خوێن شیرینمان نییە، ئاخر ئەمانە هەر ئەوەندەیان زەحمەتە تا ڕەخنەیان لیبگریت، ئەوجا دەبینیت کە بڕوانامەو تەمەدون و پڕوپاگەندەی ئازادیخوازی و ئینسان دۆستیەکەیان چۆن فڕێ دەدەن و دەکەونەوە سەر پلێتی ئەسڵی خۆیان. واتە پلێتی خێڵ وقەبیلەو، پەنا دەبەنە بۆ سوکایەتی وجنێو و تۆمەت بەخشینەوە بۆ بەرگری و پاساو هێنانەوە بۆ هزرو کارو کردەوەی بزوتنەوەیەک کە ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێت مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتی و ماف وئازادیەکانیەتی. وەک شتێکی زۆر ئاسایی، هەموو پرەنسیب و بەها ئینسانیەکان دەخاتە ژێر پێ و وەک ئەوەی کە دادوەر ڕزگار دەڵێت ئەمانە بێ ئەسڵ و فەسڵن. ئاخر جەنابی دادوەر خۆ بێ ئەسڵەکانیش هەر ئینسان و ماف وئازادییەکانیان لەگەڵ خاوەن ئەسڵەکاندا هەر لەم جیهانی سەرمایەداریەدا وەک یەکە. ئەوە حزب و دەسەڵاتەکەی جەنابتانە کە حزبی بنەماڵەو قەبیلەن و سەرۆک وسەرکردە کاریزماکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکانی کوردستانن کە بەکرێگیراویان، نەک شوینی گومان نییە، بەڵکو وەک حەسەن زیرەک دەڵیت لە عالەمدا مەشهورە، باشە هەر ئەو بزوتنەوانەی کە جەنابتان بەرگری لە ئەزمون و مێژووکەیان دەکەن مێژووەکەیان پڕ نییە لە چاوساغی داگیرکەران. مەگەر پێش قەراوڵی و چاوساغی ئەوان نەبوو بۆ سوپای پاسداران بۆسەر هەڵەبجەو گەرمیان کە کیمیاباران و ئەنفالی بەدوای خویدا هێناو بستێک خاکیان بۆ نەمایەوە تەنها خۆشیانی تێدا حەشار بدەن و ئاشبەتاڵیان بە بزوتنەوە چەکداریەکەیان کرد، یان خۆیان ڕادەستی بەعس کرد یان ئاودیوی ئێران بوون. بەڕێز دادوەر دەزانیت لەو شەوگارە چاوچاو نەبێنەی ئەو کاتەی کوردستاندا کە بەعس هەموو ئەو شارانەی کە مابوونەوە کردبوویە زیندانێکی گەورەی سامناک و وەک دەیانووت دیواریش گوێی هەیە. کوردایەتیەکەی جەنابتان و بزوتنەوەکەی ورەیان بەردابوو جوڵەیان لەبەر برابوو ئەو چەند کەسەش کە مابوونەوە وەک جەباری حاجی ڕەشید و هاورێکانی دەستگیر کرابوون، دەزانیت ڕیک هەر لەو کاتەدا ئەم “کۆمۆنیست و چەپە بێ ئەسڵ و نەسەبانە” سەرگەرمی کارو چالاکی سیاسی و ڕیکخستن بوون و ورە و ئینێرژیان بۆ دەیان لاوی دڵگەرم و خەباتکار گەڕاندبوویەوە و لە ڕیزەکانی خۆیاندا ڕیکخراویان کردبوون و لەو شەوگارە چاوچاو نەبینەدا وەک مۆم دەسوتان و ڕوناکیان دەدا، هەر بۆ ئاگاداریت زۆربەشیان سەربازی هەڵاتووش بوون و ئامادەنەبوون خزمەتی ئەو ڕژێمە بکەن کە زۆرێک لە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکانی لای جەنابت ئەوکاتە یان سەرباز بوون، یان خەفیفەو جەیشی شەعبی و یان بەبێ دەنگ بۆی دانیشتبوون، ئەگەر باوەڕیش ناکەیت بڕۆ بۆ مۆزەخانەی ئەمنە سورەکەو بپرسە بزانە ئەوکاتەی ڕاپەڕین ڕویدا زۆرینە زیندانیەکان سەر بەکام بزوتنەوەو گروپ بوون. دەڵێیت کۆمۆنیست وچەپەکان چیان کردووەو چەند ساڵە بەردێکیان نەناوەتە سەربەرد، بەڕیز دادوەر چەپ و کۆمۆنیستەکان کارەکتەری سەرەکی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بوون و ئەگەر باوەڕیش ناکەیت بزوتنەوەی پیکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکەکان و دواتر بزوتنەوەی شورایی کە هەوڵێ ئەوان بوو بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری بۆ ئیدارەکردن و دەسەڵاتدارێتی لە شوینی کارو ژیان و سەرتاسەری کوردستاندا، دەزانی شوراکان چیان بەسەر هات یەکەم شوغڵی شەریفی بەرەی کوردستانی هێرش بوو بۆسەر بنکەو بارەگای شوراکان کە هەر ئەو کاتە جەلال تاڵەبانیش ئێوە ئاسا تۆمەتی گوماناوی بوونی بۆ شوراکان و مەنسور حیکمەت ڕابەری کۆمۆنیزمی کریکاری هەڵبەست، ئەڵبەت پاش ئەوەی لێبوردنی گشتیان بۆ جاش و پیاوەکانی بەعس دەرکردو لە ڕیزەکانی خۆیاندا وەریانگرتن، نەک بۆ ژنە بەعسیەکان کە هەر لەو کاتەدا چەندین گروپیان دادەمەزراند بۆ کوشتنی ژنان بەتۆمەتی بەعسی بوون و بۆ پاکردنەوەی شەرەف و ئەمەش دەرگای لەسەر کوشتنی ژنان ئاوەڵاکردو چەندین ژن و کچی تریش لەدەرەوەی ئەو تۆمەتانەو بەگومان خستنەسەریان کوژران، دەزانیت لەوکاتەدا تەنها بزوتنەوە لەدژی ئەم کۆمەڵکوژییەی ژنان وەستایەوە کە ناسیۆنالیستەکان وەک قارەمانیتی و پاکردنەوەی شەرفی نەتەوەو خێڵ وخێزان دەیان ناساند و شانازیان پێوە دەکرد، کێ بوون بەدڵنیایی چەپ و کۆمۆنیستەکان بوون کە ئەو قارەمانیەتیەیان کردە تاوان و لە ئاستی جیهانیدا شەرمەزاریان کرد، کە ئەوکاتیش هاوبیرەکانی تۆ پێیان دەوتن ئێوە بەرگری لە بێ ئەخلاقی دەکەن. ئێستا دەزانیت کۆمۆنیستەکان وبزوتنەوەی چەپ چیان کرد و بەریان بەتاوان و توندوتیژی پڕ شانازی بزوتنەوەکانی ئێوە گرت، دەزانی یەکەمین کەسانێک کەلەدژی ئاودیوکردنی کەلوپەلی دام ودەزگا حکومییەکان وکارگەو کارخانەکان دەنگیان هەڵبڕی کێ بوون بەدڵنیایی ئەویش هەر کۆمۆنیستەکان و چەپەکان بوون، دەزانیت لێدانی منداڵان لە قوتابخانەکان و وەستانەوە لە دژی توندوتیژی دژ بە منداڵان و خواستی قەدەغەکردنی کاری مندالان یەکەمجار کێ لەکوردستان بەرزی کروەوە هەتا ئێستاش خەباتی بۆ دەکات کێ بوون؟ دیسان هەر چەپ وکۆمۆنیستەکان بوون. ئەی دەزانی ئەوانە کێ بوون کە لەبەرانبەر تیزاب ڕژاندنی ئیسلامیەکان بەقاچی کچان و تەقاندنەوەی ئارایشتگاکان و سوتاندنی کتێبخانەکاندا وەستانەوە کێ بوون؟ ئەوانەش دیسان هەر کۆمۆنیستەکان بوون و لەو ڕێگەیەشدا قوربانیان داو ڕابەرانی خۆشەویستی وەک شاپور عەبدولقادرو قابیل عادل یان لە هەولێر لێ تیرۆرکرا. دەزانیت حکومەتەکەی یەکێتی کە تۆ خۆت لەسەنگەری ئەوان دەبێنیت لە کۆتایی نەوەدەکاندا سکاڵای لەدژی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تۆمارکرد بە تۆمەتی ئەوەی کە داوای جیابوونەوەی کوردستان دەکەن کە ئەوەش لەگەڵ دەستووری ڕژیمی بەعس نەدەهاتەوەو چەند کادریان دەستگیر کرد و دەیان وت ئەوانە داوای یەکسانی ژن پیاو دەکەن و ئەوەش لەگەڵ شەریعەت وداب ونەریتەکەماندا ناکۆکە و…هتد. پاشان دەزانیت بە بڕیاری کۆماری ئیسلامی وجێبەجێکردنی سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکیتی هێرشی چەکدارانەیان کردە سەر بنکەو نووسینەگەکانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری و سەنتەری داڵدەدانی ژنان و منداڵان و پێنج کادرو ئەندامی ئەو حزبەیان بەرۆژی ڕوناک کوشت و بەشەوی تاریک ودوور لەچاوی خیزانەکانیان کردنیان بەژێر خۆڵەوە. کە دڵنیا نیم لەوەی کە پارەی فیشەکەکانیشیان لە خێزانەکانیان وەرگرتووتەوە یان نا. کۆمۆنیستەکان بەردەوام لە سەنگەری بەرگری لە ماف و ئازادی و ژیان وکەرامەتی ئینسانیدا وەستاون و بەردەوامن. برا دەتوانی بێڕەحمانە ڕەخنە لە حزبی کۆمۆنیست وچەپەکان و بەرنامە و فکرو کارو کردەوەکانیان بگریت، بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ڕەخنەگرتن لە بیروباوەڕی کەسەکان و سوکایەتیکردن و تۆمەت هەڵبەستن و شکاندنی کەرامەتی ئینسانی کەسەکانداا، بەڵام ئەوە باش بزانە کە پەنابردن بۆ سوکایەتی و تۆمەت بەخشینەوە نەک هەر بەردێک بۆ خۆت و ئەو دەسەڵاتە شکستخواردو بن بەستە ناخاتە سەر بەرد، بەڵکو لەئاستیشت زۆر دادەبەزێنێت. ئەو دەسەڵاتە زەلکاوێکە هیچ کەس ناتوانێت بەلایدا بڕوات و بەسەلامەتی و بەپاکی دەربازی ببێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.