لە یادی مەرگی لینیندا – بژی کۆمۆنیزم، بژی، لینین! نووسینی: مستەفا باهیر
100ساڵ بەرلەئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٢١ / ١/ ١٩٢٤) مرۆڤایەتەی بەگشتیو بزووتنەوەی کرێکاری بە تایبەتی، زیانێکی گەورەی لێ کەوت، بەهۆی ژیان لەدەستدانی ڕابەری مەزنی چینی پڕۆلیتاریا، هاوری ڤلادمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ ناسراو بە (لینین). لینین ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خەباتکردن لە دژی نیزامی سەرمایەداریو بە دەستهینانی دونیایەکی باشتر و بە دەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار. لێنین دەستی بۆ دەسەڵات بردو ئەو مەیلەی خستە لاوە، کە سۆشیالیزمیان بە دوو سبەی دەسپاردوو پێیان وابوو سۆشیالیزم خۆی رۆژێک دێت و سەوزدەبێت. لینین هەمیشە دەیووت ئهرکی کۆمۆنیزمه که دەسەڵات بگرێتە دەست. لە ڕوی کردارییەوە ئەمەی کرد و لە ئۆکتۆبەری ساڵی١٩١٧دا توانی ڕابەرایەتی شۆڕشێکی مەزنی مێژووی لە ڕوسیا بکات و دەسەڵات ڕادەستی شوراکان بکات. سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە تەنها لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاری ڕوسیادا نەبوو، بەڵکو خزمەتێکی گەورەی بە سەرجەم مرۆڤایەتی کرد، کۆمەڵێک دەسکەوتی مەزنی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بەدەست هێنا کە کاریگەریەکانی تا ئەمڕۆش دیارن.
لە کاتی گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەمدا نەک ناسیۆنالیستەکان، بەڵکو بەشێکی زۆری سۆسیالیستەکانیش پێیان وابوو کە کرێکاران دەبێت بەرگری لە وڵات بکەن، ئا لەوکاتەدا لینین تاکە سەرکردەی سیاسیی بوو کە بەکرێکارانی دەوت “لوللەی چەکەکانتان بکەنە، حکومەتەکانی وڵاتانی خۆتان” ئەم جەنگە جەنگی ئێمەی کرێکار نییە، چونکە ئامانج و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم جەنگەی حکومەتە بۆرژوازییەکان بۆدابەشبوونی جیهانە لەبەینی خۆیانداو، هیچ دەسکەوتێکی بۆ کرێکاران تیا نییە. بەم تێروانینەوە لینین نەک هەرخۆی لەلیبراڵەکان و پاسیفیستەکان وحزب و بزووتنەوە بۆرژوازییەکان، بەڵکو تەنانەت لە سۆسیال دیموکراسی و تەواوی ئەولایەنانەش کە خۆیان بە مارکسیست دەزانی و پاڵپشتی حکومەتەکەی خۆیان دەکرد، بەگشتی لە تەواوی ئەو هێزە بەناو سۆشیالیستانە کە بەدروست لینین بە” سۆسیال شۆڤێنیست ناویان دەبات” جیا دەکردەوە. لینین دوای گەیشتن بە دەسەڵاتی خۆی، دەستبەجێ و بێ مەرج و تاکلایەنە شەڕەکە ڕادەگرێت و ڕوسیا لە شەڕ دەکشێنێتەوە. چونکە یەکێک لە دروشم و داوکارییە بنەڕەتیەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر وەستانی جەنگ بوو. ڕاگرتنی ئەم جەنگە سەرەڕای ئەوەی بوە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهاندا لە ئاگری جەنگ، بوە هۆی ئاشکراکردنی پەیماننامەی (سایکس – بیکۆ) و ماهیەتی ئەم جەنگە ماڵکاولکاریەی بۆ بەشەریەت بەتەواوی ڕوونکردەوە..
یەکێکی تر لە دەسکەتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر مەسەلەی ژنان بوو، لینین لە کۆنگرەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا کە لە 19ی نۆڤێمبەری 1918دا بەسترا، وتی “هیچ شۆڕشێکی سۆشیالیستی بەبێ بەشداری کاریگەری و بەرفراوانی ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت”
لەسەر ئەم تێڕانینەوە کۆمەڵێک یاسا دەرکرد کەتیادا لە هەموو ڕویەکەوە ژنان یەکسان بوون لەگەل پیاوان. کۆمەڵێک دەسکەوتیان بەدەستهێنا وەک، هەقی لەباربردنی منداڵ بە خۆرایی بۆ ئەوانەی خۆیان داوای دەکەن. یاسایی بوونی ژیانی هاوبەش بەبێ تۆمارکردن. مافی تەلاق. سەرپەرشتی منداڵانی بێسەرپەرشت. لابردنی یاسای ناشەرعی منداڵ بوون. کرێی یەکسان. موڵەتی دایکانە. لابردنی یاسای سزا لەسەر هۆمۆ سێکسوالی… تاد. هەرلەو کۆنگرەیەدا لینین وتی
“سەرکەوتنی هەر شۆرشێک بەوە بەندە کە ژنان چەند بەشداری تیا دەکەن”
ئەو شۆڕشەی کە لینین و هاوڕێکانی بەرپایان کرد کۆمەڵێک دەسکەوتی مەزنی هەبوو وەک “مافی پەنابەرێەتی، مافی چارەی خۆنوسین، دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاراندا، بەخۆرایکردنی کارەبا لەسەرتاسەری ڕوسیادا، بیمەی تەندروستی ..تاد
بۆیە جێگای خۆیەتی لەیادی ژیان لەدەستدانیدا ئاورێک لە ژیان و تێکۆشانی ئەم مرۆڤە مەزنە بدەینەوە.
ئەم ڕابەرە مەزنە لە ٢٢ / ٤ / ١٨٧٠ لە شاری ( سیمبرک)ی ڕوسیا لە دایک بووە. لە مانگی ئایاری سالی ١٨٨٧ برایهكی لینین بههۆی بهشداریكردن له ههوڵی كوشتنی (ئالیكسهندهر)ی قهیسهری سێههم، لهسێداره دەدرێت. مردنی براکەی کاریگەریەکی گەورەی لەسەر لینین هەبوو. لە ساڵی ١٨٩١ بڕوانامەی پارێزەری بە دەست دەهێنێت. هەرچەندە دەیتوانی کاری پاریزەری بکات، بەڵام لینین ڕوویكرده كاری شۆڕشگێڕانهو لهشاری (پێترۆگراد) دهستیكرد به لێكۆڵینهوه له ماركسییهت. بەهۆی کاری شۆرشگێڕیەوە له ٧ /١٢ / ١٨٩٥ بۆ ماوهی ساڵێك دهستگیر دهكرێـتو بۆ (سیبیریا) دووردهخرێتهوه. لینین له ٢٢/ ٧/ ١٨٩٨دا لەگەڵ (كرۆبسكایا)ی ژنه سۆسیالستی شۆڕشگێر ژیانی هاوسەری پێک دەهێنێت. لە مانگی ئەپرێلی ١٨٩٩ لینین كتێبی (گهشهی سهرمایهداری له ڕوسیا) بڵاودەکاتەوە. لهگهڵ كۆتایهاتنی ماوهی دوورخستنهوهكهشی له سیبیریا له ساڵی ١٩٠٠ گەشتێکی بە ڕوسیاو ئەوروپادا کرد. لەوێ چاوی بە زۆرێک لە شۆڕشگێرە ڕوسەکان کەوت. هەرئەو ساڵە بە یارمەتی هەندێ لە هاوڕێکانی توانی بڵاوکراوەیەک بەناوی ئایسکرا دەرکات
لینین ئەندامێکی چالاکی حزبی سۆسیال دیموکرتی ڕوسیا بوو، کاتێک لەساڵی ١٩٠٣ ئەم حزبە دەبێت بە دووبەشەوە، لینین ڕابەرایەتی بەلشەفیەکان دەکات. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ لینین ڕابەرایەتی بەلشەفیەکانی دەکرد لە مۆسکۆ. لە دوای شکستی شۆڕش، پۆلیسی قەیسەری شاڵاوێکی دڕندانەی کردە سەر شۆڕشگێڕانو ژمارەیەکی زۆریان ڕاپێچی زیندانەکان کران و لە سیدارەدارن. هەر بۆیە بەلشەفیەکان بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لینینیان گەیاندە فینلاندا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، پاشان ڕووی کردە ئەوروپاو لە کۆتایدا لە زویرخ نیشتەجێ دەبێت تا کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ١٩١٧دا.
کاتێک کە ژنانی زەحمەتکیشی ڕوسیا لە ٢٣ / ٢ / ١٩١٧ بە ڕۆژمێری کۆنی روسیا، کە دەکاتە ( ٨ مارسی ١٩١٧) زاینی، دژ بە فەقرو هەژاریو نەبوونی نان خۆپیشاندانیان کرد. لە ڕۆژی دوایدا کرێکارانو جەماوەری زەحمەتکیش بەم خۆپیشاندانەوە پەیوەست بوون. توانیان لە ماوەی پێنج ڕۆژدا حکومەتی قەیسەر لەسەر کار وەلابنێنو حکومەتێکی کاتی لەشوێنی دابمەزرێنن. بەلشەفیەکان لەسەرەتا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم حکومەتە کاتییە دەربڕی، بەتایبەتی پاش ئەوەی کە ستالینو کامینیڤ گەڕانەوەو دەستیان گرت بەسەر رۆژنامەی (پراڤدا)داو پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی کاتی دووپات کردەوە. لینین لەوکاتەدا لە دەرەوەی وڵات دەبێت و هەوڵی دەدا دەنگی ببیسترێت، لە ٦ی ئازاردا لە ڕێگای ستۆکهۆلمەوە بروسکەیەکی نارد بۆ هاوڕێکانی و تیایدا نوسیبووی تەکتیکمان بەم جۆرەیە:
وریاییو خۆپاراستن
پێشکەش نەکردنی هیچ جۆرە هاوکاریو پشتیوانیەک بۆ حکومەتی نوێ
گومانم بە زۆری لەسەر کرنسکییە
چەکدارکردنی پرۆلیتاریا باشترین زەمانەتە
هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی دومای پترۆگراد
نزیک نەبوونەوە لەگەڵ حزبەکانی تردا
وێڕای ئەمانەش لینین نووسینو وتارەکانی خۆی دەنارد بۆ بڵاوکراوە پراڤدا بەناوی
(نامە دوورەکان).
چەند نەخشەیەک دانرا بۆ گەڕانەوەی لینین لە سویسراوە بۆ ڕوسیا، بەلام یەک لە دوای یەک شکستی خوارد، تا لە ریگای ئەڵمانیاوە بە شەمەندفەرێکی فارغۆنداخراو، لە ٣ی نیسانی ١٩١٧دا گەیشتەوە ڕوسیا. لە لایەن جەماوەریکی زۆرەوە پێشوازی لێ کرا. ڕۆژی دووهەم، واتە ٤ / ٤/ ١٩١٧ لینین راپۆرتێکی نوسراوی دەربارەی بیرۆکەکانی خۆی پێشکەش بە ڕابەرانو کادرانی حزب کرد، کە بە (بیرۆکەکانی ئەپریل) ناسراوە. هیچ کەس لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەی لینین دا نەبوو. بێجگە لەوەش لەلایەن ئەحزابو حکومەتی کاتییەوە چەندەها توهمەیان بۆ هەلبەستو هاوڕێیانی خۆشیان پێان سەیر بوو، کە لینین بەوشێوەیە بیر دەکاتەوە. ڕۆژی ٧ی نیسان لینین لە ڕۆژنامەی پراڤدادا بیرۆکەکانی کە هیچ کەس مۆری خۆی لێ نەدابوو، بە ناوی خۆیەوە بڵاوکرایەوە.
لینین لەگەڵ ئەندامانو هەڵسوڕاوانی کرێکاریی لە پێترۆگراد کەوتە قسەکردنو گێڕانی کۆرو سمینار. هەوادارێکی زۆری لە تەشکیلاتی حزب هێنا بەلای بۆچونەکانی خۆیدا. بۆیە داوای لە حزب کرد، کە لە زووترین کاتدا کۆنگرە بگرێت. لە ڕۆژی ٢٤ ی نیسان تا ٢٩ ی ئەو مانگە حزب کونگرەی بەست. لەم کۆنگرەیەدا ١٤٩ نوێنەر کە نوێنەرایەتی ٧٩ هەزار کەسیان دەکرد بەشداربوون. لە کۆنگرەدا بیرۆکەکانی لینین گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوانەی کە دژ بە بۆچوونەکەی لینین بوون، تەنها ٧ دەنگیان بەدەست هێنا. لەلایەکی ترەوە ئەو بەڵینانەی حکومەتی کاتی کە دابووی بە جەماوەری زەحمەتکێش بۆی جێبەجێ نەدەکردن. جەنگ بەردەوام بوو، زەوی لەلایەن دەرەبەگەکانەوە هەر داگیرکرابوو. باری ئابوری زۆر گران بوو، نان بە گرانی دەست دەکەوت. ڕۆژانە کرێکاران پەیوەست دەبوون بە بەلشەفیەکانەوە و لە ناو شوراکاندا ڕێك دەخرانو لەسەر بەکارهێنانی چەک مەشقیان پێدەکرا. تروتسکی بۆچونەکانی لەگەل لینین یەکی دەگرتەوە. لەوکاتەشدا ترۆتسکی ڕابەری شوراکانی پێترۆگراد بوو. لەگەڵ لینین خۆشەویستترین کەسانی گەرەکە کرێکارییەکان بوون. ئەوان ئیستا هیزێکی چەکداری مەشقپێکراوی ئامادە بەکاریان هەیە. حکومەتی کاتی ئەم هێزەی بەخەتەر دەبینی بۆسەرخۆی، بۆیە لە مانگی تەمموزدا بەناوی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هێرشی کردە سەر بارەگای بەلشەفیەکان و بارەگاو ڕۆژنامەکانی داخستن و ژمارەیەک لە ڕابەرانی گیران، یەکێک لەوانە ترۆتسکی بوو. هەرچەندە حکومەتی کاتی زۆر بەدوای لینیندا دەگەڕا، بەلام بەلشەفیەکان توانیان لینین دەربازبکەن و بیگەیەننە فنلاند. لینین بۆ ماوەی ١١١ رۆژ لە ٦ / ٧ / ١٩١٧ تا ٢٥ / ١٠/ ١٩١٧ لە فنلاند مایەوە، لەم ماوەیەدا لینین توانی کتیبی (دەوڵەتو شۆرش) بنووسێت.
لە مانگی ئابدا کە بەلشەفیەکان بە نهێنی کاریان دەکرد، لە لایەن جەنەرال (کۆرنیلۆڤ)ەوە کە کاتی خۆی کرنسکی بانگی کردبوو بۆ سەرکوتکردنی بەلشەفیەکان. دەربەگەکانو سەرمایەدارەکان، پاشماوەکانی قەیسەر داوایان لە جەنەراڵ کۆرنیلۆڤ کرد، لەبەرئەوەی کە هێزێکی زۆری سوپای لەبەردەستدایەو نزیکە لە پایتەختەوە دەتوانیت بە ئاسانی کرنسکی لەدەسەڵات لادات و خۆی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و بەڵێنیی هاوکاری تەوایان دا بەجەنەڕال بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە..
کاتێک کۆرنیلۆڤ بە هێزێکی زۆرەوە بەرەو پایتەخت ڕێکەوت. کرنسکی پەنای برد بۆ بەلشەفیەکان و داوای هاوکاری لێکردن. ترۆتسکی لە زیندان بەربوو و دەستیکرد بە دامەزراندنی سوپای سور. شورا کرێکارییەکان، کە بەشی زۆریان چەکداربوون، توانیان پاشەکشە بە سوپاکەی کۆرنیلۆڤ بکەنو خۆشی دەستگیر بکەن. ئەم سەرکەوتنە بەلشەفیەکانی بەهێزکرد. شوراکان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا دەوریان هەبوو، کە بەلشەفیەکان زۆرینە بوون لەم شورایانەدا.
لە مانگی ئەیلولدا لینین داوای ڕاپەڕینی دەکرد. چەند نامەی نارد بۆ کۆمیتەی ناوەندی، بەڵام نامەکانی پشت گوێ دەخرا. تا وای لێهات لینین نامەیەکی توندی نووسی بۆ کۆمیتە ناوەندیو داوای وازهینانی کردبوو لە ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی و وتبوی پەنا دەبات بۆ تەشکیلاتو بۆ بەستنی کۆنگرە. کۆمیتەی ناوەندی ناچار بوو لە ڕۆژی ١٠ / ١٠ لە ماڵی سۆخانوف لە شەقامی ( کاربوفکا ،٣٢ شوقەی ٣١ )کۆبونەوەیەک بۆ ئەندامانی کۆمیتە ناوەندەی سازبکات، لە کۆی ٢١ ئەندامی کۆمیتە ناوەندی ١٢ ئەندام ئامادەبوون. لینین باسی نەخشەکارەکانی خۆی کرد بۆ ئەوەی کە ڕاپەرین ئەنجام بدەن، کۆبونەەکە دە (١٠) کاتژمێری خایاند، لە کۆتایدا نەخشەکارەکە خرایە دەنگادانەوە. ١٠ ئەندامان ڕازی بوو و دوو ئەندامیش مخالیف بوون کەهەریەک لە “کامنیڤ و زینۆڤیڤ” بوون. لەم ڕۆژەدا نەخشەکاری ڕاپەرین دانراو لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەر بەلشەفیەکان توانیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرنو یەکەم حکومەتی خۆیان پێکهێنا. لینین بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەو حکومەتە، کە لە ١٥ کەس پێک هاتبوو.
لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨دا بە هاوکاری دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، دەربەگەکان، سەرمایەدارن، هەندێ لەدەستو پێوەندی قەیسەر لە جەنەڕاڵەکانی سوپا، شەڕێکی ناوخۆیان دروستکرد.
لە ٣٠ / ٨ / ١٩١٨ لە کاتیکدا کە لینین کۆبوونەوەی بە کرێکارانی کارگەیەک دەکرد، لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە لایەن (فانیا کابلان) بانگی لینینی کردو دایە بەر دەستڕێژی گوللە، سێ فیشەک بەر لینین کەوت. ئەمە بووە هۆی تێکچونی باری تەندروستی. لە ئایاری ١٩٢٢ لینین توشی یەکەم جەلتەبوو، لای ڕاستی توشی شەلەل کرد. لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا توشی جەلتەی دووهەم هات. مەکتەبی سیاسی بریاریاندا کە لینین دانیشێت و کار نەکات. لە مانگی ئازاری ١٩٢٣ توشی جەلتەی سێهەم هاتو ئەم جارە لە جێگا خستیو لە قسە کردن کەوت. لە ٢١/ ١/ ١٩٢٤ جەلتەیەک لێیداو ئەم جارە بووە هۆی ژیان لەدەستدانی. لینین مۆمیا کراو لە گۆرەپانی سور لە مۆسکۆ نیژرا. لەو رۆژەوە ساڵانە بە سەدان هەزارکەس سەردانی دەکەن.
ئەگەر کەسێک بیەوێت بە کەمێک دادپەروەری و بێلایەنییەوە حوکم بدات، بێگومان دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە رۆل و شوێنی ڕاستەقینەی لینین لە مێژوودا، دەردەکەوێت کە لینین ئازادیخوازترین و پێشکەوتنخوازترین سەرکردەی سیاسی جیهانە لەسەردەمی خۆیدا – و لە سەد ساڵی ڕابردوودا.
بەرزوو بەڕێزبیت یادی ئەم ڕابەرە مەزنەی چینی کرێکار!
بژی لینین، بژی لینینیزم!