حاکم ڕزگار لەمەئمورییەتێکی فاشلدا … نووسینی:مەحمود حەلاق
حاکم ڕزگار لەنوسراوێکی ٢٨ جێنیوەریدا ئەمساڵدا، بەشێوەیەکی نالایەق و زمانێکی زبرو ئێجگار نزم، وە بەشێوەی ڕق وهیستریکی چەندین بوختان، موهاتەرات، بێحورمەتی ڕیز ئەکات و لەوانەش خەتەرتر ئیتهام-تاوانبارکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەکلک گرێدراوی دەرەکی، کەسانی بێ بنەماڵەو بێ ڕەگو ڕیشە، بێ ئەرزش، خائین ونامەردو جاسوس ناوزەند ئەکات..
ئەمە فەرهەنگی کوردایەتی و حزبەکانێتی کەبەشیرەوە بەدرێژایی تەمەنی هەوڵیداوە بیکات بەکاڵچەری خەڵکی کوردستان و لۆژیکی جنیۆفرۆشی بخاتە جێگای ڕەخنەوە.. بەداخەوە! حاکم قاچەکانی خستۆتە ناو ئەو ئاوەوە کەئەوان ڕشتوویانە..
لەوەش ئەگوزەرێم! کەحاکم لەباری ڕێزمانیەوە ئێجگار کڵۆڵەو خوێنەر ناتوانێت بەئاسانی لە نوسراوەکەی تێبگات!! هەوڵ ئەدەم لەنزیکترین کاتدا بەجیا وەکو خۆی بڵاوی بکەمەوە بۆئەوەی خوێنەر تێبگات کەبەچ زمانێک نوسراوەو چ ئەتەکێتێک بەکار هاتووە..
حاکمی زەمانە، حزبی کۆمۆنیستی بەدوو بابەت تاوانبارکردووە: هەم بەخائین و کلک گرێدراوی بێگانە، هەم بەسەرچاوەی ژیانی نوسەری بەیان نامەکەی حزب، بەڵام ئەو نەیزانیووە کە بەیان نامەکە هی حزب خۆیەتی نەک هی تاقە ئەندامێک!!….
بەڵام ئەگەر حزبی کۆمۆنیست کلک گرێدراوی دەرەکیەو ئەندامەکانیشی بێ بنەماڵەو ئەسڵ و فەسڵن و ڕەگ وڕیشەیان لەم ووڵاتەدا نییە، ئەوا بەڕاستی جێگای شەرمێکی ئێجگار گەورەیە بۆ حاکمێک بەمجۆرە ئەتەکێتەوە ڕق و بوغزو نەعرەیەکی هێندە کوێرانە هەڵڕێژێت!!
لەڕاستیدا خۆشبەختانە، حزب شانسی هێناوە کەحاکم لەسەر حوکم نیەو دەسەڵات و هێزی چەکداری بەدەستەوە نیە وەک شەخس، ئەگینا ئەنفالیان ئەکردین و هەروەک چۆن ئێستا بوختانی ڕیزکردووە، ئەو کاتەش لەڕێگای ئیتهامەکانیەوە فەرمانی یاسایی بۆ ئیعدامکردنمان دەرئەکرد…
سەرەڕای ئەوانەش ئێمە تەکلیف وداوایەکمان لەحاکم هەیە، هیوادارین هەرلەئێستاوە بەمێژووی چەندساڵ پێشترەوە هەتا ئێستاو داهاتووش کەو کوژی بۆی دابنیشێت، وورد وورد بەدواداچوون بکات لەسەر سەرچاوەی دارایی حزب، ئەگەر لەبودجەو لەسەر حسابی قووت و ژیانی خەڵکی کوردستان بتوانێت تاقە دینارێکی عێراقی بدۆزێتەوە کە وەریگرتبێت بەناوی بودجەی حزبەکانەوە، یان بەهەر ناوێکی ترەوە.. من پێشنیاری بۆ دەکەم بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکاتەوە!!
بەڵام ئەبێت جەنابی حاکم ئەم بوختان و بێحورمەتی و تاوانبارکردنە قورسانە ئیسپات بکات، چونکە ئەو میلی تاوانبارکردنی حزبی هێناوەتەوەو کوێرانەو بەئاشکرا لەبەرچاوی کۆمەڵگادا تەقە دەکات بۆلەقاودانی حزب.. هەربۆیە ئەوخۆی لەهەرکەسێکی تر باشتر دەزانێت کەتاوانبارکردن هەروا لەخۆڕا نیەو ئەگەر ئیسپات نەکرێت، ئەوا خاوەنەکەی تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت…
بەڵام جەنابی حاکم!! ئەو ڕاستییە بزانە کەئەگەر حزبی کۆمۆنیست گرێدراوی ”بێگانە”و دەستی دەرەکی لەپشت بوایە، ئەوا لەمێژبوو تەپڵی بەدناوی بۆئەگیرا بەدەستەوەو پێوویستی نەدەکرد ئەم ئەرکی لەقاودانەت لەئەستۆ بگرتبایەو زووتر ئاودیوی دەستە دەرەکیەکە ئەکرایەوە..
تۆبڵێیت کاک حاکم ئەم حزبە بەئاشکرا ئەجێنداو سیاسەتی دەوڵەتەکانی ناوچەکەو جیهانیان پیادە بکردبایە لەپێناوی سەفەقاتی گەورەدا، ئیتر هەروا ئاسان دەسەڵاتی حزبەکانت بەحکومەتەکەشتەوە چاویان لەئاستیدا بنوقاندایە؟! ئەگەر هێشتاش لەو باوەڕەدایت، ئەوا جگە لەبێ ئینصافی، بەبڕوای من خۆت ئەخەیتە ژێر پرسیاری قورسی کۆمەڵایەتی گەورەوە..
ئێستا جێگای خۆیەتی چەندین پرسیار لەجەنابی حاکم بکەین:
ئایا کاتێک حزبی کۆمۆنیست پڕۆژەی جیابوونەوەی کوردستانی پێشنیار کرد لەساڵانی ٩٩٦ داو بەسەدان هەزار ئیمزای پشتیوانی بۆکۆکردەوە جەنابتان لەکوێ بوون؟!
ئێوە لەکوێ بوون کەحزب ژیانی دەیان ژن و کچانی ڕزگار کرد لەژێر چەقۆی پیاوسالاری باوک و براو کەسوکارەوە لەساڵانی نەوەدەکاندا؟!
ئێوە لەکوێ بوون کاتێک ٥ کادری ئینساندۆست و ئازادیخوازی ئەم حزبە خەڵتانی خوێن کران کە تاوانەکەیان تەنها لەسەر جیابوونەوەی کوردستان، لەسەر ئازادی و یەکسانی بەرابەری و لەسەر ژیان وگوزەرانی خەڵکی کوردستان بوو؟!
خێرە ئێستا خۆت خزاندۆتە ناوبەرەی هەژارانەوەو مامۆستاو مووچەخۆران مەحکوم و تاوانبار دەکەیت کەبەدەستی بەتاڵەوە بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و ٤ ساڵی تریش وەکو نەوەدەکان بەشیعاری پووچی مامۆستایان سەری بەرزیان نەوی ناکەن بۆمووچەی میری، درێژە بەسەخت ترین ژیانیان بدەن؟!
ئێوە لەکوێن کاتێک مامۆستایەک لەبەدەم مایکرۆفۆندا بەدەم گریانەوە باس لەکڕینی تاقە مەساسەیەک دەکات بۆمنداڵەکەی, بەڵام پارەی پێ نیە هەتا بیکرێت بۆی؟!
ئێوە لەکوێن کە بەشێکی زۆر لەخەڵک بەچنگە کڕێش نانی ئێوارەیان بۆ پەیدا نابێت، بەساڵیش گۆشتێک ناخۆن؟!
ئایا ئێوە لێرە بوون کە مامۆستا تێیهەڵدراو حورمەتی شکێنرا هەرلەبەر ئەوەی داوای مافی خۆی دەکرد؟
ئەگەر ئێمە ئەسڵ و فەسڵمان دیار نیەو لەکوێین، ئەی جەنابتان خۆ لێرە بوون و ئەسڵزادەن، ئەدی بۆ نەچوونە بەردەم مایکرۆفۆن و هەموو ئەو تاوانکارییانەتان مەحکوم نەکرد کەزیاتر لەسێ دەیەیە لەلایەن حکومەتە کوردایەتیەکەتەوە خەڵکی داغانکردووەو لەلێواری مەرگدا ڕایانگرتوون؟!
کێ دەستی گرتوون کە لایەنی بەرامبەر مەحکوم بکەن بەبڕینی ژیان و تەنانەت زیندوو مانەوەی مامۆستاو مووچەخۆرانی هەرێم؟!
مەگەر کێ هۆکاری فەوتاندنی خوێندنی منداڵانی هەژارە؟ کێ هۆکاری بێکاری و بەتاڵەیی و گیرفان بەتاڵی خەڵکی کوردستانە؟
مەگەر کەسێک هەیە لەم جیهانەدا ڕۆژ هەتا ئێوارە کار بکات و پارە لەبەرامبەریدا وەرنەگرێت؟!
جەنابتان لەکوێن کە هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان بەکۆمپانیا کران و هەمووشیان بەربوونەتە ژیان و گیرفانی خەڵک و شیرازەو نەسیجی کۆمەڵایەتیان لەبەر یەک هەڵوەشاندۆتەوە، ئەی بۆ مایکرۆفۆنتان نەگرت بەدەستەوە لەدژی؟
ئێوە لەکوێن لەدادگاکانی خۆتاندا هەزاران هاوسەرگیری هەڵدەوەشێتەوە کەهۆکاری ئەسڵی بێ پارەیی و نەبوونی ئیش و کارێکی تەسەلە بۆژیانی زەوجی؟!
ئەرێ خێرە ئێوەی ئەسڵزادە بەرامبەر بەم هەموو تاوانکارییە بێدەنگن، ڕۆژێک نەمان بینی دەنگێکی حەق لەپێناوی سەرفرازی و ژیانی خەڵکدا لەبەردەم مایکرۆفۆنێکدا لەئێوەو مانانەوە بێتە دەرێ؟
ئێوە ئێستا لەسەنگەری قەوارە بەتاڵەکەی حزبەکانتانەوە لەدژی ژیان و لەدژی ئازادی و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستاندان.. ئەمە سەنگەری واقیعی ئێوەو مانانە ….
مەخابن!!
ئێستا ئێوەن ئەجێنداو سیاسەتی حزبەکان ئەبەنە پێشەوە بەناوی دڵسۆزانی هەژارانەوە..ئێوەن خۆتان کردۆتە ڕیش سپی خەڵک لەسەنگەری دەسەڵاتدارانەوە.. ئەوەی کەجێگای ئەسەفێکی قووڵە بۆئێوە ئەوەیە کە ئەم تەپڵە لەلایەن مامۆستاو مووچەخۆرانەوە بەیەکجاری بۆ ئەبەدی دڕێنراو دەنگی کۆتایی پێ هێنراو ئیتر کەسێک نەماوەتەوە بۆهەڵپەڕین.. بەم هۆیەوە مەئموریەتەکەتان هەر لەسەرەتاوە فاشل بوو…
ئێمە پتەوو قایم لەسەنگەری ئازادی و بەرابەری .. لەسەنگەری ئازادیخوازی … لەسەنگەری خواست و مافی بەتاڵانبراوی خەڵکی کوردستان… لەسەنگەری بزووتنەوەی بەئینسانیکردنەوەی کۆمەڵگا ڕاوەستاووین … ئەم شەهامەتە هی ئێمەو هەموو ئەوانەیە کەلەم نەبەردەدا پێکەوە لەپێناوی کوردستان و ژیانێکی باشتردا بەتووندی ڕاوەستاوین … سەمای گوڵ لێرەدایە…